توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت، ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی؟!
هامنۆ هەورامی
بەشی یەکەم:
کەم نین لەو ئایەت و سورەتانەی قورئانی پیرۆز کە بوونەتە مایەی سەرنج لە ڕوانگەی موسڵمان و بێئایینەکانەوە و لەلای موسڵمانان بە پەرجوویەکی پەروەرێنین و خوایی بیندراوە، بە پێچەوانەشەوە لەلای تاقمی دووەم بە شێوەی ڕەخنەیی بەکارهێندراون و ڕووبەڕووی موسڵمانانیان کردووەتەوە و فرە جاریش بە کەلەپووری گەلان و ئایینەکانی پێشوو دراوەتە قەڵەم و وەها وێنا کراوە نووسەری قورئان چیرۆکەکانی لەوانەوە وەرگرتووە، کە لە بنەڕەتدا ئەفسانەن!
یەکێك لە سەرنجڕاکێشترینی ئەو بەسەرهاتانەی کە خوای پەروەردگار لە پەیامەکەیدا پێی گەیاندووین، بەسەرهاتی چەند گەنجێکە کە بە یارانی ئەشکەوت (اصحاب الکهف).
ئێمەیش لە ماوەی داهاتوودا پشتیوان بە خوا هەوڵ دەدەین تیشك بخەینە سەر کۆی ئەو پرسانەی لەم بارەوە کەوتوونەتە ژێر باری ڕەخنەوە.

من لێرەدا بۆ کەڵك وەرگرتن لەو ڕەخنە و گومانانەی لەم بارەوە هاتوون، خۆم پشتئەستوور دەکەم بە دوو پەرتوکەوە، ئەوانیش بریتین لە (سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا – مەریوان هەڵەبجەیی، چیرۆکی حەوت خەوتوەکەی ئێفیسوس – سەروەر عەبدولڕەحمان پێنجوێنی)، کە هەردووکیان دوو لەو کەسایەتییە دیارانە بوون، بۆ ماوەیەکی زۆر، چالاك لە بواری ڕەخنەگرتن لە تێکستە پیرۆزەکانی ئیسلام بوون، وەك ڕێڕەوی خۆم و بەرنامەی کارەکەم، نووسینەکەی هەڵەبجەیی بەکاردەهێنم بۆ وەڵامدانەوەی بابەتی ژمارەی کەسایەتییەکان، بەرهەمەکەی بەڕێز پێنجوێنیش سوود لێ دەبینمەوە بۆ ماوە و شوێنی ڕووداوەکە, هۆکاری سەرەکی هەڵبژاردنی ئەم دوو پەرتوکەش بۆ ئەم بابەتە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە کۆی گشتی ئەو گومان و ڕەخنانەی لەم بوارەدا دەگیرێن لەوێدا جەم کراونەتەوە.

• دەستپێك:

هەر دەمێك مرۆڤێکی شێواز زانستی گەرەکی بوو لە بارەی ڕووداوێك یاخود بەسەرهاتێك یاخود ئەفسانەیەك بکۆڵێتەوە، ئەوا پێویستە بەر لە گشت شتێك بزانێت کە پێویستە مامەڵەی دروست لەگەڵ بارودۆخ و زمان و فەرهەنگ و بیروباوەڕی لێکۆڵراوەکە بکات، واتە نابێت تەنها لە ڕوانگەیەکەوە لە بابەتەکە بنواڕێت، بەڵکو لەسەری ماڵە کە بتوانێت پێوەری هەبێت بۆ هەریەکە لەو شتانەی کە بەرەو پیری دەڕوات.
ئێمەش لێرەدا پێویستە کە دەچینە نێو ئەم باسەوە، بزانین مامەڵەی دروست و کەتواریمان چییە لە هەمبەریدا:

1. سەرەتا کاتێك ئێمە دەدوێین لەم بارەوە، گەلێك بە دڵنیاییەوە، پێویستە ئاگاداری ئەوە ببین کە ئەم پەیامەی لە بەردەرستمانایە، گوتەی مرۆڤێك نییە، بەڵکو هی زاتێکە بەدیهێنەری مرۆڤیش و ئەو گێتییەشە کە مرۆڤ ژینی تێدا گوزەر دەکات، هەر بۆیە بە بێ ئەوەی گەردێك گومانمان دەربارەی هەواڵەکانی ئەو هەبێت، دڵنیاین لێی، بەو پێیەی لە ماوەی ڕابردوودا چەندین بەڵگەی ئاوەزمەندیمان خستنە بەر باس، هەر بۆیە لیرەدا هیچ دەرفەتێك نامێنێتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە ڕەخنە لە قورئان دەگرن و بە هینی مرۆڤی بزانن، مادام زاناکان پاش چەندین لێکۆلینەوە دەگەنە ئەنجامەکانی قورئان، کەواتە پێویستیشە بزاندرێت ئەوانەیشی ماونەتەوە و لێکۆلینەوەی وردیان بۆ نەکراوە بە دڵنیاییەوە ڕاستین، چونکە چەندین ڕاستی دیکەی گەردوونی و پزیشکی و کۆرپەلەزانی و مێژووی و جوگرافی و جیۆلۆجی و ...هتد، لەم پەیامەدا باسکراون، کە گەلێك زەحمەت بووە مرۆڤێك بتوانێت شتێکی وەها لەو سەردەمەدا دابڕێژێت، هەر بۆیە جگە لە زاتی الله هیچ کەسی دی توانای کردارێکی لەو جۆرەی نییە، بێگومان هەڵەش لە کردارەکانیدا نییە!

2. ئەوە مرۆڤەکانن کە پێویستە خۆیان بگونجێنن لەگەل پەیامە خواییەکەدا و پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکەن نەك بمانەوێت بە زانستێکی کەمەوە دەربارەی باسێك بە دڵنیایی ڕەهاوە بدوێین، هەربۆیە من بە پێچەوانەی ڕای ئەو بەڕیزانەوە پێم وەهایە، نەك نابێت گومانمان هەبێت لەوەی وەزارەتێکی وەك ئەوقاف لە کاتی لێکۆڵینەوەی لەم چەشنەدا بەشدار بێت، بگرە پێویستە هەماهەنگیش بێت لەگەڵ دامەزراوەکانی وەکو شوێنەواردا، هەتاوەکو بتوانن لە ڕاستی ئەو زانیارییانە زیاتر بدۆزنەوە کە پەروەردگار پێی ڕاگەیاندووین.

چونکە مەرج نییە وەك ئەوەی ئەوان دەیڵێن ئەم چیرۆك و ڕووداوانەی کە قورئان باسی لێوە کردووە، لە سەرچاوەی دیکەشدا ئاماژەی پێ کرابێتەوە، مەرج نییە هەر چیرۆکێك یاخود یاخود بابەتێکی مێژوویی کە پێشتر نەمان بیستبێت ئیدی واتای وەها بێت کە ڕووی نەداوە، (عدم العلم لیس علما بالعدم) بە دیوێکی دیکەدا مێژوو و ڕووداوەکانی مێژوو کایەیەکی فراوانە، ئەوەی لە دووتوێی پەرتوك و سەرچاوەکاندایە تەنها بەشێکە لە ڕووداوەکانی ڕابردوو، نەوەك تۆماری تەواوی ڕووداوەکانی ڕابردوو.
ئەمەیە ڕێڕەوێکی دروستی مێژووییە، چونکە خودی قورئان، ئەکادیمیترین و بەڵگەنەویستترین پەرتوکە و باشترین ڕێنیشاندەری مرۆڤەکانە.

٣. فرەیی ئەو کەسانەی لەم بوارانەدا بە مەبەستی ڕەخنە دەنووسن، سەرچەشمانێك بەکاردەهێنن کە لەگەڵ ویستی خۆیاندا بگونجێت نەوەك لەگەڵ ڕاستییەکاندا، بە واتایەکی دیکە ڕوانگە باوەڕییەکەیان پێش ڕوانگە زانستییەکە دەخەن.
بۆ وێنە یەکێك لەو سەرچاوانەی کە ئەم کەسانە و هاوهزرەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەکاریدەهێنن وەك سەرچەشمە لە بەرهەمەکانیاندا، بریتین لە (Encyclopaedia Britannica یاخود Encyclopedia Of Islam), دائیرەی مەعاریفی ئیسلامییەکەش بریتییە لە مەوسوعەیەکی ئەکادیمی بە بەشداری چەندین خۆرهەڵاتناسی بەنێوبانگ نووسراوە، وەکو (لویس ماسینیون و کارل برۆکمان)، بریتییە لە لێکۆڵینەوەی شارستانییەتی ئیسلامی لە تەواوی بوارەکانی (ئایینی و ڕۆشنبیری و وێژەیی و ڕامیاریی و جوگرافی)، وەرگێڕدراوە بۆ چەندین زمانی گێتی وەکو (فەرەنسی و ئەڵمانی و تورکی و ئۆردۆ و ...هتد)، پاشانیش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی.
ئەم مەوسوعەیە وەك دەردەکەوێت بریتییە لە ناساندنی ئایینی ئیسلام و شارستانییەتەکەی، بەڵام بە پێچەوانەوە بەو پێیەی گەلێك لە نووسەرەکانی بڕوایان بە ئیسلام نییە وەکو ئایینی ئاسمانی،بگرە لەوەیش زیاتر تیایدا گومانەکانی خۆیان بڵاودەکەنەوە لەسەر کەسایەتی پەیامبەر (صلی الله علیه وسلم) و سروش و ...هتد، چەندین موژدەدەری مەسیحی و چەندین کەسی دوژمنی سەرسەختی ئیسلامی وەکو یەهودی و مەسیحییەکان قەڵەمی خۆیان تێدا بەکارخستووە و لە نووسەرانی ئەم مەوسوعەیەن.

ئەمە سەبارەت نەك بەم مەوسەعەیە، بەڵکو بۆ بنووسینی فرە خۆرهەڵاتناسی دیکەش هەر ڕاستە.
دەبینین لەلایەن ئەم بەڕێزانەوە ئەمانە وەردەگیرێن، کەچی کاتێك گوتەی کەسانێکی وەکو هیو ویندەر نبیلی و چارلز کلێرمۆن گانۆ پێچەوانەی گوتەی ئەوان دەسەلمێنن، هەڵوەستەیەکی لەسەر ناکەن و پێمان ناڵێن خۆ ئەوان موسڵمان نەبوون وەکو الدجاني کە دونیایە قسەیان بە دوویدا کرد، ئایا بەرژەوەندی ئەو خۆرئاواییانە لەچیدا بووە کاتێك ڕاستییەکانیان باسکردووە!
به‌روار: 18/09/2020
بینین: 1023
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت