وەڵامدانەوەی گومانەکان
  هاتنی باسی موحەممەدﷺ لە ئینجیلدا درۆی موسڵمانانە، یاخود ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە؟
هامنۆ هەورامی
بەشی دووەم وەك لە بەشی یەکەمدا بە دووروودرێژی ئاماژەمان بە شیکاریکردنی دەقێکی ئینجیل کرد سەبارەت بە مژدەبەخشین و ئامادەگی یەهودییەکان و یەحییا سڵاوی خوای لێبێت بۆ هاتنی پەیامبەرێك و شیکارییانە ڕوونمانکردەوە کە ئەو پەیامبەرە بەبێ هیچ گومان و هەڵوەستەیەك محمدە (صلى الله عليه وسلم). لەم بەشەشدآ هەڵوەستەیەکی دیکە دەکەین لەسەر دەقێکی دیکەی ئینجیل و وردبوونەوە و شیکردنەوەی تیدا دەکەین و دەریدەخەین کە ئەوەی پەروەردگار لە قورئانی پیرۆزدا جەختی لەسەر کردووەتەوە سەبارەت بە ناسینی دوایین پەیامبەر لەلایەن خاوەن نامەکانەوە بێگومان ڕاستییەکی بێ داپۆشینە و کەسیش ناتوانێت ئەم ڕاستییە بشیوێنێت. ئێستا با سەرنج بدەین و بزانین لە چ شوێنێکی دیکەی ئینجیلدا ئاماژە کراوە بە هاتنی ئازیزمان! وەك لە پێشتریشدا دەرمانخست ئەو ئینجیلەی کە کانگایە بۆ موژدەبەخشینەکانی پاش مەسیح ئینجیلی یوحەننایە، هەر لەوێشدا بۆمان دەردەکەوێت نەك بە تەنها یەحییا (صلى الله عليه وسلم)، بەڵکو خودی مەسیحیش ئاماژەی بە دەرکەوتنی پەیامبەر و شوێنکەوتنی داوە! ئەو دوو پەیامبەرەی کە نزیکترین سەردەمێکن لە سەردەمی دوا پەیامبەر یەحییا و عیسا بوون سڵاوی خوا لە هەردووکیان بێت، هەر بۆیە زۆرترین ئامۆژگاریشیان بەخشیوە بۆ ئەو پەیامبەرەی دەبێتە دوا ڕابەر بۆ بڕوادارانی گێتی. ڕوونیشە کە یەهودییەکان هەر لە باوە گەورەیانەوە کە ئیبراهیمە هەتاوەکو کۆتا پەیامبەریان کە عیسایە سڵاوی خوا لە گشتییان بێت بێ پەیامبەر نەبوون و بەردەوام ڕینوێنیکەرییان بۆ هاتووە ئەمە جگە لە کاهین و حاخام و پیاوە ئایینییەکانیان، سەرەڕای ئەوەش زۆرجار دووچاری لاڕێبوون و گومڕایی بوونەتەوە، وەك دەمی کۆچە بەناوبانگەکەیان لە میسڕەوە بەرەو سینا، بەر لە پەیامبەرییەتی ئیلیاس، هەروەها ئەو پێڕەی کە بڕوایان وەهابوو عوزەیر کوڕی خوایە و بەهۆی ئەم بیروباوەڕەشەوە ناچاربوون وڵاتی خۆیانن بەجێ بهێڵن و بەرەو ناوچەیەکی نوێ هەنگاو بنێن کە ئەودەم بە (یثرب) ناسراوبوو و پاشتر ناوەکەی گۆڕا بۆ مەدینەی مونەووەرە. ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە خوای پەروەردگار لە سورەتی الفاتحة ئایەتی ٧ دا دەفەرموێت: {غير المغضوب عليهم}. توڕەیی پەروەردگار بەرامبەرییان بە هۆکاری ئەو لادانەیانبوو کە هەمیشە دەیانگرتە بەر و بەرەو بت پەرستی دەچوونەوە کە ئەمەش بە گەواهیی خودی تەورات و کوتوبیم و نەبییمی خۆیانە. لەبەر ئەمەشبووە کە هەمیشە ویستوویانە لەگەڵ پەیامبەراندا ببن، تەورات و نەبییم چەندین جار جەختییان لەسەر هاتنی پەیامبەرێك کردووەتەوە کە لە دەرەوەی نەتەوەی ئیسرائیل دەبێت، یەهودییەکانیش لەڕادەبەر پەرۆشی هاتنی بوون، چونکە زانیوییانە کۆتایی زنجیرەی پەیامبەرانە! بەڵگەش بۆ ئەمە خودی تەوراتە کە لە سفری پێکهاتن (تەکوین) بەشی ٤٩ بڕگەی ١٠ دا دەلێت: داردەستەکە لە یەهودا دانابڕێت، گۆچانی فەرمانکردنیش لەنێو قاچەکانی، هەتا ئەو کەسە دێت کە خاوەنییەتی (شایلۆهـ)، گەلان هەر بۆ ئەو ملکەچ دەبن. پێشتر لەژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتێکی پڕۆفیسۆر عبد الاحد داوددا بابەتێکمان ئامادەکرد و بە پێی ئەوە سەلماندمان مەبەست لەم دەقە چییە، گرنگترین خاڵیان ئاماژەیە بە یەهودا کە یەکێکە لە گرنگترین کوڕانی ئیسرائیل، ناوی یەهودییەتیش هەر پەیوەستە بەوەوە، باوکی کە یەعقوبە بە دڵنیاییەوە پێی دەفەرموێت: داردەستەکە کە ئاماژەیە بۆ پەیامبەرییەتی نەتەوەی ئیسرائیل لە نەوەکانی یەهودا تێناپەرێیت و هەر لەم سایەیەدایە و بۆ ئیسڕائیلییەکانی یەهودایە. بەڵام کاتێك خاوەنەکەی خۆی دەردەکەوێت ئیدی ئەم داردەستە لای یەهودییەکان نامێنێت و دەچێتە دەرەوەی ئیسرائیلییەکان! چونکە زۆر بە ڕوونی ئەو دەقە ئاماژەدەکات بەوەی پاش ئەوەی ئەم داردەستە لە یەهوداییەکان ترازا ئیدی خاوەنە نوێیەکەی گەلان بۆی ملکەچدەبن. ئەوەی سەیرە لێرەدا مەسیحییەکان هەڵپەی ئەوەیان کردووە کە ئەم موژدەیە بەبەر عیسادا داببڕن و بیکەنە ماڵ بەسەرییەوە. بەڵام ئەمە سەدوهەشتا پلە دوورە لەو بانگەشەیەوە چونکە عیسا لە نەوەی یەهودایە نەك بەدەربێت لەو! سەیرەکە لەوەدایە ئەو دوو تۆمارە ڕەچەڵەکییەی کە بۆ عیسایان داناوە لە هەردوو ئینجیلی مەتتا و لۆقادا هەردووکیان سەرەڕای ئەو هەموو جیاوازییە لە ناوەکانیاندا کەچی سەرەڕای ئەوەش لەوەدا کۆکن کە عیسا نەوەی یەهودایە! ئێستا با سەرنجی هەردووکیان بدەین: ئینجیلی مەتتا بەشی ١ بڕگەی ١ – ٣ دەڵێت: ئەمە ڕەچەڵەکی عیسای مەسیحە، کوڕی داود، کوڕی ئیبراهیم: ئیبراهیم باوکی ئیسحاق بوو، ئیسحاق باوکی یاقوب بوو، یاقوب باوکی یەهودا و براکانی بوو، یەهودا باوکی پێرێز و زەرەح بوو، تامار دایکیان بوو، پێرێز باوکی حەسرۆن بوو، حەسرۆن باوکی ڕام بوو ............ هەتا دەگاتەوە بە عیسای مەسیح. ئێستا با بزانین لۆقا چۆن بۆمان باسدەکات؟ لە ئینجیلی لۆقا بەشی ٤ دا دەلێت: کاتێك عیسا دەستی بە خزمەتەکەی کرد تەمەنی نزیکەی ٣٠ ساڵ بوو. وا دەزانرا کە کوڕی یوسفی کوڕی هالی کوڕی مەتسات ............... کوڕی عەمیناداب، کوڕی ڕام، کوڕی حەسرۆن، کوڕی پێرێز، کوڕی یەهودا، کوڕی یاقوب ......... کەواتە ئەم موژدەیە پەیوەندی بە هیچ جۆرێك بە عیساوە نییە (صلى الله عليه وسلم)، بەلکو پەیامبەرێکە کە لە دەرەوەی یەهودە! بەڵام عیسا خۆی کلیلی هاتنی دەروازەی دوا پەیامبەرە چونکە ئیدی پاش ئەم دارعەساکە لە یەهودادا بوونی نامێنێت، خۆشی باش ئاگاداری ئەمە بووە! بۆیە ئێستا دەگەڕێینەوە بۆ دەقە ئینجیلییەکە و بزانین مەسیح چی موژدەیەکمان دەداتێ! ئینجیلی یوحەننا لە بەشی چواری ئینجیلەکەیدا ڕووداوێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە عیسا ویستوویەتی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەی جەلیل لە باکوری فەڵەستین، لە ڕێگەدا بە شاری سوخاری سامیرییەکاندا تێپەڕیوە، سامیرییەکان بنەڕەتییان ئاوێتەبووی ئاشووری و یەهودی بووە، بڕوایان تەنها بە پێنج سفرەکەی تەورات هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشی دووبەرەکییان لەگەڵ یەهودیەکانی دیکەدا هەبووە چونکە یەهودییەکان سامیرییەکانیان بە کافر دەزانی. عیساش لەوێ لەلای بیرێکەوە کە بیری یاقوب بووە وچانێکی داوە، لەوێ ئافرەتێك دەبینیت کە لە ڕەگەزی سامیریی بووە، هەندێك گفتوگۆ پێکەوە دەکەن، لە دووتوێی ئەم گفتوگۆیەدا عیسا دان بە خاڵێکی زۆر گرنگدا دەنێت کە ئەویش لە بڕگەی ١٩ – ٢١ دایە کە دەڵێت: ژنەکە پێی گوت: < گەورەم، دەبینم تۆ پەیامبەریت. باوباپیرانمان لەم شاخەدا خودایان پەرستووە، بەڵام ئێوە دەڵێن ئۆرشەلیم ئەو شوێنەیە کە پەرستنی لێ بکرێت>. لێرەدا هەڵوێستەیەك دەکەین و بۆمان ڕووندەبێتەوە کە یەهودییەکان خواپەرستیی و پەرستشییان لە ئۆرشەلیم (قودس)ـدا کردووە و لە ڕادەبەدەر لەلایان پیرۆز بووە، تەنانەت لەلای عیسا زۆر توندتر پارێزگاری لەم پیرۆزییە کراوە و لە ئینجیلی یوحەننا بەشی ٢ بڕگەی ١٣ – ١٦ دەربارەی دەڵێت: کە جەژنی پەسخەی یەهودییەکان نزیك بووەوە، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم. لە حەوشەکانی پەرستگا فرۆشیارانی گا و مەڕ و کۆتری بینی، پارەگۆڕەوانیش دانیشتبوون. قامچییەکی لە گوریس دروستکرد و هەمووانی لە حەوشەکانی پەرستگا دەرکرد، مەڕ و گا پێکەوە. پارەگۆڕەوانی پەرشوبڵاو کردەوە و مێزەکانی وەرگێڕا، ئینجا بە کۆترفرۆشانی فەرموو: <ئەم شتانە هەڵگرن! ماڵی باوکم مەکەنە بازاڕ!> بە واتایەکی دیکە هەم یەهودییەکان و هەم مەسیحییەکانیش زۆر زۆر بە پیرۆزی چاویان لە ئۆرشەلیم و پەرستگای ئۆرشەلیم کردووە و بنکەی پەرستشییان بووە. با بزانین خودی ئەو عیسایەی کە هێندە بە پەرۆشبوو بۆ پاراستنی ئەو پەرستگایە و ئۆرشەلیم چی بە ئافرەتە سامیرییەکە دەڵێت؟ ٢١. عیسا پێی فەرموو: خانم، باوەڕم پێ بکە، کاتێك دێت ئێوە باوك دەپەرستن، بەڵام نە لەسەر ئەم شاخە و نە لە ئۆرشەلیم. ئەم دەقە زۆر پڕ واتا و جێگەی تێڕامانە! سەرەڕای ئەو هەموو پیرۆزییەی کە ئۆرشەلیم خاوەنییەتی، کەچی مەسیح بانگەشەی ئەوە دەکات مۆڵگەت خواپەرستی لە ئۆرشەلیمەوە دەگوێزرێتەوە بۆ مەڵبەندێکی دیکە! باوك لە فەرهەنگی یەهودیدا ئاماژەیە بۆ خوای تاکوتەنها، مەسیحیش پێیان دەفەرموێت: ڕۆژێك دێت ئێوە باوك دەپەرستن، بەلام نە لەو شاخەی سامیرییەکان کردبوویان بە مۆڵگەی خواپەرستی، نە ئۆرشەلیمی یەهودی! پرسیارەکەی من لێرەدایە، ئایا پاش مەسیح کێ خواپەرست بوو و بانگەشەی دوورکەوتنەوەی دەکرد لە هاوبەشدانان بۆ خوای تەنها و لە مەڵبەندێکی نا یەهودی و لە گەلێك کە نەوەی یەهودا نەبێت؟ ئایا گشت ئەم نیشانانە لە مرۆڤێکدا کۆنابنەوە کە ناوی محەەدی کوڕی عبدلله یە (صلى الله عليه وسلم) و لەو ماڵەی کە ئیبراهیمی باپیری عەرەبی موستەعرەبە و یەهودی و مەسیحییەکان لە مەککە بنیاتی نابووەوەوە؟ بابەتەکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە مەسیح داوای شوێنکەوتنی ئەو پەیامبەرەیان لی دەکات کە هەم یاقوب و هەم موسا و هەم ئیشایا بەڵێنی هاتنیان داوە و ئەمیش بە هەمان ڕێچکەی ئەواندا گەلەکەیان بۆ ڕێنوێنی دەکات و ئاگادارییان دەکاتەوە! ئەمەش ڕاستی ئەو ئایەتە پیرۆزە دەسەلمێنێت کە خوای پەرەردگار فەرموویەتی: {وَإِذْ قَالَ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ يَا بَنِي إِسْرَائِيلَ إِنِّي رَسُولُ اللَّهِ إِلَيْكُم مُّصَدِّقًا لِّمَا بَيْنَ يَدَيَّ مِنَ التَّوْرَاةِ وَمُبَشِّرًا بِرَسُولٍ يَأْتِي مِن بَعْدِي اسْمُهُ أَحْمَدُ فَلَمَّا جَاءهُم بِالْبَيِّنَاتِ قَالُوا هَذَا سِحْرٌ مُّبِينٌ} (الصف: ٦) بە دڵنیاییەوە موژدەدانی مەسیح بۆ هاتنی ئەم پەیامبەرە و تەنانەت ئاماژەشی داوە بەوەی کە لەکوێوە سەرهەڵدەدات! بەڵگەشمان بۆ ئەم گوتەیەمان سەردانکردنێکی عەرەبستانە لەلایەن پۆڵسەوە! پۆڵسی تەڕسوسی یاخود شاول بەناوبانگترین كەسایەتی مەسیحییەتە دوای مەسیح و بەشێكی زۆری پەیمانی نوێ كە (۱۳) نامەیە [ هەرچەندە ئەمانیش گومانی لەسەرە!] لە نووسینی ئەم كەسایەتییەیە ، دەتوانین وەك كاریگەرترین كەسایەتی مەسیحییەت سەرنجی بدەینێ ، لە ساڵی (٥ , ۱۰)ـی لەدایکبوونی مەسیح لەشاری تەڕسوسی كیلیكیا لەدایكبووە ، ڕەگەزنامەی گریكی هەبووە پێشتر فەریسییەكی توندڕەو بووە و ئازاری مەسیحییەكانی داوە، دواتر بەپێی باوەڕی ئەوان بەهۆی پەرجوویەكەوە مەسیح دەناسێت و باوەڕی پێدەهێنێت و دەبێتە نێردراوێكی كاریگەر ، سێ گەشتی بەناوبانگی هەیە بۆ موژدەدانی مەسیحییەت ، ساڵی (٦۷)ـی لەدایکبوون لە ڕۆما كۆچی دوایی دەكات. پۆڵس لە نامەکەیدا بۆ خەڵکی گەلاتیا: بەشی 1 بڕگەی ١١ هەتا ۲٤پۆڵس دەڵێت: پێتان ده‌ڵێم، خوشكان، برایان، ئه‌و په‌یامه‌ی ئینجیل كه‌ جاڕم بۆی داوه‌، له‌ مرۆڤه‌وه‌ نییه‌, له‌ كه‌سیشم وه‌رنه‌گرتووه‌ و فێریش نه‌كراوم، به‌ڵكو به‌ ئاشكراكردنی عیسای مه‌سیح وه‌رمگرتووه‌. بێگومان سه‌ربورده‌ی منتان بیستووه‌ له‌ یەهودییایەتی، دڕندانه‌ كڵێسای خوام ده‌چه‌وسانده‌وه‌ و هه‌وڵم داوه‌ له‌ناوی ببه‌م, له‌ يەهودییایەتی پێش زۆربه‌ی خه‌ڵك كه‌وتم له‌ نه‌وه‌ی خۆم، زۆر دڵگه‌رمتر بووم له‌وان بۆ دابونه‌ریتی باوكان, به‌ڵام كاتێك خوا كه‌ له‌ سكی دایكمه‌وه ته‌رخانی كردم، به‌ بەهرەوەردی خۆی بانگی كردم، خۆشحاڵ بوو کوڕه‌كه‌ی له‌ مندا ده‌ربكه‌وێت هەتاوەكو له‌ناو نه‌ته‌وه‌كان مژده‌ بده‌م، ده‌ستبه‌جێ ڕاوێژم به‌ كه‌س نه‌كرد، سه‌رنه‌كه‌وتمه‌ ئۆرشه‌لیم بۆ لای ئه‌وانه‌ی پێش من نێردراو بوون، به‌ڵكو ڕۆیشتم بۆ عه‌ره‌بستان و دیسان گه‌ڕامه‌وه‌ دیمه‌شق. ئینجا دوای سێ ساڵ سه‌ركه‌وتمه‌ ئۆرشه‌لیم، بۆ ئه‌وه‌ی په‌ترۆس بناسم، پازده‌ ڕۆژ لای ئه‌و مامه‌وه‌, به‌ڵام جگه‌ له‌ یاقوبی برای عیسای خاوه‌نشكۆ هیچ نێردراوێكی دیكه‌م نه‌بینی! خوا ده‌زانێت ئه‌وه‌ی بۆتان ده‌نووسم درۆ نیه‌, پاشان چوومه‌ هه‌رێمه‌كانی سوریا و كیلیكیا، به‌ڵام هێشتا له‌لای كڵێساكانی یه‌هودیا كه‌ سه‌ر به‌ مه‌سیحن به‌ ڕووخسار نه‌ناسراو بووم، ته‌نها بیستبوویان: ئه‌وه‌ی جاران ئێمه‌ی ده‌چه‌وسانده‌وه‌، ئێستا مژده‌ی ئه‌و باوه‌ڕه‌ ده‌دات، كه‌ جاران له‌ناوی ده‌برد به‌هۆی منه‌وه‌ ستایشی خوایان ده‌كرد. ئەم ڕووداوە ساڵی (۳٥ یاخود ۳٦)ـی پاش لەدایکبوونی مەسیح بووە, واتا سێ ساڵ پاش هەڵکشانی مەسیح بۆ ئاسمان بووە و پۆڵس دەڵێت: سه‌رنه‌كه‌وتمه‌ ئۆرشه‌لیم بۆ لای ئه‌وانه‌ی پێش من نێردراو بوون، به‌ڵكو ڕۆیشتم بۆ عه‌ره‌بستان و دیسان گه‌ڕامه‌وه‌ دیمه‌شق, ئینجا پاش سێ ساڵ سه‌ركه‌وتمه‌ ئۆرشه‌لیم, واتا پاش ئەوەی چاوی چاکبووەوە نەگەڕایەوە بۆ ئۆرشەلیم کە سەرچاوەی گشت پەیامبەرانی نەتەوەی ئيسرائیل بووە پێش پۆڵس, وە گشت پەیامبەرانی نەتەوەی ئيسرائیل لەوێوە سەریانهەڵداوە, بەڵام پۆڵس لە ديمەشقەوە بەسەر ئۆرشه‌لیمدا, یەکسەر چووە بۆ عەرەبستان پاشان گەڕاوەتەوە بۆ ديمەشق وە ئەم کارە سێ ساڵی پێچووە و پاش ئەم سێ ساڵە ئینجا چووە بۆ ئۆرشه‌لیم. ئێمەش دەپرسین بۆچی پۆڵس نەچووە بۆ بارەگا و سەرچاوەی پەیامبەران کە ئۆرشەلیمه؟ بۆچی چووە بۆ عەرەبستان؟ ئایا ئەمە بەڵگە نییە بۆ ئەوەی کە مەسیح (ﷺ) مژدەی داوە کە لە پاش خۆی پەیامبەرێك دێت وە شوێنەکەشی دیاری کردووە! {وَمُبَشِّرًا بِرَسُولٍ يَأْتِي مِن بَعْدِي اسْمُهُ أَحْمَد}. ئەگینا بۆچی پۆڵس لە ديمەشقەوە بەسەر ئۆرشەلیمدا دەڕوات بەرەو عەرەبستان, وە سەدا سەد دڵنیایە کە پاش عیسا (ﷺ) پەیامبەر لە نەتەوەی ئيسرائیل نابێت و لە ئۆرشەلیمەوە نابێت, بەڵکو لە عەرەبستانەوە پەیامبەری پاش عیسا دەردەکەوێت, هەرکەسیش شارەزابێت لە پەرتوکی پیرۆز و هاتنی پەیامبەران بۆ نەتەوەی ئيسرائیل ئەو ڕاستییە دەزانێت کە نەتەوەی ئيسرائيل هەمیشە پەیامبەر و نێردراویان هەبووە. هەر پەیامبەرێك بە دوایدا یەکسەر پەیامبەرێکی دیکە هاتووە, باشترین نموونەش زەکەریای باوکی یەحییایە (علیهما سلام) زەکەریا خۆی پەیامبەر بووە, یەحيیای کوڕیشی هەر پەیامبەر بووە و مەسیحیش بە دوای ئەوەوە هاتووه و مەسیح یەحیيای بینیوە بە گوێرەی ئينجیل و سەرچاوەکانی خۆیان, بۆیە نەتەوەی ئيسرائیل ڕاهاتوون هەمیشە پەیامبەريان هەبێت. کاتێکیش پۆڵس چووە بۆ عەرەبستان بەو مەبەستە چووە کە ئەو ئەحمەدە هاتووە, بەڵام کە سۆراغی کردووە نەهاتووە و ئەحمەد گەڕاوەتەوە بۆ ئۆرشەلیم! کەواتە خود گەشتەکەی پۆڵسیش پەیوەستە بەو شوینەوە کە عیسا مژدەی پێداوە کە هەم دەبێتە مۆڵگەی نوێ و کۆتایی خواپەرستی هەم کۆتا پەیەمبەری تێدا دەربکەوێت کە پێشتر ئەو ناونیشانەیان پێ گوتراوە! لە هەمووشی گرینگتر کە زیاتر ئەم بۆچوونانەمان بسەلمێنێت باسکردنی عەرەبستانە و پاشتریش ئاماژەیە بە کێوێك لە عەرەبستان! ئێستا با بزانین پەیمانی کۆن لەم بارەوە چی دەڵێت؟ سفری ئیشایا: بەشی ٢١ بڕگەی ١٣ – ١٧ دەڵێت: ۱۳ سروشێك سه‌باره‌ت به‌ عه‌ره‌بستان: ئه‌ی كاروانی دیدانییه‌كان، ئه‌وانه‌ی له‌نێو ده‌وه‌نه‌كانی عه‌ره‌بستان شه‌و به‌سه‌رده‌به‌ن، ۱٤ به‌ره‌وپیری تینوو، ئاو بهێنن. ئه‌ی دانیشتووانی خاكی تێما، به‌ نانه‌وه‌ به‌ره‌و ڕووی هه‌ڵاتوو بچن، ۱٥ چونكه‌ له‌ ڕووی شمشێر هه‌ڵاتوون، له‌ ڕووی شمشێری هه‌ڵكێشراو، له‌ ڕووی كه‌وانی توندكراو، له‌ ڕووی سه‌ختی جه‌نگ. ۱٦ په‌روه‌ردگار ئه‌مه‌م پێ ده‌فه‌رموێت: «دوای یه‌ك ساڵی ڕه‌به‌ق، هه‌موو شكۆمه‌ندی قێدار به‌سه‌رده‌چێت و ۱۷ پاشماوه‌ی پاڵه‌وانه‌ كه‌وان به‌ده‌سته‌كانی نه‌وه‌ی قێدار ژماره‌یان كه‌م ده‌بن، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل فه‌رمووی.» ئەمە وەسفێکە جێگەی سەرنجە کە بۆچی وڵاتێکی دوورەپەرێزی وشکی دوورەدەست بەم جۆرە وەسف بکرێت لەلایەن ئیشایاوە؟ زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە ئیشایا ویستوویەتی پەیامێکمان پێ بگەیەنێت کە ئەو کێوەی چەندین جار لە پەیمانی کۆندا ئاماژەی پێ کراوەتەوە ئەوە لە مەککەی پیرۆزە؟! ئەو کێوەش بریتییە لە کێوی فاران! ئەمەش لە جەند جێگەیەکدا گوتراوەتەوە، بە نموونە لە سفری دواوتار: بەشی ٣٣: بڕگەی ١ – ٢ دەڵێت: ۱ ئه‌وه‌ش ئه‌و به‌ره‌كه‌ته‌یه‌ كه‌ موسای پیاوی خودا بۆ نه‌وه‌ی ئیسرائیل داوای كرد، به‌ر له‌ مردنی، ۲ گوتی: «یه‌زدان له‌ سیناوه‌ هات و له‌ سێعیره‌وه‌ به‌سه‌ریاندا هه‌ڵهات، له‌ كێوی پارانه‌وه‌ دره‌وشایه‌وه‌ و هه‌زاران هه‌زار فریشته‌ی پیرۆزی له‌گه‌ڵ بوو، له‌ بناره‌كانی باشووره‌وه‌. هەندێك لە بێئایین و مەسیحییەکان ویستوویانە ئەم دەقە بە لاڕیدا ببەن و بانگەشەیی ئەوە دەکەن ئەمە مەبەست لێی ڕێڕەویی ئیسرائیلییەکان بووە و ئەو فاڕانەش لە باشووری سینایە. بەڵام ئەمە تەنها خەیاڵ و پاڵنەری دژایەتی ئەو تاقمانەیە تاوەکو داننەنێن بە پەیامبەرێتی محمددا سڵاوی خوای لێبێت. لە دەقێکی دیکەشدا لە سفری حەبەقوق: بەشی ٣: بڕگەی ١ – ٤ دەڵێت: ۱ نوێژێكی حه‌به‌قوقی پێغه‌مبه‌ر. له‌سه‌ر ئاوازی «شگیانۆت»: ۲ ئه‌ی یه‌زدان، هه‌واڵی تۆم بیست، ئه‌ی یه‌زدان، له‌ كاره‌كانت ترسام، له‌ سه‌رده‌می ئێمه‌ دووباره‌یان بكه‌وه‌، با له‌ سه‌رده‌می ئێمه‌ بزانرێن، له‌ تووڕه‌ییدا به‌زه‌یی بهێنه‌ره‌وه‌ یادت! ۳ خودا له‌ تێمانه‌وه‌ هات، پیرۆزه‌كه‌ له‌ كێوی پارانه‌وه‌ هات. شكۆی ئه‌و ئاسمانی داپۆشیوه‌ و ستایشی ئه‌و زه‌وی پڕكردووه‌. ٤ پڕشنگی ئه‌و وه‌ك تیشكی به‌ره‌به‌یانه‌، له‌ ده‌ستیه‌وه‌ ڕووناكی ده‌بارێت، له‌وێدا توانای شاردرابووه‌وه‌. ئەمەش موژدەیە بۆ هاتنی بەندەیەکی پاك و بێگەرد لە فاران دەردەکەوێت و زەوی پڕدەکات لە ڕووناکیی پەرستنی خۆی و پەرستنی شوێنکەوتوانی، ئایا ئەم بەندە پاك و بێگەردە کێیە؟ بۆ ئەوەی بزانین ئەو بەندەیە کێیە پێویستە بزانین کەوا (فاران) لەکوێیە بە دروستی. بۆ دیاریکردنی نیشتیمانەکە با بگەڕێینەوە بۆ خودی تەورات! لە سفری پێکهاتن بەشی ٢١ دا ئاماژە بە دوورخستنەوەی ئیسماعیل و دایکی دەکات لەلایەن ئیبراهیمی پەیامبەرەوە سڵاوی خوایان لێبێت و لە چۆڵەوانی فاران نیشتەجێ بوون: ۱۸ هه‌سته‌، كوڕه‌كه‌ هه‌ڵبگره‌ و ده‌ستت به‌هێز بكه‌، چونكه‌ ده‌یكه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی مه‌زن.» ۱۹ ئینجا خودا هه‌ردوو چاوی هاجه‌ری كرده‌وه‌، ئه‌ویش بیرێكی ئاوی به‌دی كرد. ئیتر چوو مه‌شكه‌كه‌ی پڕكرد له‌ ئاو و ئاوی دایه‌ كوڕه‌كه‌. ۲۰ خودا له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ بوو، گه‌وره‌ بوو و له‌ چۆڵه‌وانیدا ده‌ژیا، بووه‌ تیرهاوێژ. ۲۱ له‌ چۆڵه‌وانی پاران نیشته‌جێ بوو، دایكیشی له‌ خاكی میسر ژنێكی بۆ هێنا. تەورات نووسان وەك هەمیشە ویستوویانە هەموو لایەن و ڕووداوە مێژوونووسەکان پەیوەست بکەن بە نەتەوەی ئیسرائیلەوە، هەر بۆیە ویستوویانە ئەم دوورخستنەوەی ئیسماعیل و دایکی پەیوەستبکەن بە بیر شابەع و فەڵەستینەوە تاوەکو سەروەری کۆتا پەیامبەر بۆ یەهودیەکان بێت، بەڵام کەتوار (واقیع) و بەڵگەنامە و شوێنەوارە مێژووییەکان ئاماژەن بەوەی ئیسماعیل و دایکی لە مەککە دانراون نەك لە فەڵەستین! کەواتە ڕاستترین بیروڕا ئەوەیە ئەو فارانەی کە ئیسماعیل و دایکی بۆ براوە، هەمان وەسفکراوەکەی ئیشایایە و هەمان ئەو نیشتیمانەشە کە بەندە پاك و بێگەردەکەی لێ دەردەکەوێت و هەمان ئەو نیشتیمانەشە دەبێتە جێگرەوە بۆ مەڵبەندی خواپەرستی لە بری ئۆرشەلیم، کە ئەو بەندەیە بێگومان محەممەدە سڵاوی خوای لێبێت و هەمان ئەو مۆڵگەیەش کەعبە و مەککەیە کە دەستکردی باوە گەورەی یەهود و مەسیحی و موسڵمانەکانە ئیبراهیمی بت شکێن. سەرچاوەکان: قورئانی پیرۆز تەفسیری ڕامان لە ماناو مەبەستی قورئان – شێخ ئەحمەد کاکە مەحمود – چاپی چوارەم – ٢٠١٤ لەدایکبوونی مەسیح – چاپخانەی مەحوی ٢. کتێبی پیرۆز – پەیمانی کۆن و نوێ – kss - biblica - - چاپی یەکەم – ٢٠١٧ لەدایکبوونی مەسیح – چاپی کۆریا. پەرتووکی پەیمانی نوێ – ئینجیل و پەسنییەکان – چاپی دووەم – ٢٠١٥ لەدایکبوونی مەسیح – چاپی بەیروت – لوبنان – بڵاوکردنی ژیانی خۆشویستنی نێودەوڵەتی. مەسیح چیی گووت؟! – بەرگی یەکەم – بیروباوەر – هامنۆ هەورامی – دەستنووس. محمد (صلی الله علیه وسلم) – وەك لە کتێبی جولەکە و دیانەکان هاتووە – عبد الاحد داود – وەرگێڕانی: د. ابراهیم احمد شوان – چاپی ١٤٢٧ کۆچی – ٢٠٠٦ لەدایکبوونی مەسیح – نووسینگەی تەفسیر – هەولێر. بەنو قوڕەیزە بە پێچەوانەی میلی کاتژمێرەوە – سەردار کەریم – پێداچوونەوە و داڕشتنەوە و لەسەر نووسینی: هامنۆ هەورامی – دەستنووس. ماڵپەری کتێبی پیرۆز. https://www.blueletterbible.org/search.cfm
به‌روار: 18/12/2019
بینین: 2338