توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت٫ ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی:
هامنۆ هەورامی
بەشی هەژدەهەم:

(بەر لە کۆتایی):

پێویستە لێرەشدا ئەوە بزانین کە لەم سەردەمەدا شێوەی ئیمپڕاتۆرییەت بە تەواوی گۆڕانی بەسەردا هاتبوو، بۆ یەکەم جار مەسیحییەکان لە سەردەمی کۆستەنتیندا ئاهێکیان بەبەردا هاتەوە و ئایینەکەیشی وەرگرت، هەرچەندە وەك باسدەکرێت وەرگرتنەش بە تەواوی تێکهەڵکێشی میترائی ئایینی پێشریان کرابوو، ئەمەیش بووە هۆکاری تێکدانی ئایینەکە لە خوا بە تەنها پەرەستییەوە بۆ شێوازێکی نوێ کە تاڕادەیەکی باش مەسیحییەت سیما ڕەسەنەکەی خۆی لەدەست دابوو، بەدەر لەم ڕوانگە ئایینییە ئیمپڕاتۆرییەت گۆڕانکاری بنەڕەتی بە خۆوە دیبوو، کۆستەنتین لەسەر ڕێڕەوی دیقلدیانوس پەرەی دابوو بە چاکسازییەکان لە ئیمپڕاتۆرییەتدا، گشت ئەو دووبەرەکی و کێشە و ناکۆکیانەی لە وڵاتدا سەریهەلدابوو کۆتایی پێهێنان و توانی بەسەر دوژمنە ناوخۆییەکانیشیدا سەربکەوێت هەتاوەکو بە یەکجاری لە ساڵی (٣٢٣)ـدا دەچێتە پۆستی ئیمپڕاتۆری، توانی پارچەپارچەیی نەهێڵێت و ئیمپڕاتۆرییەت یەك بخاتەوە.
لە گرینگترین گۆڕانکارییەکانیشی کە کردی، گواستنەوەی پایتەخت بوو لە ڕۆمای دڵی ئیمپڕاتۆرییەتەوە بۆ شارێکی نوێ!
لە ساڵی (٣٣٠)ـدا لە پاشماوەی شاری کۆنی بێزانتە و لە بەرەی بۆسفۆردا پایتەختێکی نوێ بنیاتبنێت کە بە (کۆنستانتینۆپۆلیس – قوستەنتینیە) ناسرابوو، دەکاتە بەشی ئەوروپایی ئیستەنبولی ئێستا.
لە سالی (٣٣٨)ـدا کۆستەنتین کۆچی دوایی دەکات و بە نەمانی ئەمیش پشێوی ڕوو لە وڵات دەکات، ئەوەبوو ئیمپڕاتۆر جولیان لە خۆرهەڵات لە شەڕی دژ بە ساسانییەکان لە ساڵی (٣٦٣) دەکوژرێت و ڕۆمانییەکان ناچاردەبن سازش لەسەر میزۆپۆتامیا بکەن بۆ فارسەکان.
ڤالنزیش کە لە ساڵی (٣٦٤) دەسەڵات وەردەگرێت و دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگاری لە پایتەخت کە قووتییەکان دەستیان بە هێرش کردبوو، ئەوە بوو لە ساڵی (٣٧٨)ـدا لە شەڕی ئەدرنەدا ڕۆمەکان بە خراپی تێکدەشکێن و ڤالنزیش لە شەڕەکەدا دەکوژرێت.
ئەمەش بە خاڵێکی مەترسیدار دەبیندرا کە قووتییەکان بەرەو نێو ڕۆما دەکشان لەسەر فشاری هۆزە هۆنە ئاسیاییەکان.
هەر لەو سەردەمەدا دەسەڵات و دارایی کڵێسا بەرەو بەهێزی دەڕۆی، هەتاوەکو لە سەردەمی ئێودسیوس (٣٧٨ – ٣٩٥) مەسیحییەت بە تەواوی بووە ئایینی ڕەسمی، بەمەش سەرئەنجامی ئیمپڕاتۆرییەت لەبەر دەستی جەرمانەکان لەلایەك و پیاوانی کڵێساش لەلایەکی دیکەوە مایەوە.
لە ساڵی (٣٩٥)ـدا کاتێك کە ئێودسیوس کۆچی دوایی دەکات، ڕووداوێکی مێژوویی لە ئەوروپا ڕوودەدات، ئەویش دابەش کردنی ئیمپڕاتۆرییەتە مەزنەکەی ڕۆمانی بوو لە نێوان کوڕەکانی بۆ دوو بەشی خۆرهەڵات و خۆرئاوا، بەشی خۆرهەڵاتی پشکی ئەرکادیۆسی کوڕە گەورەکەی بوو، بەشی خۆرئاواش پشکی هۆنریۆس بوو.
ئیدی لێرەوە ئەم دوو بەشە هەریەکەیان خاوەن دەسەڵات و هێز و سنووری لێك جودا بوون، لەگەڵ ئەوەشدا مۆرکی هەریەکەیان جودا بوو لەگەڵ ئەوەی دیکەیان، چونکە خۆرهەڵات زیاتر کاریگەری گریکی هەبوو وەك لە خۆرئاوا کە ئەوێ زیاتر لاتینی بوو.

کەواتە کاتی بەخەبەرهاتنەوەی یارانی ئەشکەوت لە ساتێکدا بووە کە ڕۆمی مەزن و دەسەڵاتی دژە مەسیحی کۆتایی هاتووە، ئیدی ڕۆمی خۆرهەڵات یاخود بێزەنتی فەرمانڕوای مەسیحییەتن، وەك جاران نییە خەڵك بە ترس و بیمەوە ژیان گوزەر بکات!

شێوازی خەوتنیان:

پەروەردگار ئەو ماوەیەی خەوی ئەم هاوەڵانەمان پێ ڕادەگەیەنێت، تەنانەت جێگا و شێوازیشیان، پەروەردگار پێمان دەفەرموێت { وَتَحْسَبُهُمْ أَيْقَاظًا وَهُمْ رُقُودٌ ۚ ... (١٨)} الکهف.
واتە: ئەگەر سەیرتان کردبان، ئەو دەمە نوستبوون کە چۆن چاویان کرابوویەوە و ئەم دیو و ئەو دیویان دەکر، وەهات دەزانی بێدارن و بە خەبەرن.

کەواتە لێرەدا ئەوەمان پێ گەیەندراوە کە ئەم هاوڕێیانە لە کاتی خەوە پەرجوو ئاسایەکەیاندا چاویان کراوە بووە، چونکە ئەوە ڕاستییەکی پزیشکییە کە ئەگەر چاو بە بەردەوامی داخراو بێت دەبێتە هۆکاری کۆبوونەوەی دەماری چاو بەهۆی بەرنەکەوتنی ڕووناکییەوە کە ناهێلێت چاو هەڵبستێت بە کرداری خۆی، وە لە ڕووی کارئەندامزانییەوە زاندراوە کە هەر ئەندامێکی جەستەی مرۆڤ دووچاری کۆبوونەوە و مردنی تەدریجی دەبێت ئەگەر بۆی نەگونجێت هەستێت بە ئەرکەکەی ((Disuse Atrophy، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەو کەسانەن کە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە شوێنێکی تاریکدا بەند دەکرێن و بەو هۆکارەش دووچاری شەوکوێری دەبنەوە.

پاشان دەفەرموێت:
{ وَتَرَى الشَّمْسَ إِذَا طَلَعَت تَّزَاوَرُ عَن كَهْفِهِمْ ذَاتَ الْيَمِينِ وَإِذَا غَرَبَت تَّقْرِضُهُمْ ذَاتَ الشِّمَالِ وَهُمْ فِي فَجْوَةٍ مِّنْهُ ذَلِكَ مِنْ آيَاتِ اللَّهِ ...(١٧)} الکهف.
واتە: جا کاتێك لەلای ڕاستیانەوە خۆر هەڵدەهات، دەتبینی لە ئەشکەوتەکەیاندا تیشکی خۆرەکە کلا دەبوو لێیان و دەگەیشتە نێو ئەشکەوتەکە و ئەوانیش سوودیان لێی وەردەگرت، کاتێکیش ئاوا دەبوو لەلای چەپیانەوە، تێپەڕێ دەکرد لێیان و تیشکەکەی نەدەچووە ئەشکەوتەکەوە، واتە گەرما ئازاری نەدەدان و شنە بایان بۆ دەهات، ئەوانیش لە نێو بۆشاییەکی تەخت و ڕاستی ئەشکەوتەکەدا ڕاکشابوون.

ئەوەی ئەشکەوتەکەی دیبێت دەزانێت تیشکی سەرەتا لەو دەرچەیەوە دێت کە وەکو کڵاوڕۆژنە وەهایە، بە ناڕاستەوخۆیی دێتە نێوی، دووەمیشیان لە ئاستانە و دەروازەکەیەتی، ئەویش بە هەمان جۆر ڕاستەوخۆ لێیان نادات چونکە تەختایی شوێنی ڕاکشانەکەی کەمێك لە سەرووترەوەیە، بە واتایەکی دیکە، تەختاییەکە لە نێوان بۆشایی دەرچەکە و ئاستانەکەی ئەشکەوتەکە دەکات، هەر بۆیە لە هەردوو لاکەوە سوود لە تیشکی خۆرەکە دەبیندرێت بۆیان.بەس ئایا شێوازێکی لەو جۆرە و باسکردنی چ سوودێکی تێدایە؟
بێگومان مرۆڤی نوستوو پەستانی خوێنی دادەبەزێت و چالاکی کۆئەندامی سوڕان و لێدانی دڵی دادەبەزێت، هەر بۆیە ئەگەر ڕاستەوخۆ تیشکی خۆر بەر مرۆڤ بکەوێت دەبێتە هۆی فراوان بوونی لولە خوێنەکانی و بڕێکی فرە لە خوێن تیایاندا کۆدەبێتەوە و بەمەیش پەستانی خوێن گەلێك دادەبەزێت و دەبێتە هۆی ئەوەی کەمێك خوێن بگات بە ئەندامە زیندووەکانی وەك (دەماخ، دڵ، گورچیلە، جگەر) ئەمەیش دەبێتە هۆی مردن ئەگەر بە خێرایی ئەم بارە ئاسایی نەبێتەوە، هەروەها بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بۆ ماوەیەکی فرە دەبێتە هۆی سووتانی پلە یەك و پلە دووی پێست و لە هەندێك کاتدا دەبێتە هۆکاری شێرپەنجەی پێست.
بەڵام بەریەك کەوتبنی ناڕاستەوخۆی تیشکی خۆر سوودی زۆرە، بۆ وێنە: بەهێز بوونی ئێسك و شانەکان بەهۆی دروست بوونی ڤیتامین (D) لە ڕێگەی پێستەوە، لە کاتێکدا بێبەشبوون لە ناڕاستەوخۆ بەرکەوتنی خۆر دەبێتە هۆکاری وەرینی موو و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە.

{000 وَنُقَلِّبُهُمْ ذَاتَ الْيَمِينِ وَذَاتَ الشِّمَالِ ...(١٨)} الکهف.
واتە: ئێمه‌ ئه‌مدیو و ئه‌ودیویان پێ ده‌که‌ین و به‌لای ڕاست و به‌لای چه‌پیاندا هه‌ڵیان ده‌گێڕینه‌وه‌.
زانستی پزیشکی گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی کە نووستن بۆ ماوەیەکی فرە، دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە جەستە پەستان دەخاتە سەر ئەو شانانەی کە بە جێگە و شوێنی نووستنەوە نووساون، بە تایبەتی خانە و شانە و لولەکانی خوێن، ئەمەیش دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی گواستنەوەی خوێن بە نێو لولەکانی خوێندا، هەر بۆیە ماددە زیندە چالاکییە جۆراوجۆرەکان (Metabolism) تیایدا کۆ دەبێتەوە، ئەمانەیش زیندوویەتی شانەکان و بەرگرییان کەم دەکەنەوە، بەمەیش دەبنە نێچیرێك بۆ هێرشی میکرۆبەکان (کە هەمیشە لەسەر پێست و دەوروبەریدا هەن)، ئەم هێرشانەیش دەبێتە هۆی دروست بوونی چەند برینێك کە چارەسەریان گرانە و بە خێرایی بڵاو دەبنەوە بە گشت جەستەدا، ئەمەیش بە برینی سەر جێگا (Bed Sore) نێو دەبردرێت کە یەکێکە لە گرینگترین هۆکارەکانی مردنی نەخۆش و ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی فرە دەخەون.
بۆیە ئەو کەسانەی دووچاری نەخۆشی درێژخایەن یاخود شکان دەبن لە بڕبڕەی پشت یاخود حەوز یاخود ئێسکی ڕاندا یاخود دووچاری شەلەل دەبەن (واتە ئەو بارانەی کە پێویستە نەخۆش بۆ ماوەیەکی فرە لە جێگادا بمێنێتەوە)، پێویستە نەخۆشەکە جارجار ئەم دیو و ئەو دیو بکرێت بۆ ئەوەی ئەو برینانە دروست نەبن و لولە خوێنەکانی پەلەکانی خوارەوە دانەخرێن، چونکە ئەگەر ئەمانە ڕوویدا، چارەسەری گرانە و بە ئازارە و کاتی فرەیی دەوێت، هەر بۆیە دەفەرموێت:
{000 وَنُقَلِّبُهُمْ ذَاتَ الْيَمِينِ وَذَاتَ الشِّمَالِ ...(١٨)} الکهف.
کە واتای ئەم دیو و ئەو دیو کردنیان دەگەیەنێت بە لای ڕاست و چەپیاندا، لێرەدا پەروەردگار شێوازی ئەم جوڵانیشمان پێ دەگەیەنێت بە هەردوو لاکەیدا، واتە نەکەوتوونەتە سەر دەم و پشت، چونکە خەوتن لەسەر سك (لەسەر دەم) بە شێوەیەکی گشتی دەبێتە هۆکاری
گرژ بوونی نێوپەنچك بەهۆی پەستانی ڕیخۆڵەکانەوە لەسەری، بەمەیش هەناسەدان و جووڵەی سییەکان کەم دەبێتەوە، هەروەها نووستنی لەسەر پشت بۆ ماوەیەکی فرە، مرۆڤ دووچاری (بهر النوم) دەکات کە بریتییە لە وەستانی هەناسەدان بەهۆی داخرانی بۆرییەکانی هەواوە.
به‌روار: 27/10/2020
بینین: 3525
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت