وەڵامدانەوەی گومانەکان
  عیسا وەک پێغەمبەرێکی خودا (علیە السلام)
هامنۆ هەورامی

بەشی یەکەم/ لەڕوانگەی ئیسلامەوە :
مەسیح (علیە السلام) لەلای موسڵمانان پلەیەکی بەرزی هەیە و وەک یەکێک لە پەیامبەرانی خاوەن عەزم سەیر دەکرێت، وە باوەڕنەهێنان بە پەیامبەرێك وەک ئەوە وەهایە کە باوەڕت بە هیچ یەکێک لە نێردراوەکانی خوا نەبێت، مەسیحیش بەگوێرەی قورئان و ئینجیلیش پەیامبەری خوایە، لەوانەیە لەلامان ئاسایی بێت کە قورئان ئەم ڕاستییە دووپاتبکاتەوە بەڵام بۆ ئینجیل وەک هەواڵێکی لەناکاو وەهایە، سەرەتا باس لە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەکانی پێغەمبەری خودا (ﷺ) دەکەین دەربارەی پەیامبەرییەتی عیسای کوڕی مەریەم (علیە السلام) :

خوای گەورە فەرموویەتی :
مَاالْمَسيِحُ ابْنُ مَرْيَمَ إِلاَّ رَسُولُُ قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلِهِ الرُّسُلُ وَأُمُُّه صِدِّيقَةُُ كَانَا يَأْكُلَانِ الطَّعَامَ اُنْظُرْ كَيِفَ نُبَيِّنُ لَهُمُ الْآياتِ ثُمَّ انْظُرْ أنَّى يُؤفَكُونَ (سورة المائدة : آیة ۷٥)

واتە : مەسیحی كوری مەریەمیش تەنیاو تەنیا پەیامبەرێك بووە و هیچی دیكه، بەر لەویش بێسۆ چەند پەیامبەرێك هەبوون و تێپەڕین ودایكیشی ژنێكی زۆر راست بوو هەردوو وەكو خەڵكی دیکە خواردنیان دەخواردو پێویستیان بەخۆراك هەبوو، جا ئەگەر خوا بوونایە، چۆن پێویستیان بەخۆراك دەبوو؟ دەسا سەیر بكە و بزانە چۆن ئێمە ئەو هەموو نیشانە و بەڵگانەیان بۆ شیدەكەینەوە؟
دیسانەوە بڕوانەو چاكبزانە دوای ئەوهەموو روونكردنەوەیە چۆن لەئاستیی هەقدا ترازێنران و نەچوون بەلای راستیدا و بەردەوام درۆ هەڵدەبەستن؟

لێرەدا قورئان پەنجە بۆ ئەو ڕاستییە ڕادەکێشێت کە مەسیح لە پەیامبەرێك زیاتر نییە ، بێگومان لێرەدا ئەم ڕوونکردنەوەیە نەک تەنها بۆ موسڵمانەکان، بەڵکو بۆ خودی مەسیحییەکانیشە کە ئەم بەرچاوڕوونییەیان پێدەبەخشێت، کە لێرەدا پێویستە بە سەرنجێکی دووربینانەتر لەم ئایەتە قورئانییە بڕوانین کە دەبێت ئەم پەیامبەریەتییە هەم وەسفی سروشتی مرۆڤانەیانمان بۆ دەکات گەر کەسێک خواردن بخوات و خواردنەوە بخواتەوە و پیسایی و پاشەڕۆی هەبێت ئایا ئەمە دەبێتە سروشتی خوا ؟!
بێگومان نەخێر !

دووهەمیش لە ڕێگەی دەقەوە بۆمان نیشان دەکات کە نەک تەنها لە قورئانی پیرۆز بەڵکو لە خوودی کتێبی پیرۆزیشدا بێجگە لە پەیامبەرییەتی نەتوانین پلەیەکی بەرزتر بەم کەسایەتییە ببەخشین.

خوای گەورە دەفەرموێت :
{وَلَقَدْ آتَيْنَا مُوسَى الْكِتَابَ وَقَفَّيْنَا مِن بَعْدِهِ بِالرُّسُلِ وَآتَيْنَا عِيسَى ابْنَ مَرْيَمَ الْبَيِّنَاتِ وَأَيَّدْنَاهُ بِرُوحِ الْقُدُسِ أَفَكُلَّمَا جَاءكُمْ رَسُولٌ بِمَا لاَ تَهْوَى أَنفُسُكُمُ اسْتَكْبَرْتُمْ فَفَرِيقاً كَذَّبْتُمْ وَفَرِيقاً تَقْتُلُونَ } (سورة البقرة : آیة ۸۷)

واتە : سوێندبێ بەخوا، ئێمە پەرتوکی (تەورات)ـمان دا بەمووسا و دوای ئەویش پەیتا پەیتا پەیامبەرانمان نارد وچەند بەڵگەو پەرجوویەکی ڕوونیشمان بە(عیسای كوڕی مەریم) دا تا پەیامبەریەتی خۆی پێ بسەلمێنێت و بەفریشتەی سروشیش (روح القدس/ جبريل) پشتیوانیمان لێكرد، كەچی ئەنجامی ناردنی ئەوهەموو پەیامبەرانە، هەر ئەمە بوو كە دەفەرموێت:
كەی ئەمە ڕاست و ڕەوایە كە هەتا ئێستاش هەر كات پەیامبەرێكتان بۆ هاتبێت -كە پەیامەكەی لەگەڵ هەواو ئارەزووی ئێوەدا نەگونجابێت- ناڕەزاییتان دەربڕیوە و دەعیەو تەكەببورتان بەسەریاندا كردووەو باوەڕتان نەهێناوە؟!
ئەوساش بوونەتە دوودەستەوە: دەستیەكتان باوەڕتان پێنەكردن و بە درۆتان خستنەوە، دەستەیەكی تریشیانتان كوشتن،
هەر سورەتی (البقرة)دا دەفەرموێت :
{قُولُواْ آمَنَّا بِاللّهِ وَمَا أُنزِلَ إِلَيْنَا وَمَا أُنزِلَ إِلَى إِبْرَاهِيمَ وَإِسْمَاعِيلَ وَإِسْحَاقَ وَيَعْقُوبَ وَالأسْبَاطِ وَمَا أُوتِيَ مُوسَى وَعِيسَى وَمَا أُوتِيَ النَّبِيُّونَ مِن رَّبِّهِمْ لاَ نُفَرِّقُ بَيْنَ أَحَدٍ مِّنْهُمْ وَنَحْنُ لَهُ مُسْلِمُونَ } (سورة؟البقرة : آیة ۱۳٦)
واتە : ئەی بڕواداران! بڵێن: ئێمە باوەڕمان بەخواو بەو(قورئان)ـە بۆمان دابەزیوە هەیە وە بەو بەرنامەیە كە بۆ (ئیبراهیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب و نەوەكانیان) نێردراوە بەوكتێبەش بە مووساو بەعیسا دراوە و بەوپەیامەش بەهەموو پەیامبەرانی تر دراوە لەلایەن پەروەرگاریانەوە هیچ فەرق وجیاوازییەكیش، ناخەینە نێوان هیچ كامێكیانەوە وەبە تەنیاش ملكەچی فەرمانەكانی ئەوین.

پەیامبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی :
« من شهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له، وأن محمدا عبده ورسوله، وأن عيسى عبد الله ورسوله وكلمته التي ألقاها إلى مريم وروح منه، والجنة حق، والنار حق، أدخله الله الجنة على ما كان من العمل ».

واتە : هەرکەسێک عەقیدە وباوەڕی وابێت کە خوای گەورە تاک و تەنها و بێ هاوبەشە وە پەیامبەری ئیسلام (ﷺ) نێردراوی خوایە وە عیساش (علیە السلام) بەندەو نێردراوی خوای گەورەیە، وە باوەڕیشی وابێت بەهەشت ڕاستە و دۆزەخیش ڕاستە، ئەوا دەچێتە بەهەشتەوە ئەگەرچی گوناهکاریش بێت، بە هەمیشەیی لە دۆزەخ نامێنێتەوە ئیللا دەچێتە بەهەشت.
کە لێرەدا لە هەموو ئەم دەقە پیرۆزانە کە تەنها بەشێکی کەمن لەکۆی چەندەها ئایەت و فەرموودە کە وەک پێغەمبەر و کەسایەتییەکی بەرز باس لەم پێغەمبەرە کراوە کە ئەمە هەمان داواکاری ئینجیلە گەر کەسێک بەجوانی وردبوونەوەی بۆ بکات .

بەشی دووەملە ڕوانگەی مەسیحییەتەوە :

وەک بینیمان مەسیح (علیە السلام) لە ئیسلامدا یەکێکە لە پێنج پێغەمبەرە پایە بەرزەکە و ئارامگرەکە لەڕێگای بانگەوازی خودای گەورەدا و کەسێکی خاوەن ڕێز و پایە بووە .
بەڵام لە پلەی پێغەمبەرایەتی بەرزتر نییە و دەرناچێت کە چەندان بەڵگەمان لە دووا پەیامی خودا بۆ مرۆڤایەتی هێنا کە ئاینی ئیسلامە .
بۆیە لێرەدا چەند دەقێک دەهێنین بۆ ئەوەی ئەو ڕاستییە بۆ خەڵکی دەربخەین کە ئەم کەسایەتییە پێغەمبەرێکە لە کتێبی پیرۆزدا نەک خودایەک !

لە ئینجیلی مەتتا : بەشی ۱۰ : بڕگەی ٤۰ دەڵێت :
ئەوەی پەسەندتان بکات ، پەسەندم دەکات ، ئەوەش پەسەندم بکات ، پەسەندی ئەوە دەکات کە منی ناردووە.
سەرنجی خوێنەران ڕادەکێشین کە ڕاستەوخۆ دووای ئەم دەقە دەڵێت چی؟
دەڵێت :
٤۱. ئەوەی پێغەمبەرێک پەسەند بکات بەناوی پێغەمبەر ، ئەوا پاداشتی پێغەمبەرێک وەردەگرێت.
کەواتە لێرەدا بەڕوونی دەردەکەوێت مەسیح هەوڵی داوە کە شوێنکەوتووەکانی وەک شێوە و ئەرکە ڕاستییەکەی بۆی دیاریکراوە ببینن کە پێغەمبەرایەتییە نەک خودایەتی !

لە ئیجیلی مەتتا : بەشی ۱۳ : بڕگەی ٥۷ دەڵێت :
جا ساتمەیان لێی دەکرد . بەڵام ئیشۆع پێی فەرموون:"پێغەمبەر بێ ڕێز نییە،تەنها لە نیشتیمان و ماڵی خۆیدا نەبێت".

هەمان دەق لە ئینجیلی لۆقا : بەشی ٤: دێڕی ۲٤ دووبارە دەبێتەوە و دەڵێت :
دیسان بەردەوام بوو گوتی : ڕاستیتان پێ دەڵێم هیچ پێغمبەرێک لە شارەکەی خۆی پەسەند ناکرێت.

لە هەمان شت لە ئینجیلی مەرقۆسیش : بەشی ٦ : دێڕی ٤ دیسان دەڵێت :
جائیشۆع پێی فەرموون:"پێغەمبەر بێ ڕێز نییە،تەنها لە نیشتمان و لەنێوان خزم و لە ماڵی خۆی نەبێت".
لێرەدا دووای بێئومێد بوون بەرامبەر گەلەکەی خۆی سەبارەت بە باوەڕهێنانیان ئەم گوفتارانەی دەربڕی کەبە ڕوونی و بێ پێچ و پەنا خۆی وەک پێغەمبەرێک ناوزەند کردووە .

ئینجیلی مەتتا : بەشی ۱٥ : بڕگەی۲۱ - ۲٦ دەڵێت :
ئیشۆع لەوێ دەرچوو چووە دەڤەری سوڕ و سەیدەن.۲۲.ژنێکی کەنعانی خەڵکی ئەو دەڤەرە،دەرچوو هاواری بۆ کرد و دەیووت:"گەورەم، ڕۆڵەی داوید،بەزەییت پێمدا بێتەوە!کچەکەم زۆر بەخراپی شێت بووە"،۲۳.بەڵام ئەو بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە.قوتابییەکانی هاتنە پێشی و تکایان لێیکرد و وتیان:"بەڕێی بکە،چونکە بەدوامانەوە هاوار دەکات!"۲٤.وەڵامی دایەوە و فەرمووی:"من تەنها بۆ کاوڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسڕائیل نێردراو".۲٥ جا ژنەکە هات،کڕنوشی بۆ برد و وتی:"گەورەم،یارمەتیم بدە!"۲٦ .وەڵامی دایەوە و فەرمووی:"ناشێت نانی ڕۆڵەکان ببڕدرێت و فڕێ بدرێت بۆ سەگ".
لەم دێڕانەشدا مەسیح خۆی ئاشکرا دەکات بەهەمان شێوەی زەکەریا و یحیی و حزقیال و دانیال و هتد .......
پێغەمبەرێکی جولەکەیە و نێردراوە بۆ نەتەوەی ئیسرائیل .

ئینجیلی مەتتا : بەشی ۲۱ : بڕگەی ۱۱ دەڵێت:
کۆمەڵانەکەش وتیان:"ئەمە پێغەمبەر ئیشۆعە،خەڵکی ناسڕەتی گلیلایە".

ئینجیلی مەتتا :بەشی ۲۱ : بڕگەی ٤٦ دەڵێت :
بۆیە دەیانویست بیگرن،بەڵام لە کۆمەڵانەکە ترسان،چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.

لەم دوو بڕگەیەدا ئەوەمان بۆ دەردەخات هاوسەردەم و چەرخی مەسیح وەک پێغەمبەر ناسیویانە نەک وەک خودا !

له ئینجیلی یوحەننا : بەشی (٥) : برگه ی(۳۰)دا دەڵێت :
من له خۆمەوە ناتوانم هیچ بکەم وەک دەبیستم حوکم دەکەم حوکمدانەکەشم دادپەروەرانەیە چونکه داوای خواستی خۆم ناکەم بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی.
کە لێرەشدا دووبارە پێغەمبەرێتی مەسیح دەبینین نەک خودایەتی بە گوفتار و موژدەکانی خودی خۆی .

بەدڵنیاییەوە بەڵگە و نیشانە گەلێک هەن لەناو کتێبی پیرۆزدا کە ڕاستی پێغەمبەرێتییەکەی مەسیح و ڕەتکردنەوەی خودایەتییەکەی نیشان دەدەن ، بەڵام پێویست بە درێژدادڕی ناکات و بۆ کەسێک کە وێڵی ڕاستی بێت ئەمەندەی بەسە کە لەیەک جێدا مەسیح بانگەوازی خودایەتی خۆی نەکردووە و نەیگوتووە من خودام و بمپەرستن ‌، کەچی بەپێچەوانەوە لەچەندان جێگەدا جەخت لەسەر پێغەمبەرایەتی خۆی دەکاتەوە ، کە ئەمەش پاڵپشتە بۆ ئەم ئایەتە پیرۆزە کە دەفەرموێت :[وَإِذْ قَالَ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ يَا بَنِي إِسْرَائِيلَ إِنِّي رَسُولُ اللَّهِ إِلَيْكُم مُّصَدِّقاً لِّمَا بَيْنَ يَدَيَّ مِنَ التَّوْرَاةِ وَمُبَشِّراً بِرَسُولٍ يَأْتِي مِن بَعْدِي اسْمُهُ أَحْمَدُ فَلَمَّا جَاءهُم بِالْبَيِّنَاتِ قَالُوا هَذَا سِحْرٌ مُّبِينٌ ] (الصف : ٦)

واتە: وەبیریان بێنە كاتێ كە عیسای كوڕی مەریەم وتی: ئەی نەوەكانی یەعقوب! بێگومان من پێغەمبەرو نێرراوی خوام بۆلای ئێوە ددانیش بەو تەوراتەدا دەنێم لە بەردەستمدایە مزگێنیش بە هاتنی پەیامبەرێك دەدەم - كەپاش خۆم دێ - ناوی(ئەحمەد)ـە، جا كاتێ عیسا یان موحەممەد بە موعجیزە روونەكانەوە هات و پێڕاگەیاندن وتیان: ئەمە جادویەكی ئاشكراو نمایانە !
به‌روار: 07/10/2019
بینین: 1108