وەڵامدانەوەی گومانەکان
  ئایا ئیسلام کوشتاری دەوێت؟
هامنۆ هەورامی

ڕوونە ئیسلام کە ناوی دەهێنین، تەنها ڕوانگەیەکی ڕۆحانی و فەردی نییە، بەڵکو سیستم و دەسەڵاتیشە، دوانە لەسەر چەندین باسی لەم جۆرە، بۆ وێنە:
سیاسەت، دەسەڵاتداری، دەستوور و یاسا، هەروەها لەسەر لایەنی سەربازیش دواوە.
هەر بۆیە ئیسلام باس لە جیهاد و تێکۆشان دەکات، بەڵام بەپێی ئەحکام و یاسا و پێویستی خۆی، داوای شەڕ دەکات، بەڵام بە ڕیکاری خۆی. لە فیقهی ئیسلامیدا بابێك هەیە بەناوی (الهدنة والذمة والامان)، الهدنة لە شەرعدا بۆ پەیمانبەستن بەکاردێت لەلایەن سەرکردەی موسلمانانەوە لەگەڵ سەرانی بێباوەڕاندا هەتاکوو شەڕ نەکرێت و ئاشتی ڕابگەیەندرێت، ئیدی تا مەودایەکی ئێجگار زۆریش درێژە بکێشێت هەر زۆر ئاساییە، وە ئەمە پێشی دەگوترێت: مهادنة و موادعة و معاهدة. ئەمەش لە پشت بەستن بە چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆزەوە هاتووە، بۆ نموونە:

{وَإِن جَنَحُواْ لِلسَّلْمِ فَاجْنَحْ لَهَا وَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ﴿٦١} الانفال
واتە: جا ئه‌گه‌ر (دوژمنان) به‌لای ئاشتیدا دایانشکاند و حه‌زیان پێکرد تۆش (ئه‌ی محمد (صلى الله عليه وسلم)، ئه‌ی پێشه‌وا) ئاماده‌یی خۆت ده‌ربڕه‌ و پشت به‌خوا ببه‌سته‌ چونکه‌ به‌ڕاستی ئه‌و زاته‌ بیسه‌ر و زانایه‌.


هەروەها پەروەردگار جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە موسڵمانان پابەند ببن بەو عەهد و پەیمانەوە و خیانەتی تێدا نەکەن، هەروەك چۆن فەرموویەتی:

{كَيْفَ يَكُونُ لِلْمُشْرِكِينَ عَهْدٌ عِندَ اللَّهِ وَعِندَ رَسُولِهِ إِلاَّ الَّذِينَ عَاهَدتُّمْ عِندَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ فَمَا اسْتَقَامُواْ لَكُمْ فَاسْتَقِيمُواْ لَهُمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُتَّقِينَ ﴿٧﴾} التوبة
واته: چۆن په‌یمان ده‌بێت بۆ هاوه‌ڵگه‌ران (ئه‌وانه‌ی که‌ چه‌نده‌ها جار په‌یمان ده‌شکێنن)، لای خوا و لای پەیامبەرەکەی (په‌یمان نابێت)؟! جگه‌ له‌وانه‌ی که‌ له‌ پاڵ مزگه‌وتی حه‌رام و (که‌عبه‌دا) په‌یمانتان (له‌گه‌ڵیاندا مۆرکرد) هه‌تا ئه‌وان پابه‌ند و ڕاست و دروست بن له‌سه‌ر په‌یمانه‌که‌یان به‌رامبه‌ر ئێوه‌وه‌، ئه‌وه‌ ئێوه‌ش پابه‌ند و ڕاست و ڕه‌وان بن بۆیان، چونکه‌ به‌ڕاستی خوا پارێزکارانی خۆش ده‌وێت.

هەروەها دەفەرموێت:
يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَوْفُوا بِالْعُقُودِ ۚ المائدة ۱
واتە: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه‌، به‌ئه‌مه‌ك و به‌وه‌فا بن به‌رانبه‌ر به‌ڵێن و په‌یمانه‌کانتان.


هەر لەبەر ئەمەش بووە پەیامبەری ئازیز دە ساڵ ئاگربەستی کرد لەگەڵ هاوبەشدانەرانی مەککەدا لە ئاشتەواییەکەی حودەیبیەدا، هەروەها لە دەستوورنامەکەی مەدینەدا لەگەل یەهوددا ڕێککەوتبوون، سەرنجیش دەدەین تا ئەوان پەیمانیان نەشکاند پەیامبەر هیچی بەرامبەر نەکردن.

هەر بۆیە لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئیسلام وەك دەستوورێکی دەوڵەتداری پەیماننامە و ئاشتینامەی بەستووە و فەرمانیشیان پێکراوە لەسەر عهدەکەیان بمێننەوە و خیانەتی لێنەکەن، هەر بۆیە دەبینین لەم حاڵەتەدا پەروەردگار داوای شەڕی کردووە دژی بێباوەڕان کە پەیمانیان شکاندووە، بەڵگەش بۆ ئەمە فەرموودەی پەروەردگارە کە دەفەرموێت:

{وَإِن نَّكَثُوا أَيْمَانَهُم مِّن بَعْدِ عَهْدِهِمْ وَطَعَنُوا فِي دِينِكُمْ فَقَاتِلُوا أَئِمَّةَ الْكُفْرِ ۙ إِنَّهُمْ لَا أَيْمَانَ لَهُمْ لَعَلَّهُمْ يَنتَهُونَ (۱۲)} التوبة
واتە: خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ په‌یمانه‌کانیان بشکێنن له‌دوای به‌ستنی و گاڵته ‌و تانه‌وته‌شه‌ریان له‌ ئایین و به‌رنامه‌که‌تان ده‌دا، ئه‌وه‌ بجه‌نگن دژی سه‌رانی کوفر، به‌ڕاستی ئه‌وان هیچ په‌یمانێکیان نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی کۆڵ بده‌ن و واز له‌ بێ باوه‌ڕی خۆیان بهێنن.


بۆیە وای دەبینم بابەتەکە ڕوون بێت و سیاقی ئایەت و فەرمووەکان دەوردەبینن کە شەڕکردن لەگەڵ کێدایە.

کەواتە پەیامی ئیسلام هاوسەنکییە لەنێوان شەڕ و ئاشتیدا، ڕۆح و جەستەدا، ڕەچاوی گشت بارودۆخەکانی کردووە بۆ مرۆڤایەتی و نە زیادەڕەوی و نە کەمڕەوی ئەنجام نەداوە.
به‌روار: 17/11/2020
بینین: 2139