بانگەواز
  ژیان باشترە تا مردن
هەژار نامیق

نوری چاومان دەفەرموێت : النّبيّ (ﷺ): إِنْ قَامَتِ السَّاعَةُ وَ فِي يَدِ أَحَدِكُمُ الْفَسِيلَةُ فَإِنِ اسْتَطَاعَ أَنْ لَا تَقُومَ السَّاعَةُ حَتَّى يَغْرِسَهَا فَلْيَغْرِسْهَا. واتە : ئەگەر قیامەت هات و لە ناو دەستی ئێوە درەختێک یان تۆوێک هەبوو ، ئەگەر پێش هەستانی قیامەت توانی با ئەو درەختە بنێژێت ..
ئەمە دەلالەت لە ئەوە دەکات هەمیشە ژیان هەڵبژێرین نەوەک مەرگ ، مەرگ لە چەند کاتێک نەبێت جیگای ستایش نیە ( لە کاتی پاراستنی خاک و ئاو و نیشتمان ، لە کاتی شەرەف وبەرگری کردن لە ناموس ، بەرگری کردن لە دینی خودا ) ئەمانە ئەو شتانەن کە مردن لە پێناویان شانازیە ، ژیان پڕیەتی لە هەوراز و نشێو لە خۆشی و ناخۆشی لە هیوا و ئومێد لە بوژانەوە و گەشانەوە ، هەروەک ئەو درەختەی لە پایز گەڵاڕێزان ئەکات و چڵ و پۆپێکى ووشک هەڵگەڕاوی ئەوبێت و سەرما و بەفر و کڕێوەی زستان بە تەواوی دایدەپۆشێت بەڵام بە هاتنی بەهار شکۆفا ئەکات و ڕەنگ و بۆن و جوانی بە ژیان ئەبەخشێتەوە ، ناکرێت لە چرکەساتێک کە بێ هیوا ئەبین لە ژیان بیر لە ڕێگای هەڵە بکەینەوە بیر لە کۆتایی هێنان بەڕێگا بکەینەوە .
ژیان و مردن لە دەستی خوایە مافی ئێمە نیە بە کەیفی خۆمان چیمان بوێت لە جەستەمان بکەین و وێرانى بکەین هەمیشە ژیان باشترە لە مردن چونکە بە ژیان ئەتوانین بەردەوامی بدەین بە خۆمان بە گەشەی زیهنى خۆمان بە کۆکردنەوەی توویشوو بۆ ئەو دنیا هەمیشە ژیان جوانترە لە مردن . تۆ ئەگەر سیاسی بیت ئە گەر کەسێکى کۆمەڵایەتی بیت ئاینی بیت پیاوێکى زانستی بیت ...هتد هەمیشە بەردەوامی لە ژیان وات لێ ئەکات بگەیت بە سەرکەوتن ، سەرکەوتن مانای تەنها بۆ ئەو کەسانە هەیە لە پاش هەولڕ و ماندوبونێکى زۆر لە پاش بڕینى چەندەها ڕێگر و بەربەست لە پاش سەرکەوتن بە سەر سەختی و ناهەمواری ڕێگا لە کۆتایی ئەگەیت بە سەرکەوتن ، هەمیشە لە پاش تاریکترین شەو ڕۆژی ڕووناک دێت لە پاش بێ هیوایی ، هیواو ئومێد دێت لە پاش ناخۆشی خۆشی دێت تەنها شتێک کە پێویستە بەردەوامی پێ بدەین ژیانە بۆگەشتن بە ئەو خاڵە ڕەنگە بەشێکى زۆرمان بێهیواببین لە ژیان لە هەوڵدان لە گەشتنمان بە ئامانجەکانمان لە ئەوەی هەلێکى کار بە دەست بهێنین ...هتد بەڵام خاڵى وەرچەرخانی ژیان بۆ کەسانێکە کە هەمیشە بەردەوام بن لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ ژیان لە مێژووی مرۆڤایەتی نەبووە کاتێک زانایەک دانایەک سیاسیەک کاسبێک ...هتد هەوڵی بەردەوامی دابێت نەگەشتبێت بە ئامانجەکەی ...
لە زانستی کیمیا شتێکمان هەبوو کاتێک ئەگەشتین بە خاڵى کۆتایی ئەبوو بەردەوام بین لە پڕۆسەکە تا لە چرکەساتێک ئەوەی ئامانج و مەبەستمان بوو پێ دەگەشتین ، ناکرێت لە یەکەم بەربەست چۆک دابەین و خۆمان بدەینە دەست قەدەرێکى نەزانراو هەوڵ دان بۆژیان خۆی لە خۆی عیبادەتە ، تەنانەت لە زۆر شوێنى ئاینەکان باسی ئەوە کراوە ئەگەر شوێن و ناوچە و تەنانەت وڵاتەکەشت ڕێگر بوو لە ئەوەی تۆ ژیان بکەیت و پەیڕەوی لە ئایینى خۆت بکەیت ئەتوانیت ئەو وڵاتە بە جێ بهێڵیت نەوتراوە بڕۆیت خۆت بکوژیت و خۆت بتەقێنێتەوە و ...هتد
ژیان لە ئەو تۆوە ئەچێت کاتێک لە خاکێک دەیچێنین و بەردەوام چاودێری ئەکەین و ئاو هەواو خاکێکى سازگاری بۆ دابین ئەکەین و خزمەتی ئەکەین بێگومان لە کۆتایی دەگەین بە ئەوەی بەرهەمەکەشی بچنینەوە و بیبەخشینەوە ، ژیان هێندە چێژبەخشە تەنانەت ئازارەکانیشی خۆشە ئەگەر وەک خۆی لێ بڕوانین وەک ئەوەک بەشێک بێت لە ژیان ، ناکرێت ژیان هەمیشە خۆشی بێت وەک چۆن ناکرێت هەمیشە ناخۆشی بێت ..بەشێکى ئێمە لە تونێلێکى تاریک ڕێدەکەین بەشێکمان بە هۆی خۆمان و بەشێکمان بە هۆی کەسانی ترکەوتوینەتە ئەو چاڵ و تونێلەوە بەڵام نابێت خۆمان بە دەستەوە بدەین دەبێت بەردەوام بین تا لە کۆتایی ڕێگای دەرباز بوون ئەدۆزینەوە .
ڕەنگە دووریمان لە یەک و سەرقاڵبوونمان بە دنیای مەجاز و درۆینەوە وای لێکردبێتین نەتوانین ئەو کەش و هەوایە دروست بکەین کە هیچ نەبێت جار و بار ناخی دڵی خۆمان بۆ کەسێک بکەینەوە چونکە وەک توێژەران و کۆمەڵناسان باسی لێوەئەکەن هەمیشە خۆخاڵیکردنەوەی زیهن ئارامی ئەبەخشێت پێمان کاتێک ڕاوێژ لە گەڵ کەسێک ئەکەین و باسی پەژارە و کێشەکانی ژیانی خۆمانی بۆ ئەکەین بێگومان ئەو بارە سەخت و دژوارە لە سەر ئێمە سووک دەبێت و بیر لە کردار و بڕیاری هەڵە ناکەینەوە ، با جوانیەکانی ژیان ببینین بڕوا بکەن لە پاڵ ناخۆشی و ناشیرینیەکانی ژیان هێندە جوانی هەیە لە ئەژمار نایەت ..
ناکرێت ژیان بە سازوئاوازی ئێمە بڕەقسێت و خۆی لە گەڵ ئێمە بگونجێنێت پێویستە ئێمە لە گەڵ ژیان و بارودۆخ خۆمان بگوزەرێنین بێگومان وەک ووتمان هەمیشە دوای ناخۆشی خۆشی دێت لە کوردەواری خۆمان شتێک هەیە هەمیشە دەڵێن خێرێکى تێدایە بڕوا بوون بە ئەمە ڕەنگە ژیان جوانتر بکات کاتێکیش ئەم ڕاستیەمان بۆ دەر ئەکەوێت پاش ماوەیەک لە تێپەڕاندنی ئەو بەدبەختی و ناخۆشی و دابڕانی خۆشەویست و ...هتد بیری لێ ئەکەینەوە و هەستی پێ ئەکەین من لە ژیانی خۆم ئەوەم ئەزموون کردووە هەر بۆیەشە دڵنیام لە ڕاستی و دروستی ئەو قسەیە.
کەسانێک کە دەزانین کێشەیەکیان هەیە هەوڵی ئەوە بدەین چارەسەری بکەین وەک عەلی شەریعەتی دەڵێت : لەبری ئەوەی چەپکە گوڵێک بهێنیت بۆ سەر گۆڕەکەم شاخە گوڵێکم بدەرێ ناکرێت دراوسێکەمان براکەمان کەسەکانمان هاوشاریەکانمان لە برسا بمرن و ئێمەش لە شیوەنەکانیان جوانەگا بکەینە قوربانی ... ژیان هەمیشە باشترە لە مردن ، ژیان هەمیشە جوانە ، ژیان هەمیشە خۆشە تەنانەت لە سەخترین و دژوارترین ساتەکان لە ناشیرینترین ناشیرینیەکانی ژیان جوانی هەیە تەنانەت لە تاڵترین تاڵیەکانی ژیان شیرینی هەیە ، لە تاریکترین تاریکیەکانی ژیان ڕووناکی هەیە ، لەبری نەفرەت لە تاریکى با هەموومان مۆمێک دابگیرسێنین
به‌روار: 25/11/2020
بینین: 1933