بانگەواز
  یاسا قورئانیەکان
صلاح الدین احمد


یاسای یەکەم:

(وَقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنًا) سورة البقرة آیة (٨٣).
(قسەی جوان بکەن بەرامبەر خەڵکی و لەگەڵ خەڵکی).
ئەو یاسایە یەکێکە لە یاسا جوانەکانی ئیسلام، کە ئەگەر بێتو جێ بە جێ بکرێت زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر دەبن.

قسەی جوان دوو لایەن دەگرێتەوە:-

١-شێوازی دەربڕین و قسە کردنەکە جوان بێت و نەرم و نیان و لەسەر خۆ بێ، تووڕەیی و خۆزاڵ کردن و تەکەبور و ھەڵەشەیی تێدا نەبێت.

٢- ماناو واتاو ناوەڕۆکی قسەکە باش و جوان و خێر و حەق و ڕاست بێت.
کەواتە کە دەفەرمووێت: قسەی جوان بکەن لەگەڵ خەڵکدا ، واتا: دەربڕینەکە جوان بێت ، وە ناوەڕۆکەکەش جوان و باش بێت.
چونکە زۆر جار قسەکە حەقە بەڵام چونکە شێوازەکەی جوان و نەرم و نیان و ڕێک پێک نییە ، ئەوا کەسی بەرامبەر لێت وەر ناگرێت.
زۆر جاریش شێوازەکەی جوان و ڕێک و پێکە بەڵام ناوەڕۆکەکەی جوان نییە و حەق و خێر نییە ، واتا دەچێتە ناو بازنەیەکی جوانی ناوبۆش و پوچ و خراپ.

** قسەی جوان لەگەڵ ھەموو خەڵکدا:
خوای گەورە لە ئایەتەکەدا دەفەرموێ: (لِلنَّاسِ) واتا : خەڵک ، کەواتە ھەموو خەڵک دەگرێتەوە ، دایک و باوک و خوشک و براو خزم و ھاوەڵ و دراوسێ و موسوڵمان و نا موسوڵمان و منداڵ و گەنج و پیرو ژن وپیاوو ھەژار و دەوڵەمەندو زاناو نەزان و........ ، کەواتە نابێ ئێمە جیاوازی بکەین لە نێوان ئەو چینانەدا ، نابێت لەگەڵ دەوڵەمەندان گفتولفت خۆش بین، بەڵام لەگەڵ ھەژاراندا توڕەو تووند و گرژو مۆن بین، یان لەگەڵ ........
بۆیە بەڕاستی لە جیھانی ئەوڕۆداو لەو بارودۆخەدا زۆر زۆر پێویستمان بە جێ کردنی ئەو یاسایە ھەیە، چونکە زۆربەی زۆری کێشەکان چارەسەر دەکات، خوای گەورە کە دەفەرموێ : قسە جوان بکەن بۆئەوەی خۆشمان جوان بین، چونکە بەڕاستی ئەگەر قسەت جوان بوو خۆت جوان دەبی، ئەگەر قسەت ناشیرین بوو خۆت ناشیرین دەبی و بۆخۆت دەبیە ھۆی ئەوەی کە خەڵک ڕقیان لێت بێتەوە، گلەیی لە کەس مەکە خۆت خۆتت ناشیرین کردووە بە قسە ناشیرینەکانت ، -سبحان اللە- دیقەتم داوە ئەوەی قسە ڕەقە لەگەڵ خەڵکی ،خەڵکی زۆریان ڕق لێیەتی ، ئەگەرچی قسەکانیشی زۆر جار حەق بن، بۆیە ئەگەر ویستت حەقیش بدەی بەگوێی خەڵکدا بە قسەو گفتوولفتی جوان بیدە، کوردەواری جوانیان گوتووە: مار بەقسەی خۆش لە کونێ دێتە دەرێ!

سودوو کاریگەریەکانی قسەی جوان و باش
١. ڕەزامەندی خوای گەورە.
٢.خۆشەویست بوون لە لای خەڵک.
٣. برایەت و تەبایی زیاد دەکات.
٤.لێبوردەیی زیاددەکات.
٥.نیشانەی زیرەکی و تێگەیشتوویی کەسەکەیە.
..................
زیانەکانی قسەی ناشیرینیش پێچەوانە ئەو خاڵانانەن.


یاسای دووەم:

( وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى ) سورة الأنعام ، آية - ١٦٤-

(کەس گوناھ و تاوانی کەسێکی تر ھەڵناگرێت).

ھەر کەس ھەڵەو گوناھێکی کرد، ئەوا بۆخۆی خاوەنیەتی و کەس لە جێی ئەو ھەڵی ناگرێت، کەواتە ناکرێت کەسێک گوناھ و ھەڵە بکات بەڵام باجەکەی یەکێکی تر بیدات، ناکرێت برا گوناھێک بکات خوشک باجەکەی بدات، بۆیە زۆر جار بینیومانە کوڕێک ھەڵەیەکی کردووە بەڵام دوایی خوشکەکەی یان کچێکی خزمیان باجەکەی داوەو بووە بە قوربانی، بەڕاستی ئەمە لە ئیسلامدا بە ھیچ شێوەیەک جێی نابێتەوە نەبۆ دونیا، نەبۆ قیامەت، واتا : لە قیامەتیشدا کەس گوناھی کەس ھەڵناگرێ. ھەموو کەسێک خاوەن کارو کردەوەی خۆیەتی و خۆی لێی بەرپرسیارە نەک کەسێکی تر ، مەگەر ئەو کەسە بە تۆبزی بە یەکێکی تری کردبێت، کەواتە پێویستە لە دونیاشدا وا مامەڵە بکرێ کە تاوان و ھەڵەی یەکێک ھەڵنەدەینە سەر کەسێکی تر، یان بۆ نمونە جاری وا ھەیە کەسێک کەسێک دەکوژێت دەچن برای کەسە بکوژەکە دەکوژن ، یان باوکی دەکوژن ، کە بەڕاستی ئەوانە ھەمویان دژی ئەو یاسا قورئانیەن، وە زۆر جار بەھەڵە تێگەیشتن ھەیە لەلای خوشکان کە گوایە ئەگەر براکەی خراپە و فاحیشە لە گەڵ کچێکدا بکات ، ئەوا دەبێ ئەویش خراپە و فاحیشەی لەگەڵ بکرێ چونکە براکەی وای کردووە، ئەو بۆچونە ئەسڵ و ئەساسی نیە و دورە لە ڕاستیەوە ، مەگەر خوشکەکەی بۆخۆی خراپ و فاحیشە چی بێت، ئەگەر نا ھەرگیز توشی شتی وا نابێت.


یاسای سێیەم:

( إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ )سورە الحجرات آیە -١٣-
(بەڕێزترینتان لەلای خوای گەورە ئەو کەسەتانە کە لە خوا ترستر و خۆ پارێزتر و فەرمانبەردارترە )
کەواتە لێرەدا خوای گەورە تەرازوو پێوانەی خۆی بۆ ڕوون کردووینەوە، کە باشترین و بەڕێزترین کەس لای ئەو ، ئەو کەسەیە کە زیاتر لە خوا ترس و خۆپارێزو فەرمانبەری خوایە، کەواتە پێوانەکە ڕەگەزو ڕەنگ و دەنگ و عەشیرەت و جوانی و زانست و دەوڵەمەندی و خانەدانی و دەستەڵاتداری و بەناوبانگی و ......، نیە، بەڕاستی ئەو یاسایە یاسایەکە ئەگەر لێی تێبگەین بەسمانە، چونکە خوای گەورە شتێکی وای داناوە و کردویەتیە پێوەر، کە ھەموو کەسێک پێی دەکرێت، ھیچ کەسێک نیە پێی نەکرێت، بۆیە شوانێک لەو شاخانە زۆر زۆر بە ئاسانی دەتوانێ ئەو پلەیە بەدەست بھێنێت، وە ھەروەھا ھەژارێک یان حەمباڵێک یان نەخوێندەوارێک یان پەککەوتەیەک یان کەم ئەندامێک یان......، ھەر ھەموویان زۆر بە ئاسانی دەتوانن ئەو پلەیە بەدەست بھێنن، بۆیە خوای گەورە ئەگەر دەوڵەمەندی دانابایە ئەوا بەس دەوڵەمەندەکانمان ئەو پلەیەیان بەدەست دەھێنا، وە ئەگەر زانستی بە پێوەر دانابایە ئەوا بەس زاناکان ئەو پلەیان بەدەست دەھێنا، بەڵام ئێستا ھەموو کەسێک دەتوانێ ئەو پلەیە بەدەست بھێنێت!

سود و کاریگەریەکانی تەقوا
١.ڕەزامەند خوای گەورە.
٢.سەرفرازی دونیا و قیامەت.
٣. پەیدا بوونی کەسایەتی.
٤.ھاوسەنگ بوون.
٥.بەکەم گرتنی دونیا.
٦.ھیواو ئومێد و گەشبینی.
لەگەڵ زۆر شتی تر .....

زیانەکانی بێ تەقوایی
١.توڕەبوونی خوا.
٢.شەرمەزاری قیامەت و چونە دۆزەخ.
٣.ڕۆچون لە ژیانی دونیا و ماددی بوون.
٤.زوڵم و ستەمکردن.
٥.توش بوون بە حەڕام.
٦. توش بوون بە زۆربەی تاوان و گوناھەکان.

یاسای چوارەم:
(وَلَا تَنسَوُا الْفَضْلَ بَيْنَكُمْ ۚ)سورة البقرة آیة -٢٣٧-

(چاکە و فەزڵی نێوانتان لە بیر مەکەن).

ئەو یاسایە لە سیاقی تەڵاق و لێک جیابوونەوەی ژن و مێرد ھاتووە، فەرمانیان پێ دەکات چاکەی نێوانیان لە بیر نەکەن و مامەڵەی باش لەگەڵ یەکتریدا بکەن و ئەو چاکە و فەزڵەی لە نێوانیاندا بووە لەبیری نەکەن، واتا: دوای لێک جیابوونەوەش چاکەی پێش جیابوونەوە لەبیر مەکەن، بۆیە دەتوانین ئەو یاسایە بگشتێنین بەسەر ھەموو کەس و باروودۆخەکان، بەشێوەیەک کە کەس چاکەی کەس لەبیر نەکات، چاکەی دایک و باوک و خزم و ھاوەڵ و مامۆستا و دراوسێ و .....، کەواتا ھەمووی دەگرێتەوە، بەڕاستی زۆر ناشیرینە چاکەی یەکترمان لەبەرچاو نەبێت، یان لەبیرمان چێتەوە، باشە توخوا چاکەی دایک و باوک یان مامۆستا ھی ئەوەیە لەبیر بکرێ؟! ئەگەر چاکەی خەڵک لەبیر کەی دڵنیابە چاکەت لەبیر دەکرێ، ئەگەر حیساب بۆ چاکەی خەڵک نەکەی حیساب بۆ چاکەکانت ناکرێت، بۆیە زۆر ھەڵەیە جاری وا ھەیە لەبەر ھەڵەیەک ھەموو چاکەکانی ڕابردووی کەسێک لەبیر دەکەی یان زەڕبی سفریان دەکەی، بەڕاستی ئەو سیفەتە ناشیرینە زۆر باوە لەناوماندا، باشە مەعقولە کەسێک چەند جار یان چەند ساڵ چاکەی لەگەڵ کردووی بەڵام لەبەر ھەڵەیەک تۆ ھەموو چاکەکانی زەڕبی سفر بکەی؟!
کەواتە لە بیرنەکردنی چاکە و فەزڵ گەورەترین وەفایە، لەبیر کردنی گەورەترین سپڵەییە.


یاسای پێنجەم:
(وَالصُّلْحُ خَيْرٌ ۗ) سورە النساء آيه -١٢٨-
(ئاشتەوایی و ڕێککەوتن چاکتر و باشترە لە لێکترازانوو و.....)

ئەو یاسایە وایە لە سیاقی باس و خواسی کێشەی نێوان ژن و مێرد دا ھاتووە، بەڵام گشتیەو ھەموو بابەتەکان دەگرێتەوە، واتا : ھەموو کاتێ ئاشتەوایی و ڕێککەوتن باشترە لە دوورکەوتنەوە لەیەکترو لێک جیابوونەوە و دوژمنایەتی یەکتر کردن و لەبەرامبەر یەکتر ڕاوەستان و لە یەک خوێندن و......، کەواتە ئاشتەوایی و ڕێککەوتن و چاوپۆشی لەیەک کردن و لێبوردەیی ئەسڵە، نابێ لێی لادەین، بۆیە ئەو یاسایە ژن و مێرد دەگرێتەوە شەریکەکانی مامەڵە کردن دەگرێتەوە ، سیاسیەکان دەگرێتەوە، پەیوەندی نێوان وڵاتان و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان دەگرێتەوە ، بۆیە ئەو شەڕو نەھامەتی و مل شکاندنەی ئێستا دەیبینین لە جیھاندا ھەمووی بەھۆی جێ بە جێ نەکردنی ئەو یاسایەیە، چونکە ئەگەر ئەو یاسایە جێ بەجێ بکرێ شەڕو دوژمنایەتی و یەکتر شکاندن و یەکتر ڕووخاندن نامێنێ یان ھەر نەبێ کەم دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر بمانەوێ پەرتەوازە نەبین و خۆشەویستی لە نێوانماندا بمێنێ دەبێ ئەو یاسایە جێ بەجێ بکەین و ھەموو کاتێ صوڵح و ئاشتەوایی و ڕێککەوتن لە پێشەوەی ھەموو بژاردەکاندا دابنێین و بیکەینە ئەسڵ. چونکە پێچەوانەی ئاشتەوایی پەرتەوازەیی و دووژمنایەتی و .....یە . کەدیارە ئەوانەش ھەموویان ماڵ وێرانکەرن.
کەواتە سوڵح و ئاشتەوایی ئەسڵە.
سود و کاریگەرییەکانی سوڵح
١.ڕەزامەندی خوای پەروەردگار.
٢.برایەتی و تەبایی و یەکگرتوویی.
٣.خۆشەویستی.
لەگەڵ زۆری تر ......


یاسای شەشەم:
(وَلَيَنْصُرَنَّ اللَّهُ مَنْ يَنْصُرُهُ) سورە الحج آیە-٤٠-
(خوای گەورە ئەو کەسە سەردەخات کە دینەکەی ئەو سەردەخات. وەپشتگیری ئەو کەسە دەکات کە پشتگیری دینەکەی دەکات).

ئەو یاسایە، یاسایەکی گشتی و گشتگیرە،بۆیە دەبینین بە درێژایی مێژوو ،بە پێغەمبەران و غەیری پێغەمبەرانیشەوە خوای گەورە سەری خستوون، کەواتە کەسێک بیەوێ ، دین و بەرنامەی خوا سەربخات خواش سەری دەخات، ھەر کەسێ پشتیوانی حەق و ڕاستی بکات خواش پشتیوانی دەکات، مەرج نییە ھەموو جارێ ئەو سەرخستن و پشتیوانییە بە شێوەیەکی بەرچاو ببینین، چونکە سەرکەوتن و پشتیوانی زۆر جار بە پلە بەندییەو ڕەنگە دوای خۆت دەرکەوێت، بەڵام سەرکەوتنی دەرون و زاڵ بوون بەسەر نەفسدا خۆی گەورەترین سەرکەوتن و پشتیوانییە، ئەگەر خوای گەورە ھیدایەتت نەدات ناتوانی سەرکەوتن بەسەر نەفسدا بەدەست بھێنی کە گەورەترین سەرکەوتنە و پاڵپشتی بۆ ئەو کارە گەورەترین پاڵپشتییە.
بەڵام بەڕاستی ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە گرتنەبەری ھۆکارەکان زۆر پێویستە، چونکە ئێمە زۆر جار ڕەنگە گومانمان لەو یاسایە ھەبێت، بەڵام ڕەنگە ھۆکارەکانمان نەگرتبێتە بەر، یان بە ھەڵە گرتبمان، یان زۆر جار ڕەنگە خوای گەورە خودی سەر نەخستنەکە بکاتە تاقیکردنەوە بۆمان، تاوەکو تەوەکول پشت بەستنمان بە خۆی تاقی بکاتەوە.
ھۆکارەکانی سەرنەکەوتن:
١.نەبوونی ئیخڵاس و دڵسۆزی.
٢.نەبوونی برایەتی و تەبایی.
٣.نەگرتنەبەری ھۆکارەکانی سەرکەوتن.
٤.نەبوون یان کەمی گەشبینی و وورە و ھیواو ئومێد.
٥. بەھەڵە ڕۆیشتن و بەھەڵە ھەوڵدان.
لەگەڵ زۆۆۆر زۆری تر


یاسای حەوتەم:

(وَالْعَاقِبَةُ لِلْمُتَّقِينَ)سورە الاعرف آیە ﴿١٢٨﴾

(سەرەنجام بۆ پارێزکاران و لەخوا ترسانە).

سەرەنجام بۆ لەخوا ترسان و پارێزکارانە، بەڕاستی ئەو یاسایە پڕ پڕە لە ئەمەل و ھیواو ئومێد و ھیممەت بەرزی، چونکە ڕەنگە زۆربەی جار و لە زۆربەی بارودۆخ و حاڵەتەکاندا پارێزکاران و لەخوا ترسان و ئیمانداران تووشی نەھامەتی و تەنگ و چەڵەمە ببن، چونکە حەق و ڕاستی بە زۆری وایە زاڵمان و ستەمکاران حەزیان پێی نایەت، دەیانەوێ خەڵکیش وەک وان مامەڵە بکات، وە زۆر جار بەھۆی خۆ پارێزی و لە خواترسان ڕەنگە زۆر شتی خۆش و قازانجی ماددی و دونیایی لەدەست بدەی، بەڵام کە ئەو یاسایەت بەبیر بێ ھیچ خەم ناخۆی لە لەدەست چوونی شتی دونیایی و کاتی، وە چاوت لە سەرەنجامەکەیە، کە سوراو سور دەزانی سەرەنجامەکەت سەرفرازی بەدەستھێنانی ڕەزامەندی خوای گەورەیە، لە ڕاستیدا لەبیر بوون و ڕەچاو کردنی ئەو یاسایە گەورەترین پاڵنەرە بۆ مانەوە لەسەر فیتڕەت و چاکە و باشە و مەبدەئی خۆت، وە بۆ ھیواو بێ ئومێد نەبوون، چونکە کەسێک ئەوسەری لێ دیاربێ بە ڕوونی ، حەتمەن خەم ناخوا بۆ ئەو شتە دونیایی و کاتیانە.


یاسای ھەشتەم:
(قُلْ لَا يَسْتَوِي الْخَبِيثُ وَالطَّيِّبُ)
سورةالمائدە ﴿١٠٠﴾
(پیس و پاک یەکسان نین)

پیس و خراپ ھەرگیز یەکسان نین لەگەڵ پاک و چاک، حەڵاڵ و حەڕام یەکسان نین، ماڵی حەڵاڵ و ماڵی حەڕام وەک یەک نین.

ئەو یاسایە ھەموو بەشەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەگرێتەوە، بۆ نمونە: بیرو باوەڕی خاوێن یەکسان نییە لەگەڵ بیروباوەڕی پیس، ئەخلاقی خاوێن یەکسان نییە بە ئەخلاقی پیس، مامەڵەی خاوێن و باش یەکسان نییە لەگەڵ مامەڵەی پیس و خراپ، قسەی خاوێن و باش یەکسان نییە بە قسەی پیس و خراپ، نیەتی باش و خاوێن یەکسان نییە بە نیەتی خراپ و پیس، سیاسەتی پیس و خراپ یەکسان نییە بە سیاسەتی پاک و باش، بازرگانی کردن و ئابووری خاوێن و باش یەکسان نییە بە ئابووری پیس و خراپ و ھەروەھا........، وە بۆ شتە مادییەکانیش ھەر وایە، پیس و خاوێن یەکسان نین ......

به‌روار: 07/11/2019
بینین: 2004