بۆچوونەکان
  نەخۆشیەکانی ئومەت زنجیرەی سێزدەهەم
ئارام محمد

سەختگیری لە فەتوا لە جیاتی ئاسانکاری..
ئەو دەردە زۆرتر لە ڕابردودا تۆخ بوو، بەداخەوە لە جیاتی ئەوەی لە ئەساسدا بە چاوی حەڵاڵ سەیری شتەکان بکەن (الاصل في الاشياء الإباح)، هەر لە سەرەتاوە بە چاوی حەرام سەیریان دەکرد، زۆرێک لەو خەیاڵەدابوون ئەگەر بێت و مرۆڤ داهێنانی گەورە بکات دەسەڵاتی خوا کەم دەبێ، دەگێڕنەوە مەلایەک گوتی: چونە سەر مانگ درۆیە، یەکیش گوتی: مامۆستا بۆ درۆیە، گوتی ئاخر ئەگەر ئەوڕۆ بۆیان بسەلمینین کە چوونە سەر مانگ ڕاستە، سبەینێ دەڵێن: چووینە سەر ڕۆژێش، ئێ باشە ئەوکاتە خوا بچێتە کوێ؟ بە کورتی وایاندەزانی خوا منافەسەی مرۆڤ دەکات و داهێنراوەکانیش زیان بە دەسەڵاتی خوا دەگەیەنن. جا مەترسی ئەوە کاتێ هەستی پێدەکرێ کە سەرەتا شتەکان حەرام بکرێن و دواتر حەڵاڵ بکرێن، ئەوکاتە خەڵک وادەزانێ دین دژی شارستانیەتە، ئەگەر دەسەڵاتی هەبێ حەرامی دەکات، گەر شکستیشی هێنا حەڵاڵی دەکات. وەختێکی زۆر دژایەتی سۆنەر و پێشبینیە کەشناسیەکانیان دەکرد، وەلێ ئێستا بێ دەنگن لە ئاستیدا.
لە بواری دینداریدا، وادەزانن هەتا توندتر بن دیندارترن، یان پێیان وایە بەوە دینداری باشتر دەکرێ... بە تایبەت هەندێ لە فەقیهەکانی سعودیە، کە بەحوکمی ئەوەی لێیان قەدەغەیە زۆر دەم لە سیاسەت بدەن هەموو هێزی خۆیان چڕکردۆتەوە لەو شتانەی کە بچوک بچوکن و دەیانەوێ هەژمونی دینی تێدا زاڵ بکەن، نمونەی حەرامی شوفێری ژنان و ئیمۆجی و چەپڵە و ....هتد لەو نمونانەن، ئەو ساڵەی کتێبی حەرام و حەڵاڵ لە ئیسلامدا کە قەرزاوی نوسی بووی دەرچوو، هەر ئەوکاتە لە سعودیە ئەو کتابە یاساغ کرا، وەلێ ئێستا زۆرێک لەو شتانەی کە قەرزاوی بە حەڵاڵی دانابوون فەقیهەکانی سعودیە هاتوونە سەر ڕەئی ئەو.... ابن عثمين لەم بارەوە فەتوایەکی جوانی هەیە کە دەڵێ: ئەگەر پرسیارت لە دوو زانا کرد ئاستی زانستی و خواناسیان وەک یەک بوو، کامیان ئاسانی بۆ هەڵبژاردی بە فەتوای ئەو بکە... دیارە بەو مەرجەی پێچەوانەی شەرع نەبێ...
خوداش جوانی فەرموە یرید اللە بکم الیسر ولا یرید بکم العسر... ماجعل علیکم فی الدین من حرج....
به‌روار: 16/10/2019
بینین: 616