بانگەواز
  ئایا ئیسلام لەگەڵ مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەگونجێ؟
صلاح الدین احمد

پێش ئەوەی پێناسەی ئیسلام بکەین با مرۆڤ و مرۆڤایەتی بناسێنین

۱. مرۆڤ: بریتیە لە دروستکراوێکی خوای گەورە کە لە سێ بەشی سەرەکی پێک دێت، ئەوانیش بریتین لە (عەقڵ و ڕۆح و جەستە)

۲.مرۆڤایەتی : پێک دێت لە مرۆڤ و خێزان و کۆمەڵگە و گەل و دەوڵەت.
کەواتە مادام مرۆڤ دروستکراوێکی خوای گەورە بێت و مرۆڤایەتیش لە مرۆڤ پێک بێت وە ئیسلامیش پەیامێکی خوایی بێت و لە لایەن خوای گەورەوە نێردرابێ، دەبێ سەد لەسەد لەگەڵ مرۆڤ و مرۆڤایەتی بگونجێ و نابێ تێکگیران ڕووبدات بە هیچ جۆرێک، چونکە سەرچاوەی هەردووکیان خوای گەورەیە.


پێناسەی ئیسلام

ئیسلام: بریتیە لە پەیامێکی خوایی و سیستمێکی گشتی و یاسایێکی گشتگیر بۆ مرۆڤ و خێزان و کۆمەڵگەو گەل و نەتەوەو دەوڵەت و مرۆڤایەتی و جیهان، كار دەکات لەسەر هەرسێ بەشەکەی مرۆڤ (عەقڵ و ڕۆح و جه‌سته‌)، یان بڵێین (عەقڵ و بیرو فکرو ناخ و ڕۆح و خوڕەوشت و کردارو گوفتارو مامەڵە)، بەشێوەیەک هەوڵ دەدات ڕێنماییەکی تەواو و ڕێک و پێک و جوانی هەموو ئەم بەشانە بکات و کەموکوڕی و ناتەواوی و ناشیرینی ئەو بەشانە نەهێڵت و لەسەر فیترەت بیانهێڵتەوە و پەروەردەیان بکات، بەشێوەیەک کە لە خزمەت مرۆڤ و مرۆڤایەتی و خوای گەورەدا بەکاریان بێنێت و دنیاو دواڕۆژیان پێ رووناک بکاتەوە. ئینجا کە مرۆڤێکی بەم شێوەیە جوانە پەروەردە کرد ڕاستەوخۆ خێزان و کۆمەڵگەو گەل و نەتەوەو دەوڵەت و جیهان پەروەردە دەبێت و دەكەونە سەر ڕێڕەوێكی دروست و هاوسەنگ.


بوارەکانی ئیشکردنی ئیسلام
لەپێشەوە وتمان ئیسلام ئیش لەسەر تاک و خێزان و کۆمەڵگە و نەتەوە و گەل و دەوڵەت دەکات بەشێوەیەک کە سیستم و بەرنامە بۆ هەموویان دادەنێت بەبێ ئەوەی تێکگیران رووبدات لەگەڵ عەقڵ و فیکرو سروشت و ڕۆح و ناخ و لاشە و مامەڵەیان، بەڵام لەکۆتاییدا هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ مرۆڤ خۆی وەک تاک، بۆیە لێرەدا باسی مرۆڤ دەکەین.

بەشە سەرەکیەکانی مرۆڤ و ڕینمایی ئیسلام بۆیان


۱. عەقڵ: ئیسلام بەرنامەیەکی تێرو تەسەل و جوانی هەیە بۆ رێنمونی عەقڵ و فیکر و هزر و, وەڵامی تەواوی پێیە بۆ پرسیارە عەقڵی و فکری و فەلسەفیەکان بەشێوەیەک هیچ شتێک نابینی لە بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام کە لەگەڵ عەقڵ تێک بگیرێن، بەڵگەش لەسەر ئەوەی کە ئیسلام بەرنامەو وەڵامی تەواوی پێیە قورئان و سوننەتە، هەروەها هەبوونی زانستێکی گرینگ و فراوان بەناوی زانستی بیرو باوەڕ (علم العقیدة الإسلامیة) وە هەروەها هەبوونی هزر و فیکر و فەلسەفەی ئیسلامی، کە هەر یەکێکیان بە سەدان و هەزاران پەرتوکی لە بارەوە نووسراوە، بۆیە هیچ بابەتێکی عەقیدەیی و فیکری و فەلسەفی و زانستی نابینی کە زانایان و بیرمەندان و فەیلوسوفان لێی نەدوابن و کتێب و توێژینەوەیان لە بارەوە نەنوسیبێ، وەهەروەك لە ئیسلامدا رێگری لە بیر کردنەوەو عەقڵ بەکار هینان نەکراوە بەڵکو فەرمانی پێکراوە، وە هەروەها هەموو شتێک کە زەرەر بگەیەنێ بە عەقڵ و بیرو هۆش یاساغ و حەڕام کراوە بۆنمونە ماددە هۆش بەرەکان، کەواتە ئیسلام بەشە سەرةکیەکەی مرۆڤی پشتگوێ نەخست کەبریتیە لە عەقڵ.


۲. ڕۆح و ناخ: ئیسلام بەرنامەیەکی تێرو تەسەل و جوانی هەیە بۆ ڕێنمونی کردن و ئاراستەکردنی ڕۆح و دڵ و دەروون، وە ناتەواوی و ناڕێکی و کەم و کوڕی و بۆشاییەكانی بۆ پڕدەکاتەوە، بۆیە هیچ شتێک نابینی لە ئیسلامدا کە لەگەڵ ڕۆح و ناخ و دڵ و دەروون و فیترەت و خوڕەوشت و ئاکاری مرۆڤدا نەگونجێ و تێک بگیرێت، بەڵگەش لەسەر ئەمە قورئان و سوننەتە، هەروەها هەبوونی زانستێک بەناوی زاستی پاککردنەوەی ڕۆح و دڵ و دەرون (علم تزکیة النفس) یان زانستی ئەخلاق (علم الاخلاق)، کە ئیش دەکات لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ خۆی بڕازینێتەوە بە هەموو خوڕەوشت و ئەخلاق و سیفەتێکی جوان و باش لە ناوەوەو لە دەرەوەی خۆیدا وە خۆی داڕنێت و دوورکەوێتەوە لە هەموو خوڕەوشت و ئەخلاق و سیفەتێکی ناشیرن و خراپ لە ناوەوە و لە دەرەوەی، کەواتە ئیسلام ئەو بەشە سەرەکیەی تری مرۆڤی پشت گوێ نەخست و گرینگیەکی تەواوی پێداوەو ڕێنمایی تەواوی کردووەو بۆشاییەكانی پڕ کردوەتەوە و هیچ شتێکی تێدا نیە کە تێک بگیرێ لەگەڵیدا، بۆیه‌ ئه‌و به‌شه‌ش كه‌ جوان و ڕێك و پێك بوو ڕاسته‌وخۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئەرێنی و جوان و باشی ده‌بێت له‌سه‌ر گوفتار و ڕه‌فتار.


۳. لاشە و جەستە و ئەندامە دیارەکان: ئەم لایەنەش دەبێت بەدوو بەشەوە :
یەکەم: پەیوەندی مرۆڤ بەخواوە.
دووەم: پەیوەندی مرۆ ڤ بە مرۆڤەوە.

یەکەمیان: کەپەیوەندی مرۆڤە بەخواوە خۆی لە پەرستشەكان (العبادات) دا دەبینێتە وەک نوێژ و ڕۆژوو و حەج و زەکات و... ، ئیسلام گرینگیەکی زۆری پێداوەو بەرنامە و سیستمێکی تایبەتی بۆ داناوە هەم لەڕێی قورئان و هەم لەڕێی سوننەت و پاشان هەم لەڕێی زانایان و دانانی زانستێک بەناوی (فیقه) (علم الفقه الإسلامي) کە بە سەدان و هەزاران پەرتوکی لەبارەوە نووسراوە و هیچ شتێکی شاراوە نەماوە قسەی تێدا نەكردبێت، کەواتە ئیسلام ئەو بەشەی مرۆڤیشی پشتگوێ نەخستوە بەڵکو زۆر بە جوانی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خوای گەورەی ڕێک خستووە.


دووەمیان: کە بریتیە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان خۆیان (المعاملات)، ئیسلام زۆر بەجوانی و ڕێک و پێکی بەرنامەی بۆ داناوە بەشێوەیەک کە هیچ شتێکی تێدا نیە کە لەگەڵ مرۆڤ و مرۆڤایەتی و عەقڵ و سروشت و فیترەت و رۆح و ناخی مرۆڤدا نەگونجێت، ئەم بەرنامە و گرینگی پێدانە هەم لە قورئان هەم لە سوننەت و هەم لە زانستی (فقه) بوونی هەیە، بۆ نموونە ئەو یاسانەی ئەوڕۆ باون و كاریان پێ دەكرێت لە جیهاندا هەموویان زۆر جوانتر و باشتر و رێک و پێکترو تێر و تەسەلتر بوونیان هەیە لە ئیسلامدا، بۆنمونە:
۱.یاسای باری کەسێتی (قانون الاحوال الشخصیە).
۲. یاسای شارستانی (القانون المدني).
۳. یاسای دادبینی (قانون المرافعات).
٤. یاسای تایبەتی نێودەوڵەتی( القانون الدولي الخاص).
٥. یاسای گشتی نێودەڵەتی (القانون الدولي العام).
٦. یاسای دەستوری (القانون الدستوري).
۷.یاسای دارایی (القانون المالي).
۸. یاسای تاوانكاری ( القانون الجنائي).
بۆیە بینیمان کە ئیسلام بەرنامەی تەواو و جوان و تێر و تەسەلی پێیە بۆ هەموو ئەوبوارانە، وە هەرشتێک زەرەری هەبێت بۆ هەریەکێک لەم بوارانە ئەوە یاساغ و حەڕامی کردووە، وە بەتەواوەتی سود و قازانج و بەرژەوەندی تاک و خێزان و کۆمەڵگە و گەل و نەتەوەو دەوڵەتی ڕەچاو کردووە و هیچ شتێکی دانەناوە کە زەرەری بۆ ئەوانە هەبێت و تێک بگیرێ لەگەڵیاندا، بەڵکو هەرچی سودی هەیە بۆی داناون و ڕێگری لێنەکردوون.


تایبەتمەندییە گشتییەکانی ئیسلام
. سەرچاوەکەی خواییە.
. پەیامەکەی گشتی و جیهانیە بۆ هەموو مرۆڤەکان و کاتەکان و شوێنەکان و سیستمەکان ..... .
. بەرنامەکەی گشتگیرە بۆ هەموو بوارەکانی ژیان.
. واقیعییە و ڕەچاوی واقیع و بارودۆخ و کات و شوێنەکان دەکات.
. میانڕەوە و دوورە لە زیادەڕەوی و کورت ڕەوی.
. ڕوون و ئاشکرا و ڕاشکاوە.
. کۆکەرەوی نەگۆڕەکانی خۆی و گۆڕاوەکانی سەردەمەکانە.
. مرۆڤ دۆسته‌ و لەگەڵ هەموو بەشەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەگونجێ.


ئامانجە گشتییەکانی ئیسلام
پەروەردەکردن و دروستکردنی مروڤێکی باش و بەڕەوشت و چاکەخواز و تۆکمە, بەهەرسێ بەشەکەیەوە (عەقڵ و رۆح و جەستە).
پەروەردەکردن و دروستکردنی خیزانێکی باش و بەڕەوشت و چاکەخواز و تۆکمە, بەهەرسێ بەشەکەیەوە (عەقڵ و رۆح و جەستە).
. پەروەردەکردن و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی باش و بەڕەوشت و چاکەخواز و شارستانی و تۆکمە, بەهەرسێ بەشەکەیەوە (عەقڵ و رۆح وجەستە).
دروستکردنی دەوڵەتێکی باش و بەڕەوشت و چاکە خوازو دادپەروەر و مەدەنی.
کەواتە لێرەوە بۆمان دەردەکەوێ کە ئیسلام تاکە بەرنامەیە کە هەموو بوارەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی تێدایە بەبێ ئەوەی لەگەڵ ( عەقڵ و بیرو فیکرو ناخ و رۆح و خورەوشت و کردارو گوفتار و مامەڵە و دونیا و دواڕۆژ)دا هیچ تێكگیرانێكی هەبێت، نەک هەر تێكگیرانی نیە بەڵکو ڕێنمایی تەواو و ڕێک و پێک و جوان و تێرو تەسەلی تیدایە بۆیان.

عه‌قڵ
رۆح
ئه‌ندامه‌كانی لاشه و كردارو گوفتار‌
ئيسلام
مرۆڤ (تاك)
خێزان
كۆمه‌ڵگه‌
گه‌ل و نه‌ته‌وه‌
ده‌وڵه‌ت
مرۆڤایه‌تی (جیهان)
به‌روار: 05/11/2019
بینین: 2100