بانگەواز
  ئیسلام و فەلسەفە :بەشی دووەم
صلاح الدین احمد

ئیسلام ئاینە، ئاینیش پێناسە و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، بۆیە ئێمە لێرەدا چەند پێناسەیەک باس دەکەین

ئاین وەک دکتۆر عبداللە دراز دەڵێ: دانراوی خوایە ڕێنمونی خەڵک دەکات بۆ ڕێگای ڕاست لە عەقیدە و بیرو باوەڕدا، وە ڕێنمونیان دەکات بۆ خێر و باشە و چاکە لە سلوک و ئەخلاق و مامەڵە و ھەڵسوکەوتدا.

وە (ئەلتھانوی) دەفەرموێت: ئاین دانراوی خوایە، دەستی خاوەن عەقڵەکان دەگرێ بۆ خۆش گوزەرانی و چاکسازی لە دونیا و سەفرازی لە دوا ڕۆژدا، بە ویست و ھەڵبژاردەی خۆیان.

وە (شیشرون) دەڵێ: ئاین ئەو ئامرازەیە کە مرۆڤ دەبەستێتەوە بە خوا و دەیگەیەنێ بەخوا.

فەلسەفەشمان بە درێژی باسکرد لە ئەڵقەکانی پێشوو.... .

دەتوانین بڵێن ئاین دابەش دەبێ بۆ سێ جۆر:

١. ئاینێکی خوایی پارێزراوی کۆکەرەوەی ھەموو ئاینەکانی پێش خۆی، کە ئەمە بەس ئیسلام دەگرێتەوە.
٢. ئاینێکی خوایی دەستکاری کراوی گۆڕاو و شێوێنراو، وەک مەسحیەت و جولەکە.
٣.ئاینێکی مرۆڤی، کە دەستکردی مرۆڤە، وەک بوزی.

بۆیە ئێمە لێرەدا زیاتر مەبەستمان لە ئاین ئیسلامە، وەک ئاینێکی خوایی پارێزراوی دەستکاری نەکراو، بەڵام ئەوانی تر یان خوایی نین، یان لە ئەسڵدا خوایین بەڵام دەستکاری کراون و بەتەواوی شێوێنراون.

جیاوازی ئیسلام و فەلسەفە

١.مەبەستی ئیسلام ڕێنمونی عەقڵ و ڕۆح و جەستە و کردار و گوفتار و تاک و خێزان و کۆمەڵگە و دەوڵەت و جیھانە بۆ باشی و چاکی و خۆش گوزەرانی و ... لە دونیاو دوا ڕۆژدا.
بەڵام فەلسەفە مەبەستی زیاتر زانین و ناسین و بەدوادا چوون و پرسیارکردنە.

یان دەتوانین بڵێن: مەبەستی ئیسلام زانین و ناسین و ئیمانە، بەڵام فەلسەفە مەبەستی زانین و ناسینە، مەرج نیە بەرەو ئیمانت بەرێ، زۆر جار بەرەو بێباوەڕی و ئیلحادت دەبات.

٢. ئیسلام سەرچاوەکەی لە خواوەیە، بەڵام فەلسەفە مرۆڤیە، ئەنجامی بیرکردنەوەو بەدواداچونی مرۆڤە.

٣.ئیسلام گشتیە بۆ ھەموو خەڵک ، ھەموو کات، ھەموو شوێن، ھەموو قوناغێکی ژیان، بەڵام فەلسەفە گشتی نیە.

٤.ئیسلام گشتگیرە و ھەموو بوارەکان دەگێتەوە(فیکر و ڕۆح و جەستە و تاک و خێزان .....) بەڵام فەلسەفە وا نیە ھەر فەلسەفەیەک تایبەتە بە شتێک و لە شتێکی دیاریکراو دەکۆڵێتەوە.

٥.ئیسلام واقعیە و دەنگونجێ لەگەڵ سەردەمەکان و بارودۆخەکان، بەڵام فەلسەفە مەرج نیە وابێ، چونکە مرۆڤیە و تێڕوانینی مرڤە و زادەی عەقڵیەتی بۆ شوێن و کات و بارودۆخێکی دیاریکراو، بۆیە زۆر جار نەک واقیعی نیە بەڵکو دژی واقیعە و بەتەواوی ڕەتیدەکاتەوە، ھەتا نەک ئەوە جاری وا ھەیە ھەرچی واقیعە بەدرۆری دەخاتەوەو پێی وایە خەون و خەیاڵە، وەک سوفستائیەکان.

٦.ئیسلام نەزەڕی و عەمەلیە، بەڵکو بەشی زۆری عەمەلی و کردەییە، بەڵام فەلسەفە زیاتر نەزەڕیی و فیکری و بیردۆزی و زیھنیە.

٧.فەلسەفە قواعد و مەبادئ و بنەمایەکی وای نیە، بەڵکو ھەمووی قابیلی گۆڕانە، بەڵام ئیسلام بنەما و مەبادئ و نەگۆڕی ھەیە، کە کەس ناتوانێ دەستی بۆ ببات و بیخاتە ژێر گۆڕان و ....

٨.بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام گۆڕانیان بەسەردا نایەت ھەرچەند کات و شوێن و باردۆخ و کەسەکان بگۆڕێن، بەڵام فەلسەفە وانیە.

٩.لە زۆربەی حاڵەتەکاندا فەلسەفە پرسیار دەکات و ئیسلام وەڵام دەداتەوە.
به‌روار: 04/12/2019
بینین: 2350