میژووی جیهان
  زنجیرەی ناساندنی ئایین و بیروباوەڕەکان بەشی سێیەم ئایینی میترائیزم
هامنۆ هەورامی

یەکەم / سەرەتا 

ئایینی میترائیزم 
وەک لە بەشی پێشوودا باسێکی کورتمان لەسەر سەرهەڵدانی ئایین کرد ئەمڕۆ هەوڵدەدەین تیشکێک بخەینە سەر کۆنترین ئایینی مێژوویی کە ئەویش ئایینی میترائی یاخود میهر پەرستییە.
میترائی بریتی بووە لەو باوەڕەی کە پەرستش و پیرۆزیان بۆ خۆر کردووە مێژووەکەی هێندە دێرینە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش جیابوونەوەی هیند و ئێرانییەکان کە بە نزیکی شەش هەزار ساڵ بەر لە ئێستا مەزەندە کراوە ، کاریگەری و پیرۆزییەکی بەهێزی لەسەر هندۆیی و زەردەشتی و یارسانی و ئێزدی و مەسیحی بەجێهێشتووە ، پلەوپایەی هێندە بەرزە ڤێدا و ئاڤێستا خستویانەتە پاڵ ئێزدە مەزنەکان.

دووەم / بیروباوەڕیان :
بیروباوەڕی میترائییەکان شێوەیەکی سەیری هەبووە چونکە تاڕادەیەک خۆیان پاراستووە لەدەرخستنی زانیارییە تایبەتییەکان ، گەر کەسێک لەدەرەوەی ئایینی میترائی بوایە خۆیان لەپێدانی زانیاری پێی دەپاراست ، واتە بەشێوەی یارسان (کاکەیی)یەکانی ئێستا ، بەڵام لەهەمانکاتیشدا ئایینێکی تەبشیری بووە واتا بانگەوازیانکردووە بۆ ئایینەکەیان ، وەک باسیش دەکرێت ئەوەی وەهای کردووە کە ئەم ئایینە لەلای خەڵک قبوڵبکرێت و بەخێرایی برەوبسێنێت پاکداوێنی و ڕەوشتبەرزی هەڵگرانی ئایینەکە بووە.
ئەو زانیارییە کەمەشی لەڕووی بیروباوەڕەوە پێمان گەیشتووە دەتوانین لەچەند خاڵێکدا کورتی بکەینەوە و ئاماژەی پێبدەین :

۱. میترا لەزاگرۆس لەدایکبووە لەئەشکەوتێکدا ، دوای لەدایکبوونی شوانەکان پەرستوویانە ، دوایی کۆچی دوایی ڕۆحی چووەتە نێو خۆرەوە و خۆر بەفەرمانی ئەو دەجوڵێتەوە ، هەربۆیە گوتراوە میترائییەکان خودی خۆر ناپەرستن بەڵکو ئەو ڕۆحە دەپەرستن لەنێو خۆردایە.
۲. پلەبەندی خودایی هەبووە لە میترائیدا کە پێیانوەها بووە میترا خودای مەزنە و لەخوار ئەویشەوە کۆمەڵێک خوداوەندی بچوک هەن.
۳. لەگەڵ بڵاوبووونەوەی ئایینەکەدا و ڕۆشتنی بەرەو ڕۆژئاوا وەک یەکەم خوداوەندی ئێرانی زەمین زورڤان و چەندین خواوەندی دیکەشی لەکەڵ ناسێندران.
٤. بنەمای سەرەکی ئەم ئایینەش لەسەر پەرستشی (ئاگر ، هێزەکانی سروشت ، ئەفسانە) بووە.
٥. گرنگیان بەسیحر و جادوو داوە.
٦. باوەڕیان وەهابووە کە ڕۆح هەمیشەیی و هەتاهەتاییە و بەردەوام دەمێنێتەوە.
۷. باوەڕیان بە کاریگەری ئەستێرەی (خۆشبەختی و نەگبەتی) لەسەر چارەنووسی مرۆڤ هەبووە. 
۸. باوەڕیان بەکاریگەری خەو لەسەر ژیانی مرۆڤ هەبووە ، لەم بوارەدا دەستیانداوەتە لێکدانەوەی خەونەکانیان.

سێیەم/ فەلسەفەی ئایین و پەرستشەکانیان :
فەلسەفەی ئایینی میترائی چەند لایەنێکی جیاوازی گرتووەتەوە ، بەجۆرێک کە جەختکراوەتەوە لەسەر لایەنێکی گرنگ کە ئەویش میثۆلۆجیا و ئەفسانە بووە ، هەروەها گرنگیدان بە پەروەردەیەکی ڕەوشتی بەرز و کردارچاکی مرۆڤەکان.
سەبارەت بە پەرستشەکانیش وەک هەموو لایەنەکانی دیکەی ئەم ئایینە ناتوانین بەڕەهایی دیاریبکەین ئایا پەیڕەوکارانی ئەم ئایینە پەرستشیان چی بووە هەم بەهۆی لەناوبردنی بەشێکی زۆری شوێنەواریان بەدەستی حاکمە زەردەشتی و مەسیحییەکان لەڕۆژگاری خۆیاندا چونکه هەڵگرانی ئەم ئایینەیان بە ئەفسانەپەرست و جادووکەر تۆمەتبارکرد ، هەم بەهۆی پارێزکاری خۆشیان لەدرکاندنی نهێنییەکانیان ، بەڵام سەرەڕای ئەوەش توانیومانە کەمێکیش بێت زانیاریمان لەم ڕوانگەیەوە دەستبکەوێت :

۱. نوێژ و نیایش : بەهۆی بەپیرۆز زانینی لەڕادەبەدەری خۆر لای میترائییەکان بە ڕادەیەکە ڕۆژانە دووجار کڕنووشی بۆدەبەن و سوپاسگوزاری خۆیان بۆ میترا دەردەبڕن ، کاتەکانی کڕنووشبردنیش ئەمانەن :

ٲ. بەیانیان بەر لە هەڵهاتنی خۆر.
ب. ئێواران پێش ئاوابوونی خۆر.

۲. تێکۆشان و بەرگریکردن لەباوەڕ : یەکەمین ڕێنمایی ئایینی میترائیزم بۆ پەیڕەوکارانی لەسەردەمی خۆیدا ، ئاشناکردنیانبووە بەجۆرەکانی چەک و چۆنییەتی سوودوەرگرتن لێیان ، لەوچەکانەش (شمشێر و تیر و گورز) ، هەروەها سوودوەرگرتن لەقەڵغان بۆ بەرگریکردن لەخۆیان دژی ئەو نەیارانەی کە چەکیان بەرامبەریان بەکارهێناوە.
۳. بنیاتنانی پەرستگا : هەڵگرانی ئایینی میتائیزم لەسەردەمی خۆیاندا هەموو ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان لە ئەشکەوتەکاندا جێبەجێکردووە ، یاخود شێوەیەک لە ژێرزەمین ، پەرستگاکانیان لەنزیک سەرچاوەکانی ئاو و ڕووبارەکاندا دروستکردووە ، تاوەکو بتوانن لەباری تایبەتیدا پاریزگاری لەخۆیان بکەن ، بە پەرستگاکانیشان گوتراوە (میهرابخانە).
٤. قوربانی : قوربانیکردن لای میترائییەکان کراوە و ڕێگەپێدراو بووە ، وەک باسدەکرێت هەموو ساڵێک لە مانگی میهردا گایەکیان دەهێنا و دەیانڕازاندەوە و دواتر سەریاندەبڕی و گۆشتەکەیان دەخوارد.

وەک باسیش دەکرێت دوای تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ جیهانی ڕوژئاوادا دابونەریت و هەندێک لەبنەما ئایینییەکانیان لەگەڵ ڕۆژئاوادا تێکەڵبوو و دووچاری گۆڕانکاری هات.

چوارەم / مێژوو و بڵاوبوونەوەیان :
لەسەرچاوە مێژووییەکاندا بەو جۆرە باسکراوە کە ئایینی میترائیزم زیاتر لە (۲۰۰۰) ساڵ باڵادەستی بەسەر (زەردەشتی ، یەهودی ، مەسیحی)یدا هەبووە.
پڕۆفیسۆر ئارتور کریستەنسن لە کتێبی (ایران در عهد ساسانیین)دا نووسیویەتی :
میترا لای بایلییەکان خواوەندی ڕووناکی بەرەبەیان بووە ، ئەوانیش لەسەر دینی میترائیزم بوون پێیانوتووە (ئەو خۆرەی کە هەرگیر نابەزێت) .
میترا سەرەڕای ئەوەی لەنێوان ئێرانییەکان و هندییەکاندا خوایەکی هاوبەش بووە ، بەخودای (ژیان و زانست و پەیمان و بەڵێن) دانراوە ، دواتر کاریگەری خستووەتە سەر تەواوی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی.
هەر لە ساڵی یەکەمی لەدایکبوونی مەسیحیشەوە میهرپەرستییەکان دەستیانکردووە بە بانگەواز و بڵاوکردنەوەی ئایینەکەیان و توانیویانە خەڵکانێکی زۆر بهێننە سەر باوەڕەکەیان.
ساڵی (٦۸) لەدایکبوون میهرپەرستی گەیشتە ئەوروپای ناوەڕاست ، لەساڵی (۱۰۷) لەدایکبوون گەیشتە باکوری وڵاتانی بالکان ، لە (۱٤۸) لەدایکبوون گەیشتە ڕۆمای دڵی ئیمپڕاتۆریەت و خەڵکانێکی زۆر لەدەوری کۆبوونەوە ،

تاکو ئێستاش لە وڵاتانی (ئیتاڵیا ، ئەڵمانیا ، فەڕەنسا) شوێنەواری میهرپەرستی ماوەتەوە.
ئەم زۆربوونی شوێنکەوتنە خێرایە وای لە کاربەدەستانی ئیمپڕاتۆری کرد کە ئایینەکە قبوڵبکەن و بیکەنە ئایینی ڕەسمی دەوڵەتداریان ، هەروەها لەنێو سەربازانی سوپای گریکیدا بەئاستێکی بەرچاو خۆشەویستیان بۆئەم باوەڕدارییە دروستبوو چونکە بەهێمای خوداوەندی جەنگاوەران چاویان لێکردووە.

پێنجەم / کۆتایی و لەناوچوونیان :
لەسەردەمی دەوڵەتی ئەشکانیدا هێشتا ئایینی میترائی برەویبوو لەنێو گەلانی ئێراندا ، بەڵام دوای کودەتاکەی ئەردەشێری کوڕی بابکی ساسان بەهاوکاری موغە زەردەشتییەکان و لەناوبردنی بنەماڵەی پارتەکان ، ئیدی دوای هاتنە سەر دەسەڵات دەستیان کرد بەلەناوبردنی شوێنکەوتوو و شوێنەوارەکانی میترائی و ئەشکانییەکان و بەجۆرێک تەنها لە چیاکانی ڕۆژئاوا ئیمپڕاتۆریدا (چیاکانی کوردستان) شوێنکەوتەکانی میترائی مانەوە کەبۆ پاراستنی خۆیان پەنایان بۆ ئەو جێیە پارێزراوە ببەن.
لەوێشەوە دووبارە لەسەر پەیڕەوی ئایینی خۆیان مانەوە ، بەمجۆرە لەم ناوچانەدا ئەم ئایینە قەدەغەکرا و هەروەها لە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمیدا دوای هاتنی کۆستێنتین کە ئایینی مەسیحیەتی قبوڵکرد و کردیشی بە ئایینی ڕەسمی دەوڵەت ، ئەمەش وایکرد بەیەکجاری خۆری میترا لە زەویدا ئاوابێت.


شەشەم / سەرچاوەکان :
سەرچاوەکان :
۱. ئێرانی سەردەمی ساسانییەکان ـ ئارتور کریستنسن ـ وەرگێڕانی بۆ فارسی : ڕەشید یاسەمی ـ وەرگێڕانی بۆ کوردی : سەڵاحەدین ئاشتی 
۲. گەوهەری ژمارەیەک لە تێکست و دەستنووسەکان ـ کتێبی یەکەم ـ ئەیوب کوێخا ڕۆستەم
۳. نهێنیەکانی ئاینی میترایی ـ فرانتس کۆمۆن ـ وەرگێڕانی : فەرهاد عزیز خۆشناو
٤. دونیای زەردەشتییەت ـ بەرگی یەکەم ـ (گەڕانەوە بۆ مێژوو) ـ هامنۆ هەورامی (دەستنووس)
٥. کورد و زەردەشتییەت ـ ئامادەکردنی : د.عوسمان علی و دیدار عوسمان
٦. هەورامان ـ بەرگی یەکەم و دووەم ـ ئەیوب کوێخا ڕۆستەم
به‌روار: 25/08/2019
بینین: 2063