میژووی جیهان
  زنجیرەی ناساندنی ئایین و بیروباوەڕەکان بەشی شەشەم
هامنۆ هەورامی

ئایینی هندۆسی (ساناتانا دارما) 

یەکەم/ سەرەتا :
ئایینی هندۆسی یەکێکە لە دیارترین و دێرینترین ئایین و باوەڕەکانی نێو گەلانی ئاری مێژووەکەی بۆ نزیکی (٦۰۰۰) ساڵ زیاتری پێش لەدایکبوونی مەسیح دەگەڕێتەوە ، بنەڕەتی وشەکە وشەی (ئیندو : هیندوو)ـوە کە وشەیەکی پارسی دێرینە و واتای ناوچەکانی پاش دۆڵی (ئیندوز) یاخود خەڵکانی پشت ڕوباری (سەند) دەگەیەنێت ،ئەم وشەیەش لەڕوانگە نەتەوەییەکەوە هاوواتای ئایین و باوەڕەکە بووە.
هەروەها جگە لەوەش بە ئایینی براهمایی دەگوترێت کە براهما هەم مەبەست لێی خودای تەنهایە لە فەرهەنگی هندۆسیدا هەمیش ناوی پیاوە ئایینییەکانی ئەم باوەڕەیە.
بەڵام زانایانی ئەم ئایینە ئەم وشانە بە هەڵە دەزانن چونکە زیاتر ڕوانگەیەکی نەتەوەیی پێوە دیارە وە بێجگە لەوەش لە هیچ جێیەکی پەڕتوکی پیرۆزی (ڤێداکان : ویدا) ئاماژە بەم ناوانە نەکراوە ، بەڵام ئەوەی خۆیان بە دروست و ڕاستی دەبینن بەکارهێنانی دەستەواژەی (ساناتانا دارما)یە مەبەست لێشی ـ ئایینی نەمرـ ـە ، هەروەها دەستەواژەی (ڤێدیك دارما) کە واتاکەی ئایینی ڤێداکانە ،هەر بۆیە باشتە لەجێی هندۆیی ئەم دوو وشەیە بەکاربهێنین چونکە ئاییندارانی خۆیان بەم جۆرەیان پێ قبوڵە.

دووەم/ فەلسەفی ئایینی ساناتانا دارمایی :
لەسەردەمانی کۆندا باوەڕداران باوەڕیان بە تەوتەمی یاخود پەرستنی ڕەگەز و هێز و ماکە سرووشتییەکان هەبوو ، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات براهما وەک تاکەخودا لەلایان ناسرا و باوەڕداربوون پێی ، گەیشتنە ئەو بڕوایەش کە گیانی سەرجەم زیندەوەران لە براهماوە پێیان بەخشراوە ، باوەڕیشیان وابوو کە کۆتایی ڕۆحێک سەرەتای دەستپێکردنی ڕۆحێکی دیکەیە ، ئەو دیاردەیەشیان بە (نرڤانا) ناوبردووە ، هەربۆیە ئەوان پێیان وابوو کە گەیشتنە نرڤانا پێویستی بە ڕزگاربوون هەبوو لە ئارەزووەکانی ژیان و خۆشەویستی دەسەڵات ، بۆیە گەیشتن بە ژیانی فانی گەیشتنبوو بە نەمری هەمیشەیی . هەربۆیە بەراهیمییەکان هەوڵی ئەوەیاندا باوەڕدارانی براهیما لەسەر ژیانی چاکە و دوورکەوتنەوە لەخراپەکاری پەروەردەبکەن ، تا بە ژیانی نەمری کە لای ئەوان بە نرڤانا ناسرابوو بگەن.
بەڕاهیمییەکان باوەڕیشیان بە (لەبەرگرتنەوەی گیان) لە بوونەوەرە زیندووەکانی وەک مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەکدابوو ، کەپێیانوابوو یاسایەك فەرمانڕەوایی دەکات ، بەڵام جیاوازی نێوانیان پەیوەست بوو بەجۆری کار و ئەو هەڵسوکەوتەی کە زیندەوەران لە ژیانیاندا کاریان پێدەکرد.
هەروەها لای ئەوان ژیانی ئایینی بە بیرێکی ترەوە بەسترابوو، کە بەیاسای (کارما) ناسرابوو وە یاسای (ژیان)یشی پێدەگوترا ، ئەم یاسایەش پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە (پاراستنی چاکە چاکەیە و سزای خراپەش خراپەیە) ، بۆیە خەڵکی ئارەزووی بوایە بەخۆشی بگات یان پێی نەگات لەدەست خۆی دابوو ، خۆی بەری ڕەنجی خۆی دەخوارد ، نەوەک بەهۆی هێزێکی تر ، قوربانیکردن و پاڕانەوە.

سێیەم/ فەلسەفەی غەنوسی و پەیوەندی بەم باوەڕەوە :
غەنوسی یان گنۆستیسم فەلسەفەیەکی کۆنی هیندییە و تێکهەڵکێشی باتینی ئایین و باوەڕەکانی هیندۆییە لەگەڵ فەلسەفەکانی دیکە و شێوەیەکی عیرفانی لێ دەرهێنراوە و بە گەنوسی ناسێندرا.
فەلسەفەی گەنوسی ڕاڤە ومانای جیاوازی ماریفی و ڕۆشنگەرایی و ڕزگاربوون و ئازادبوونە بۆ ئەوەی یەکبگرێت لەگەڵ خودای کردگادا ، بۆ پەیڕەوکارانی ئەم پڕۆسەیە لەڕێگای زوهد و بەخشینی سەروەت و سامان بە هەژاران و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دانایی لەڕێگەی چاکەکردن لەگەڵ کەسانی دیکەدا.
دیرۆکی ئەم فەلسەفەیە دەگەڕێتەوە بۆ (ِ۱۰۰) ساڵی پێش لەدایکبوونی مەسیح.
ئەمانە بڕوایان بەدوو خودا هەیە ، خودایەک کە باڵادەستە لەگەردووندا نادیارە و شاراوەیە ، خودایەکی دیکەش کە مادییە یان خودای خراپەکاری ناوی دەبەن ، ئەم خودا خراپەکارە جیهانی ماددی دروستکردووە تەنانەت خودی مرۆڤ ئەو دروستی کردووە بەو پێیەی گوایا کە مرۆڤ ماددەیە.
جیهانبینی گەنوسییەکان بەوجۆرەیە که خودای ماددە ڕۆحی مرۆڤەکانی زیندانی کردووە لەلاشەیدا بڕوایان وایە کەخودای شاراوەکە واتا خودای نادیار تێکەڵبووە لەگەڵ لاشەی مرۆڤەکاندا ، ئەم خودا نورانییە وایکردووە کە لەناو ناخی مرۆڤدا خۆی جێگا بکاتەوە شێوەبوونی خودایەک بوونی هەیە لەلاشەی هەموو مرۆڤەکاندا.
وەک لێدانی دڵ لەناخی مرۆڤەکاندا یاخود لەڕۆحیاندا خۆی جێگا کردووەتەوە. پاشان چۆن دەتوانن ڕزگاریان ببێت لەم خودا مادییە دروستی کردوون ، لەڕێگەی ئەم بوونی خودا نادیارەی کە لەلاشەیاندا هەیە و خۆیان ڕزگاردەکەن بەهۆکاری عیرفانییەت تاکو یەکدەگرن لەگەڵ ئەو خودا نورانییە کە خودای ئەزەلی و هەمیشەییە (ئیتحادی خودا لەگەڵ بەندەکانیدا ، هاوشێوەی بڕوای حەللاج) ئیدی بۆ دواجار لەخودای مادییەوە ڕوودەکەنە ئەوخودا نورانییە و دەچنە لای ئەو بە خلودی هەمیشەیی دەمێنننەوە.
پێچەوانەکەشی ئەگەر نەیتوانی خۆی ئازادبکات لەو لاشە مادییە ، بەڵکو کاتێک لاشەی دەمرێت و گیانەکەی دەچێتەوە ناو لاشەی یەکێکی دیکەوە بەردەوام بەزیندانی کراوی دەمێنێتەوە و زۆرجار بەهۆکاری تاوانی زۆری لاشەی ، گیانی تێکەڵ دەبێت بەلاشەی ئاژەڵ و خشۆك و مێرووەکان ئەوانەی کە باشبوون فریای خۆڕزگارکردن نەکەوتوون دەبنە باڵدار و باڵندەکان و گیانیان لەلاشەی ئەواندا زیندانی دەبێت.
ئەم پڕۆسە بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی مرۆڤەکان خۆیان ڕزگاردەکەن لەڕێگای خودای نورانییەوە بە چاکە و عیرفانییەت ، یاخود گیانیان زیندان دەبێت لەلاشەکاندا.


چوارەم/ سەرچاوەکان :

۱. مێژووی ئایینەکان ـ بەرگی یەکەم ـ د. کەیوان ئازاد ئەنوەر.
۲. چەمکی خودا و وەڵامی پرسیارەکان لەسەر ئیسلام ـ د. زاکیر نایک ـ وەرگێرانی : محمد شێخانی 
۳.لێکچووەکانی ئاینە سەرەکییەکان ـ د. زاکیر نایک ـ وەرگێرانی : ابوبکر احمد خدر
٤. مەملەکەتی شەیتان ـ کتێبی یەکەم ـ ماکوان کریم
٥. کورد لەسەرچاوە مێژووییەکاندا ـ عبدالله قەرەداغی 
٦. ئەرشیفی تایبەتی نووسەر.
به‌روار: 28/08/2019
بینین: 1375