میژووی جیهان
  عوسمانییەکان لە میرنشینێکی بچووکەوە بۆ ئێمپڕاتۆریەتێک
هامنۆ هەورامی

عوسمانییەکان بە رەچەڵەک لە هۆزێکی تورکی ئاسیای ناوەراست بوون، دواتر لە ترسی شاڵاوەکانی مەنگۆل ناچاربوون لە سەرەتای سەدەی سێزدەهەمەوە کۆچ بکەن بەرەو ڕۆژئاوا، ماوەیەک لەناوچەی جزیرەی باکوری کوردستان جێگیر بوون، پاشان بەهۆی شاڵاوی خواریزمی و شەڕکردنیان لەگەڵ سەلجوقییەکان بە رابەرایەتی توغرول بەگ دەچن بۆ شاری ئەرزنجانی باکوری کوردستان و پاڵپشتی سەلجوقییەکان دەکەن دژی خواریزمییەکان و سەرکەوتنیان بەسەردا تۆمار دەکەن، لە پاداشتی سەرکەوتنەکانیاندا سوڵتانی سەلجوقی چەند زەوییەکی بەپیتی نزیکی ئەنگورە (ئەنقەرە)ی پێدەبەخشێت .
دووتر توغرول بەگ وەک میرێک لە ناوچەکەدا فەرمانڕەوایی دەکات تا کاتی کۆچی دووای کردنی لەنێوان (۱۲۸۱ - ۱۲۸۲) کۆچی دوای دەکات و دوای خۆی کوڕەکەی (عوسمان بەگ) جێگەی دەگرێتەوە و ساڵی (۱۲۹۹) بە رەسمی وەک میرنشینێک دەناسرێن .
دەوڵەتی عوسمانی لە ماوەی دامەزراندنییەوە تاوەکو سەرەتای سەدەی حەڤدە بەردەوام لە فراواخوازیدا بووە و توانیویانە ئاسیای بچوک و زۆربەی کوردستان و عێراق و شام و فەڵەستین و میسر و باکوری ئەفریقا و نیمچە دورگەی بەلقان و ئۆکرانیا و مەجەڕ و کریمیا و ئازۆڤ و قەفقاز و خۆراوای ئێران و بەحرەین و حیجاز و یەمەن بکەنە بەشێک لە دەسەڵاتیان، بەردەوام لە بەربەرەکانێی هێزە ئێرانی و ئەوروپییەکاندا بوون، توانیویانە کۆتایی بهێنن بە دوو دەوڵەتی گەورەی وەک مەمالیک و بێزانتی.
پایتەختەکانی عوسمانی سەرەتا جێگیرنەبووە بەم شێوەیە (سکود، بۆرسە، ئەدەرنە) کە دوای گرتنی قوستەنتینیەی پایتەختی بێزانتی لە ساڵی ١٤٥٣ لەلایەن سوڵتان محمدی فاتیحەوە کرایە پایتەخت و ناوەکەیان گۆڕی بە ئیسلامبوڵ و دواتر کرایە ئیستەنبووڵ .
تاکو لە ساڵی (۱۹۲۳ - ۱۹۲٤) بەهۆی کودەتای ئەتاتورکەوە سوڵتان عبدالمجیدی دووەم دەرکرا بۆ شاری نیسی فەڕەنسی و کۆتایی هێندرا بە دەوڵەتی عوسمانی و تورکیای نوێ جێگەی گرتەوە .


ناوی فەرمانڕەوا و سوڵتانەکانی عوسمانی :

عوسمانی یەکەم کوڕی ئۆرتغرۆل
ئۆرخانی کوڕی عوسمان
مورادی یەکەم کوڕی ئۆرخان
بایەزیدی یەکەم کوڕی موڕادی یەکەم
محەمەدی یەکەم کوڕی بایەزیدی یەکەم
موڕادی دووەم کوڕی محەمەدی یەکەم
سوڵتان محەمەد فاتیح
بایەزیدی دووەم کوڕی محەمەد فاتیح
سەلیمی یەکەم کوڕی بایەزیدی دووەم
سوڵتان سولەیمان قانونی
سەلیمی دووەم کوڕی سولەیمان قانونی
موڕادی سێیەم کوڕی سەلیمی دووەم
موحەمەدی سێیەم کوڕی موڕادی سێەم
سولتان ئەحمەدی یەکەم
سوڵتان مستەفای یەکەم
سوڵتان عوسمانی دووەم
سوڵتان موڕادی چوارەم
سوڵتان ئیبراهیم
سوڵتان محەمەدی چوارەم
سوڵتان سولەیمان خان
سوڵتان ئەحمەدی دووەم
سوڵتان موستەفای دووەم
سوڵتان ئەحمەدی سێیەم
سوڵتان مەحموودی یەکەم
سوڵتان عوسمانی سێیەم
سوڵتان موستەفای سێیەم
سوڵتان عەبدول حەمیدی یەکەم
سوڵتان سەلیمی سێیەم
سوڵتان مستەفای چوارەم
سوڵتان مەحمودی دووەم
سوڵتان عەبدول مەجیدی یەکەم
سوڵتان عەبدول عەزیزی یەکەم
سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم
سوڵتان محەمەدی پێنجەم
سوڵتان محەمەدی شەشەم
سوڵتان عەبدولمەجیدی دووەم
به‌روار: 17/09/2019
بینین: 1897