توێژینه‌وه‌
  بەڵگەی دیزاین - دووەم: فرەگەردوونی يان بەدیهێنەر
محمد عبدالعزیز

لە تازەترین لێکدانەوەی فیزیایی دەربارەی گەردوون
بیردۆزی سترینگ(String Theory) کە ئەم بیردۆزە گرنگیدەرە بە سروشتی ماددە لە گەردووندا (ناووکی گەردیلە لە نیوتڕۆن و پڕۆتۆن پێکھاتووە و ئەوانیش ھەریەکە لە سێ تەنۆلکەی بچووکتر پێکھاتوون کە پێیان دەگوترێت (کوارک) وە زانایان پێیان وایە کە کوارکیش لە ژێ(سترینگ) پێکھاتوون کە بریتین لە جۆرێک لە لەرینەوە، ئەم بیردۆزە پێی وایە جیاوازی لە نێوان تەنۆلکەکانی گەردیلە وەک (ئەلیکترۆن، نیوترینۆ، کوارک... ھتد) وەک جیاوازی ئاوازە مۆسیقیەکان وایە، وەک چۆن ئامێری مۆسیقا لەگەڵ ھەر ژەنینێک و ھەر لەرینەوەیەک جۆرە ئاوازێک دەردەکات، بەھەمان شێوە لەگەڵ ژەنینی ھەر ژێیەک(سترینگ) کە تەنۆلکە سەرەتاییەکانی گەردیلەن جۆرە تایبەتمەندییەک دروست دەبێت، واتە ئەگەر ژێیەک بنێن و بیلەرێنینەوە ئەوا دەبێت بە ئەلیکترۆن، ئەوجارە دوبارە بیلەرێنینەوە ئەوا دەبێت بە کوارک، و ئەگەر دوبارە بیلەرێنینەوە ئەوا دەبێت بە فۆتۆن... ھتد، بەم شێوەیە تەنۆلکەکان ھەمەجۆر بووە سیفاتەکانی (واتە ھەموویان ژێی میوزیکین جیاوازیەکەیان تەنھا لەرینەوەکەیە).

ستیڤن ھاوکین(Stephen Hawkins) پێی وایە بیردۆزی ژێ(String) سروشتی ماددەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە لەگەردووندا (گەردیلە پێکھاتووە لە ئەلیکترۆن و پڕۆتۆن، پڕۆتۆن پێکھاتووە لە کوارک و کوارکیش لە ژێ پێکھاتووە) و ئەمە بریتییە لە (the theory of every thing) بیردۆزی ھەموو شتێک، و دەڵێت ڕوونبوونەوەی تەواوی ئەم بیردۆزە تێمان دەگەیەنێت گەردوون چییە و چۆن ھاتووەتە بوون، و بەمەش گەردوون پێویستی بە خودا نابێت، و بەبوونی فرەگەردوونی دانەیەک ھەر بۆ ژیان ڕێک دەکەوێت، و پێی وایە ژمارەی گەردوونەکان بریتییە لە (1×10^500) گەردوون واتە (1 و 500 سفر بەدواوەیدا)، لەکاتێک کە لە بەشەکانی پێشوو ڕوونمان کردەوە کە زانای فیزیایی و پڕۆفیسۆر ڕۆجر پێنڕۆس(Roger penrose) لێکی داوەتەوە کە ئەگەری گونجاوبوونی گەردوون بۆ ژیان بە ھەڕەمەکی بریتییە لە 1 چانس لە ڕوودانی (1×10^1230)، کە جیاوازی نێوان (توان500) و (توان1230) بە جۆرێکە ئەگەر بڵێین 501 ئەوا مانای وایە 10 ھێندەی فرەگەردوونی ئەگەر بڵێین 509 واتە ملیار ھێندەی فرە گەردوونی، ئەوجا بیربکەوە (توان1230) چەندێک گەورەیە! واتە ئەو فرەگەردوونیەی کە (ستیڤن ھاوکین) باسی دەکات مەحاڵە ببێتە ھۆی ئامادەبوونی گەردوونێک بە ھەڕەمەکی بۆ ژیان!

ھەروەھا زانای بیردۆزناسی فیزیایی میچیۆ کاکو(Micheo Kaku) پڕۆفیسۆر لە زانکۆی نیویۆڕک، کە گرنگیدەرە بە بیردۆزی ژێ(String) دەڵێت: گەردوون ڕێکخراوە لە ئەنجامی دیزاین نەک ھەڕەمەکی و بێ سەروبەری، خوداش گەردوونی لە شێوەی ماترێکسی (ڕستن و داڕشتن) دروست کردووە، و خودا بیرکاریانە(Mathematics) کاردەکات، وە دەشڵێت تەقینەوە گەورەکە(Big bang) وەڵامی ھەموو پرسیارەکانی لا نییە، بۆنموونە ھێشتان نازانین چی بوو کە تەقییەوە، و کەی تەقییەوە، و چۆن تەقییەوە!
وه دەڵێت تیۆری سترینگ دەمانگەڕێنێتەوە پێش (بیگ بانگ) و پێمان دەڵێت کە گەردوون لەچییەوە ڕووی داوە (کە لەوانەیە لێک جیابوونەوەی دوو گەردوون یان یەکگرتنی دوو گەردوون بێت و لە نێوانەکەیاندا بیگ بانگ ڕوویدابێت)، وە دەڵێت ئەگەر ئەم بیردۆزەشمان بە تەواوی بۆ ڕوون بوویەوە ئەوا ھێشتان پرسیارەکەمان کۆتایی نایێت، و ئەوکات دووبارە دەپرسین ئەی باشە (سترینگ) لەکوێوە ھات؟


---------------------------------
میچۆ کاکو Michio kaku: زانایەکی فیزیای تیۆرییە، گرینگیدەرە بە تیۆری سترینگ، بڕوای بە خودای سپینۆزا هەیە، کە ئەم بیروباوەڕە پانسیزمی پدەوترێت پێیان وایە خودا و گەردوون یەک شتن، گەردوون بەشێکە لەخودا و هەموو شتێکی گەردوون بەشێکی خودایە).

(1) Michio kaku: the universe in a nutshell.
(2) Youtube: micheo kaku- is god mathematician.
(3) Youtube: Michio kaku on god.
به‌روار: 27/10/2019
بینین: 1425
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت