توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت، ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی؟!
هامنۆ هەورامی
بەشی حەوتەم:

ڕۆمەکان خاوەنی دەسەڵات و هێزێکی ئێجگار فراوان بوون٫ هەتاوەکو توانیویانە (ئیتاڵیا و ئیسپانیا و فەڕەنسا و مەغریب و تونس و جەزائیر و لیبیا و میسڕ و شام و تورکیا و بەشی باکوور و باکووری ڕۆژئاوای کوردستان و نیمچە دوورگەی بەلقان و هەتاوەکو سنوورەکانی ئەرمینیا و قەفقاز) کۆنتڕۆڵ بکەن، لە سنووری ناوچەکانی کورستان و ئێراقیشدا لەگەڵ فارسەکاندا لە شەڕدا بوون.
ئەوەی لێرەدا گرنگی هەیە بۆ ئێمە چوونی ڕۆمانییەکانە بۆ نێو خاکی یەهودییەکان و ئەم کرانەوەیەش هەر لەم پێناوەدا بووە.

دیارە لە کاتی هاتنە دونیای مەسیحیشدا لە ناوچەکانی فەڵەستینییەکاندا چەند کەسیك فەرمانڕەوای ڕۆمی بوونە، یەکەمیان پاشا هیرۆدۆسی مەزن دەسەڵاتدار بووە کە لە ماوەی نێوان ساڵانی (٧٣ – ٤)ـی بەر لە مەسیح بۆ پاش مەسیح دەسەڵاتدار بووە، بە ڕەگەز ئادۆمی بووە و لەلایەن ڕۆمانییەکانەوە کرابوو بە پاشا لەسەر فەڵەستین، بە کەسێکی دڵ ڕەق و دهۆباز ناسراو بووە.
کوڕەکەیشی کە نێوی هیرۆدۆس ئەنتیباس بووە لە ملتاقە، پاش مردنی بووەتە فەرمانڕەوای جەلیل لە باکووری فەڵەستینی ئێستا.
پاش هیرۆدۆسی مەزنیش ئەرخیلاوسی کوڕی دەسەڵاتدار بووە لە ناوچەکەدا، پاش ئەمیش هیرۆدۆس ئەغریبای یەکەم کە کوڕەزای هیرۆدۆسی مەزن بووە لە ساڵی (٣٧)ـی پاش مەسیح بووەتە فەرمانرەوای باکووری فەڵەستین، بەڵام لە نێوان (٤١ – ٤٤)ـدا بووەتە فەرمانڕەوای گشت ناوچەی فەڵەستین.
هەروەها پیلاتۆسیش هەبووە کە ئەمیش بە هەمان جۆر فەرمانڕەوای ڕۆمی بووە لە ناوچەکانی یەهودیا و سامیرە و ئەدۆم لە نێوان ساڵانی (٢٦ – ٣٦)ـی پاش مەسیحدا، کە ئەمیش بە هەمان جۆری هیرۆدۆسی مەزن کەسێکی توند و دڵ ڕەق بووە بەتایبەت لەگەڵ یەهودییەکاندا.

یەهودییەکان لێرەوە پاش ئەم هەموو ئازار و ناخۆشییە گەیشتوونەتە یەسریب لە حیجاز.
بەڵام ئەو خاڵە گەلێك گرنگە بیزانین، ئەویش ئەوە بووە کە یەهودییەکانی مەدینە هەواڵیان زاندراو بووە لەلای یەهودییەکانی دەرەوەی عەرەبستان، وە سەردانیش لەم نێوەندەدا هەبووە، وە زۆر باشیش زانیویانە ئەمە ئەو شوێنەیە کە پەیامبەری کۆتایی لێوە دێت، چونکە ئیدی پەیامبەری لە یەهودیەتدا دەردەچیت، جوان سەرنج بدەن کە پێکهاتن: بەشی ٤٩: بڕگەی ١٠ چی دەڵێت:
"داردەستەکە لە یەهودا دانابڕێت، گۆچانی فەرمانکردنیش لە نێو پێیەکانی هەتاوەکو ئەو کەسە دێت کە خاوەنییەتی، گەلان هەر بۆ ئەو ملکەچ دەبن".

لە دەقە کوردییەکاندا ئەم دەقەیان تێکداوە و کەموکورتیان تێدا کردووە، وشەی شایلۆهیان وەرنەگێڕاوە کە لە نوسخە عەرەبییەکاندا بە (شیلوه و شیلون) نووسراوە، پڕۆفیسۆر عبدالاحد داود گەلێك بە وردی ئەمەی ڕوون کردووەتەوە و نزیکترینیشی ڕەگی سامی (شَلَم)ـە کە واتای قەبووڵ کردن یاخود خۆدانە دەست و بەدیهێنانی ئاشتی دێت، هەروەکو چۆن ئەمە بووەتە بنچینە بۆ سەلام (شەلۆم)، کە تەواو هاوواتایە لەگەڵ ئیسلامدا لە ڕووی واژەییەوە.
کەواتە نەمانی پەیامبەرێتی لەلای یەهود پەیوەستە بە دەرکەوتنی شایلۆهەوە، ئەویش لە برا و ئامۆزاکانیانە کە نەوەی ئیسماعیلن!
چونکە یەهوە (خوا) لە تەوراتدا لە سفری دواوتار (التثنیة): ئیسحاحی ١٨: بڕگەی ١٨ بە موسای فەرمووە:
"لە نێو براکانیان پێغەمبەرێکی وەك تۆیان بۆ دادەنێم و گوتەکانم دەخەمە دەمی و ئەوەی فەرمانی پێدەدەم ئەو بۆیان پێی دەدوێت".

لە سفری پەیدابوون (التکوین): ئیسحاحی ١٦: بڕگەی ١٢ بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە ئیسماعیل برای ئیسرائیلییەکانە و دەڵێت:
"دەستی لە دژی گشت کەسێك دەبێت و دەستی گشت کەسێکیش لە دژی ئەو، بەرامبەر گشت (براکانیشی) نەیار دەبێت".
گشت ئەمانە بەڵگەن کە یەهودییەکان چاوەڕێی ڕووداوێکی لەو چەشنە بوون، هەر بۆیە لە پاش ئەو مەینەتییە فرەیەی کە دووچاریان دەبێت نیشتیمانی عەرەب بە گونجاوترین جێگە دەبینن.
بێگومانبن کە چەندین سیفاتی دیکە دەربارەی هاتنی پەیامبەر لە تەوراتدا هەبوون وەك چۆن چەندین فەرموودی صحیح و ڕاست لەم بوارەدا هاتوون، تەنانەت زاناکانی یەهودی ناوچەکەش وەکو (عبدالله ـی کوڕی سەلام) بە هاتنی پەیامبەر بۆ مەدینە دڵنیا دەبێتەوە بەوەی کە ئەمە هەمان پەیامبەرە کە باسی لێوە کراوە، هەر بەو هۆکارەش بووە کە موسڵمان بووە.

ئەوەی لێرەدا بۆ من گرنگە ئەو پەیوەندییە بووە کە ئەم یەهودیانە هەیانبووە لەگەڵ دەرەوەی خۆیاندا، بەڵگەش بۆ ئەمە خودی شاول (پۆڵس)ـە کە بە یەکێك لە دیارترین کەسایەتییەکانی نێو مەسیحییەتە و تەنانەت ئەم بە ڕێکخەری ئایینی مەسیحییەت دادەنرێت، دەبێت ئەوەش بزانین بنەڕەتی ئەم کەسە یەهودی بووە.
پۆڵس لە ئینجیلدا لە نامەی غەلاتیە (گەڵاتیە): ئیسحاحی ١: بڕگەی ١٣ – ١٧ دەڵێت:
"چونکە دەزانن، چۆن جاران وەك یەهودییەك ژیاوم، چۆن کۆمەڵە باوەڕدارەکانی خوام دڕندانە چەوساندووەتەوە و هەوڵمداوە لەناویان ببەم، هەروەها چۆن لە بارەی جێبەجێ کردنی کاروباری ئایینی یەهودی باشتر بووم لە فرەیی هاوڕێیەکانم، هەروەها گەلێك دڵگەرمتر بووم لەوان بۆ داب و نەریتی باوباپیرانمان.
بەڵام خوا بە بەرەکەتی خۆی پێش لەدایك بوونم هەڵیبژاردم و بانگی کردم، خۆشحاڵ بووم ڕۆڵەکەی بۆ من ڕابگەیەنێت، هەتاوەکو منیش مزگێنی پێ بدەم لە نێو میللەتان، ئەو دەمە ڕاوێژم لەگەڵ هیچ کەس نەکرد. نەچووم بۆ قودس بۆ لای ئەوانەی پێش من نیردراو بوون، بەڵکو یەکسەر ڕۆیشتم بۆ (عەرەبستان)، لەوێشەوە گەڕامەوە بۆ دیمەشق".

ئەم تێکستە گەلێك گرنگە و بێگومان ئەم گەشتەش بە تایبەت بۆ لای یەهودییەکانە کە لە یەسریب بوونە، کە خۆشی لە بنەڕەتدا یەهودی بووە، دەرخەری ئەوەشە هەم کەسایەتییە دیارەکانی دەرەوەی عەرەبستان، هەم یەهودییەکانی عەرەبستان ئاگادار بوون بە باری یەکدی، کەواتە گەلێك بە ئاسایش گشت هەواڵ و ڕووداوە ئایینی و ڕامیارییەکانیان بە یەکدی گەیاندووە!چونکە یەهودییەکان لە بواری سیخوڕی و گەیاندنی هەواڵ بۆ یەکدی مێژوویەکی دێرینیان هەیە، خودی پەیمانی دێرینیش ئەم ڕاستییەمان پێ دەگەیەنێت و لە سفری یەشوع: ئیسحاحی ٢: بڕگەی ١ ـدا دەڵێت:
"ئینجا یەشوعی کوڕی نون لە شەتیمەوە دوو سیخوڕی بە نهێنی نارد و گوتی:
بڕۆن تەماشای خاکەکە بکەن، بە تایبەتی ئەریحا، ئەوانیش ڕۆیشتن و چوونە ماڵی ژنێکی لەشفرۆش کە نێوی ڕاحاب بوو، لەوێ مانەوە".

هەر بۆیە لێرەوە لەم ڕاستییەش دڵنیا دەبینەوە کە یەهودییەکانی عەرەبستان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە دەرەوەی خۆیانەوە هەبووە، تەنانەت وەك باس دەکرێت لە ڕیوایەت و سیرەکانماندا، بەنی نەزیر و بەنی قەینوقاع و تەنانەت بەنی قوڕەیزەش پاش ئەو کێشانەی نایانەوە لە نێوان خۆیان و موسڵماناندا ناوچەکەیان بەجێ هێشتووە و گەڕاونەتەوە بۆ شام!

دەی ڕوونە گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچەیە پەردە لەسەر ڕووی ئەو ڕاستییە مێژووییە هەڵدەماڵێت کە ئەمان هێشتا پەیوەندییان لەگەڵ یەهودییەکانی شامدا ماوەتەوە و تەنانەت دواتر ون دەبن تیایاندا.

ڕوونیشە کە شاری یەسریب یاخود مەدینە پردی گەیاندنی شامە بە یەمەن، ڕێڕەوی بازرگانیش هەر لەسەر یەسریب بووە، ئەمەش ڕێگەخۆشکەرێکی دیکە بووە بۆ یەهودییەکان کە وەك باسدەکرێت تەنانەت یەهودییەکان بەر لە ئیسلام توانیبوویان ناکۆکی نیوان هەردوو هۆزی ئەوس و خەزرەج بقۆزنەوە بۆ ئەوەی دەستبگرن بەسەر بازاڕدا و قۆرخکاری تێدا بکەن، ئەمەش ئاسانکارییەکی بێوێنەیان بۆ دەکات بۆ پەیوەندی پتەوتر.
به‌روار: 05/10/2020
بینین: 122
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت