توێژینه‌وه‌
  بەڵگەی_دیزاین
محمد عبدالعزیز

بەشی شەشەم: ئاڵۆزترین بەدیهاتوو(مێشکی مرۆڤ) ئایا بەرهەمی پەرەسەندنە یان بەدیهێندراوە؟

لە ھەموو زیندەوەرێکدا سیستەمی خۆگونجاندن و خۆڕزگارکردن ھەیە، کە نەزاندراوە ئەم سیستەمە چۆن دروست بووه، وه زیندەوەر بۆچی ئامانجدارە بە (ڕزگاربوون و وەچە خستنەوە) ئەم سیفەتەی چۆن بۆ پەیدا بوو؟
وە بۆ خۆڕزگارکردنیش بەدرێژایی ژیان زیندەوەر کۆمەڵێک ئەندامی بۆ دروست بووە یان ھەندێک ئەندام لە لاشەیدا پوکاوەتەوە چونکە پێویستی پێ نەبووە، بۆنموونە ماسولکەی گوێچکە لە ئاژەڵاندا بەکاردێت بۆ سوڕاندنی گوێ و ڕووکردنە ئاراستەی دەنگ، و ئەم ماسولکەیە پێویستە بۆ خۆ ڕزگارکردن لە ڕاوچی و دڕندە، بەڵام لە مرۆڤ دا پێویستی پێی نەماوە بۆیە ئەو ماسولکەی گوێچکە دەجوڵێنێت پوکاوەتەوە و لاواز بووە بۆیە کار ناکات، ھەر ئەندامێک و بەو جۆرە سودی ھەیە بۆ ڕزگاربوونی ئەو زیندەوەرە، و بۆیە دروست بووە، ئەمە بەکرتی بەگوێرەی هەڵبژاردنی سروشتی.

باسی ئێمە لێرەدا تایبەتە بە مرۆڤ، مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە دەتوانێت قسە بکات و فێرببێت، ھەروەھا توانای ئەوەشی ھەیە کە بیرکردنەوەی چواردەوری بخوێنێتەوە و لێیان تێبگات، وە درک بەوەش دەکات کە بەچ شێوازێک مامەڵە لەگەڵ چواردەوری بکات، وە توانای بیرکردنەوەی ھەیە، و بەھرەی مۆسیقی و ھونەری و لۆژیکیھەیە و کۆمەڵێک بواری تریش بۆ چێژ بینین، کەم ئەمانە پێویست نین بۆ ڕزگاربوون و مانەوە و سودی نادەن.
مرۆڤ چ پێویستی بەمانەیە:
۱- زیرەکی وجوودی: کە پرسیارە قوڵە وجوودیەکان (بۆچی، چۆن) دەگرێتەوە و فەلسەفەی لەسەر دادەمەزرێت، مرۆڤ بەبێ ئەمانەش دەیتوانی بژی هەروەک هۆزە دواکەوتووکان کە نە پێویستیانە و نە بەکاری دێنن و ئاسایی دەژین.
۲- زیرەکی هونەری و وێنەیی: ئەم جۆرە زیرەکییە هیچ سودێکی مانەوە نادات تەنها چێژ و خۆشی تیایە بۆ مرۆڤ و بۆ مانەوە لە سروشت سودی نییە.
۳- زیرەکی مۆسیقی: بەهەمان شێوە ئەمەش تەنها بۆ چێژی دەروونی و خۆشییەکی زیاترە.
٤- زیرەکی لۆژیکی: کە لە ڕێگایەوە لێکدانەوە بۆ واقیع دەکەین، هەروەها بیرکاریش دەگرێتەوە کە گشت زانستە سروشتییکانی لەسەر دادەمەزرێت ئەمەش سودی مانەوەی نییە بۆ مرۆڤ.
دەبینین ئەم شتانە لەژیانی ڕۆژانەدا هیچ سودێکیان نییە و بەکار نایەن، ئەگەر تاکێک لە هۆزە دواکەوتووەکان بکەین بەنوونە ئەوەی پێویستییەتی تەنها زیرەکی سروشتی(مامەڵەکردن لەگەڵ سروشت و زیندەوەران) و زیرەکی لاشەییە، بۆ ڕاوکردن و ژیان لە نێو گیانلەبەراندا، بەڵام هەر ئەو تاکە گەر بیهێنیتە نێو کۆمەڵگ دەتوانی فێری هەموو زانستێکی بکەیت چونکە مێشکی لە بنەڕەتەوە ئامادەیە بۆ ئەم توانایانە، لەکاتێک سودی نییە بۆی و پێویست نییە، بەهەمان شێوە بۆ گشت مرۆڤایەتی بەتایبەت لەماوەی چەند هەزار ساڵی ڕابردوو پێویستی نەبووە لەم سێ چوار هەزار ساڵەی دوایی بەکارهات و مرۆڤ سودی لێی بینی، بۆیە مرۆڤیش دەکرا بۆ ڕزگاربوون و مانەوەی ھەر وەک ئاژەڵێکی تر بژیایە و ڕاوی بکردایە ئەوا ڕزگاری دەبوو.

بەپێی دراوێنیزم بێت ھەر تایبەتمەندییەک بۆ مەبەستێکە و ھیچی بێ ھۆکار نییە و پاڵنەری ماددی لە دواوەیدا ھەیە، بەڵام سەیری مرۆڤ دەکەی کۆمەڵێک ھۆکار بۆی ڕەخساوە و کۆمەڵێک تواناشی ھەیە بۆ چێژبینین، وەک ئەوەی بڵێین مرۆڤ تەنھا بۆ ڕزگاربوون و زۆربوون نەھاتبێت بەڵکو بۆ چێژ و خۆشی دروست بووبێت، ئەگەر ھەموو سیفەتێک بەھۆی ژینگە دروست بووە، ھۆکار و پاڵنەری ماددی دروستبوونی ئەم توانایانە چییە؟
بۆیە ئەلفرێد واڵاس(Alfred wallace) کە هاوڕێ و هاوشانی داروینە لە بنیاتنانی تیۆری پەرەسەندن کە (ئەم تێڕوانینەی باسم کرد لەودا سەرچاوەی گرتووە)، پیێ وایە لاشەی مرۆڤ پەرەیسەندووە بەڵام عەقڵی مرۆڤ ئەنجامی پەرەسەندن نییە چونکە ئەم زیرەکییە هیچ پێویست نییە بۆ مانەوەی، بەڵکو ئەم عەقڵە بەخشراوە لەلایان بەدیهێنەرەوە، بەهەمان شێوە هۆشیاری و ئاگایی مرۆڤ بوونێکی ناماددی هەیه چونکە گەر مێشک (کە ماددەیە) سەرچاوەی هۆشیری بێت ئەوا یان هەموو ماددەیەک دەبێت هۆشیاربێت یانیش هۆشیاری بوونی نەبێ! ئەمەش لەکاتێک نە هەموو شتێک هۆشیارە و نە هۆشیاریش وەهمە بەڵکو بوونی هەیە، کەواتە هۆشیاری لە ماددەدا نییە و مرۆڤ بوونێکی ناماددی هەیە،
ئەم پرس و گریمانەیە ناسراوە بە پارادۆکسی واڵاس(Wallace's paradox) کە تا ئێستاش بێ وەڵامە.

دەربارەی مێشک: ھەندێک سیستەم ھەن لە مرۆڤدا دروستبووینە دەتوانین ناویان بنێین جادوو وەک ئەو توێژینەوەی لە زانکۆی Brown ئەنجام دراوە بۆ دۆزینەوەی ئەو نەخۆشیانەی کە لەمێشکدا دروست دەبن بەھۆی تێکەڵبوونی نیشانە کارەباییەکانی مێشک، لە توێژینەوەکەدا ئەوە دەرکەوتووە کە دەمارە خانەکان لە مێشکدا بەجۆرێک ورد داڕێژراون، ھەر دەمارەخانایەک لە نێو بلیۆنان دەمارەخانەی لێکچوودا دەزانن بەتەواوی لە کوێدا کارلێک بکەن و نیشانەکارەباییەکان بگوازنەوە، بۆ دروستکردنی پەیوەندی گونجاو وەک(ھەست و کاردانەوە)، کە بەبێ ئەم وردەکارییە مرۆڤ ناتوانێت بجوڵێ و ھەست بکات و بیربکاتەوە.
بەڕای تۆ دەکرێ وردەکاری و ئاڵۆزی لەخۆیەوە ڕووبدات بەبێ ئاراستەکردن و دیزاین و بە ملیۆنان ساڵ ئەمە خۆی ڕووبدات و بەھەڕەمەکی؟

هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لە پەیمانگای تەکنەلۆژی ئۆکیناوا لە وڵاتی ژاپۆن ئەنجام دراوە، دەربارەی دەمارەخانەکانی مێشکی مرۆڤ (Okinawa Institute of Technology Graduate University)، کە ھەڵساون بە دروستکردنی کۆمپیوتەرێک کە پێکھاتووە لە ۱.۷ ملیار خانەی ھەستیار کە ئەمە تەنھا بەشێکی بچووکە بەراورد بە دەمارەخانەکانی مێشکی مرۆڤ، زانایان وای مەزەندە دەکەن لاشەی مروڤ پێکھاتبێت لە ۹۰-۱۰۰ ملیار دەمارە خانە کە بەقەد نیوەی ئەو ئەستێرانەن کە لە گەلەئەستێرەی کاکێشاندا ھەن.

لە توێژینەوەکەدا دەڵێت: زاناکان ھەوڵیان دا پێشکەوتووترین کۆمپیوتەر بەکاربێنن کە ناسراوە بە (K Computer) بۆ لێکدانەوەی چالاکی مێشک، کە ئەم کۆمپیوتەرە ڕامەکەی ۱.٤ ملیۆن گێگابایتە، دوای توێژینەوەکە دەرکەوت کە بۆ لێکدانەوەی یەک چرکەی چالاکی مێشک ئەم کۆمپیوتەرە پێویستی ٤۰ خولەک دەبێت، واتە یەک چرکەی چالاکی مێشکی مرۆڤ بەرامبەرە بە٤۰خولەک چالاکی کۆمپیوتەر بۆ هەمانکردار (بەواتایەکی تر یەک چرکەی چالاکی مێشکی مرۆڤ بەرامبەرە بە چالاکی ۲٤۰۰کۆمپیوتەر لەیەک کاتدا).

ئایا ئەمە بە ھەڕەمەکی و ڕێککەوت دروست دەبێت؟!


--------------------------------------

1- Et: Simulating 1 second of human brain activity takes 82,944 processors.
https://www.extremetech.com/extreme/163051-simulating-1-second-of-human-brain-activity-takes-82944-processors

2- Inquiries journal: intelligent design in the complexity of human body
https://www.google.com/amp/www.inquiriesjournal
.com/amp/1010/intelligent-design-in-the-complexity-of-the-human-body
Wallace’s Controversy with Darwin on Man’s Mental Evolution, on the Position of the Natives in Human Evolution, and His Anticipation of Cultural Evolution, as Distinct from Biological Evolution.
به‌روار: 22/11/2019
بینین: 1418
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت