بانگەواز
  لەنێوان عیشقی ئیلاھی و عیشقی عاشق و مەعشوقانی تردا
صلاح الدین احمد

کاتێک عاشق عاشقی مەعەشقوقەکەی دەبێت ( بۆ نمونە کوڕ و کچێک) بە حقیقی یەکتریان خۆشویست و عاشقی یەکتری بوون، ئەو شتانە ڕوو دەدەن بەشێوەیەکی گشتی:
١. بۆ یەکتری دەسوتێن...، ئایە عیشقی ئیلاھی ئێمە بەرامبەر پەروەردگارمان سوتانی تێدایە؟!!!
٢. بەردەوام دڵیان لای یەکە...، ئێمە بەو ئەندازەیە دڵمان لای خوای گەورەیە ؟!!!
٣. لەیەکتری وەڕەز نابن...، جاری وا ھەیە پێنچ شەش سەعات قسەدەکەن بەڵام وەڕەز نابن، ئایە خۆشەویستی ئێمە وایە بەرامبەر خوای گەورە؟!!! سێ چوار دەقەی نوێژ خومان ڕاناکرین لە حوزوری، بەپەلەپەل ڕادەکەین!
٤. زۆر جار عیشق عاشقان دەگرێینێ، دەگرییێن بەکوڵ....، عیشقی ئێمە بەرامبەر بە خوای پەروەردگار گریانی تێدایە؟!!!
٥. زۆر ئاساییە لەبەر مەعشوقەکەی نەخەوێ تا بەیانی، بە نامە تا بەیانی نامە دەنوسن و نازانن خەو چیە، خەویان لێ تاڵ دەبێ، ئێمە ئامادەین بەرامبەر بە خوا وا بکەین؟!!! ئامادەین نەخەوین لەبەر ئەو؟!!!
٦. عاشق کە مەعشوقەکەی نابینێ ڕێک دەکوڵێ وەک خۆی دەڵێ: ئاگری تێبەردەبێ! بۆیە حەزی لێیەتی بەردەوام دیدەنی بکات، ئایە ئێمە ئەوەندە حەزمان بە مناجات و حوزوری ئەوە؟!!!
٧. عاشق کە گوێی لە مەعشوقەکەی نابێ یان وەڵام ناداتەوە زۆر غەمبار دەبێ و ئاگای لەخۆی نامێنێ!
٨. عاشق کە ھەستی کرد مەعشوقەی توڕەیە یان وەڵامی تلفۆن ناداتەوە یان نامەکە ناخوێنێتەوە یان ئامادە نیە قسەی لەگەڵ بکات يان...، عاشق دەکوڵێ، ئاگری تێبەردەبێ، ئیسراحەتی لێ ھەڵدەگیرێ، دەگریێ، ڕەنگە خۆی بکوژێ، یان سەرھەڵدەگرێ، یان....، ئایە ئێمە کە ھەست بکەین خوا پەروەدگار لێمان توڕەیە ھەڵوێستمان چۆن دەبێ؟!!!
٩. عاشق چاوی کوێر دەبێ بەرامبەر خراپەکان و ناشیرنیەکانی مەعشوقەکەی، چاوی بەس جوانیەکان دەبینێ....، بەڵام ئێمە بالعکس ، چاومان جوانی و نیعمەتەکانی خوای گەورە نابینێ بەس ھەندێ ناھەمەتی دەبینێ، کە ئەویش ئەگەر لێی وردبیەوە خێر و جوانی و نیعمەتی زۆری تێدایە، بەڵام ھەستی پێناکەین!

١٠. عاشق بەباسکردنی مەعشوقەکەی دڵی دەھەژێ، ھەر کە ناوی ھێنرا بەناو ھێنانەکەی دڵی دێتە ھەژان و لەرزین....، ھی ئێمە وایە بەرامبەر پەروەردگارمان؟!!! کە باسی خوا بکرێ دەھەژێن....؟!
١١. عاشق نەک بە ناو ھێنانی مەعشوقەکەی بەڵکو بەناو ھێنانی شار و ناوچەو گەڕەکەکەشی و... دەورژێ و دەھەژێ!
١٢. عاشق ڕازی نیە بە خراپ باسی مەعشوقەی بکرێ (ھەرچەند خراپیش بێت)! چاوی کوێڕە بەرامبەری! ئێمە واین بەرامبەر خوای پەروەردگارمان؟!!! کەسێک ڕەخنەی لێبگرێ و بەخراپ باسی بکات ئامادەین بەرگری لێبکەین؟!!! لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە دوورە لە خراپەو....
١٣. عاشق بە ھەموو شتێکی مەعشوق موعجەبە، ھەر سەر دەلەقێنێ بەرامبەری! ئێمە موعجەبین بەرامبەر پەروەردگارمان؟!!!
١٤. عاشق کە بیری ساتەکانی عاشق بوونی دەکەوێتەوە و دێتەوە یادی ئەسەف دەخواو و دەڵێ: تامی نەڕۆیوە و تامی ماوە، ھی ئێمە وایە بەرامبەر پەروەردگارمان؟!!!

١٥. عاشق کە بەڕێگادا دەڕوات یان دێت و دەچێ یان کە دەخەوێ یان...، بیری ھەر لای مەعشوقەکەیەتی و واھەست دەکات کە دەیبنێ، ئەگەر نەشی بینێ دەڵێ: بریا ئێستا منی بینبا، یان دێنێتە خەیاڵی خۆی کە ئەو ئێستا دەیبنێ و چاوی لێیەتی! ھی ئێمە وایە بەرامبەر پەروەردگارمان؟!!! ھەست بەبینین و چاودێری و...، ئەو دەکەین؟!

١٦. عاشق بە شوێنی ژوان و شوێنی پیاسە و جلوبەرگ و ڕەنگی پۆشاک و کوچەو کۆڵان و زانکۆ و پەنگا و قوتابخانەو...، مەعشوقەکەی دەھەژێ، یان کە بیری دەکەوێتەوە مەست دەبێ!

١٧. عاشق دەڵێ: ناتوانم مەعشوکەم لەبیرکەم ، دایمە لە خەیاڵمە ، بۆ ھەرکوێ دەچم لەگەڵمە، نان دەخۆم بەبیرمە، دەڕۆم لە یادمە، ....، ھەرچی دەکەم ئەو لە خەیاڵمدا دێ و دەچێ، ھی ئێمە وایە بەرامبەر پەروەردگارمان؟!!! بەو ئەندازەیە بەبیرمانە؟!
١٨. عاشق دەڵێ: خۆم بەکوشت دەدەم بۆ مەعشوقەکەم، خۆم دەکەمە قوربانی ، ھەزار جار دەڵێ بەقوربانت بم گیانەکەم....، ھی ئێمە وایە بەرامبەر پەروەردگارمان؟!!!
١٩. عاشق ھیجرەت دەکات بۆ مەعشوقەکەی جاری وا ھەیە لە گوندێک دەچێت بۆ گوندێکی تر، لە شارێک بۆ شارێکی تر، لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر، لەوسەری دونیا بۆ ئەوسەری دونیا! یان لەھەر شوێنێک بێت داوای لێبکات بچێ بۆلای ئامەدەیە ئەگەر بەپیادەش بێت بچێ بۆلای! ھی ئێمە وایە بەرامبەر پەروەردگارمان؟!!!

ولله المثل الأعلى، ((لَيْسَ كَمِثْلِهِ شَيْءٌ)).

تێبینی:
١. بەھیچ شێوەیەک مەبەستمان زەمی عیشقی غەیرە ئیلاھی نیە، بەڵکو مەبەستمان بەراورد و ڕونکردنەوەی کەمتەرخەمیمانە بەرامبەر پەروەردگارمان، ئەگەرنا عیشقی حەقیقی و شەرعی زەرورەو ژیان بێ عیشق ھیچ بەھاو تامێکی نیە، وە ئەگەر عیشقی نێوان مرۆڤەکان نەبوایە ئەوا عیشقی نێوان مرۆڤ و خواش ھەستی پێنەدەکرا، ھەرەوەک ئەگەر رحم و ...، نەبوایە لە مرۆڤدا نەیدەتوانی رحمی خوای گەورە تەسەوڕ بکات.
٢. بەکار ھێنانی ( عشق) ھەندێ جیاوزای تێدایە لە نێوان زانایان بەرامبەر بەخوا، ھەندێ وتویانە نابێ بەکار بھێنرێ لەبەر...، بەڵام ھەندێکی تر وەک امامی غەزالی و...، وتویانە کێشەی تێدا نیە، چونکە مەبەست لێی خۆشەویستێیکی زۆرە و ھیچ مانایێکی خراپی تێدا نیە لەڕووی زمانەوانیەوە، بەڵام ئەوە بە نسبەت زمانی عەرەبی، بەڵام بە نسبەت زمانی کوردی ھیچ کێشەیەکی تێدانیە، چونکە بووە بە وشەیەکی کوردی و دەلالەت لە خۆشەویستیێکی زۆر دەکات، ھیچ پەیوەندی بەمانا خراپەکان نەماوە، بۆیە شاعیرە گەورەکانی خۆشمان بەزۆری عیشقیان بەکارھێناوە، وشەی (خۆشەویستی) وشەیەکی نوێیە و زور لەمێژ نیە پەیدابووە، ئەوەی لەکوردی کۆندا بەکار ھاتووە، زیاتر عیشق بووە، بۆیە وشەیەکە ڕێک لە جێی خۆشەویستی، بۆیە دەڵی: عاشقی ئەو شتەم...، زۆر جار شتەکە مادیە، بۆنمونە عاشقی سەیارەکی ئاواو ئاوا، یان خانوێکی ئاواو ئاوا...

٣. ئەو بەراوردە ھیچ لە شەئنی خوای گەورە کەم ناکاتەوە، بەڵکو نیشاندانی کەمتەرخەمیمانە بەرامبەر ئەو ، کە نەمان توانیوە عاشق و خۆشەویستێکی باش و چاک و ...، خوای گەورە بین! ئەگەرنا لەھەر کەسێکی موسڵمان ببرسی دەڵێ خوای گەوەرە لە ھەمووشتێک گەورەترو .... ە.
٤. پێم وایە عیشق و خۆشەویستی جیاوازە و جۆری زۆۆۆوری ھەیە، بۆنمونە عیشقی دایک جیاوازە لە عیشقی خێزان و....، بۆیە پێم وایە زۆر ھەڵەیە بڵی: خێزانەکەت خۆشتر دەوێ یان دایکت، یان....، چونکە ھەریەکەیان جۆرێکە و تام و چێژێکە، بۆیە عیشقی ئیلاھیش جۆرێکی سەربەحۆ و تایبەتە....

٥. عیشقی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ یان ....، زۆر جار زۆۆۆر بەئازارە و عاشق و مەعشوقەکە ئەزیەت دەداو ھیلاک و ماندویان دەکات یان زۆر جار بێ ئومێدی تێدایە یان بەرژەوەندی تێدایە، بەڵام عیشقی ئیلاھی تا زیاتر بێت تامی زیاترە و زیاتر مرۆڤ بەھێزو...، دەکات.
٦. ئەو بابەتە زۆۆۆۆور فراوانە و بە دەیان و سەدان کتێب و ڕۆمانی لەسەر بنوسرێ ھێشتا حەقی خۆی پێنادرێ، بەڵام ئەوە سەرەقەڵەمێک بوو تەنھاو تەنھا بۆ بەئاگا ھاتنەوە نەوەک نوسینی زانستی و ئەدەبی...
٧. وە با ئەوەش بزانین ئێمە ھەر چیرۆکی عیشقی کوڕ و کچ و ژن و پیاو ( مەم و زین) و ( شیرین و فەرھاد) ( لیل و مەجنون)مان ... نیە،
بەڵکو بەرزترین نمونە ( محمد، (د.خ) خەدیجە و عائشە) یە، وە عیشقی پێغەمبەر و خوای گەورە، یان امامی غزالی و ابن تیمیە و ابن القیم و سعید نورسی و ئەحمەدی موفتی زادە و ناسڕی سوبحانی و شەماڵ موفتی و..... خوای گەورە، کە بەڕاستی نمونەی بەرزی عاشقی ئیلاھین.
وەهەرکەسێ عیشقی ئیلاهی حەقیقی هەبێت ناتوانێ خیانەت لەعیشقی مخلوقی ئیلاهی خۆی بکات !

خوایە گیان بمان کە بە عاشقی ڕاستەقینەی خۆت..
وە بمان گەیەنە بە مەرتەبەی عیشقی ئیلاھی، چونکە بەرزترین مەرتەبەیە و یەکسانە بە مەرتەبەی ( إحسان).
به‌روار: 08/12/2019
بینین: 3162