مێژووی کورد
  ئیبن ئادەمی باڵەکی و یەکەم قۆناغی سەلەفیەت لە کوردستان:
هامنۆ هەورامی


ڕێبازی سەلەفیەت یەکێک بووە لە ڕێبازەکانی ناو ئیسلام کە توانی لەماوەیەکی کەمدا شوێنکەوتوویەکی زۆر بۆخۆی دروست بکات.
من لێرەدا نامەوێت بێم باسی ئەوە بکەم کە مێژووی سەلەفیەت بۆ کەی دەگەڕێتەوە بەڵکو باسی ئەوە دەکەم یەکەم کەس کێ بوو سەلەفیەتی هێنایە کوردستان.

یەکەم/ سەرهەڵدان و هۆکاری هاتنی سەلەفیەت بۆ عێراق و کوردستان:
ئەو کاتەی داود پاشا والی بەغداد بوو لە دووای ئەویشەوە بیرۆکەی چاکسازی لە ئایندا ڕوویدا کە ڕێبەرانی بریتی بوون لە:
(جمال الدین ئەفغانی ، شێخ محمد عبدە ، شێخ رشید رضا ، شێخ محمد بن عبدالوهاب و هتد .....)
کەلە میسڕ و حیجاز بە دوو شێوازی جیاواز سەری هەڵدا ، کە کاریگەری لەسەر هەبوو زانایان و ڕۆشنبیرانی جیهانی ئیسلامی دروست کردبوو ، بەتایبەت لەوکاتەدا زۆربەی گەلانی ئیسلامی کاریگەری سۆفیزم و ڕێبازە لادەرەکانی لەسەر بوو ..! بیدعە و خوڕافات زۆر بڵاو ببۆوە ، کە خۆی بنەچەی لە خۆرەڵاتەوە لە هندۆسیەت و سیخی و هتد .... وەرگیرابوو و خزێندرابوونە نێو بیروباوەڕی ئیسلام و لە خەڵک کرابوو بە ئاین .. ئەو زانایانەش بە نیازی چاکسازی و دوورخستنەوەی ئەو بیرو باوەڕانە لە عەقیدە و تەوحیدی پاکی ئیسلام بکرێتەوە.
ئەو بیروباوەڕە چاکسازیانە دوواتر گەیشتنە بەغداد و پێشوازی گەرمی لێکرا ، دوواتر بەهۆی زانایەکی زۆری کوردەوە لە بەغداد گوازرایەوە بۆ کوردستان ، لەوکاتەدا سەرسەختترین زانای کوردی ناودار (ابن ئادەم باڵەکی ) بوو لەناوچەی باڵەکایەتی و سۆران و هەولێر کە زۆر بە گەرمی بەرگری لەو بیروباوەڕانە دەکرد و حوجرە و قوتابیەکانیشی پێوە خەریک کردبوو و تەمەنیشی بەو بانگەوازەوە خەریک کرد .

دووم/ ابن ئادەم کێیە (ژیاننامەی):

شێخ محمد ابن ئادەمی باڵەکی:
ئیبن ئادەم زانای بلیمه‌تی ئایینی و گەردونناسی كورد محمد كوڕی ئاده‌م كوڕی عبد الله و ناسراو به (ابن ادم باڵەکی) له ساڵی ١١٦٠ی كۆچی به‌رامبه‌ر به ١٧٤٧ی زاینی له گوندی (ڕوستێ)ی سه‌ر به‌ناوچه‌ی (باڵه‌کایەتی) له پارێزگای ھەولێر هاتۆته دنیاوە.

له سه‌رده‌می منداڵیدا له‌لای باوكی ده‌ستی به خوێندن كردووه له دوایدا له‌لای زانای به‌ناوبانگ مه‌لا عبد الله بایه‌زیدی سوخته‌ی زانای مه‌زنی كورد سیبغه توڵڵای حه‌یده‌ری درێژه‌ی به خوێندنه‌كه‌ی داوه، ئینجا بۆ ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ی له ساڵی ١١٩٢ی كۆچی به‌رامبه‌ر به ١٧٧٨ی زایینی چووه‌ته شاری مه‌هاباد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بۆ فێربوونی زمانی فارسی، ئینجا گه‌ڕاوه‌ته‌وه باشووری کوردستان له‌شاری ڕەواندزی پایته‌ختی میرنیشینی سۆران نیشته‌جێ بووه‌ ، لە سی ساڵیدا هەموو زانستەکانی تەواو کردووە ، و پاشای کۆرە ڕێزێكی زۆری لێناوه و ئه‌ویش ده‌ستی داوه‌ته وانه گوتنه‌وه و په‌رتووک دانان و کۆمەڵێک دانراوی هەیە لە زانستی عەقڵی و نەقڵیدا، کە نزیکی پەنجا نوسراو دەبن و ئێستاش زۆربەیان لای نەوەکانی ماوەتەوە . دوای ماوەیەکیش محەممەد پاشا کردوویەتی بە ڕاوێژکاری خۆی.

سێیەم/ کەسایەتی و هەستی نەتەوایەتی لای ئیبن ئادەم:
ئیبن ئادەمی باڵەکی زانایەکی مەزن و فەیلەسووفی زەمانی خۆی بوو، هەڵکەوتەیەکی مەرجەعی بوو بۆ زانا کوردەکان گیانێکی نەتەوەیی پاکژی هەبوو بەرامبەر بە گەلەکەی ، زۆر گرنگی داوە بەو هەواڵانەی کەپەیوەندیان هەبووە بە گەلی کورد و میرنشینە کوردییەکانەوە ..
یەکێک لە کتێبەکانی بەناوی ( مشکاة المنقول) بەکوردی دایناوە ، زانایانی تری کورد زمانی ئەوکاتە ڕەخنەیان لێگرتووە ، گوتویانە دروست نییە تا عەرەبی هەبێت بە کوردی شت بنوسی ، چونکە زمانی قورئانە ، ئەویش لە حاشیەکەیدا دەفەرموێت:
(سەرم سوڕما لە گوتنی ئەو مەلایانە ، ئەوانە وەکو هێلکەی لە تووکڵەی خۆی هاتونەدەر).
واتە:هێلەکە بە توێکڵی خۆی ڕازی نییە ، ئەوانیش بە قەومی خۆیان ڕازی نین ...
سەرەڕای ئەوەی زانایەکی زۆر بەرز بوو بەڵام ابن ئادەم کەسایەتیەکی توند و توڕەی هەبووە و بەزۆر ڕای خۆی فەڕز کردووە ، هەر لەبەر ئەو توندیەشی بووە کە ڕێبازی سەلەفیەت زۆر گەشەی نەکردوو بەڵکو بگرە بەرامبەرەکانی لە تصوف و ڕێبازەکانی قادری و نەقشبەندی زیاتر گەشەیان کرد.
سەرەڕای ئەوە مرۆڤێکی هەق و ڕەق بووە ، لەسەر مرۆڤی هەژار و بێدەسەڵات بەجواب هاتۆتەوە ، هەوەسی بە زۆردار نەهاتووە ، هەوڵی داوە بۆ لەناوبردنی هەندێک ئاغا و دەرەبەگ و کۆلکە شێخی زۆردار ، هەربۆیە ئاغا و بەگ و شێخەکان هەوەسیان پێ نەهاتووە ، لەبەر ئەوە هەمیشە لە کۆچ و بار بووە و لەهیچ جێگەیەک جێگیر نەبووە ، هەروەها دژی کۆلکە شێخەکان وەستاوەتەوە و زۆر توند بووە بەرامبەریان ، تەنانەت بەفەرمانی ئەم فەقێیەکانی کۆلکە شێخی بەردە کوڕەی کوشتووە و ئاغایەکیشیان سوتاندووە لەسەر ئیشی ناشەرعی و زوڵم و رۆر.

چوارەم/ئیبن ئادەمی باڵەکی و میرانی سۆران:
مستەفا بەگی باوکی پاشای کۆرە کە ئەوکات لە تەنگەژەیەکی سیاسی ناوخۆی میرنشینەکەیدا بوو ، ویستی محمدی کوڕی بکاتە جێنشینی خۆی بۆیە هەرلەسەرەتاوە ئامادەکاری بۆ کرد .
ئەوکات ئیبن ئادەم خاوەن مەدرەسەیەکی ئاینی سەلەفی بوو لەناوچەی باڵەکایەتی و سۆران.
سەرۆکی زانایانی ناوچەکە و حوجرەیەکی قەرەباڵغ و کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی هەبوو .
بۆیە لای میر مستەفا بەگ زۆر جێی بایەخ بووە بۆیە کوڕەکەی (میر محمدی ڕەواندوز = پاشای کۆرە) دەخاتە بەردەستی و ئیبن ئادەم وەک مامۆستا هەموو شتێکی فێردەکات.
دوواتر کە پاشای کۆرە دێتە سەر دەسەڵات مەدرەسە و مزگەوتێکی لە قەڵا تیلوکان لە دەرەوەی شورای ڕەواندوز بۆ دروست دەکات و دەیکاتە موفتی میرنشین.
بەڵام لەبەر ئەوەی لەهەندێ بڕیاری پاشای کۆرە لە قەتڵ و عامی بێ بەزەییانەی مام و ئامۆزا و خزمان و خەڵکی تر لە ژن و منداڵی کورد ، کەلەگەڵ شەرعدا نەدەگونجا ، ئیبن ئادەم لە فەتوادان بۆیان خۆی دەپاراست کە میر دەیویست بۆی بشەرعێنێت ، ئەمە بووە هۆی ناکۆکی لەگەڵ میردا و وازی هێنا ، بەڵام ابن ئادەم یەکێک لە قوتابیە زیرەکەکانی خۆی کردە موفتی میرنشین کە ئەویش محمد ئەفەندی شێخ سلێمانی ( مەلای خەتێ) بووە.
دوواتر بەهۆی ئەو ناکۆکیەوە ناچاربووە ڕەواندوز بەجێبێڵێت و چووەتەوە گوندەکەی خۆی (گوندی ڕۆست) پاشان لەوێش باری کردووە بۆ دێی (دێلزە).

پێنجەم/ گرنگترین قوتابیەکانی:
(مەولانا خالیدی نەقشبەندی ، مەلا عبدالله جەلیل زادە (باوکی مەلای گەورەی کۆیە)، محمد خطێ ئەفەندی شێخ سلێمانی (مەلای خەتێ).
دووای ئەمیش ئەو زانایانە درێژەیان بە ڕێبازەکەی ابن ئادەم داوە و مەلای گەورەی کۆیە و حاجی قادری کۆیش هەر لەسەر هەمان ڕێبازی ئەو زانایە بوون.

شەشەم/ کۆتایی ژیانی:
دووای ئەوەی ناکۆکی دروست بوو لەنێوان ابن ئادەم و پاشای کۆرە ابن ئادەم وازی لە موفتیەتی هێناو گەڕایەوە زێدی خۆی واتە گوندی ڕۆست و دوواتریش بۆ گوندی دێلزە لەوێ نیشتەجێ بوو خەریکی نوسین و وانە وتنەوە بوو تاكو له ساڵی ١٢٥٢ی كۆچی به‌رامبه‌ر به ١٨٣٦ی زاینی له گوندی دێڵزه‌دا كۆچی دوایی كردووه.

سەرچاوەکان:
۱.فەتواکەی مەلای خەتێ ئەفسانەی مێژوونووسێک - نوسینی: حسن محمود حمە کریم - چاپی یەکەم - ۲۰۰٦ ز.
۲.ماڵپەڕی جیهانی ویکپیدیا.
۳.مەلای خەتێ لەنێوان هەقیقەت و خیانەتدا - حیدر عبدالله
به‌روار: 14/09/2019
بینین: 2229