توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت٫ ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی:
هامنۆ هەورامی


بەشی نۆزدەهەم:

کۆتایی:

ئیدی وا سەردەمی ناسۆرییەکان دمایی هاتووە، ئەوانەی هەتاوەکو دوێنێکە لە ئازار و ئەشکەنجەدا بوونە، ئێستاکە لە خۆشی و ئازادیدان.
ئێستا سەردەم سەردەمی ئیمپڕاتۆر ثیۆدۆسیوسی دووەمە، وا لە هەڕەتی جوانی و لاوێتیدایە، لە نێوان (٤٢١ – ٤٢٦)ـی پاش مەسیحداین، خەڵك ئاگادار بوون بە ون بوونی ئەم گەنجانە و دیارەش کە بەدوایشیاندا گەڕاون، بەڵگەیشمان بۆ ئەمە شیکار کردنی قورئانە!

{وَكَذَٰلِكَ أَعْثَرْنَا عَلَيْهِمْ لِيَعْلَمُوا أَنَّ وَعْدَ اللَّـهِ حَقٌّ وَأَنَّ السَّاعَةَ لَا رَيْبَ فِيهَا}.
جوان سەرنج بدەن لە باسی دۆزینەوەی ئەم هاوەڵانەدا دەفەرموێت:
{أَعْثَرْنَا عَلَيْهِمْ} ئەم وشەیە مایەی هەڵوەستە لەسەر کردنە!
بۆچی وشەی {عثور} بەکارهاتووە بۆ کۆمەڵێك گەنج ۳۰۹ ساڵە بزرن ؟
وشەی {عثور} بە کوردی و بە عەربیش واتای دۆزینەوەی شتێك دەگەیەنێت، معجم و ڕاڤەکان دەڵێن :
(أصل العثر الوقوع على الشيء والسقوط عليه).
واتە کەوتن بەسەر شتێکدا.
کەوتن بەسەر شتدا لەگەڵ کۆتایی ئایەتەکەدا یەك ناگرێتەوە کە باسی زیندوبونەوە دەکات!
دۆزینەوەی گشت شتێکیش بە دەست مرۆڤەکە نییە بەڵکو مەگەر دەبێت بۆی بگەڕێت یاخود بە ڕێکەوت دەیبینێت و دەکەویت بەسەریدا.

ئەگەر بگەڕێین بە دوای وشەی {عثور}ـدا لە ئایەتی دیکەدا، ‌بە تەنها ئایەتێکمان بەرچاو دەکەوێت:
{ فَإِنْ عُثِرَ عَلَىٰ أَنَّهُمَا اسْتَحَقَّا إِثْمًا فَآخَرَانِ يَقُومَانِ مَقَامَهُمَا مِنَ الَّذِينَ اسْتَحَقَّ عَلَيْهِمُ الْأَوْلَيَانِ فَيُقْسِمَانِ بِاللَّهِ لَشَهَادَتُنَا أَحَقُّ مِن شَهَادَتِهِمَا وَمَا اعْتَدَيْنَا إِنَّا إِذًا لَّمِنَ الظَّالِمِينَ (۱۰۷)} المائدة.

ئەم ئایەتە باس لە گەواهی دەکات، ڕاڤەکان دەڵێن: ئەگەر کەوتن بەسەریاندا یاخود لێیان دەرکەوت، ئەو دوو گەواهیدەرە تاوانیان کردووە، دوو شایەتی دیکە دابنێن لە بری ئەو دوانە، واتا ئەگەر بەدیتان کرد ڕاستگۆ نین، دوو گەواهیدەری دیکە لە بری ئەوا دابنێن.

بەگوێرەی وشەی {عثور} بێت لەو ئایەتەی یارانی ئەشکەوتدا دۆزینەوە بۆ شتێکی بزری ناسراوە، واتا مرۆڤ کاتێك بە دوای شتێکدا دەگەڕێت کە لێی بزر بووبێت و دەزانێت بە دوای چیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بیدۆزێتەوە.
یاخود کاتێك شتێك دەدۆزرێتەوە کە بزر ببێت. چیرۆکی یارانی ئەشکەوتیش بەگوێرەی ئایەتەکان بێت ناسراون لە نێو خەڵکدا.
نەوە پاش نەوە باسکراون بۆیە قورئان بە دۆزراوە باسیان دەکات، وە دانایی ئەو سورەتە لە دۆزینەوەی کەسەکاندایە، بەڵگەش هەر خودی ئایەتەکەیە دەفەرموێت :
{لِيَعْلَمُوا أَنَّ وَعْدَ اللَّـهِ حَقٌّ وَأَنَّ السَّاعَةَ لَا رَيْبَ فِيهَا}.

بۆ ئەوەی خەڵکی بزانن پەیمانی خودا ڕاستە و زیندوو بوونەوەش هەیە.
ئەمە واتای ئەوەیە ئەم گەنجانە لە سەردەمێکدا هەڵهاتوون و خۆیان شاردووەتەوە کە دوای مەسیح بوون (صلی الله علیه وسلم) وە خەڵکی باوەڕیان بە ئەو دونیا و زیندووبوونەوە نەماوە، یاخود بە واتایەکی دیکە گوماندار بووە.
وە نیشانەیشە بۆ ئەوەی کە ئەم حەوت کەسە ناسراو و خاوەن پایە بوون، ئەگینا بەو جۆرە نەدەناسران و شوێنیشیان دیار نەدەبوو.

هەر بۆیە لەگەڵ هەستانەوەیان و هاتنەوەیان بۆ نێو دونیای کەتوار، ئیدی هەواڵەکە وەکو تیشك بە گشت لایەکدا بڵاو بووەتەوە، چونکە ئەمە پەرجوویەکی ئاسایی نەبووە!

{وَكَذَلِكَ أَعْثَرْنَا عَلَيْهِمْ لِيَعْلَمُوا أَنَّ وَعْدَ اللَّهِ حَقٌّ وَأَنَّ السَّاعَةَ لَا رَيْبَ فِيهَا إِذْ يَتَنَازَعُونَ بَيْنَهُمْ أَمْرَهُمْ فَقَالُوا ابْنُوا عَلَيْهِم بُنْيَانًا رَّبُّهُمْ أَعْلَمُ بِهِمْ قَالَ الَّذِينَ غَلَبُوا عَلَى أَمْرِهِمْ لَنَتَّخِذَنَّ عَلَيْهِم مَّسْجِدًا ﴿۲۱﴾}.
واتە: (وەها دیاره‌ که‌ یه‌کێکیان ناردووه‌ بۆ کڕینی خوارده‌مه‌نی، پاره‌ زیوه‌که‌ی ده‌رهێناوه‌، کابرا دراوسێ دوکان و خه‌ڵکی له‌ ده‌ور کۆبۆته‌وه‌، زانیویانه‌ ئه‌م لاوه‌ یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی که‌ چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ده‌ست پاشای بتپه‌رست و سته‌مکار هه‌ڵاتوون، خه‌ڵکه‌که‌ له‌گه‌ڵ لاوه‌که‌دا به‌ره‌و ئه‌شکه‌وته‌که‌ بۆ سه‌ردانی ئه‌وانی دیکە ده‌چن)، به‌و شێوه‌یه‌ خه‌ڵکیمان ڕێنمونی کرد هەتاوەکو بیاندۆزنه‌وه‌، هەتاوەکو بزانن و دڵنیا ببن که‌ به‌ڵێنی خوا له‌ زیندووکردنه‌وه‌ی مردووه‌کاندا هه‌ق و ڕاسته‌، وه‌ ڕۆژی هەستانەوەش (هه‌ر دێت و) گومانی تێدا نییه‌ (له‌وێ که‌ به دیداریان شادبوون، لاوه‌کان خه‌وی یه‌کجارییان لێکه‌وت) ئینجا خه‌ڵکه‌که‌ بوو به‌ کێشه‌یان، هەندێکیان گوتیان: ده‌روازه‌ی ئه‌شکه‌وته‌که‌ هه‌ڵده‌چنین (چونکه‌ له‌وانە‌یه‌ دووباره‌ خه‌ویان لێ بکه‌وتبێته‌وه‌، با که‌س بێزاریان نه‌کات)، چونکه‌ هه‌ر خوا خۆی ده‌زانێت له‌ چ بارێکدان، (به‌ڵام) ئه‌وانه‌ی که‌ زۆرینه‌ بوون ڕایان هاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ په‌رستگایان له‌سه‌ر دروستبکرێت (که‌ ئه‌مه‌ش شتێکی داهێنرابوو له‌ ئایینی مەسیحیدا که‌ له‌سه‌ر گۆڕی پیاوچاکان په‌رستگایان دروستده‌کرد).

پاك و بێگەردی بۆ پەروەرێن، تەنانەت ئەو ڕەخنەگرانەیش نەیانتوانی ئەوە ڕەت بکەنەوە، کە مێژووی ئەو کەنیسەیەی کە لەسەر ئەو ئەشکەوتەی الرجیبدا بینا کراوە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بێزەنتی و سەدەی پێنجی پاش مەسیح و خودی سەردەمی ئیمپڕاتۆر (ثیۆدۆسیۆسی دووەم)ـە!
سەرنجبدەن هەر سەردەمی خودی ئەم ئیمپڕاتۆرەیە کە بوژانەوەی مەسیحییەت لە ڕۆمانی خۆرهەڵاتدا سەریهەڵدا، ئیمپڕاتۆریش ڕۆڵی سەرەکی لەم بوارەدا هەبووە، کەواتە ئەمە خودی خۆی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئیمپڕاتۆر بەم ڕووداوە ئاگادار بووە.

ئا ئەمەیە پەرجووی خوایی کە زاتی خۆی بۆ ئێمەی پاراست و بەوپەڕی خۆشخوانییەوە نیشانی ئێمەی بەندی خۆی دا و ئێمەی پێ بەهرەوەرد کردەوە، ئەوە هەر زاتی خۆیەتی کە لە یەکەم ئایەتی سورەتەکەدا دەفەرموێت:
{الْحَمْدُ لِلَّهِ الَّذِي أَنزَلَ عَلَى عَبْدِهِ الْكِتَابَ وَلَمْ يَجْعَل لَّهُ عِوَجَا ﴿۱﴾}.
واتە: سوپاس و ستایش بۆ ئه‌و خوایه‌ی که‌ قورئانی بۆ سه‌ر به‌نده‌ی خۆی (محمد صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ڕه‌وانه‌ کردووه‌، به‌ڕاستی هیچ که‌م و کوڕی و ناته‌واویه‌کیشی تێدا به‌دی ناکرێت.

به‌روار: 28/10/2020
بینین: 2480
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت