توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت٫ ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی؟!
هامنۆ هەورامی
بەشی دووەم:
٤. بەردەوام ڕەخنەگران دێن کۆمەڵێك تێکست و کەلەپووری ئایینی دیکەی نزیك لە ئیسلامەوە دەهێنن هەتاوەکو بەو جۆرەی بسەلمینن کە ئیسلام لەوانی لەبەرگرتووەتەوە و بنەڕەتی ڕووداوەکەش ئەفسانە بووە!
ئێستا پێویستە ئێمە بپرسین ئایا ئەفسانە چییە کە ئاوا بەردەوام باسی لێوە دەکرێت؟
وە ئایا ئەفسانە واتای درۆ دەگەیەنێت؟
لەگەڵمان بن ...

لە فەرهەنگی "مەردۆخ"ـدا لە ژێر ناونیشانی ئەفسانەدا هاتووە:
((ڕاز، دەسان، سەرگوزشت، چیرۆك)).

لە فەرهەنگی "دانشگاه کردستان"ـدا لە ژێر ناونیشانی ئەفسانەدا هاتووە: ((دیرۆك، چیرۆك، ڕووداوی خەیاڵی، شتێ کە نەبووە و بە خەیاڵ دروست کراوە ڕووداوێکی ناڕاست کە ناکرێت و نەکراوە، چیڤانۆك -افسانە، اساطیر.)) لەم فەرهەنگەدا جگە لە چەند زاراوەیەکی دیکە، زاراوەی (اساطیر )ـیش لە بەرامبەر زاراوەی ئەفسانە دانراوە کە لە زمانی عەرەبیدا باوە و کۆی (الاسطورة, الحكاية العجيب الباطلة)) واتا ئەفسانە گێڕانەوەیەکی سەیری پووچە. ئەم زاراوەیە ((شێوە بە عەرەبی بووەکەی وشەی هیستۆری گریکییە کە بە واتای بەدواداگەڕان، زانین و چیرۆك دێت، لە ئێستادا لە زمانی ئینگلیزیدا بە شێوەی میت "Myth" بەکاردێت)).
هەروەها لە پەرتوکی (المعجم الادبي)ـدا هاتووە کە (ئەفسانە گێڕانەوەیەکی شێواوی ڕووداوە مێژووییەکانە بە خەیاڵێکی میللی و چەندەها حەکایەتی ئایینی و نەتەوەیی و فەلسەفی دادەهێنێت بۆ وروژاندنی هەستی گوێگر، ئەفسانە حەکایەتێکی پووچە و مرۆڤی سەرەتا بە پێی ئیحا و خەیاڵە کزەکەی دایهێناوە).
لەمڕۆدا لێکۆڵەرانی بواری ئەفسانەناسی بۆیان دەرکەوتووەکە ئەو بابەتانەی لە ئەفسانەدا دەخرێنەڕوو، ڕەگێکی کەتواریشیان هەیە!

کەواتە لەمەوە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە بنەڕەتی ئەفسانە ڕاستییە، بەڵام پاشان مرۆڤەکان گوتەی دیکەیان تێکەڵاو کردووە.
هەر بۆیە دەبینین ڕووداوی یارانی ئەشکەوتیش لە بەشێکی زۆری تێکست و چیرۆکەکانی مەسیحییەکاندا ئەمە تۆمارکراوە، بەڵام وەکو چۆن ئەفسانە لە تێکەڵاوی ڕاستی مێژوویی و قسەی خەڵکدا دەهاتنە کایەوە، بە هەمان جۆر ئەم ڕووداوەش کە ڕاستییە مێژووییەکەی بوونی هەیە، بەڵام مەسیحییەکان زیادەڕەویان تێدا کردووە و هەوڵی زیاتر بەرەو ئەفسانە بوون و مەزن بوونی بردوویانە، وەك چۆن چیرۆکە نزیك لەمانەکان هەتاوەکو ئێستاش پاشماوەیان ماوە.
پێشتر لە چەند دەستنووسێکدا هەبووە و پاشان هەر بە لاتینی لە پەڕاوی ئەفسانەی زێڕین Golden Legend (Legenda aurea)ـدا داڕێژراوەتەوە کە زۆرترین چیرۆکی لە خۆ گرتووە دەربارەی پیاوانی مەسیحی، لە کۆکردنەوە و داڕشتنی یەعقوبی ڤۆرەجینی (Jacobus de Voragine) (1228 – 1289)ـی پاش مەسیح، لە (١٢٧٥)ـدا کە لە بنەڕەتدا بە نێوی (Legenda sanctorum)ـە بە واتای (خوێندنەوە گەلێك لەسەر قیددیسەکان) و لە ساڵی (١٤٥٠)ـدا چاپ کراوە.
هەروەها چیرۆکەکە گەلێك شێوەی دیکەی هەبووە لە نێو سلاڤی و ئەنگلۆنۆرمانی و هەروەها گەلێك شێوە و داڕشتنەوە و خواستنی ئاڵمانی و بریتانیایی و هیندی و چیندی و گورجیایی و قیبتی و یەهودی هەیە.

دەی ئازیزان، بێگومان لەمەوە زیاتر دڵنیا دەبینەوە کە ئەم ڕووداوە بنەڕەتێکی هەبووە، ئەگینا بەو شێوە لای ئەو هەموو نەتەوە و باوەڕە بڵاو نەدەبووەوە!
بەڵام بیرمان نەچێت، کاتێك هەر فەرهەنگێك ڕووداوێکی پێدەگاتەوە، هەوڵدەدەن مۆرکێکی نەتەوەیی پێ ببەخشن.
بۆ وێنە زەردەشت، هەریەك لە ئازەرییەکان و ئۆزبەگی و تاجیکییەکان و کوردەکان و فارسەکان و هیندییەکان و ئەفغانییەکان، بە جۆرێك باس لەم زاتە دەکەن و شێوازی نەتەوەیی خۆیان پێ بەخشیوە، چەندین ئەفسانەش کەوتوونەتە نێو ژیانیشییەوە، دەی خۆ بنەڕەتیشی هەبووە!
یان ئایینی میترائی، دەبینین لای ئارییە دێرینەکان یەکێك بووە لە چوار خواوەندە مەزنەکان و پێی گوتراوە خواوەندی خۆر، لای بابلییەکان خواوەندی ڕووناکی بەرەبەیان بووە، لە نێو سوپای گریکییەکاندا سیمای خوای جەنگاوەران بووە، خۆ ڕاستییەکی هەبووە لە بنەڕەتدا، بەس سەرنج بدەن چۆن لە هەر شوێنێکدا مۆرکێکی وەرگرتووە!
هەر چیرۆکانێکی وەکو شیرین و خوسرەو و شیرین و فەرهاد و لەیلا و مەجنون و شلێر و دلێر گشتیان ڕاستییەتیان تێدا بووە، کەچی دواتر داڕشتنەوەیان بەسەردا هاتووە، یان مەم و زین، چیرۆکێکی ڕاستە بەڵام بەسەرهاتەکە گەلێك جوداترە لەو مۆرکە ئەفسانەییەی کە مامۆستا جەلال تەقێ لە کۆکردنەوەی چیرۆکە فۆلکلۆرییەکانیدا پێی گەیاندووین.
دەی خوێنەرانی ئازیز، ئەم ڕووداوەی یارانی ئەشکەوتیش بە هەمان جۆرە، بنەڕەتێکی مێژوویی هەیە و نەتەوە گەلێکی فرە بڕوایان پێیەتی و تۆماریشیان کردووە، کەسانێکیش ویستوویانە ڕەگێکی سوریانی دێرینتری پێ ببەخشن، مەسیحییەکان وەك تۆمارکردن تۆمارییان کردووە، بەڵام ئەوە بووە هاوشێوەی ئەو نموونانەی لە سەرەوە هێنامانن ئاوا گۆڕانکاری تێدا کراوە.

ئێمە دەزانین پەیامبەر گەلێکی فرە لە مێژوودا هاتوون بۆ گەیاندنی پەیامی خوایی، بنەڕەتی ئایینی گشتیان یەك ئایین بووە کە خوا بە تەنها پەرستنە، بەڵام کۆمەلگای جودا پێویستی بە ڕێسای جوداشە، هەر بۆیە زۆر ئاساییە کە پەروەرێن بە پێی پێویستی کۆمەڵگاکە ڕێسای ناردبێت، بەڵام وەك باوەڕ و پەیام، گشتیان پەیامیان یەکە، چەندین پەیامیشیان هەن کە تێیدا هاوبەشن، چونکە سەرچاوەی گشتیان یەکە، کە ئەویش خوایە، بەڵام دەبینین پاشان شوینکەوتوانی ئایینەکان تێکستەکانیان شێواندووە، ئیدی بە هۆکاری بێ تواناییان بووبێت بەرامبەر بە کارەساتی سروشتی، یاخود لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا گۆڕیبێتیان، بۆ نموونە هەر لە مەسیحییەت و یەهودییەتدا،لە سفری پێکهاتندا بە شێوازێکی ناشرین باس لە (لوط)ـی پەیامبەر دەکات (ﷺ ) کە گوایا داوێنپیسی لەگەڵ کچەکانیدا کردبێت، یاخود تاوانی کوشتن و تەعداکردن لە نامووسی دراوسێ و بت پەرست باس لە هەردوو پەیامبەری بەڕێز (داود و سولەیمان) کراوە سڵاوی خوایان لێبێت (بنواڕە سفری پەیدابوون: ئیسحاحی ١٩: بڕگەی ٣٠ – ٣٨، ساموئێلی دووەم: ئیسحاحی ١١؛ بڕگەی ٢ – ٥، یەکەمی پاشایان: ئیسحاحی ١١: بڕگەی ١ – ٨).
دەی خوێنەری بەڕێز، ئەمە پەرتوکە پیرۆزەکەیانە کە بەم جۆرە تێك و مەکان دراوە، دەی بەتەمایت بۆ ڕووداوێك کە لە پەرتوکی پیرۆزیاندا نەبێت چی لێ بکەن؟
بەڵام جیاوازی گشت ئەم تێکستانەی کە لە پێشتردا بوون لەگەڵ قورئاندا یەك خاڵی سەرەکییە، ئەویش بریتییە لە ڕاست کردنەوەی ئەو هەڵانەی لە ڕابردوودا دراونەتە پاڵ خوا!
بە واتایەکی دیکە پەروەرێن لە کۆتا پەیامیدا پەردە لەسەر ئەو نەنگی و چەوتانە هەڵدەماڵێت کە لە ڕابردوودا گیراوەتە بەر، ئەو ڕاستییەمان پێ ڕادەگەیەنێت ئەو پەیامانەی پێشتر تێکدراون و قورئانیش بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و بەڕاستدانانی پاشماوە ڕاستییەکانیشییەتی، فرە بە ڕوونیش لەم بارەوە دەفەرموێت:
{نَزَّلَ عَلَيْكَ الْكِتَابَ بِالْحَقِّ مُصَدِّقًا لِّمَا بَيْنَ يَدَيْهِ وَأَنزَلَ التَّوْرَاةَ وَالإِنجِيلَ ﴿3﴾ مِن قَبْلُ هُدًى لِّلنَّاسِ وَأَنزَلَ الْفُرْقَانَ إِنَّ الَّذِينَ كَفَرُواْ بِآيَاتِ اللّهِ لَهُمْ عَذَابٌ شَدِيدٌ وَاللّهُ عَزِيزٌ ذُو انتِقَامٍ ﴿4﴾} آل عمران.
واتە: (ئه‌ی پەیامبەر صلی الله‌ علیه‌ وسلم) قورئان بۆ تۆ به‌ ڕاست و دروست دابه‌زیوه‌، گشت ڕاستییه‌كی تێدایه‌ و ڕاستی پەرتوکە‌ پێشووه‌کانیش باس ده‌کات که‌ پێش خۆی ڕه‌وانه‌ کراوه‌، هه‌روه‌ها خوای مەزن ته‌وراتی بۆ (موسا) و ئینجیلی بۆ (عیسا) ڕه‌وانه‌ کردووه‌.
که‌ پێشتر بوونه‌ته‌ هۆی هیدایه‌ت و ڕێنوێنی خه‌ڵکی، هه‌روه‌ها قورئان، که‌ جیاکه‌ره‌وه‌ی ڕاستی و به‌تاڵه‌ ئه‌ویشی ڕه‌وانه‌ کردووه‌، بێگومان ئه‌وانه‌ی که‌ بڕوایان نییه‌ به‌ ئایات و (پەرجوو)ـەکانی خوا سزای پڕ ئێشیان بۆ ئاماده‌یه‌، بێگومان خوای مەزن باڵاده‌ست و تۆڵه‌سێنه‌ره‌ (له‌ بێباوه‌ڕان).

کەواتە سیفاتی قورئان پێش گشت شتێك (جیاکەرەوەی ڕاستی و ناڕاستییەکانی پیش خۆیەتی، ناڕاستییەکان توڕ دەدات و ڕاستییەکانیش بە ڕاست دەخاتەوە)، دەی خۆ ئەم باسی یارانی ئەشکەوتەش لەلای ئەوان باسکراوە، بەلام قورئان ناڕاستییەکانی کە دراوەتە پاڵیان وەلادەنێت و ڕاستییەکەی نیشان دەدات بۆ گرۆی مرۆڤایەتی.
ئێستا لەوە تێدەگەین، قورئان ئەفسانەکان لە ناڕاستییەکان پاك دەکاتەوە و بۆمان دەخاتەوە سەر بنچینەی خۆی، ئەمەش جوانترین سیفاتە، هەرچەندە ئەمە بەشێکی فرە لە خۆرهەڵاتناسان و ڕەخنەگران بە هەڵە تێی کەوتوون و بەردەوام وەهایان زانیوە قورئان لەوانەوە وەرگیراوە بەبێ ئەوەی بێن لەوە بکۆڵنەوە کە بۆچی قورئان ناڕاستییەکانی ئەوانی ڕەت کردووەتەوە کە مادام لەبەرگیراوەی ئەوانە؟
بەداخەوە هەندێکیشیان لە بری ئەوەی لە کرۆکی پەیامەکە تێبگەن هاتوون گوتویانە قورئان چیرۆکەکانی پێش خۆی لێ تێك چووە و بە هەڵە وەری گرتووە، دەی ئەم گوتەیە خۆی لە خۆیدا دووفاقییەکی گەلێك وردی تێدا دەردەکەوێت و هەر خۆیانن کە گوتەی خۆیان ڕەت دەکەنەوە!
به‌روار: 20/09/2020
بینین: 128
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت