بۆچوونەکان
  لای تۆ ژیان چی دەگەیەنێت؟
باران ئاریایی

ئێمە وا فێر کراوین کە کاتێك کەسێك کە هاوسەرگیری کرد و مناڵی بوو ژیانی زۆر خۆش دەبێت و خۆش بەخت دەبێت، خۆ ئەگەر چەند مناڵیکی بێت ئەوا زیاتر خۆشبەختە، دوای ئەوە خەمی ئەوەمانە کەوا مناڵەکانمان بچوکن، بۆیە بیر دەکەینەوە کاتێک مناڵەکانمان گەرەتر بن هەموو شتێک باش دەبێت، دوبارە نیگەرانی ڕوومان تێدەکاتەوە کاتێک کە مناڵەکانمان دەگەنە تەمەنی نەوجەوانی و کێشەو گرفتەکانیشیان لەگەڵ خۆیان گەورەتر دەبێت، بۆیە دوبارە دڵخۆشی خۆمان بەوە دەدەینەوە کە مناڵەکانمان گەورە تر بن و ڕێگای خۆیان بدۆزنەوە ئەوا هەموو شت باش دەبێت و ژینێکی ئاسودەمان دەبێت.

ئەوکات دەتوانین ئەو سەیارەی حەزمان لێیە بیکڕین، هەر جێگایەکمان پێ خۆش بوو سەفەری بۆ دەکەین، بۆخۆمان خانەنشین دەبین و ئیسراحەت دەکەین.

بەڵام ڕاستیەکەی بەو جۆرە نیە کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە، چونکە بۆ خۆش ژیان و خۆشبەخت بوون کات دیاری نەکراوە، هیچ کەس نازانێت کە ئایا ڕۆژانی داهاتووی ژیانمان خۆشبەخت تر دەبێت لە ئەمڕۆمان!

ئەگەر ئێستا نەبێت ئەبێ کەی بێت؟ ژیان هەمیشە پڕیەتی لەبەرزی و نزمی، بەڵام باشترین کار بۆ ئەوەی بتوانین لەو بەرزی و نزمیانەدا هەڵبسینەوە دەبێت بڕیار بدەین کە لە ئێستای ژیانت دا خۆشبەخت بیت!

لە دێر زەمانیشەوە هەر وا بووە کە ژیان دروست دەکرێت بەئومێدی خۆشبەخت بوون و ژیانێکی خۆش، بەڵام هەمیشە ڕێگریەک دروست دەبێت کە نەتوانیت لەسەر ئەو ڕێڕەوەی بۆ ژیانت داتناوە بڕۆیت بۆ نمونە:

هەبوونی مناڵی لاسار، نەبونی ئیشوکار، زۆری خەرجی و گرانی، نەبونی کاتی تەواو بۆ کاروبارەکانت.

بەڵام لە ڕاستیدا ئەم شتانە خودی ژیانن، ئەگەر لەمە تێبگەین ئەوا کارئاسانی و یارمەتیدەر دەبێت بۆمان کە بزانیت ڕێگایەکی تایبەت نیە بۆ خۆشبەخت بوون، بەڵکو خودی ڕێگاکە خۆشبەختیە.

کەواتە سود لە هەموو ساتەکان وەربگرە! چاوەڕێ مەکە تا خوێندن تەواو دەکەیت، یاخود کاتێك کە کێشت زیاد و کەمی کرد، تا ئیش و کارێکی باشم نەبێت هاوسەرگیری ناکەم، چاوەڕێی سەیارە و خانوی باش مەکە، چاوەڕێی پاییز و زستان و بەهار و هاوین مەکە بۆ ئەوەی بڕیار بدەیت کە خۆشبەخت بیت.

خۆشبەختی سەفەرە نەک هەدەف، کەواتە هیچ کاتێک باشتر و گونجاو تر نیە بۆ خۆشبەخت بوون لە ئێستا.

کارەکان یەک یەک ئەنجام بدە، گرنگترینیان پێش هەموویان بخە، ئارام بەم بژی وە ڕێگا بە ژیان بدە.

بیر بکەرەوە و هەوڵ بدە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەرەوە:

١. ناوی پێنج دەوڵەمندی جیهان بڵێ؟

٢. ناوی پێنج لە شاجوانەکانی جیهان بڵێ؟

٣. ناوی پێنج کەس بڵێ کەلە پێنج ساڵی ڕابردوودا خەڵاتی نۆبڵیان بردۆتەوە؟

٤. ناوی پێنج کەس بڵێ کە خەڵاتی ئۆسکاریان بردۆتەوە؟

هەموویت نەزانی، نا؟

ئەزانی بۆچی نەتزانی؟

چونکە:

چەپڵەلێدان و تەشویق کردن دەمرێت!

خەڵاتەکان تەپوتۆزیان لەسەر دەنیشێت!

براوەکان زوو لەبیر دەکرێن!

کەوایە هەوڵ بدە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەرەوە:

١. ناوی سێ مامۆستات کە ڕۆڵی باشیان هەبووە لە پرۆسەی خوێندنی تۆدا؟

٢. ناوی سێ کەس کە یارمەتییان داویت، کاتێک پێویستت بە یارمەتییان بوبێت/

٣. ناوی سێ کەس کە وات لێ دەکەن هەست بکەیت کە تۆ تایبەتیت؟

٤. ناوی سێ کەس کە ئارەزوومەندیت کاتەکانتیان لەگەڵ بەسەر بەریت؟

ئامەنە زۆر ئاسانتر بوون، مەگەر نا؟

ئەزانی بۆ؟

چونکە:

ئەو کەسانەی کە گرنگن لە ژیان دا بەناوبانگ نین، لە دەوڵەمەندەکان نین، یان لەوانە نین کە خەڵاتی گەورەیان بردۆتەوە، بەڵکو ئەو کەسانەن کە بەخەمتەوەن وە یارمەتیت دەدەن لەهەر بارودۆخێکدا بیت! تۆش یەکێك لە ناودارەکان نیت، بەڵکو لەو کەسانەی کە من ویستم ئەم شتانەیان بۆ باس بکەم.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەیاریەکانی پارالیمپیک لە سیاتڵ نۆ کەس وەستابوون تا پێشبڕکێ بکەن و بزانن کامیان خێراتر ڕادەکات و دەگاتە خاڵی کۆتایی، کاتێك کە زەنگی دەستپێک لێدرا و پێشبڕکێ دەستی پێ کرد، هەموویان ڕایان نەکرد، بەڵام هەموویان بەشداریان کردبوو کە براوە بن!

ئەوانەی کە ڕایانکرد هەندێکیان كێشایان بەیەکدا بۆیە یەکێکیان کەوت، لەسەرزەویەکە مایەوە و دەستی بەگریان کرد، ئەوانی دیکە گوێیان لێ بوو کە دەگری، بۆیە ڕاکردنەکەیان هێواش کردەوە و سەیری دواوەیان کرد. وەستان و گەڕانەوە دواوە، هەموویان!

یەکێك لە بەشدار بووەکان کچێک بوو کە داونس سیندرۆمی هەبوو، لە تەنیشی کەسە کەوتووەکە دانیشت و باوەشی پیاکرد و پێی ووت: "ئێستا باشتری؟" دووبارە هەموویان هەستانەوە و لەسەر خەتەوەستان شان بە شانی یەکتری. هەموو خەڵکە ئامادەبووەکە هەستانە سەرپێ و چەپڵەیان بۆ لێدەدان!

ئەو کەسانەی کە ئەم دیمەنەیان بینیوە تا ئێستاش لە بیریانەو باسی لێوە دەکەن، بۆچی؟

چونکە لە هەموومان لە ناخەوە ئەوە دەزانین کە بردنەوە گرنگترین ئامانج نیە لە ژیان، بەڵکو گرنگترین شت لە ژیان ئەوەیە کە یارمەتی یەکتری بدەین تا براوەی ژیان بین، هەرچەند پێیوست بەوەش بکات کە خێراییمان کەم بکەینەوە.

مۆمێک هیچی لێ کەم نابێتەوە ئەگەر بەکار بهێنرێت بۆ داگیرسانی مۆمێکی کە!

تێبینی: ئەم بابەتەم لە پەیجێکی نەرویجی بینی، بەلامەوە زۆر جوان بوو بۆیە بڕیارم دا بیکەمە کوردی، بەڵام بەداخەوە ناوی نوسەری لەسەر نەبوو.


به‌روار: 06/08/2019
بینین: 1390