
ئه‌مه‌یه ئاستی وه‌رگرانی خه‌ڵاتی ئاشتیی نۆبڵ !!
شوان هەورامی
له راگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمیدا هاتووه ، كه " ئۆنگ سان سوچی " ده‌بێته وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی بۆرما . سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناوبراو سه‌رۆكی پارتی رایه‌ڵه‌ی نیشتمانییه له پێناوی دیموكراسیدا و پارته‌كه‌ی سه‌ركه‌وتووی هه‌ڵبژاردنه‌كانه ، به‌ڵام ده‌ستوور رێگه‌ی نادات ببێته سه‌رۆكی وڵات ، بۆیه سه‌رۆكی وڵات له حیزبه‌كه‌ی ئه‌و دیاریی ده‌كرێت و بۆ خۆیشی پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه وه‌رده‌گرێت ، به‌ڵام چاودێران ده‌ڵێن ئه‌مه یه‌كه‌مین وه‌زیره كه ســـهرۆكی وڵاته‌كه‌ی ده‌بێته یاریده‌ده‌ری و له‌وه‌وه فه‌رمان وه‌رده‌گرێت نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه .
ناوبراو كه وه‌كو بووكهشوشهی ریكلامی میدیای خۆرئاوا ده‌ركه‌وتووه و ناوبانگیان به‌رز كردووه‌ته‌وه ، به چه‌ند پرسیارێكی ساده‌ی " میشال حوسه‌ین " ی په‌یامنێری كه‌ناڵی " BBC " له‌سه‌ر مافی مرۆڤ وئه‌و تاوانه دژه مرۆڤایه‌تیانه‌ی كه حكومه‌تی بۆرما له دژی كه‌مینه‌ی موسوڵمانی رۆهێنگیی ده‌یكات و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش به چه‌وساوه‌ترین نه‌ته‌وه‌ی سه‌رزه‌وی ناساندوونی ، به‌ڵام سوچی تووشی هێستریا و هه‌ڵچوون بوو ، بۆیه دوای دیمانه‌كه خۆی پێنه‌گیرا و به تووڕه‌ییه‌وه به یاوه‌رانی گوت : بۆچی كه‌س پێی نه‌گوتم كه رۆژنامه‌نووسێكی موسوڵمان دیمانه له‌گه‌ڵ مندا ده‌كات ؟!
ئه‌و لێدوانه ئابڕووبهرانهیهی سوچی بۆ جارێكی تر ناوبانگی یه‌كێكی تر له وه‌رگرانی خه‌ڵاتی نۆبڵی خسته‌وه ژێر پرسیار ، كه داخوا له پشت په‌رده‌كانی نۆبڵه‌وه به چ پێوه‌رێك وه‌رگرانی ئه‌و خه‌ڵاته دیاریی ده‌كرێن ، ئیسحاق رابین خاوه‌نی بیرۆكه‌ی شكاندنی ئێسكی فه‌له‌ستینیه‌كان بوو ، مێناحیم بێگن فه‌رمانده‌ی گرووپه تۆقێنهرو تیرۆریستیه‌كه‌ی هاگانا بوو كه ده‌ستی سوور بوو به خوێنی هه‌زاران فه‌له‌ستینی و هه‌ڵكه‌ندنیان له زێدی خۆیان و داگیر كردنی گوند و شاره‌كانی ، ئه‌نوه‌ر سادات كه سه‌رۆكی وڵاتێكی دیكتاتۆریی بوو كه زیندانه‌كانی سه‌دان زیندانی سیاسیی تێدا بوو ، محه‌مه‌د به‌رادعی به‌شداریی كرد له كوده‌تای سه‌ربازیی و خوێناویی له دژی سه‌رۆكێكی هه‌ڵبژێردراو ، باراك ئۆباما هێشتا جگه له به‌ڵێن هیچی نه‌كردبوو كه خه‌ڵاته‌كه‌ی پێدرا و دواتر وڵاته‌كه‌ی له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا ده‌یان تاوانی ئه‌نجامداوه ، كه یه‌كێكیان بێده‌نگیه له قه‌سابخانه‌ی به‌رده‌وامی سوریا و تا ئێستاش ئاماده نیه ئه‌و رووباری خوێنه رابگیرێت ، ئه‌مه‌ش كۆتری ئاشتی بۆرما كه ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه له وڵاته‌كه‌یدا سته‌م له موسوڵمانان بكرێت ، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگده‌رانی بوزیی له خۆی تووڕه نه‌كات !!
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه دیاریی كردنی سوچی بێڕێزییه‌كی تری ئه‌و وڵاته‌یه به جیهانی ئیسلامیی ، مه‌به‌ستیش جوانكردنی رووی ئه‌و وڵاته‌یه كه هه‌ڵگرێكی خه‌ڵاتی نۆبڵ ده‌كاته وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ، به‌ڵام ئاخۆ وڵاتانی ئیسلامیی شه‌هامه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه پێشوازیی له‌و وه‌زیره نه‌كه‌ن ؟ تا داوای لێبووردن له موسوڵمانانی رۆهینگا نه‌كات و مافی ژیانیان بۆ نه‌گه‌ڕێنێته‌وه ؟!
بهروار: 01/04/2016
بینین: 1401