توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت٫ ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی:
هامنۆ هەورامی

بەشی پازدەهەم:

هەڵماڵینی ڕاستییەکان:

لە ماوەی ڕابردوودا توانیمان بە دیاری کراوی ناوچەی یارانی ئەشکەوت پەی پێ بەرین و پاڵپشتی و تێکستی پیرۆزی و مێژوویی و شوێنەواریش بۆ خۆمان کە بوارەکەدا بدۆزینەوە.
لێرەدا دەچینە نێو ئەو باسانەی کە هەر پەیوەستن بە ساتەوەختی ئەم ڕووداوە سەرنجڕاکێشەوە، سەرەتا گەلێك گرنگە بە نزیکی بزانین ساتی ئەم ڕووداوە کەیە؟
بێگومان کاتێك ئێمە کە دەمانەوێت لە سەردەمی ئەم زاتانە تێبگەین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ماوەی دەسەڵاتی ئەو ئیمپڕاتۆرانەی کە لە سەردەمیاندا ستەم و کوشتار و ئازار ڕووبەڕووی مەسیحییەکان کراوەتەوە.
لێرەشدا دە (١٠) ئیمپڕاتۆر دەناسین و ئاگادارین لە ماوەی دەسەڵاتیان و ئەمانەش بریتین لەم ئیمپڕاتۆرانە (نیرون، دومتیانوس، تراجان، مرق ئەوریانس، سبتیموس، ساویرس، مکسیمینوس، دیسیوس، فالریان، ئەورلیان، دکلیانوس).
لەم دە ئیمپڕاتۆرەدا، سێ دانەی سەرەتایان فرە گرنگن و جێگەی هەڵوەستە لەسەر کردنن، نیرۆن تەنها لە ڕۆما ئەشکەنجەی داون، بەڵام لە سەردەمی دوو ئیمپڕاتۆرەکەی دیکە لە دەرەوەی ڕۆمادا بەو کردارە هەڵساون، چونکە ئیدی ئەوە ئەو دەمە بوو کە مەسیحییەت لە فەڵەستینەوە بەرەو باکوور هەڵدەکشا.
لە پاش نیرۆن دومیتیان جێگەی گرتەوە لە ساڵی (٩٦)ـی پاش مەسیح وەك یازدەهەمین ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی، ئەم دەسەڵاتدارە مەسیحی بوونی بە تاوان دادەنا و هەر کەسێك بەهۆی ئەم تاوانەوە بگیرایە حوکمی کوشتن بوو.
تەنانەت نزیکترین کەسی خۆی کە کۆنسوڵی ئێفیسوس بوو بە نێوی (فلافیوس کلیمنس) کوژرا بەو هۆکارەوە.

هەروەها یوحەننای لاهوتی کە هاوسەردەمی ئەم دیمیتیانەیە کە بینینیەکەیدا باسی ئازار و ناسۆرییەکانی کردووە و لە ئیسحاح ٢: بڕگەی ١- ١١ ـدا دەڵێت:
"بۆ فریشته‌ی كڵێساكه‌ی ئه‌فه‌سۆس بنووسه‌:
ئه‌وه‌ی حه‌وت ئه‌ستێره‌كه‌ی به‌ ده‌ستی ڕاستی گرتووه‌ و به‌ ناو حه‌وت چرادانه‌ زێڕینه‌كه‌دا هاتوچۆ ده‌كات، ده‌فه‌رموێ:
«ئاگام له‌ كردار و ماندووبوون و دانبه‌خۆداگرتنته‌، هه‌روه‌ها كه‌ چۆن له‌ تواناتدایه‌ خراپه‌كاران ڕه‌ت ‏بكه‌یته‌وه‌، ئه‌وانه‌شت تاقی كرده‌وه‌ كه‌ خۆیان به‌ نێردراو ده‌زانن به‌ڵام نێردراو نین، به‌ درۆزن ده‌رچوون،
دانت به‌خۆتدا گرت و له‌به‌ر نێوی من به‌رگه‌ت گرت، كۆڵت نه‌دا.
به‌ڵام ئه‌وه‌م له‌سه‌رت هه‌یه‌: تۆ خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی یه‌كه‌مینت به‌لاوه‌ ناوه‌.
به‌بیرت بێته‌وه‌ له‌ چ پایه‌یه‌كی به‌رز كه‌وتیت! تۆبه‌ بكه و كاره‌كانی پێشترت دووباره‌ بكه‌ره‌وه‌. ئه‌گه‌ر تۆبه‌ نه‌كه‌یت، دێمه‌ لات و چرادانه‌كه‌ت له‌ شوێنی خۆی لاده‌ده‌م.
به‌ڵام شتێكی باشت هه‌یه‌: ڕقت له‌ دابونه‌ریتی نیكۆلاوییه‌كان ده‌بێته‌وه‌، كه‌ منیش ڕقم لێیان ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت گیانی پیرۆز چی به‌ كڵێساكان ده‌فه‌رموێت. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت ده‌یده‌مێ له‌ دره‌ختی ژیان بخوات، ئه‌وه‌ی له‌ به‌هه‌شتی خودایه‌.
بۆ فریشته‌ی كڵێساكه‌ی سمیرنا بنووسه‌:
ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مین و دواهه‌مینه‌، ئه‌وه‌ی مردوو بوو و زیندوو بووه‌وه‌، ده‌فه‌رموێت:
ئاگام له‌ ته‌نگانه‌ و هه‌ژاریته‌، هه‌رچه‌نده‌ تۆ ده‌وڵه‌مه‌ندیت. هه‌روه‌ها ئاگام له‌ گوتە هه‌ڵبه‌ستنی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێن یەهودین و وەهاش نین، به‌ڵام كه‌نیشتی شه‌یتانن.
هه‌رگیز مه‌ترسه‌ له‌و ئازارانه‌ی وەها بۆت دێت. وا ئیبلیس خه‌ریكه‌ هه‌ندێكتان بخاته‌ زیندانه‌وه‌، تاكو تاقی بكرێنه‌وه‌ و ده‌ ڕۆژ ته‌نگانه‌تان ده‌بێت. هه‌تا مردن دڵسۆزبه‌، منیش تاجی ژیانت پێ ده‌به‌خشم.
«ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت گیانی پیرۆز چی به‌ كڵێساكان ده‌فه‌رموێت. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت مردنی دووه‌م ئازاری نادات.»".

تەنانەت یوحەنناش کە خۆی لە ئێفیسوس دەژیت، هەتاوەکو ئە دەمەی دەیبەنە ڕۆما هەتاوەکو لە نێو ڕۆنی قرچاودا سووری بکەنەوە، بە ناچاری پەشیمان بووەتەوە و بەم هۆکارەش لە بری سووتاندنەکە دووردەخرێتەوە بۆ دوورگەیەك.
لێرەدا کۆمەڵە ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش لە ناوچەی فەڵەستین و شامدا ڕوودەدەن.
لە ساڵی (٤٣)ـی پاش مەسیحدا، قوڵاتی فەڵەستین و ناوچەی قودس (ئۆرشەلیم) لەلایەن پاشا (هیرۆدۆسی دووەم) کە بە (ئەغریپا) ناسرابوو فەرمانڕەوایەتی دەکرا، پاشا ڕاوێژکارێکی یەهودی هەبووە بە نێوی (حیران ئەبیود) ئەم کابرایە گەلێك دژی مەسیحییەت بووە، پاش زیادبوونی لایەنرانی مەسیحییەت ئیدی ویستی ڕێکاری تایبەتیان بەرامبەر بگرێتە بەر، بەم هۆکارەیش پێشنیاری دانانی ڕێکخراوێکی نهێنی بۆ دژایەتیان دەخاتە بەردەم پاشا، ئەویش بە مەبەستی لەنێوبردنیان.
هیرۆدۆسیش قەبوڵی دەکات و داوای پێشکەشکردنی یاداشتێکی تەواوی لێدەکات لەسەر بیرۆکە و پێشنیارەکەی، بەشێوەیەکی سەرەتاییش بەر لەوەی نێوەڕۆکی یاداشتەکە ببیندرێت، یەکسەر بەڵێن دەدات وەکو خۆی جێبەجێی بکات بۆ ڕۆژی دواتریش (حیران) یاداشتەکەی خۆی لەسەر پێکهێنان و ئامانجەکانی ئەو هێزە شاراوەیە دەخاتە بەردەستی پاشا، ئەمەیش تێکستی تێکستەکەیە:

"پاشای مەزنم: کاتێك منی خزمەتکار و ڕاوێژکاری ملکەچی فەرمانە بەرزەکانی ئێوە بینیم هیچ فروفێڵێك لەوەدا نییە ڕاوبۆچوونی پەرش و بڵاومان یەك بخەین، هیچ هێزێك جێگەی ئومێد نییە ئەو هێزە لابدات کە بێشك هێزێکی نهێنییە، تەنها بە دروست کردنی هێزێکی وەك ئەو نهێنی نەبێت، بۆیە ئەگەر لە دیدی خاوەنشکۆ پێشنیاری بەندەتان کارێکی پەسەند بێت، پێم وەهایە کارێکی دروست و ئەرکێکیشە کۆمەڵەیەکی خاوەن هێزێکی مەزنتر لەو پێکبهێنن، ئەو هێزە یەهودییە لەخۆبگرێت کە لەلایەن ئەو هێزە نهێنییەوە هەڕەشەیان لەسەرە، نابێت هیچ کەسێکیش ئاگاداری دامەزرێنەر و بوونی پرەنسیپ و کارەکانی بێت تەنها ئەو کەسە نەبیت لە نێویدایە، ڕێگە نادەین هیچ کەسێك بەوە بزانێت ئێمە ئێستا دامانمەزراندووە تەنها ئەو دامەزرێنەرانە نەبێت کە ئێوەی خاوەنشکۆ هەڵیدەبژێرن. سەبارەت بە بڕیارە پەنهانە گرنگەکانیش نابێت کەس بیزانێت تەنها ئەوانە نەبن کە ئەندامی تەواون تیایدا، نێوەندەکەشی لێرە لە ئۆرشەلیم دەبێت. پاشان لە گشت شوێنێك لقی لێ دادەمەزرێنین،
بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە مژدەدەرانی ڕێنماییەکانی یەسوعی دەجال (مەبەستی پەیامبەر عیسایە بە دوور لەو پەیامبەرە بەڕێزە) و ئەو شەریعەتەی کە هێناوییەتی و بە شێوەیەکی بوێرانە دایڕشتوون، تیایدا بڵاو نەبوونەتەوە. بەمە مەزنم ئەو هێزە خوازراوە یەك دەخەین کە بەهۆیەوە هەڵدەستینەوە و ڕادەپەڕین و دەجەنگین و ئەو هێزە خوازراوە یەك دەخەین کە بەهۆیەوە هەڵدەستینەوە و ڕادەپەڕن و دەجەنگین و ئەو هێزە دەپلیشێنینەوە کە هەڕەشە لە بوون و قەوارەمان دەکات.
گشت دەم شکۆدار و ڕێزدار و بەهێز بن...
بەندەی دڵسۆزی تەختتان حیران ئەبیود".

پاشا فرە بەم یاداشتە دڵخۆش دەبێت و بەم هۆکارەوە بە مەبەستی زیاتر پتەوکردنی بەردی بناغەی کۆمەڵەکە لە ڕۆژی (٢٦/ ٦/ ٤٣)ـی پاش مەسیحلەگەڵ حیران و (موئاب لافی)ـدا کۆدەبێتەوە، لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا، دەستەیەك پێك دەهێندرێت وەکو دەستەی دامەزرێنەر، ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە:

پاشا هیرۆدۆسی دووەم (ئەغریپا) –> سەرۆکی کۆمەڵە.
حیران ئەبیۆد –> جێگری سەرۆك و خاوەن بیرۆکە.
موئاد لافی –> نهێنی پارێزی کۆمەڵە، دەستەی دامەزرێنەر.

ئەمانەیش وەکو دەستەی دامەزرێنەر:
جوهنان.
انتیبا.
جاکوب ابیدون.
سلمون ابیرون.
جواب ادونیرام.
ابیا لافی.

ئەم کۆمەڵەیە بە هێزی شاراوە (القوة الخفیة) ناسراوە و لەوانەیە یەکەمین کۆمەڵەی لەو چەشنە بێت کە داندرابێت بۆ ئازاردان و لەنێوبردنی مەسیحییەکان.

به‌روار: 24/10/2020
بینین: 1150
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت