کۆمەڵگە
  ژیــــــــــان...
هەژار نامیق

ژیان دۆزینەوەی خۆمان نیە بەڵکو دروستکردنى خۆمانە (بیرناردشۆ )
ژیان زۆر بەنرخە با شکۆمەندانە ژیان بکەین ، شاهانە ژیان بکەین ، ئازادانە و ئازایانە ژیان بکەین ، با کاریگەریمان هەبێت لە ژیان با شەمشەکوێرەکانى دوژمن بە ژیان ،ژیانمان لێ نەتۆرێنێت با لەبری تاریکى شەو جوانى مانگ و درەوشانەوەی ئەستێرەکان ببینین ، با لەبری ترس لە تۆفان سەمای گەڵاکان ببینین لەبری ساردیەکانى ژیان گەرمیەکانى ناخمان زیاد بکەین ، لەبر تووڕەیەکان ئارامی و لەبری ڕقەکان خۆشەویستیەکان لەبری ئازارەکان ساڕێژەکان لەبری تاریکى ڕووناکى ببینین .ژیان وەک ئەو گوڵە وایە کاتێک کە پێشی پیا بنێن هێشتا خۆشەویستى و بۆنمان پێ دەبەخشێت هەرگیز بەخشینى خۆشەویستى لە نرخمان کەم ناکات با وەک گووڵ بژین وەک گووڵ جوان بین سەدان دڕکیش لە دەورمان بێت بەڵام جوانیمان وادەکات ئازارەکان هەڵبگرن تا دەستیان بە ئێمە بگات...
لەم بارودۆخە بیزارە نەویستراوەی ژیان باسکردن لە ژیان و دەریچەیەک بۆدەربازبوون لە بەدبەختی و نەهامەتی بۆ دەربازبوون لە بێهیوایی ئەگەرچی بەچەند ڕستەیەکیش بێت نابێت بە کەمی بزانین ، کاتێک خۆمان ئامانجێکمان هەبێت وتێبکۆشین بۆی بێگومان ژیان لە ئاڵۆزیەوە بەرەو سادەیی دەڕوات لە تاریکى بەرەو ڕووناکى مرۆڤی بێ ئامانج مرۆڤێکى مردووە ، زۆرن کەسانێک کە پێویستیان تەنها بە گوێگرتنێکە تەنها بە ڕستەیەکە ،ژیان لەوەرزەکانى ساڵ دەچێت وەرزەکانى ساڵ دێن و دەڕۆن هەر 3مانگ و وەرزێکە بەڵام تەنها جیاوازیان ئەوەیە دەکرێت وەرزێک کورتتر و وەرزێک دریژتر کۆتایی بێت وەرزێک ساردتر و وەرزێک گەرمتربێت پێویستە خۆمان ئامادە ساز بکەین تا بەرگەی هەموو بارودۆخێک بگرین تا گۆڕانکاریەکانى سەرگەردانمان نەکەن ڕێگامان لێ وون نەکەن ..
یوسوفی نەبی لە تاریکى بیرێکەوە بۆکۆشکی بەهێزترین دەسەڵات ئەوەی یوسوفی نەبی والێکرد هەبوونى ئامانجێک بوو هەبوونی ناخێکى تەندروست مێشکێکى کارا و زانستێکى تۆکمە، کاتێک ئێمە زانینمان زیاتر بێت کردنەوەی گرێکوێرەکانى ژیان ئاسان دەبێت پەڕینەوە لە پردی نەهامەتی ئاسانتر ئەبێت لە پاش تاریکترین شەو ڕووناکى دێت ، لە پاش ناخۆشی خۆشی دێت ، ڕەنگە بەهۆی بارودۆخێکەوە ژیانمان لەڕێڕەوی خۆی لایدابێت بەڵام ئەگەر ئامانجمان هەبێت بێگومان بە دان بەخۆداگرتن و بەردەوامیدان بە ژیان و هیوا وئومێد دەکەوینەوە سەر رێچکەی ڕاستی خۆمان با تاریکیەکى کاتی بیر و چاڵەکانى ژیان وامان لێنەکات بێ هیوا بین ، با زیندان و ئازار و تۆمەتبارکردنەکانمان وامان لێ نەکات بێ هیوا بین با دووریمان لە ئازیزانمان وانەکات دابڕوخێن با ئامانجمان ژیان بێت خزمەت بێت .
ئەگەر لە بارودۆخێکى سەختی ژیانى کەبێهیوابووێت هەربارودۆخێک کە هەبێت دڵنیابە تەواو دەبێت لەوانەیە ئەم قسانە سەخت بێت بەڵام ڕاستیە و ڕاستی نە بۆمن دەگۆڕێت نەبۆ تۆ ، با ژیانمان وەک دوو وەرزی پایز و بەهار ببینین کاتێک خەزانی گەڵاکان دەبینین ڕۆژێکیش دێت شکۆفە و چرۆکردنیان دەبینین با بارودۆخەکان ئێمە ئاڕاستە نەکەن با بەرەو تاریکى هەنگاو نەنێن لەبری نەفرەت لە تاریکى با مۆمێک دابگیرسێنین بارودۆخی خۆت هەرچی بێت هەرگیز واز لە هاوکاری کەسانێک نەهێنیت کەپێویستیان بە هاوکاری تۆ هەیە بە قسەیەک بێت بە گوێگرتنێک بێت ..هتد
ژیان وەک ئاوێنە وایە خۆشەویستی بچێنە لە کۆتایی هەر دەبێت خۆشەویستى دروێنە بکەیتەوە ئەگەر چی هەندێک کات تاقیکردنەوەی ژیان بێزار و بێهیوامان ئەکات بەڵام ئەوەی ئێمە تاقیدەکاتەوە ڕاستیەکان دەزانێت و دەیبینێت بۆیە لە کۆتایی وەڵامى ڕاستی هەر دێت ئەگەر درەنگیش بێت ، با جوانیەکانی ژیان ببینین با خۆشبەختیەکانى ژیان ببینین ڕێگە مەدەن هیچ کەسێک ژیانتان تاریک بکات ژیانتان لێ ئاڵۆز بکات ئەگەرچی بارودۆخەکان بەپێچەوانەی مەیلی ئێوە و بەرژەوەندى ئێوە بێت هەرگیز هەنگاوی هەڵە مەنێن ، تەنها لە سەر ئامانجەکانتان کار بکەن با ئامانجی یەکەمیشمان خزمەت بێ بە مرۆڤایەتی بە گەڕانەوەی کەرامەتی ئینسان با ئامانجمان ڕووناکى بێت با ئامانجمان چرۆکردن بێت با ئامانجمان ژیان بێت نەوەک مەرگ با ئامانجمان بەخشینی هێز بێت بۆ بێهێزەکان با ئامانجمان هیوا بێت بۆ بێ هیواکان با ئامانجمان خەندە بێت بۆ سەرلێوی بی نەواکان ،با ئامانجمان دڵخۆشکردنى دڵی مرۆڤەکان بێت نەوەک دڵشکاندنیان ..
بەڕووی ژیان پێبکەنن ئەگەر چی لە سەخترین بارودۆخی ژیان بن وەک یوسوفی نەبی بن ئامانجمان هەبێت دڵنیابن ڕۆژێک خراپەکان باش ئەبن تاریکیەکان کۆتایان دێت ناخۆشیەکان دەبنە خۆشی فرمێسکەکان دەبنە خەندە و خونچەکان دەبنە گووڵ ..
به‌روار: 26/02/2021
بینین: 3133