بۆچوونەکان
  نەخۆشیەکانی ئومەت زنجیرەی پازدەهەم
ئارام محمد

خۆ بەموفتی کردنی ناشایستەکان/
پێشەوا مالیک لەسەرە مەرگیدا دەگریا لە ترسی فەتواکانی لەوەی کە هەڵەی کردبێ، ئێستاکەش هەرچی چوار فەرمودان لەبەر دەکات دەبێتە موفتی و قازی، جا عەجیب ئەوەیە وادەزانێ زانایان ئەو فەرمودانەیان نەدیون، کە ئەو بەهۆیەوە فەتوای سەیر سەیریان لێوە هەڵدێنجێ. ئەوەی وادەکات خەڵکانی ناشایستە فەتوا دەرکەن سێ هۆکارە:
١_ دەسەڵاتی سیاسی/ کە بەردەوام بۆ فریودان یان پەردەپۆشکردنی کارەکانی بە ئاین، یان لابردنی سەرنجی خەڵکی لەسەر خۆی، هەندێ مەلای دابەستە دەهێنێ کە فتوای عەجایبی بۆ بدەن، لە ئێستادا ئەوە بە ڕوونی هەستی پێدەکرێ.
٢_گەنجی گەرمە تەریق، کە سێ چوار فەرمودەی ئەزبەر کردون، ئیدی خۆی لی دەبێتە موفتی و ئەو فەرمودانە دەکاتە پیوەر بۆ دیاری کردنی ڕاست و چەوتان، بێ ئاگا لەوەی کە ئیسلام هەر ئەو فەرمودانە نین هی دیکەشن، بە زۆریش وایە بە ڕوکەشی بابەتەکان دەخوێنێتەوە و پێی وایە زانایان کار بەو فەرمودانە ناکەن کە ئەو ئەزبەری کردون.
٣_ خوێندن و ئەزبەرکردنی بە تەنهای کۆمەڵێ فەرمودە و، فەرامۆش کردنی اصولي فیقە و تەزکیەی نەفس کە روحی فەتوا دانن، کە ئەوە ئێستا رەوتی سەلەفی بە دەستیەوە دەناڵێنێ، ئەوەتە گەنجی واهەیە فەتوا دەدات: کە حساب بۆ بانگی مەغریب مەکەن بۆ ڕۆژو شکاندن، بێ ئەوەی بتوانێ جیاوازی بکات لە نێوان بیابان و ناوچەی شاخاوی....
تەنانەت هەر ئەوەش هۆکاری پەیدابونی گروپە توندرەوەکانی وەک داعشە.
حەقیقەتەن فەتوا دەرکردن پێویستی بەوە هەیە کە موفتی شارەزابێ لە
قوڕئان و فەرمودە
اصولي فيقه
فيقه
هەروەها ئەهلی تەقواو خواناسی بێ.
خۆ ئەگەر فەتوای سیاسی و فکریشی دا دەبێ وێرای ئەوانە لە ڕێبازە فکری و سیاسیەکانیش ورد بێتەوە.
ئاخر من موفتیم پێ شک دێ جگە لە عەقیدە و نحو اصول لە زانستی سیاسیدا هەڕی لە مەڕی ناکاتەوە، کەچی فەتوا دەدات لە بارەی هەڵبژاردن و پەڕلەمان و دیموکراسیەت، تا ئێستاش پێی وایە دیموکراسی مانای حوکمی گەل دەگەیەنێ، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە موتاڵای ئەو بابەتەی نەکردوە و هەر خۆی بە هەر چەمكێک سەغڵەتە کە پاشگری زمی پێوەبێ، وەک لیبڕالیزم، ناسیۆنالیزم.
حەقیقەت پێویستە فەتوا گونجاو بێ لەگەڵ روحی شەریعەت و مەقاسیدە شەرعیەکان و هەر کەس خۆی نەکاتە موفتی، ئەوەش بەوە دەبێ کە سەرەتا ئەهلی تەقوا بێ بە مانا فراوانەکەی.....
به‌روار: 16/10/2019
بینین: 562