بانگەواز
  بۆچی دینداربم؟
محمد عبدالعزیز
#بۆچی_دینداربم؟

بەشی پێنجەم: بۆچی نوێژ بکەم؟

نوێژکردن ئەرکێکی سەر شانی ھەموو موسڵمانێکە کە دەبێت ئەنجامی بدات و زۆریش جەختی لەسەر کراوەتەوە، لێرەدا ھەندێ سودە جەستەییەکانی نوێژ دەخەینە ڕوو کە بەئەنجامدانی نوێژ بەڕێک و پێکی ئەم سودانە پێمان دەگات:-

١- ھێشتنەوەی مرۆڤی موسڵمانە بە پاکی و ڕێکی و فێرکردنیەتی لەسەر ئەم پاک و خاوێنیە، چونکە موسڵمان تاوەکو نوێژ بکات پێویستە جل و بەرگی پاک بێت و ھەروەھا لاشەی پاک بێت و لە کاتی دەستنوێژیش دا بەھەمان شێوە دەست و قاچ و ڕووخسار و دەم و لوتی پاک دەکاتەوە، بەمەش موسڵمان بە ھەموو شێویەیەک دوور دەکەوێتەوە لە پیسبوون، ھەردەم ڕێک و پێک دەبێت لە ڕووی لاشە و جل و بەرگەوە.

٢- توێژینەوەیەک لە زانکۆی بینگھامتۆن (Binghamton) ئەنجام دراوە، تیایدا دەرکەوتووە کە نێوژکردن ڕێگایەکی زۆر باشە بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازاری جومگەکان و بڕبڕەی پشت، ھەروەھا ڕوونی کردووتەوە کە ئەنجامدانی پێنج نوێژ ڕۆژانە، دەبێتە ھۆی نەرمبوونی جومگەکان و ڕێگری لە کەمبوونەوەی لینجی تیایدا و ڕێگە گرتن لە ڕەق بوونی جومگەکانی ئەژنۆ و بڕبڕەی پشت، کە ئەمەش ڕێگرە لە دروستبوونی نەخۆشی ڕۆماتیزم (هەوکردنی جومگەکان)، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە ھۆی توند بوونی بڕبڕەی پشت، ھەروەھا نوێژکردن بەسودە بۆ ئەو نەخۆشیانەی کە چاکپوونەوەی پێویستی بە وەرزش ھەیە، ئەمەش کاتێک دەبێت کە جووڵەی نوێژەکان بەڕێکی ئەنجام بدەین (وەستان لە نوێژ و رکوع و سوجدە بردن و دانیشتن).

٣- ھەروەھا توێژینەوەیەکی تر کە لەلایان ڕێکخراوی لێکۆڵینەوەی ئیسلامی لە ئەمریکا(مؤسسة البحوث الإسلامية الأميركية) ئەنجەم دراوە، ڕوونی کردووتەوە کە خشوع و ئەنجامدانی نوێژ بە ئارامی و بەبێ تێکەڵکردنی ژیانی ڕۆژانە و کێشەکانت لەگەڵ نوێژەکە یارمەتیدەرە بۆ بەھێزکردنی کۆئەندامی بەرگری و خێرا چاکبوونەوە، بەھۆی بەھێزبوونی دەروون و ورە بەرزی و متمانەبوونت بەخودا، ھەروەھا ئەم توێژینەوانە دەریانخستووە کە چاک بوونەوە لە نەخۆشی لەلایان نوێژخوێنانەوە زۆر خێراترە وەک لەوانەی نوێژ ناکەن، ئەمەش کاتێک دەبێت کە نوێژەکە بەڕێکی و بە خشوعەوە بێت کە ئەم نوێژە مرۆڤەکە بباتە حاڵەتێکی دەروونی و ڕووحی ئارام، دەبێتە ھۆی چالاک بوونی بەرگری لەش. 

٤- یەکێکی تر لە سوودەکانی نوێژ بۆ مێشک دەردانی شەپۆڵێکە لەنێو مێشک ئەویش لە كاتى نويژكردن، کە دەبێتە ھۆی بەخشینی ئارامی دەروونی و ھێواش کردنەوەی پیربوونی لاشە، و بەرزکردنەوەی مانای ژیان و بەھای مرۆڤ (لە بەشی یەکەمدا باسمان کرد)، جگەلەوەش ئەو زیکر وێردانەی کە لەنێوژدا ئەنجامیان دەدەین و دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی عەقڵی ھۆشیار و ئارامی دەروونی و نەمانی ترس و دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی(لە بەشی سێیەمدا باسمان کرد)، کەواتە دڵ خۆشی و ئارامی دەروونی لە کاتی نوێژدا ھەستێکی ڕاستەقینەیە نەک تەنھا قەناعەت و بیر و باوەڕی کەسە ئایین پەروەرەکان بێت، ھەروەھا جگە لە سودی دەروونی سودی جەستەیش دەدات بە مرۆڤ.


-------------------------------------
سەرچاوەکان:-

١- ڕۆژنامەی (Independent)ی بەریتانی: نوێژکردنی موسڵمانان دەبێتە ھۆی کەم کردنەوەی ئازاری پشت و جیڕی جومگەکان. 
Independent: Islamic paryaer ritual Reduce back pain and increase joint elasticity, Study finds.

٢- ڕۆژنامەی (Science daily): نوێژی موسڵمانان دەبێتە ھۆی کەم کردنەوەی ئازاری پشت. 
* Sience daily: Proper movements in Muslim prayer ritual can reduce lower back pain.

٣- عالج نفسك بالصلاة.
http://www.kaheel7.com/ar/index.php/2012-12-04-18-34-25/127-2010-03-19-02-25-34.

٤- کتێبی (چۆن خودا مێشکت دەگۆڕێت).
How God changes your brain, by Dr.andew newberg.

٥- کتێبی (ووشەکان دەتوانن مێشکت بگۆڕن).
Words can change your brain, by Dr.anderw newberg.
به‌روار: 26/07/2019
بینین: 1055