توێژینه‌وه‌
  بەنو قوڕەیزە بە پێجەوانەی میلی کاتژمێرەوە
ئامادەکردنی:هامنۆ هەورامی

بەشی پێنجەم
بەرەو نیشتیمانێکی نوێ:

ساڵی(۳۲٥)ـى لەدایکبوونی مەسیح لە کۆنگرەیی نیقیەدا بە ڕەسمی کوڕایەتیی خوا لە ئيمپڕاتۆریەتی ڕۆماندا وەك ئايينى دەوڵەت چەسپێنرا, وە ئەم کوڕایەتییەش هاتە ناو یەهودییەوه لە ڕێگای عوزەیرەوە, چونکە عوزەیر وەك قورئان باسی دەکات سەد ساڵ مردووە و زیندووبووەتەوە,
ئەم بەسەرهاتەی عوزەیریش زۆر نزیکە لە هزريى مردن و زیندووبوونەوەی مەسیح بۆیە ئەو یەهودییانەی هەڵگری ئەم هزره بوون نەیاندەتوانی لەناو یەهودییەکاندا بژین، چونکە نەتەوەی ئیسرائیل نەتەوەیەکی یەکخواپەرست بوون و هزريى کوڕی خوا ڕەتدەکەنەوە, وە نەشیاندەتوانی لەناو ڕۆمدا بژین.

چونکە ڕۆم دژی هزريی ئەوەن جگە لە مەسیح عوزەیریش کوڕی خوا بێت, ڕۆمانییەکان خاوەنی دەسەڵات بوون, سەرچاوە مێژووییەکان ئەوەمان بۆ ڕووندەکەنەوە کە ڕۆمەکان یەهودییەکانیان ناچارکردبوو ببن بە مەسیحی, ئەوانیش وەها خۆیان نیشاندەدا بوون بە مەسیحی, بەڵام نەبووبوون بە مەسیحی و بۆ پاراستنی خۆیان و ئايينەکەیان خۆیان بە مەسیحی نیشاندەدا.
تەنانەت یەهودییەکان بۆیان نەبووە بچنە ناو بیت المقدسیش بە فەرمانی ڕۆمانییەکان، هەر بۆیە ئەو یەهودییانەی خاوەنی هزريى عوزەیر کوڕی خودايى بوون کۆچیان دەکرد بۆ مەدینە لە نيمچە دوورگەی عەرەب!
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە ئاراوە:
بۆچیی مەدینەیان وەك نیشتیمانی نوێ هەڵبژاردوو و ڕووە و ئەوێ کەوتنە کۆچکردن؟
وه چۆن و چەند کەس بوون کۆچیان کردووە؟

بۆچی چوون بۆ مەدینە؟
ئایەتی (٦)ـی الصافات وەڵاممان دەداتەوە کاتێك عیسا (علیه السلام) بە نەتەوەی ئيسرائیل دەفەرموێت:
پەیامبەرێك لە پاش من دێت ناوی ئەحمەدە.
یەهودییەکان پەیامبەری زۆریان بۆ هاتووە و دەزانن عیسا ڕاست دەکات و شوێن و ناونیشانی ئەحمەدیان لێ پرسیوە.
بۆیە ئەم یەهودییانه بەرەو مەدینە جوڵاون و بە دزییەوە ڕۆيشتوون و بە کۆمەڵ نەڕۆشتوون, هەتاوەکو گومانیان لێ نەکرێت, ئەمەش هۆکاری سەرەکییە کە ئەم یەهودییانە لە تۆماری یەهودییەکاندا بوونیان نییە و بەنو قورەیزە نەناسراون لەلای یەهود.
ئەم یەهودییانە بە گشت پێوەرێك لە نەوەی عوزەیر بوون, هەربۆیە بیرۆکەی عوزەیر کوڕی خوایيان وەرگرتووە و پاش ئەوەی بیرۆکەی عیسا کوڕی خوا بڵاو بووەتەوە ئەمانیش عوزەیریان کردووە بە کوڕی خوا.

دیارە ژمارەیان کەمبووە, چونکە نەیانوێراوە باوەڕییان بڵاوبکەنەوە تەنها لە نێوان خۆیاندا نەبێت کە خزم و کەس و کاری یەکن و نەوەی عوزەیرن, وە باشترین
شوێن بۆ بڵاوکردنەوەی هزرييان مەدینە بووە, چونکە نەتەوەیەکی خێڵەکیی نەخوێندەواری لێیە و دەسەڵاتی ڕۆمان و سنهەدرینی یەهودیی لێ نییە و هیچ دەسەڵاتێك حوکم ناکات لەو ناوچەیەدا.

لە مەدینە بە تەنها بەنو قورەیزەی لێ نەبووه, بەڵکو (بنو النضیر) و (بنو قینقاع)ـیشی لێ بووە كه ئەوانیش یەهودیی بوون, ئەگەر سەیری ناوەکان و شوێنەکانیان بکەین بۆمان دەردەکەوێت (بنو النضیر) پێش ئەو دووانەی ديكه هاتوون بۆ مەدینە.
چونکە یەهودییەکان پاش ڕاپێچکردنەکەی بابل فێری ئەوەبوون دوور لە شار و خەڵکی نا یەهودی بژین, وە پاش گەڕانەوەیان لە بابل و هاتنی ڕۆم و دەرکەوتنی مەسیح و ستەم و ناسۆریی ڕۆمیش وەهایکرد تەنانەت لەناو فەڵەستینیش دوور لە خەڵکی بژین وە گەڕەك و شوێنی تایبەتییان هەبێت.


ئەو یەهودییانەیی (بنو النضیر) وەك ناو بە ( ال التعریف ) ناسراون, ( النضیر ) واته: کامل لە حسن و جمال.
وادیارە ئەم یەهودییانە زۆر جوان و قۆز بوون, تەنانەت کە باسی گەورەکەیان دەکرێت (حیی بن اخطب) دەڵێن پیاوێکی جوانی قۆز بووە.
وە ئەم هۆزە زۆر نزیك لە مەدینە نیشتەجێ بوون و لە قەراغ شار بوون و دیارە ئەمانە لە سەرەتای هاتنی مەسیحەوە واته سەد ساڵی یەکەميی پاش مەسیح بەرەو مەدینە ڕۆيشتوون و چاوەڕوانی ئەحمەدیان کردووە کە مەسیح مژدەی داوە پاش ئەو دەبێت بە پەیامبەر.

وە ئەمان ستەم و دەسەڵاتی ڕۆمیان کەمتر بینیوە, بۆیە نزیك لە شار و لە مەدینە نیشتەجێ بوون لەگەڵ (بنو قینقاع), بە ڵام قەڵای هەردووك هۆزەکە جودابووە و هەریەك قەڵای تایبەتیی خۆیی هەبووە, بەڵام بەنو قورەیزە لە پاش ساڵی (۳۲٥)ـەوە هاتوون.
وە ئەمان زیاتر ستەمی ڕۆمیان بینیوە, هەربۆیە بیست بۆ سی کیلۆمەتر دوور لە مەدینە نیشەجێ بوون و قەڵایان هەبووە و ترساون زۆر نزیك ببنەوە لە مەدینە، بەڵگەشم بۆ قسەکانم کاتێك سوپای موسوڵمان بەرەو قەڵای بەنو قورەیزە ڕۆيشتن نیوەڕۆ بوو, پەیامبەر (ﷺ) فەرمووی:
نوێژی عەسر لەلای بەنو قورەیزە دەکەین, بەڵام ئەوان بۆ نوێژی مەغریب گەیشتن, بەڵام بۆ بەنو نەزیر و قینقاع زوو گەیشتن و پێویستیان بە ئەسپ و وڵاخ نەبووە خۆیان و شمەکەکانیان بۆ بگوێزێتەوە!

لێرەدا ناوەکان زۆر گرنگن چونکە بنو النضیر بە تەنها ئەمان ناسراون و بە ( ال التعریف ) ناسێندراون, ئەمەش سیفەتە و ناو نییە هەتا بتوانین بەدواداچوون بە دوای بنەچە و ڕەچەڵەکیاندا بکەین, بەڵگەشمان قورئانە, کاتێك خوای تعالی وەسفی بەهەشتییەکان دەکات بە (نَّاضِرَةٌ) واتا جوانیی بێ هاوتا ناویان دەبات:
{وجوه یومئذ ناضرة} ﴿القيامة: ۲۲﴾
وە بەنو قینقاع هیچ واتایەکی نییە لە زمانی عەرەبی و عیبریشدا وە ناو نییە و سیفەتیش نیيه, بۆچی ناویان قینقاع بووە ؟
کەس نازانێت وە ناشتوانین بەدواداچوونیان بۆ بکەین!

بەڵام (بنو قريظة) کە بەم شێوەیە نووسراوە لە سەرچاوە ئيسلاميیەکان هەڵەیە وەك لە سەرەتا باسمان کردووە ئەو هۆزە خەریکی کۆکردنەوەی شیلەی دار نەبوون و بەو کارە نەناسراون, بۆیە دەبێت ناویان (بنو قریضة) بووبێت, چونکە (بنو قریضة) واتا دابڕدراوەکان, وە ئەمان دووربوون لە مەدینەوە و لە یەهودییەکانی (بنو النضیر و قینقاع) و لە عەرەبەکانیش, وە تاكو ئێستاش هەڵەیەکی گەورە هەیە گشت مێژوونووس و پیاوە ئاینییە ئيسلامییەکانیش تێی کەوتوون و هەستیشيان پێى نەکردووه, ئەویش ئەم هەڵەیەیە:

کاتێک دەڵێن (بنو قریضة) لەلای گشت گێتی (۹) وەها دەناسرێن و دەزانین ئەمانە نەوەی (قریضة)ـن و باپیریان ناوى (قریض) بووه, بەڵام ئەگەر سەرچاوە ئيسلامییەکان و نا ئيسلامییەکانيش بخوێنینەوە کە باسی شەڕی (بنو قریضة) دەکات, دەبینین نووسراوە لە کاتی شەڕی خەندەقدا هاوبەشدانەرەکان چوون لەگەڵ (قریض)ـدا قسەیان کردووە, موسوڵمانەکان چوون لەگەڵ ( قریض )ـدا قسەیان کردووە بۆ ئاشتی.

کەواته کاتێك دەڵێن (بنو قریضة) واته کوڕەکانی (قریض) کە لەوکاتەدا ژیاون نەك گشت ئەو یەهودییانەی لە قەڵاکەدا ژیاون وە گشتيان کوڕ و نەوەی (قریض) نەبوون.
بەڵکو خێزان و نەوەی خەڵکی دیکەشی تێدا ژیاون, بەڵام لەو کاتەدا (قریض) سەرگەورەیان بووە و وەفدەکانی موسوڵمان و هاوبەشدانەران چوون بۆ لای (قریض) و کوڕەکانی بۆیە بە بنو (قریضة) ناوبراون.

وەکو چۆن ئێستا وەفد دەچێت بۆ لای ئەندامانی سەرکردایەتیی پارتێك ياخود دەوڵەتێك بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەك بچێت بۆ لای گشت پارت و ئەندامەکان! بەڵگەشم بۆ قسەکانم سەرچاوە ئيسلامییەکانە, كه پێشر باسم لێوە کردووه, ئێستاش جارێکی ديكه دایدەنێمەوە ببینن (قریض) لەو دەمەدا ژیاوە نەك باپیری ئەو هۆزە بێت, سەیری ڕەچەڵەکیان بکە نووسراوە:

قريظة بن النمام بن الخزرج بن الصريح بن السبط بن اليسع بن سعد بن لاوي بن جبر بن النمام بن عازر بن عيزر بن هارون بن عمران.
به‌روار: 01/12/2019
بینین: 1230
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت