بۆچوونەکان
  نەخۆشیەکانی ئومەت زنجیرەی نۆزدەهەم
ئارام محمد

خۆفەرامۆش کردن و چاککردنی ئەوانی دی:
ئەو دەردە لە زانستی دەرونناسیدا پێی دەگوترێ: (دوو فاقی کەسیەتی)، واتا ئەو کەسە لە دەمی وتاربێژی و دەرس گوتنەوە و خول کردنەوەدا، کەسایەتیەکی زۆر بەرز و باڵای هەیە، باسی ابوبکر و عومەر و ابن عبباس دەکات، وەلێ لە دەمی ئاساییدا کەسایەتیەکی دیکەی هەیە کە هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ئەوانەی کە گوێیان بۆ گرتوە، خودا بە جۆرێ باسی دووفاقی کەسیەتی دەکات، وەک دەفەرموێ: أَتَأْمُرُونَ النَّاسَ بِالْبِرِّ وَتَنسَوْنَ أَنفُسَكُمْ.... بە حەقیقەت خۆ لەبیرکردن و لەولاشەوە هەوڵدان بۆ چاککردنی خەڵک و گروپ ڕێکخراوەکان دەردێکی کوشندەیە و زۆرمان بەدەستیەوە دەناڵێنین، لە ئێستاشدا تاڕادەیەکی زۆر ڕەوتی ئیسلامی و واعیزەکان دووچاری بوون، ئەوەش وادەکات کاری دەعەوی و چاکسازی بەرهەمی کەم بێت، چونکە ئێمەی داعی و چاکساز کە خۆمان تەواو باش نەکردبێ و تەزکیە نەبووبین، خەڵک تەنها بە قسەکانمان کاریگەر دەبن نەک بە حاڵ و خوڕەوشتمان، ئەوەش وادەکات اشهدباللە بۆ قسەکانمان بکێشن بەڵام کاری پێنەکەن، مرۆڤی داعی کاتێ چاککردنی خۆی پێشخست ئەوا حاڵەتێکی بۆ دروستدەبێ کە هەر ئەدەب و هەڵسوکەوتی بەقەدەر چەندین وتار کاریگەری هەیە،وەک دەڵێن: کاتێ م ناصری سوبحانیت دەبینی هەستت بە ئارامی و ئاسایشێک دەکرد، زۆرێک م عبداللەی قەسرێیان بینیوە کە تەنها سەیرکردنی چ کاریگەریەکی هەبووە..
بەڵام بە داخەوە ئێستاکە زۆرمان هەموو هەوڵمان چاککردنی خەڵکە و خۆشمان لەبیر چۆتەوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا توشی چەند ئەو دەردانە بووین:
۱ـ ئەگەر ببینین کەسێکی دی جگە لە ئێمە لە بواری دەعوەو بانگەوازدا جێدەستی دیارە لەسەر دڵمان قورسە و پێمان ناخۆشە.
۲ـ بەلامانەوە سەختە کە ببینین دین لەسەر دەستی غەیری خۆمان گەشە دەکات.
۳ـ منافەسە و خۆبردنەپێش و کەم بوونەوەی ایثار لەناوماندا دروستبووە.
ئەو دەردە لە ئەنجامی ئەوە دروست بوو کە:
۱ـ ڕەوتی ئیسلامی زۆرترین گرنگی بە مەعریفە ئیسلامیدا و خەڵکێکی زۆری بە مەعریفەی ئیسلامی پڕکرد، ئەمەش بەهۆی ئەوی لە ڕابردوودا مەعریفەی ئیسلامی ئەوەندە لاواز بوو کە دەرەقەتی فکری شوعەیەت نەدەهات، بەڵێ بە بەهێزکردنی مەعریفەی ئیسلامی توانیمان وەڵامی بەهێزی شوعیەت و عەلمانیەتی میانڕەو بدەینەوە، بەڵام بواری تەزکیەی نەفسمان لەبیر کرد.
۲ـ ئەم سەردەمەی ئێستا، سەردەمی لەبیرکردنی لایەنی ئینسانی خودە، یانی وای لێهاتووە بەخۆت بڵێی: چەن دەقیقە کاتم بدەیە تا بیر لە حاڵی نەفسی و ئیمانی خۆم بکەمەوە... ئێمە تەنها بیر لە لایەنی ماددی خۆمان و لایەنی ئیمانی خەڵکی دەکەینەوە....
چارەسەر:
گەڕانەوە بۆ تەزکیەی نەفس و کەش و هەوای تەقوا و خواناسی، کە وادەکات مرۆڤ بیر لەخۆی و نەجاتی خۆی بکاتەوە... بەخوا بەبێ چاککردنی خودی خۆمان سیستەم چاک نابێ، ڕێکخراو پێشناکەوێ، ئەگەر چاکیشبێ زۆر جێگەی ئومێد نابێ.... هەربۆیەش لاپەڕە نییە لە قوڕئاندا وشەیەکی وەک (اتقواللە، فوزالعظیم، جنات، جهنم، یوم القیامە...هتد) تێدانەبێ،کە هەموویان وادەکەن مرۆڤ بیرێک لە خۆی بکاتەوە....
به‌روار: 16/10/2019
بینین: 518