بانگەواز
  بۆچی دینداربم؟
محمد عبدالعزیز

بەشی شەشەم: (نوێژی بە کۆمەڵ) سوودی چيیە؟  

نوێژی بە کۆمەڵ و ڕووکردنە مزگەوت و شۆێنە پیرۆزەکان ئەرکێکە باوەڕدار ئەنجامی دەدات ڕۆژانە، سوودەکانی ئەم نوێژە بەکۆمەڵ و کۆبوونەوەیە :- 

١ - ڕێکردن و وەرزشە، پێغەمبەر (صل الله عليه وسلم) دەفەرمووێت چەندی ڕێگات دوورتربێت لە مزگەوت خێرت زیاترە، وە دەفەرمووێت ڕێگایەکی درێژ ببڕن بۆ چوونە مزگەوتەکان و ھەر شەقاوێک و پلەیەک بەرزت دەکاتەوە، دەکرێت بڵێین بۆ ئەوەیە کە مرۆڤ ڕۆژانە ھاتووچۆ بکات بە پێیەکانی و بجوڵێت ھەروەک لە ڕووی تەندروستیەوە بۆی داندراوە کە مرۆڤ لە ڕۆژێک دا دەبێت نیو کاتژمێر بە پێ بڕوات سودکی زۆری هەیە، وەک ئارامی بەخشین و تەندروسبوونی لاشە، و پاراستن لە شێرپەنجە، شەکرە، نەخۆشی دڵ، نەخۆشی سییەکان ( ١ ).

٢ - لە مزگەوت و ماڵی خودادا ھەموو مرۆڤەکان یەکسانن و ھەمان ئاستن و جیاوازی ناکرێت لە نێوان دەوڵەمەندێک و ھەژارێک و ھەموو بەیەکەوە ڕادەوەستن و نوێژدەکەن لەدوای ئیمام و بەھەمان کردار ھەڵدەستن، وە کاتێک لە تەنیشت یەکەوەن و شان بەشانی یەکترەوەن، ئەمەش وا دەکات لوتبەرزیان نەمێنێت مبەرامبەر بە یەکتر و خۆشەویستی دروستبێت لە نێوانیاندا، هەروەها مرۆڤ بێزارنەبێ و زیاتر هانبدرێ بۆ دینداری .

هەروەها زۆرجار کە مرۆڤ بەتەنھا نوێژ دەکات ڕکعاتەکانی لێ تێکەڵ دەبێ یاخود بیری لای نوێژەکەی نامێنێت، بەڵام لەکاتی نوێژی بە کۆمەڵدا کە ھەموو لەدوای ئیمامەوەن و ئەویش بەڕێکی نوێژەکەیان بۆ ئەنجام دەدات و بە دەنگێکی خۆشەوە (کە ئەمە زۆر پێویستە) تاوەکو سەرنجی ھەمووان ڕابکێشێت بۆ ئایەتەکان و بیریان لای نوێژەکە بێت تا بەتەواوی ھەڵبستن بە جووڵەکانی نوێژ، بەم شێوەیە نوێژێکی ڕێک و پێک دەبێت و دوور لە پەلەکردن و خەیاڵ ڕۆشتن و تێکەڵ بوونی ڕکعاتەکان .

٣ - یەکێکی تر لە سوودەکانى نوێژی بە کۆمەڵ بریتیيە لە دوور خستنەوەی مرۆڤ لە گۆشەگیری و تەنیايی وەک دەزانین مرۆڤ بەھۆی تەنیاییەوە زۆربەی کات توشی خەمۆکی و دڵ تەنگی دەبێت، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە .

یەکێک لە نەخۆشیە دەروونیەکان کە مرۆڤ لە تەنیای و قبوڵ نەبوونی لەنێو کۆمەڵگا توشی دەبێت پێی دەوترێت Egoistic Suicide کە ئەمە نەخۆشیەکی دەروونییە و کەسی توشبوو لە ژیان بێزار دەبێت و ھەستی خۆکوشتنی بۆ دروست دەبێت، بۆیەش ئەم تێکەڵاوی و ئەنجامدانی نوێژی بە کۆمەڵ و وتاری ھەینی و حەج...هتد، مرۆڤ دوور دەخاتەوە لەم نەخۆشیانە و لە گۆشەگیری و خەمۆکی دەری دێنێت، و پەیوەندی بەهێزدەکات، چونکە کۆمەڵگا مانا دەدات بە ژیان (وەک دەوترێت بەهەشتی دونیا خێزانە) مرۆڤ چەندی کۆمەڵایەتی بێت زیاتر لە هەستی خۆکوژی و خەم بەدوور دەبێت، هەربۆیەش ئیسلام جەخت لەسەر جێبەجێکردنی سیلەی ڕەحم(سەردان و پەیوەندی کردن بە دۆست و کەس و کار) دەکات، هەروەها نەهی لە نەپچڕاندنی پەیوەندی دەکات ( ۲ ).

( ۱ ١٥سودی ڕۆیشتن بەپێ ڕۆژانە :

https://www.betterhealth.vic.gov.au/health/healthyliving/walking-for-good-health.

( ۲ ) https://courses.lumenlearning.com/atd-bmcc-sociology/chapter/what-are-the-types-of-suicide-given-by-durkheim/



به‌روار: 07/08/2019
بینین: 827