بۆچوونەکان
  نەخۆشیەکانی ئومەت زنجیرەی هەژدەهەم
ئارام محمد

سڵەماندنەوەی خەڵکی لە دین
۱ـ خەڵکمان هەیە چونکە خۆی وشکە تەبیعەتە، حەزدەکات خوداش وشک و ڕەق ڕفتاربێ، ئیدی دەگەڕێ و لە خوای دەوێ قەولێ، یان فەرمودەیەکی وەچنگی کەوێ، تا بۆ خەڵکی بسەلمێنێ خودا وشکە و بە دڵخۆشی و کەیف و سەفای بەندەکانی کەیفی نایەت، لەم جەژنەدا مامۆستایەکی ئاینی لە وتاری جەژندا دەیگوت: ئەگەر خوا ڕەمەزانی لێ وەرگرتبین، دەبێ شوکرانە بکەین، نەک بە قاقا پێبکەنین، ئەگەر وەریشی نەگرتبێ دەبێ بگرین، نەک پێبکەنین! جا تخوا ئەوە قسەیە مامۆستا بیکات، یانی دوای سی ڕۆژ بە ڕۆژو بوون پێکەنینێکیان پێ ڕەوا نابینی.
۲ـ بەشێ لە ڕەوتی سەلەفی ئەوەندە جەخت لەسەر توڕەیی و عەزابی خوا دەکەنەوە، بە ڕوبعی ئەوە جەخت لەسەر خۆشەویستی و ڕەحمەتی خوا ناکەنەوە، ئەوەش عەقڵی لاواعی مرۆڤ والێدەکات بە هەمانشێوە توڕەیی و تەوسنی خۆی بخاتە پێش خۆشەویستی و سۆزکەی، هەربۆیەش بەناوی خواوە هەر خەریکی ئەوەن خەڵکی دابەش دەکەن بەسەر بەهەشت و دۆزەخدا، زۆرینەش بۆ دۆزەخێی ڕاپێچ دەکرێ.
۳ـ شکڵ و ستایل وپۆشاک دەوری گرنگی هەیه لەم ڕوەوە، دینداری واهەیە قەت نایبینی قیت و قۆز دەرکەوێ، یان بەناوی سوننەتەوە شکڵێ بۆ خۆیان دروست دەکەن کە خەڵک لە دینداری بترسێ و بڵێ: وەڵا کاکە ئەوە قەت بە من ناکرێ، لێرەوە بەرانبەر لەسەر دینداریە تەقلیدیەکەی بەردەوام دەبێ و لەناوەڕۆک و مەقاسید و ڕوحانیەتی ئیسلام بێ بەش دەبێ....
٤ـ هەموو کاتێ خۆشەویستی خوا باشتر کار لە بەندەکانی دەکات، تا ترساندن، مرۆڤ ئەگەر خوای خۆشویست ڕاستەوخۆ ترسیشی بۆ پەیدا دەبێ، ئەوەتە پێغەمبەران سەرەتا بە ڕەغبەت و ئەوینەوە لەگەڵ خودا کەوتونە موناجات ئەوجا ڕەهبەت و ترسیان ڕێنیشتووە
(وَیَدۡعُونَنَا رَغَبࣰا وَرَهَبࣰا)..
هەربۆیەش خودا بەردەوام بەشیری خستۆتە پێش نذیر،واتا مژدەدەر و ترسێنەر، بەڵام بە داخەوە زۆرێ لە ئێمە سەرەتا ترسێنەرین، دەتوانین بڵێین: مەحاڵە بێ خۆشەویستی مرۆڤ لە خوا بترسێ.
٥ـ کاتێ لە دەعوەدا مژدە دان و خۆشەویستی خوا دەخەینە پێش ترسان و سزا، ئەوە نمونەکانی وەک شەماڵ موفتی و محمدی ڕەبیعی و نورسی و سوبحانی و موفتی زادە و علی باپیرمان بۆ دروستدەبن، کە سینە ساف و کراوەو بە ڕەحم و سۆزن، ئەدەب لە ئاکار و ڕەوشتیان دەبارێ، بەڵام گەر بە پێچەوانەوە بێ، ئەوە نمونەی ئەو مرۆڤانەمان بۆ دروست دەبێ کە بەرچیچکە تەنگن،لە غەیری خۆیان قایل نین، هەردەم لە عەیبی خەڵکی دەگەڕێن و عەیبی خۆیان نابینن، لە بیانون تا بەرانبەریان هەڵەیەک بکا تا لێی لە هەڵا بدەن، لەکاتێدا ئەوانی دی، خۆشەویستی خوا لە هەموو شتێکدا دەبیننەوە، بۆیەش لەگەڵ گیاندار و بێ گیاندا تەبان و هاو ئاهەنگن. ئەوانی دیکەش وەک ئەمیبا زوو زوو دابەش دەبن و یەکتری بە نەفرین دەکەن.....
به‌روار: 16/10/2019
بینین: 618