توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت٫ ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی
هامنۆ هەورامی
بەشی شەشەم:

ئەوەیشی گومانی تێدا نییە کە خودی یارانی ڕەقیم نزیك بووە لە مەنزڵگای ڕەسەنی یەهودییەکانەوە، ئەگیان بەو جۆرە هەواڵەکەیان پێ ناگاتەوە!
چونکە سەرچاوەی یەهودییەکان پێویستە بگەڕێتەوە بۆ ئیبراهیمی پەیامبەر (صلی الله علیه وسلم) کە ئەویش پاش بەجێهێشتنی نیشتیمانی خۆی لە میزۆپۆتامیا (وڵاتی نێوان دوو ڕووباری دیجلە و فوڕات) لە فەڵەستین گیرساوەتەوە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە، لە سفری پەیدابوون: سفری ٢٥: بڕگەی ٨ – ١١ دەڵێت:
"ئینجا ئیبراهیم لە تەمەنێکی باشی پیریدا، دوا هەناسەیدا و مرد، پیرەمێردێکی تێر و لە ژیان خواردوو، ئیدی چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
هەردوو کوڕەکەشی، ئیسحاق و ئیسماعیل، هێنایان لە ئەشکەوتەکەی مەخپێلە کە لەبەردەم مەمرێیە بە خاکیان سپارد، لە کێڵگەکەی عەفرۆنی کوڕی چۆحەری حیتی.
ئەو کێڵگەیەی ئیبراهیم لە حیتییەکان کڕی. لەوێ ئیبراهیم لەگەڵ سارای ژنی بە خاك سپێردرا.
پاش مردنی ئیبراهیم خوا ئیسحاقی کوڕی بەرەکەتدار کرد، ئیسحاقیش لەلای بیری لەحەی ڕۆئییەوە نیشتەجێ بوو".

ئەمە لە تێڕوانینی یەهودییەوە، پاش ئەمە فرە بە کەمی باسی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیم دەکەن سڵاوی خوایان لێبێت، فرەیی ئەو فەزلانەی کە دراون بە ئیسماعیل یەهودییەکان داویانەتەوە پاڵ ئیسحاق (ﷺ)، چونکە عەرەبی موستەعرەبە دەچنەوە سەر ئیسماعیل، بەڵام یەهودی دەچنەوە سەر یەعقوبی کوڕی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیم سڵای خوایان لێبێت، ڕوونیشە یەهود ڕەگەزی خۆیان بەلاوە گرنگ بووە نەك ڕەگەزی کەسانی دیکە، چونکە خۆیان بە بەرزتر دیتووە لە مرۆڤایەتی، بۆ نموونە سفری ٤ و ٥ ـی پێکهاتنی تەورات ئەوەندەی باسی لە بەرەبابی شیث کردووە، هێندە گرنگی بە قایین (قابیل) نەداوەتەوە کە ئەویش وەچەی هەبووە، تەنها پشتەکانی ( قایین –> حەنۆخ –> عیراد –> مەحویائیل –> مەتوشائێل –> لامەخ –> یابال، یوبال، توبەل قەین، نەعما) باسکراوەتەوە، ئیدی ئەوەی گرنگ بووە بەلایانەوە، بەرەبابی شیث بووە، ئەویش بەم شێوەیە یەهودییەکان چوونەتەوە سەر شیثی کوڕی ئادەم (یەهودا کوڕی یاقوب کوڕی ئیسحاق کوڕی ئیبراهیم کوڕی تارەح کوڕی ناحۆر کوڕی سەروگ کوڕی ڕەعو کوڕی پەلەگ کوڕی عێبەر کوڕی شالەح کوڕی کێنان کوڕی کوڕی ئەرپەکشاد کوڕی سام کوڕی نوح کوڕی لامەخ کوڕی مەتوشالەح کوڕی حەنۆخ کوڕی یارەد کوڕی مەهلەئێل کوڕی قێنان کوڕی ئەنۆش کوڕی شیث کوڕی ئادەم) بگەڕێڕەوە بۆ ئینجیلی لۆقا: ئیسحاحی ٣: بڕگەی ٣٣ – ٣٨.
ئەم نەتەوەیە هەر لە ناوچەی شامدا بە گشتی و فەلەستین بە تایبەتی ماونەتەوە، تەنانەت دەوڵەت و دەسەڵاتداریشیان تێدا داناوە، بەڵام پاشان نەبوخەزنەسری هێرشی کردوونەتە سەر و بردوونی بۆ وڵاتی کلدان و بابل و ماوەیەکی زۆر لەوێ ماونەتەوە هەتاوەکو سەردەمی کۆرشی هەخامەنشی و لەو سەردەمەدا دەگەڕێنەوە.
بابەتەکە فرە درێژ ناکەمەوە چونکە ئیدی باسی چوونیان بۆ میسڕ و چەوساندنەوە و ئەزێتدانیان لەوێ و پاشان لە گەڕانەوەیاندا بەهۆی موسا و هارونەوە سڵاوی خوایان لێ بێت و ڕێبەرایەتی یەشوع بۆ گێڕانەوەیان شتێکی ئاشکرا و دیارە.
واتە دووبارە گەڕانەوە بۆ نیشتیمان، باشە لێرەدا گەلێك پێویستە کە بزانین ئایا بۆچی بەشێك لە یەهودییەکان گەیشتوونەتە ناوچەی حیجاز و لە یەسریب و دەوروبەری نیشتەجێ بوون؟
خۆ ئەوان ڕاهاتبوون پێکەوە ببن و ناوچەی فەڵەستینیشیان بە موڵکی خۆیان دەزانی و خاکی پیرۆزە، دەی بۆچی ئەمانە لەم شوێنە دوورە دەستەدا بوون؟
مێژوونووس و نووسەرە ئیسلامییەکان لە ڕابردوودا هەوڵیان دابوو ئەم مەتەڵە سەیرە هەڵبهێنن کە چۆن ئەم تاقمە گەیشتتون بەم شوێنە.
عبدالشافي محمد عبداللطیف لە پەرتوکەکەیدا (السیرة النبوية والتاریخ الاسلامي)ـدا دەڵێت:
"ئەوان لە پاش کۆچکردنی پەیامبەر موسا (ﷺ) بۆ فەڵەستین، بەر لە چوونیان بۆ فەڵەستین هاتوونەتە مەدینە، یاخود لە سەردەمی پەیامبەر داوددا (ﷺ) هاتوونەتە مەدینە".

هەروەها یەعقوبی لە مێژووکەیدا دەڵێت:
"یەهودییەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی، لە بنەچەدا عەرەبن، چوونەتە سەر ئایینی یەهودی".

جەواد عەلیش وەها باسی لێوە کردووە کە:
"یەهودییەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی، هیچ دەستنووسێکیان بەجێ نەهێشتووە کە تیشك بخاتە سەر هۆکار و مێژووی هاتنیان بۆ ئەم ناوچەیە، جگە لە هەندێك دەقی دیاریکراو لە یەمەن".
هەر ئەمەش وەهای لە نووسەر کردبوو کە یەهودییەکانی مەدینە تاکە سەرچاوە دەربارەیان بە قورئانی پیرۆز لە قەڵەمدابوو.

ئەم بۆچوونانەی سەرەوە کێشە لە کەتواری بوونیان هەیە، چونکە یەهودییەکان ئایینێکی بانگەشەکەری نین و خەڵکی دیکەش وەرناگرن، هەروەها هیچ نووسەرێکی بواری بنەچە و نەسەب ئەمانی بە عەرەب ناوزەند کردووە، هەربۆیە (عبدالشافي محمد عبداللطیف و ابو شهبة و صفي الرحمن موبارەکفوري) ڕایەکی جوانیان لەم بارەوە هێناوە و فەرموویانە:
"یەهودییەکانی مەدینە ئەو بەنی ئیسرائیلیانەن، کە ڕۆمەکان لە ساڵی (٧٠) لەدایك بوونی مەسیح لە فەڵەستین دووریان خستنەوە، بە گێتیدا بڵاو بوونەوە، بەشێکیان ڕوویان کردووەتە باکووری نیمچە دوورگەی عەرەبی.
وەها دیارە ئەم گەڕانەوەی نەژادیان بۆچوونە لە ڕاستییەوە نزیکە، بە بەڵگەی ئەوەی یەهودییەکانی مەدینە شانازیان دەکرد بە گەڕانەوەی نەژادیان بۆ بەنی ئیسرائیل.
بە پێی ئەو لێکۆڵینەوە وردەی کە بەڕێز (سەردار کەریم) لە پەرتوکی (بەنو قوڕەیزە بە پێچەوانەی میلی کاتژمێرەوە) کردوویەتی، هەمان ئەو ئەنجامەمان دەست دەکەوێت و بۆمان دەردەکەوێت کە بەڵی ئەم پێڕە لە سەردەمی ڕۆمەکاندا لە فەڵەستینەوە هاتوونەتە ئەم ناوچەیە.
بەڵام هۆکاری کۆچەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم پێڕە، وەکو چۆن مەسیحییەکان مەسیحیان بە کوڕی خوا ناوزەند دەکرد، بە هەمان شێوەش ئەم پێڕە بڕوایان وەها بووە کە عوزەیریش کوڕی خوایە، هەرچەند لە فەرهەنگی یەهودیشدا دەستەواژەی کوڕ واتایەکی گشگیرتری هەیە.
ئەمە وەها دەکات ڕووبەڕووی کێشە ببنەوە و ناچار بوون ناوچەکە بەجێ بهێڵن و بەرەو عەرەبستان بڕۆن کە ئەوێ جێی دەرکەوتنی دوا پەیامبەرە،سفری ئیشایاش پەسنی عەرەبستان دەکات کە ئەودەم تەنها نیمچە دوورگەی عەرەبی گرتووەتەوە، لەم سفرەدا لە ئیسحاحی ٢١: بڕگەی ١٣ – ١٦ دەفەرموێت:
"سروشتێك سەبارەت بە عەرەبستان:
ئەی کاروانی دیدانییەکان، ئەوانەی لە نێو دەوەنەکانی عەرەبستان شەو بەسەردەبەن.
بەرەو پیری تینوو، ئاو بهێنن.
ئەی دانیشتوانی خاکی تێما.
بە نانەوە بەرەو ڕووی هەڵهاتوو بچن، چونکە لە ڕووی شمشێر هەڵاتوون، لە ڕووی شمشێری هەڵکێشراو، لە ڕووی کەوانی توندکراو، لە ڕووی سەختی جەنگ".

کەواتە هەتاوەکو ئێستا ئەمەمان بۆ ڕوونە کە لە سەردەمی ڕۆمەکاندا لە فەڵەستینەوە هاتوونەتە ئەم ناوچەیە.
به‌روار: 04/10/2020
بینین: 1012
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت