توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت٫ ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی:
هامنۆ هورامی

بەشی چواردەیەم:

یەکێکی دیکە لە گومانە لاواز و کەم ئەرزشەکان کە لێرەدا خراوەتە بەرباس ئەوەیە کە چیرۆك و ئەفسانەیەکی دێرینی جێرمانی و باکووری ئەوروپای هێناوە بە نێوی (میمر) و وەهای ڕاگەیاندووە کە ئەم چیرۆکە فرە لە چیرۆکە قورئانییەکە دەچێت، یەکێك لەوانەیش ئەوەیە کە لێرەدا باسی سەگی تێدایە کەچی لە چیرۆکە مەسیحییەکەدا نییە، ڕاستی ئەم گومانە لە گشت ڕوویەکەیەوە بێ هێزییەکی ئێجگار مەزنی پێوە دیارە، چونکە دەیهەوێت بڵیت قورئان ئەم چیرۆکەی لەم ئەفسانەیەوە هێناوە.
یەکەم ئێمە دەزانین کە ئەفسانە جێرمانەکە لەگەڵ ڕووداوە بنەڕەتییەکەی ئێمە لە گشت لایەنەکانی مێژوویی و ئایینی و سەردەمی و کەلتووری و فەرهەنگییەوە جودان لە یەکدی و هیچ شتێك نایانبەستێتەوە بە یەکەوە تەنها چەند لێکچوونێك نەبێت، کێشەی هاوڕێ بێبڕواکانی ئێمەش وەها دەزانن هەموو سمێڵ سوورێك هەمزە ئاغایە، بۆ نموونە گەر ئەفسانەیەکی مایا و ئینکا یاخود هیند و چین ببینن کەمێك نزیکایەتی هەبێت لەگەڵ دەقە ئایینییەکاندا، خێرا دێن بەبێ ئەوەی بیر لە هەلومەرجە جوداکان بکەنەوە، خێرا تەنها لە پێناو شکاندنی ئاییندارەکاندا دەیکەنە لەبەرگیراوەی یەکدی.
دەی ئەمە کاڵفامییە بەڕاستی، مرۆڤ گەر بە چیرۆکیش بێت تەنها دەتوانێت چیرۆکێك بۆ خۆی دابڕێژێتەوە، ئیدی نازانم بە تێگەیشتنی ئەوان ئەم مرۆڤە ئاییندارانە هێندە گەمژە بووبێتن نەیانتوانیبێت چیرۆکێکیش بۆ ئایینەکەیان بنووسیتەوە و بێت لە گەلێکی دیکەی بگرێتەوە!
دەی ئەمە لاوازییەکی فرەی پێوە دیارە، پاشان گەر مرۆڤێك بێت بەراوردێك بکات لە نێوان سێ پەرتوکی چیرۆکی ئەفسانە و دێرینی سێ ناوچەی جودای گێتی کە ئەوانیش (چیرۆکی گوێ ئاگردان – دوو بەرگ کۆکردنەوەی: جەلال تەقێ، کوردستان) و (چیرۆکی بەر ئاگردان – دوو بەرگ – کۆکردنەوەی: جاکۆپ گریم و فیلهێلم گریم "برایانی گریم"، ئەڵمانیا) و (شازادەی حەڵوافرۆش – کۆکردنەوەی: صمد بهرنگی و بهروز دهقانی، ئازەربایجان) بکات دەبینێت چەندان لێکچوونی فرە ورد لەو نێوانەدا هەن، بە مەرجێك گشتیان چیرۆکی فۆلکلۆری ناوچەی ڕەسەنن، دەی ئەوە کورتبینییە بێیت ئەم فەرهەنگەت بکەیتە وەرگیراوی ئەم وڵاتانە، ئەوەی هەیە تەنها لێكچوونی بیرۆکەکانە کە زۆر جار مرۆڤ دەشێت بیرۆکەیەکی وەها دەرببڕێت بەبێ ئەوەیشی ئاگادار ببێت بەر لەو باسکرابێت، تەنانەت لە دانانی سیناریۆدا بەسەرم هاتووە کە سیناریۆم بۆ کورتە فیلمی قوتابخانە داناوە پاشتر سەرنجم داوەتێ لە پێش مندا لە کورتە فیلمی ئەنیمەیشندا فیکرەی فرە نزیك لەوەی من هەبووە بەبێ ئەوەی ئاگاداربم شتی لەو جۆرە تۆمارکرابێت!

دەی ئەمانە شتی ئاسایین گەر ئەم لێکچوونانە هەبن، بەڵام نائاسایی ئەوەیە کە بیر لە پێگە جوگرافی و کەلتوورییەکان نەکەیتەوە و دەربارەیان قسە بکەیت!

دووەمیش ئێمە دەزانین خوای پەروەردگار لەسەر زاری پەیامبەرەوە (ﷺ) پاش پازدە ڕۆژ لە پرسیارلێکردنەکەی ئەم سورەتە دادەبەزێت, ئەگەر پەیامبەر پێشتر بیستبووی پێویست بوو هەر یەکەم ڕۆژ بیڵێت نەك پاش پازدە ڕۆژ!
ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە ئەوەی پەیامبەر (ﷺ) فەرموویەتی بە سروشی خوایی بووە نەوەك لەخۆوە!
ئەگەر ئەو بەڕێزە ڕاست بکات ئەوا دەبێت پەیامبەر گەیشتبێتە ئەڵمانیا، ئەگینا کە چیرۆکەکە لە مەسیحییەتدا نەهاتبێت و پەیامبەریش یەکەم جار هیچی دەربارە نەبیستبێت کەوایە نەیزانیبوو شتێکی وەها هەیە هەتاوەکو سروشی بۆ هات.
کەواتە ئەو بەڕێزانە دوو ئەگەریان لەبەر دەستدایە، یاخود ئەوەیە پەیامبەر لە ماوەی ئەو پازدە ڕۆژەدا لە مەککەوە گەیشتبێتە ئەڵمانیا و فێری زمانی ئەڵمانی بووبێت و ئەفسانەکەی وەرگرتبێت ئەوجا هەر لەو ماوەیەدا گەڕابێتەوە کە ئەمەیش نەك ناکرێت بەڵکو مەحاڵە!

ئەگەر دەیشڵێن ئەمە لە یەهودییەکانەوە وەرگیراوە، ئەمە یەهودییەکان خۆیانن ئەمیان خستبووەتە بەردەم ئەم هەتاوەکو لە پەیامبەری دڵنیا ببنەوە ئیدی چۆن پێی دەڵێن؟
ئەگەر دەشڵین هاوبەشدانەرەکان و بازرگانەکانی مەدینە بوون کە پێیان گوتووە، ئەوە خۆیان بوون کە چوون بۆ لای یەهود هەتاوەکو پرسیاریان لێ بکەن، کەواتە ئەوانیش نەیانزانیوە.
ئەگەر دەشگوترێت مەسیحییەکان ئەوە مەسیحییەکان لە نەجران بوون، ڕوونە پەیامبەر (ﷺ) لە قۆناغی مەدینەدا وەفدی ئەوانی دیوە، دەی کەوایە ئەوانیش نەبوونە.

لێرەوە ئەو ئەنجامەمان دەستگیر دەبێت کە هیچ کەسێك نەتوانیوە ئەم ڕووداوە بە پەیامبەر بگەیەنێت٫ مەگەر خوای پەروەردگاری گێتی نەبێت!

***

لەگەڵ ئەمەشدا کۆمەڵێك وردە گومانی دیکە لێرەدا وروژێندراون، وەکو کڵاوڕۆژنە و دەرچەکەی سەر ئەشکەوتەکە و چەند شتێکی دیکەی پەیوەندیدان بەو باسەوە کە گەلێك ساکارن و هەرکەسێك لە نزیکەوە ئەشکەوتەکەی دیتبێت دەزانێت ئەوانەی ئەو بەڕێزە بەو جۆرە کە باسی دەکات هەڵەیە و بۆشی دەردەکەوێت کە هەتاوەکو چ ئاستێك ئەم ئەشکەوتە لە وەسفە قورئانییەکان دەچێت.
کەواتە گەلێك بە دڵنیاییەوە دەیڵێین کە ئەم ئەشکەوتەی (الرقیب) هەمان ئەو ئەو ئەشکەوتەی یارانی ئەشکەوتە و دوورە لە گشت ئەو گومانانەی کە ڕەخنەگران ویستوویانەتە بیهێننە پێشەوە، کەچی لە کۆتاییشدا هەر بە دەستەوسانی ماونەتەوە.

به‌روار: 23/10/2020
بینین: 1186
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت