 نەخۆشیەکانی ئومەت زنجیرەی حەڤدەهەم
ئارام محمد
بە پیرۆز دانانی قسەو کردەوەی زانایان
بە حەماسەتەوە دەڵێ: وەڵا إمامی احمد گوتویەتی: (نامەوێ چاوم بکەوێ بە ئەهلی کتاب، بۆیە کە دەیانبینم چاوم دەچوقێنم)! یان وەڵا ابن تەیمیە فەرمویەتی: سزای نوێژنەکەر گەر تەوبەی نەکرد! کوشتنە. یەکی دی دەڵێ: ماموستا نورسی فەرمویەتی: پەنا دەگرم بە خوا لە شەیتان و سیاسەت. یانی سیاسەت نەکەین برالە؟
یان پڕ بە دەنگی دەڵێ: کوڕە بابە ابو حەنیفە چل دانە ساڵان بە دەستنوێژی عیشا نوێژی بەیانی کردوە! دەی سوێندم پێ دەخورێ وانییە و بۆمانهەڵبەستوە، دەی باشە کەنگێ نوستوە؟ کەی دەرسی داوەتەوە؟ کەی سەردانێکی کردوە؟....
کاتێ بۆچون و فەتوای زانایان و هاوەڵان پیرۆز دەکەین و بە ڕەهایی وەریدەگرین بێ ئەوەی بە قوڕئان و مەقیفەکانی پێغەمبەر دخ هەڵیسەنگێنین، توشی دەردی گەورە دەبین، ئاخر هەندێ زانا بۆ شەخسی خۆیان وەک تەزکیە قسەیەکی کردوە، ناکرێ بۆ ئەو خەڵکەی بکەیە دین. ئایە دەکرێ لەبەر ئەو قسەی امام احمد ئێمە کە مەسیحی و جولەکەمان دیتن چاوان داخەین، بۆ مەگەر خودا ڕیگەی نەداوین خواردنیان بخۆین و کچانیان بخوازین؟ (الْيَوْمَ أُحِلَّ لَكُمُ الطَّيِّبَاتُ ۖ وَطَعَامُ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حِلٌّ لَّكُمْ وَطَعَامُكُمْ حِلٌّ لَّهُمْ)، دەی بەقوربان امامی احمد بۆ خۆی وایگوتوە، نەک بۆ ئێمە! خۆ نەیگوتوە ئەوە دینە! مرۆڤی موتەقی هەندێ شت لە خۆی حەرام دەکات وەک تەزکیە و خۆ پەروەردەکردن، بەڵام نابێتە دین! یان دەکرێ لەبەر مامۆستا نورسی واز لە سیاسەت بهێنین و ڕادەستی بێ دینانی بکەین، دەی چاوی چاوم سیاسەت بەشێ بوە لە ژیانی پێغەمبەر دخ، مامۆستا سەعیدی نورسی بۆ خۆی و بۆ قۆناغی خۆی وای فەرموە، گەر ئێمە قسەی زانایان بۆ هەموو کاتێ وەرگرین و بۆ خۆمان بیر نەکەینەوە مانای وایە قسەی زانایان هاتۆتە ئاستی قسەی خواو پێغەمبەرەکەی.
سەدان ساڵ باجی قسەیەکی پێشەوا ابن سەلاحی شارەزوریمان دا کاتێ فەرموی: دەرگای اجتیهاد وەخراوەو کەس بۆی نییە اجتیهاد بکات، تا ئەوەی م ناسری سوبحانی وەڵامی دایەوەو گوتی: هەر خودی قسەکەی ابن صڵاح اجتیهادێکی نوێیە! تۆ ئەو قسەت لەکوێ هێنا ابن صلاح؟ م ع باپیریش گوتی: دەرگای ئیجتیهاد کێ دایخستوە؟، دەی من دەیکەمەوە... یان بۆ نمونە شێخ حسنی بەصرى فەرمویەتی: سیستەمی سیاسی بە دوعا و تەوبە دەگۆڕێ، نەک بە شۆڕش، دەی دوای مردنی بیست ساڵی پێنەچوو دەوڵەتی ئومەوی بە شۆڕشی عەبباسیەکان تەخت و تاراجی روخا، بێ ئەوەی تەوبەیەکی گشتی کۆمەڵگەی ئیسلامی بگرێتەوە..... دەبێ پێمان وابێ کە:
١_،قسەی زانایان بۆ سەردەمی خۆیان گوتراوە، نەک ئێستا، گەر ئێستا هەبان قسەیەکی دیکەیان دەکرد.
٢_ دەکرێ سود لە بۆچون و بیروراکانیان وەرگرین، بەڵام نەک بەو مانایەی عەقڵی خۆمان گاڵە دەین.
٣_ قسەی هەر زانا و هاوەڵێک دەبێ پێوانە بکرێ بە ڕوح و گوتار و مەقاسیدەکانی ئیسلام، گەر پێچەوانە بوو رەت بکرێتەوە.
زانایانی ئیسلام تاجی سەرمانن، راستیان گەلێ زۆرەو هەڵەشیان هەیە، هەندێکیشی هەڵە نییە بۆ کاتی خۆی و بۆ ئێستا هەڵەیە، یان بە هەڵە لێی تێدەگەین..
بهروار: 16/10/2019
بینین: 640
|