توێژینه‌وه‌
  بەنو قوڕەیزە بە پێچەوانەی میلی کاتژمێرەوە
ئامادەکردنی:هامنۆ هەورامی

بەشی شەشەم:

بەرەو ڕکابەرایەتیی:

پاش ئەوەی زانیمان ئەمانە کێن و بۆچی چوون بۆ مەدینه, با ئێستا بزانین ئەمانە کەی و چۆن دەستیان کردووە بە دژایەتیی ئاینی ئيسلام؟

یەکەم سروش لە مانگی (۸-ی ساڵی٦۱۰)ـى لەدایکبوونی مەسیح دابەزیوە, لە ساڵی (۱۰۰)ـی پاش لەدایکبوونی مەسیح کۆچیان کردووە بەرەو مەدینە, ئەم مێژووە گەلێك گرنگە, چونکە یەهود نەوەی ئيسرائیلن واته یەعقوب (ﷺ), یەهودییەکانيش لە سەردەمی موساوە هەتاوەکو هاتنی عیسا (علیهما السلام) بێ پەیامبەر نەبوون, تەنانەت کە لە بابل بوون, خوای پەروەردگار دانیاڵی بۆ ناردوون, بە کورتییەکەی قەت بێ پەیامبەر نەبوون و وەها ڕاهاتبوون كه هەمیشە پەیامبەريان لە ناودا بێت.

بۆیە کاتێك عیسا (ﷺ) مژدە دەدات بە هاتنى (ئەحمەد) كه لە پاش ئەوەوە دێت وە شوێنەکەشی دیاری کردووە. مەسیحیش بەگوێرەی سەرچاوە ئيسلامییەکان و ئينجیل تەمەنی (۳۳) ساڵ بووە کە هەڵکێشراوە بۆ ئاسمان,

لە پاش ساڵی (۳۳)ـوە هەتاوەکو ساڵی (٦۰۰) پەیامبەرییان بۆ نەهاتووە, هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە یەهود بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانیی هاتنى ئەحمەد ببن و پاش سەد ساڵ کە بێ هيوا بوون لە هاتنی ناچاربوون بەرەو مەدینە کۆچبکەن، ئەوەی سەیرە مەدینە هەتا هاتنی محمد (ﷺ) هیچ گرنگییەکی نەبووە, شارۆچکەیەکی بچوك بووە لە بیاباندا, وە نیمچە دوورگەی عەرەب بە گشتی هیچ گرنگییەکی نەبووە لە لای دەوڵەت و ئیمپڕاتۆرییەتە دیارەکانی ئەودەمی وەك فارس و ڕۆم و میسڕییەکان.

وه مێژووش گەواهیدەرە کە قەت ئەو ئيمپڕاتۆرە مەزنانە نەچوون بۆ ئەو ناوچەیە هەتا گریمانەی ئەوە دابنێین ئەم یەهودییانەی مەدینە ڕاپێچکرابن بۆ مەدینە و لەوێ مابێتنەوە, هەروەها مەدینە هەتاوەکو ساتەوەختیی کۆچی خۆشەویستمان هیچ گرنگییەکی نەبووە لە هیچ ڕوویەکەوە, ئەگەر بڵێن ئەم یەهودییانە شوان بوون ئەم ئەگەرەش خۆی لە لاوازیدا دەبینێتەوە، چونکە ئەو یەهودییانە جێنشین بوون و لە قەڵادا ژیاون و کۆچەری نەبوون بە دوای ئاژەڵ و لەوەڕگادا بڕۆن.
بۆیە گشت ئەگەرییات و بۆچوونەکان دەڵێن ئەمانە شوێن ئەم ئایەتە کەووتون:

{وَإِذْ قَالَ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ يَا بَنِي إِسْرَائِيلَ إِنِّي رَسُولُ اللَّهِ إِلَيْكُمْ مُصَدِّقًا لِمَا بَيْنَ يَدَيَّ مِنَ التَّوْرَاةِ وَمُبَشِّرًا بِرَسُولٍ يَأْتِي مِنْ بَعْدِي اسْمُهُ أَحْمَدُ}.

لێرەدا دوو پرسیار سەرهەڵدەدەن:

یەکەم: کوا ئەو ئایەتە لە ئينجیلدا نووسراوە؟
وەڵام: ئەم ئينجیلانەی بەر دەستمان هیچی هی مەسیح نییە و نووسراون ئينجیل بەگوێرەی مەتتا یاخود مەرقۆس یاخود لۆقا یاخود یوحەننا, وە هیچیان بە گوێرەی مەسیح نییە!
پاشان ئينجیلەکان بخوێننەوە هەر چواریان چیرۆك و سەرگوزشتە و باسی ژیاننامەی مەسیحە و وەك پەیامێکی خوایی دەرناکەوێت كه یاسا و بنەما و شەریعەتی تێدا بێت و ئەگەر پەیمانی کۆن بەکارنەهێنن کڵێسا مەسیحییەکان بە گشت ڕێوچە و ئایینزاکانیانەوە شکست دەهێنن. (۱۰)

دووهەم: کاتێك ئەم یەهودییانە چوون بۆ مەدینە دوورە وڵات و نەناسراو بوون, بە دڵنیاییەوە عەرەبیش لێیان دەپرسێت کێن و لەکوێوە هاتوون و بۆچی هاتوون؟
ئەو دەمەش عەرەب هاوبەشدانەر بوون و خاوەنی هیچ ئایینێکی دیاریکراو نەبوون, عەرەبیش ناسراون بەوەی داڵدەی بێگانەیان داوە و گرتوویاننەتە خۆ.
پاشان عەرەب بەوە ناسراون ژن و ژن خوازی لەگەڵ خەڵکانێك دەکەن کە لە نزیکیيان بێت بۆ ئەوەی دڵنیابن کە ئەم بێگانەیە دەبێت بە کەسوکاریان و منداڵ دەکەوێتە نێوانییانەوە و ترسیان لێیان نابێت كه ستەم و خیانەتیان لێ بکەن, ئەوانەی شارەزان لە مێژوودا دەزانن کە یەهودییەکانی مەدینە زۆربەی زۆری ناوەکانیان عەرەبییە, چونکە یەهودییەکان کەمبوون و ژن و ژنخوازییان لەگەڵ عەرەبی ناوچەکەدا كرد بۆ ئەوەی زیاد بکەن و بمێننەوە بۆ ئەوەی خزمایەتیش هەبێت و هێرشیان بۆ نەکرێت و شەڕیان پێ نەفرۆشن.

ئەمەش بەرەو دوو خاڵی گرنگمان دەبات:

خاڵی یەکەم: ئەم یەهودییانە بە گوێرەی حوکمی تەورات و شەریعەتی موسا (ﷺ) لە کۆمەڵگای یەهودیدا دەردەکرێن, بۆیە دەبینین (بنو النضیر و قینقاع و قريضة و خیبر) پاش ئەوەی دەرکران لە نیمچە دوورگەی عەرەبیى لە تۆماریی یەهودیدا بوونیان نییە و کۆمەڵگای یەهود لە هیچ جێگایەك وەرینەگرتوونەتەوە و وەك یەهودییەت ناسنامەكەیان دۆڕاندووە.

خاڵی دووهەم: کۆمەڵگای یەهود هەمیشە کەمینەن, چونکە ژن و ژن خوازی لەناویاندا زۆر زەحمەتە, بەڵگەش ئێستایە ساڵی (۲۰۱۹)ـیە (۱٤ ملیۆن و ٤۰۰ هەزار) کەسن خۆشتان دەتوانن بگەڕێن بۆ ئەو ژمارەیە و لە سەرچاوە باوەڕپێکراوە یەهودییەکانەوە دڵنیاببنەوە لەو ژمارەیە.

ئەگەر ئێستا هێندە کەمبن ئایا لە ساڵی (۱۰۰)ـی لەدایکبوونی مەسیحدا دەبێت چەند بووبێتن؟
ئەمانەش بەڵگەن کە ئەو یەهودییانە زۆر کەم بوون, لە سەرەتاشدا باسمکرد ژمارەی گەڕاوەکانیان لە بابل چوار سەد هەزار بووە بە ژن و منداڵيشەوە!
هەروەها ئەو یەهودییانەش کە شوێنکەوتەی هزيى عوزەیر کوڕی خوايى بوون دەبێت چەنده بووبێتن؟
لە پێشەوەش ئاماژەم پێدا کە یەهودییەکان دژی هاوبەشدانانن بۆ خوا و کوڕ بۆ خوا پەیدا ناکەن, ئەمانە بەڵگەن کە ژمارەی یەهودییەکان زۆر زۆر کەم بوون بە تایبەتی ئەوانەی کە دەڵێن عوزەیر کوڕی خودایە.

وە ئەگەر ئەو یەهودییانەی مەدینە کۆچیان نەکردایە و لە فەڵەستین بمانایەتەوە و بیان گووتایە عوزەیر کوڕی خوایە, بە دڵنیاییەوە یەهودییەکان خۆیان ئەوانەیان ڕەجم دەکردن و دەیانکوشتن.
کەواتا باشترین شوێن ناو نەتەوەیەکی نەخوێندەواریى نەزانیی بت پەرستە و بە گوێرەیی خۆیان پەیامبەرانییان دەبێت لە نەتەوەی ئيسرائیل بێت, مەسیحیش دەفەرموێت: ئەحمەد لە عەرەبستان پەیدا دەبێت!
ئەمانیش چوون بۆ مەدینە بەگوێرەی کۆچبەرەکان بێت دەبێت مەسیح (ﷺ) شوێنەکەشی دیاری کردبێت, هەر بۆیە ئەمانیش کۆچیان کردووە بۆ مەدینە هەتاوەکو پەیامبەرەکە لە نەوەی نەتەوەی ئيسرائیل بێت له مەدینە, چونکە یەهودییەکان لە مەدینە و چواردەوری نیشتەجێ بوون و نەچوون بۆ مەککه, ئەمەش واتا و نيشانەیی تایبەتیی هەیە کە پاشتر باسی لێوە دەکەم.
به‌روار: 03/12/2019
بینین: 1095
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت