کۆمەڵگە
  حەسەنەک!!؟؟
ھەژار نامیق

ئەبراهام لینکۆڵن دەڵیت : پیاوی بێ غیرەت کەسێکە لە شوێنێک کە پێویستە قسە بکات بە بێ دەنگی بمێنێتەوە ..
بێدەنگی هەمیشە بەرهەمەکەی سەرکوت کردن و پشتگوێ خستن و تەنانەت زۆرێک لە دیکتاتۆرەکان لە سەرەتاوە بە شێوەیەکى هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن بەڵام دواتر و بەهۆی بێدەنگ بوون و لەبەر بەرژەوەندی چەند کەسێک چاوپۆشی لە کارە خراپەکانی ئەکرێت و حکومەتێکى پۆلیسی دادەمەزرێت بۆ سەرکوت کردنی خەڵکەکە تا بەرژەوەندیەکانیان پارێزراو بێت .حکومەت و دەسەڵات وەک پەروەردە کردنی منداڵ وایە لە لایەن دایک و باوکەوە کاتێک کە منداڵەکەیان هەڵەیەک دەکات و بە دەمیەوە پێدەکەنن ئەویش دووبارەو دووبارە و سەد بارەی دەکاتەوە تا دەبێتە خوویەک و بەشێک لە کەسایەتی ئەو منداڵەو دواتریش دایک و باوک لە گەڵ بێ ئەدەبی و بێ شەرمی ئەم منداڵە ڕادێن بە ناچاری لە پێناو خۆشەویستی منداڵەکەیان کە دواتر ئەم منداڵە چەقاوەسووە ڕوو لە دەیان کاری خراپ و بەدڕەوشتی ئەکات  و جار دوای جار خەڵکەکە زیاتر هەراسان دەکات ...
هەمووان گلەیی لە خراپی دۆخ و گوزەرانى خۆمان ئەکەین بەڵام هیچ یەکێک  لە ئێمە ئامادە نیە دەستپێ بکات و کۆتایی بە ئەو نەریتە خراپە بهێنێت کە خۆمان دروستکەری بووین وەک ووتم کارە هەڵەوچەوتەکانی حکومەت کاتێک جار دوای جار بێدەنگ دەبین ئەوان دەنگیان بەهێز و خەڵک دەنگی لاواز دەبێت ، ستەم کار و دیکتاتۆر کێ دروستی ئەکات ؟ هیچ سەرکردەیەک لە سەرەتاوە دیکتاتۆر نیە تا ئەوەی کە کارەخراپ و بەدڕەوشتیەکانی بە بێدەنگی خەڵک وەڵام بدرێتەوە ، لەناخی هەرتاکێک بیگریت بورکانێک لە ڕق لە بێزاری لە ناڕەزایەتی هەیە بەڵام بێئاگاین لەوەی ڕۆژێک ئەو بورکانە خۆمان ئەسوتێنیت دە با گڕی ئەو بورکانە بکەینە دەرەوە و ئەوانە بسوتێنین کە دۆخیان وێران کردووین  ، تەنها یەک جووڵە بەسە بۆ ئەوەی بە کاربەدەست و فەرمانڕەواکان بڵێت ئیتر بەسە بەڵام چەند دەنگەکان زیاتر بێت هێندە کاریگەرتر دەبێت دەنا وەک حەسەنەکمان لێدێت ..
ڕۆژێک پاشای وڵات دێت و خەڵکەکەی بۆ کۆ ئەکەنەوە و لێیان دەپرسیت : لە چیتان کەمە ؟ ئەمڕۆ بەڕاشکاوی بیڵێن من بۆ خزمەتی ئێوە لێرەم لە کاتێک هەمووان بە دەست نەبوونی ، برسێتی ، قات و قڕی و نەبوونى ژیانێکی شایستەوە دەناڵێنن هیچ کەسێک جورئەتی قسە کردنى نابێت و لەوبەینە کەسێک بە ناوی حەسەنەک دەڵێت : ئەی پاشای وڵات کوا بەڵێنى ژیانێکى باشتر؟ کوا خزمەتکردن و خزمەتگوزاری باشتر ؟ کوا بوژانەوەی وڵات و زیادکردن داهاتی وڵات ؟ کوا جادە و بان و ڕێگەوبان ؟ کوا بنبڕکردنى گەندەڵی و دزی و جەردەیی....؟؟؟کوا....؟؟؟هتد پاشا دەڵێت : ئافەرین ئەی پیاوی مەرد کە وە بیرمنت هێنایەوە ئایا کەسێکی تر گلەیەکى هەیە ؟ هەمووان بێدەنگ دەبن و کەس قسە ناکات ! ساڵ تێدەپەڕێت و پاشا دیسان خەڵکەکە کۆ دەکاتەوە و لێیان دەپرسێت : هەرچیەکتان پێویستە ئەمڕۆ بە ڕاشکاوی بیڵێن ؟؟! دۆخی خەڵکەکە کە لە پارساڵ خراپتر و ژیان سەخترو بژێوی و قات و قڕی و برسێتى زیاتر بووبوو هەمووان بێدەنگ دەبن و کەس هیچ ناڵێت : لەو نێوانە پیرەژنێک بە ئەسپایی و بە دەنگێکى لەرزۆک و کزۆڵە دەڵێت : کوا حەسەنەک ؟؟!! 
پرسیارە جەوهەریەکە ئەمەیە ئەگەر لە ساڵی یەکەم کە هێشتا دۆخی ژیانى خەڵک باشتر بوو لە بری حەسەنەک دەیان حەسەنەک قسەیان بکردایە چەند حەسەنەک بێدەنگ دەکرا ؟ بێدەنگی زۆرێک لە حەسەنەک ناوەکانی ناخی ئێمە دۆخی ژیانمان وێرانتر ئەکات و ئەوان باشتر و ئێمە وەک گەدا دەمێنینەوە !!!!!!
لە کۆتایی ئەو ووتەیەی سەرۆکی فەڕەنسا( شاڕڵ دوگڵ) بۆ تەواو کەری ئەم بابەتە زۆر جوان ئەینەخشێنێت : هیچ شتێک هێندەی بێدەنگی نابێتە هۆی زیاتر کردنی دەسەڵات..
به‌روار: 29/01/2021
بینین: 1374