ئەدەب و هونەر
  سەرقەلە میک لەسەر نوسینی شعر بەشیوازی کلاسیک
نەبەز پێنجوێنی
زنجیرە بابەتێکی ئەدەبیی (۲)
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرەقەڵەمێک لەسەر نووسینی شێعر بە شێوازی کلاسیک.


سەرەتا:
باسێک لەسەر کێشی عەرووزی عەرەبیی:
کاتێک باسی شێعری کلاسیک دەکەین دەستبەجێ ئەو زانستە دێتە زیهنمانەوە کە کۆڵەکە و بناغەی نووسینی ئەم شێوازەیه لە شێعر کە پێی دەوترێت زانستی عەرووز.
عەرووز زانستێکە بۆ هاوسەنگیی و میزانکردنی کێشی شێعر.
ئەم زانستە لەلایەن زانای عەرەب (خەلیلی کوڕی ئەحمەدی فەراهیدی)ەوە دانراوە، کە ساڵی (۷۱٨)ی میلادیی لە شاری (عەممان) لە دایک بووە و لە ساڵی (۷٨۹)ی میلادیی لە شاری (بەسڕە) کۆچی دوایی کردووە.
کاتێک ئەم زانایە دەچێت بۆ وڵاتی (حیجاز) بۆ بەجێهنانی فەریزەی حەج، لەوێ لە ناوچەیەکی نزیک شاری (تائیف) ئەمێنێتەوە کە ناوی (عروض)ە، لەوێ دەست دەکات بە نووسینی ئەم زانستە و، بەناوی ئەو ناوچەیەی کە زانستەکەی لێ نووسیوە، بڵاوی دەکاتەوە.
ئەم زانستە، کە بۆ کێشی شێعری عەرەبیی نووسراوە، دوای بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەناو ئەو وڵاتانەشدا بڵاو بوەوە کە عەرەب نەبوون، لەوانە گەلی کورد.
بۆچوونی جیاواز هەیە کە کورد ئەم زانستەی لە ڕێگەی عەرەبەوە وەرنەگرتووە بەڵکو لە فارس وەریگرتووە.
هەر چۆن بێت ئەم زانستە بە درێژایی چەند سەدەیەک شێعری کوردیی پێ نووسراوە تا وای لێهاتووە بۆتە بەشێک لە کەلەپووری ئەدەبی کوردییمان.
شێعرەکانی (باباتاهیر) و (مەلای جزیریی) و (ئەحمەدی خانیی) تا دەگاتە شاعیرانی سەدەی نۆزدەهەمینی سۆران وەکو (نالی) و (سالم) و (کوردی) و (مەحوی) و (وەفایی) و (حاجی قادری کۆیی) و زۆری تر بەم کێشە (عەرووز) شێعریان نووسیوە.
لەڕابوردوودا ئەم زانستە لە حوجرەکانا لە پاڵ زانستەکانی تردا دەخوێنرا و بایەخی تایبەتی پێ ئەدرا. تەنانەت هەندێک زانای کورد کتێب و نامیلکەی تایبەتیان لەسەر ئەم زانستە نووسیوە، لەوانە: (مەلا عەبدوڵڵای بێتووشیی) بەناوی (شرح منظومة الكافی في العروض و القوافي).
(شێخ مارفی نۆدێیی) بە شێعر نامیلکەیەکی نووسیوە.
(مەلا ئەمین موفتی) کوڕی (مەلا ئەحمەدی چاومار) کە لەنێوان (۱۲۲۲ ـ ۱۳۱٥) کۆچییدا ژیاوە، نامیلکەیەکی لە زانستی عەڕووزدا داناوە بەناوی (القواعد الوافیة بمهمات علمي العروض و القافیة).
گەرچی ئەم جۆرە کێشە لە ڕابوردوو تا ئێستایش شێعری کوردیی پێ دەنووسرێت بەڵام بۆچوونی پسپۆڕانی بواری زمان و ئەدەب و وێژە پێیان وایە ئەم کێشە ناتوانێت کوتومت کاڵا بەقەد باڵای شێعری کوردیی بێت چونکە (کێش لای هەموو نەتەوەکانی جیهان وەک یەک و یەک جۆر نین و، گۆڕانکاریی بەسەردا دێت) هەر بۆیە شێعری نوێی کوردیی تا ڕادەیەک پشتی لەم جۆرە کێشە کرد و شاعیرانی کورد ڕوویان لە کێشی خۆماڵیی کرد.
هەر چۆن بێت تا ئێستایش لای زۆر شاعیر ئەم کێشە بایەخی پێ دەدرێت و پێیان وایە ئەگەر کێشی عەرووزی عەرەبیی لە هەندێک شوێن و حاڵەتی تایبەتییدا نەتوانرێت وەڵام بە کێشی زمانی کوردیی بداتەوە بەڵام حاڵەتەکان زۆر زەق و دیار نین و ئاهەنگ و مۆسیقای ئەم کێشە بۆ نووسینی شێعر بایی ئەوەیە کە پشتی تێ نەکرێت و سوودی لێ وەربگیرێت، بەتایبەت چەند بەحرێک کە زۆر ئاسان و گونجاوە بۆ نووسینی شێعری کوردیی، وەک بەحرەکانی (هەزەج) و (ڕەمەڵ) و (ڕەجەز) و (سریع) و (بەسیت) و (موزاریع).
به‌روار: 16/07/2019
بینین: 2591