توێژینه‌وه‌
  بەڵگە فەلسەفیەکانی بوونی خودا
محمد عبدلعزیز

یەکەم : بەڵگەی هاتنە بوون،بەڵگەی ئەگەری (contingeny)
بەڵگەی ھاتنەبوون بەوە دەست پێدەکات،کاتێک دەپرسین بۆچی ھەموو شتێک بوونی ھەیە لەجیاتی ئەوە ھیچ شتێک بوونی نەبێت؟ ئەمەش خۆی لەخۆیدا پرسیارێکی کراوەیە، و ھەموو شتێک دەگرێتەوە، لە (گەردوون، فرە گەردوون، یاساکانی فیزیا، یاسا ماتماتیکییەکان، کات، شوێن، ماددە، مرۆڤ و عەقڵ ...هتد) 
ئێمە تەنھا تیشک دەخەینە سەر گەردوون ،کە بۆچی بوونی ھەیە؟ بۆ وەڵامی ئەمەش ،سێ گریمانە بوونیان ھەیە:

1- ھەبوون تەنھا خەیاڵە،و لە بنەڕەتدا ھیچ شتێک بوونی نییە!.
2- گەردوون ھەر ھەبووە و ھەمیشەییە!.
3- خودایەک بوونی ھەیە ،و ھەموو شتێکی لە نەبوونەوە ھێناوەتە بوون.

دەربارەی خاڵی یەکەم، کە ھەندێک لە ئایینە خۆرھەڵاتییەکان، پێیان وابووە کە ھیچ شتێک بوونی نییە؛  ھەبوون تەنھا خەیاڵێکە، یان بەو واتایەی کە ئەوەی دەیبینین ڕاستی نییە، تەنھا خەیاڵی ئێمە ڕاستە وەک (بوزیەکان)، ئەم بیرۆکەیەش پوچەڵکردنەوەی سادەیە، چونکە، ئەگەر ھیچ شتێک بوونی نەبووایە، ئەوا ئەم خەیاڵەی ئێمەش بوونی نەدەبوو، چۆن دەکرێ ھیچ شتێک بوونی نەبێ بەڵام خەیاڵ بوونی ھەبێ؟
ھەروەھا بەشێک لە فەیلەسوفە یۆنانییەکان کە ناسرابوون بە (سۆفستاییەکان)   بەھەمان شێوە پێیان وابووە کە ھیچ ڕاستیەک بوونی نییە ،و ھەموو شتێک خەیاڵە، ھەڵەی ئەم لێکدانەوەیەش لێرەدایە ،کاتێک تۆ دەڵێی ھیچ ڕاستیەک بوونی نییە، ئەوا تۆ لەم وتەیەتدا دانت ناوە بە بوونی ڕاستییەک و دۆزینەوەیەک! کاتێک دەڵێی (ھیچ شتێک ڕاست نییە) واتە وەڵامەکەی خۆتت پێ ڕاستە، و ئیتر ئەوەتا ڕاستیەکت دۆزیوەتەوە و بوونی ھەیە، کەواتە بەلای کەم ڕاستییەک بوونی ھەیە، ئەگەر ڕاستی بوونی نەبووایە ،چۆن تۆ ئەم ڕاستیەت دەدۆزییەوە؟ 

بۆیە ئەم دوو لێکدانەوەیە ھەڵەن؛ دەربارەی ھەموو شتێک بوونی ھەیە، لەجیاتی ئەوەی ھیچ شتێک بوونی نەبێت. 

وەڵامی دووەم کە ماددیگەراکان پشتی  پێی دەبەست ، دەیانگوت گەردوون ھەر ھەبووە و ئەزەلییە! ئەمەش وەڵامێکی کورت خایەنە، لە ڕووی فەلسەفی و فیزیاییش.
چونکە، یەکەم: کاتێک ڕووداو بوونی ھەیە کەوایە دەسپێکی ھەیە؛ کە دەسپێکی ھەبوو ،واتە ھەموو ڕووداوێک سەرەتایەکی ھەیە، بەمانەیەکی تر (پێویستە سەرەتای ڕووداوەکان بوونی ھەبێ، سەرەتایەک کە یەکەم ڕووداو تیایدا ڕوویداوە) وە کەسیش نەیتوانیوە وەڵامی ئەوە بداتەوە، کە چۆن بێ کۆتا ڕووداو بوونیان ھەبووە، لە ڕابردوودا .بۆیە ناکرێت گەردوون ئەزەلی بێت.ھەروەھا زانست سەلماندی، کە گەردوون لە نەبوونەوە ھاتووەتە بوون، سەرەتایەکی ھەیە؛ کەواتە گەردوون ئەزەلی نییە، بەڵکو دەستپێکی ھەیە، کەوابێ ئەویش ھۆکارێک ھەیە لە دواوەیدا.

سێ جۆری ھەبوون یاخود ڕووداو بوونیان ھەیە:
1- مەحاڵ(ڕووداوێک کە مەحاڵە و ڕوونادات).
2- ئەگەری(ڕووداوێک دەکرێ ڕووبدات و دەکرێت ڕوونەدات).
3- پێویستی ھەبوون(ڕووداوێک یاخود بوونێک کە پێویستە ھەبێت).

کاتێک گەردوون ھاتە بوون (ماددە، وزە، بۆشایی، کات، یاسا) بوونیان نەبووە، ئەمەش مانای وایە بوونی گەردوون پێویست و واجب نییە؛ بەڵکو بوونی ئەگەرییە(واتە دەکرێ ھەبێت و دەکرێت نەبێت) بۆیە پێویستە ھۆکارێکی تر ئەم کارەی ئەنجام دابێت و گەردوونی لە نەبوونەوە ھێنابێتە بوون، ئیدی ئێمە لەوانەیە ھەرگیز نەزانین کە ئەم گەردوونە چۆن ھات و؟ چی بوویە ھۆکار؟ ئەگەریش ھۆکاری دروستبوونی گەردوونیش دۆزرایەوە (بۆنموونە فرە گەردوونی بوو) ئەوا ھۆکاری ھەبوونی ئەویش دەبێت بە پرسیار و سەرەتایەکی پێویستە ؛چونکە، ڕووداوی بێ کۆتا لۆژیکی نییە، و ئەوکات دەپرسین بۆ فرەگەردوونی بوونی ھەیە! ؟ھەربۆیە ڕاکردن بوونی نییە، لە ھۆکاری یەکەمی و سەرەتای ڕووداوەکان، بۆیە پێویستە ھۆکارێکی نەگۆڕ بوونی ھەبێ کە سەرەتای ھەموو جووڵە و ڕووداوێک بێت، و جیا بێت لەو پێکھاتەیەی کە ھێناویەتییە بوون، دەکرێت بابەتەکە کورت بکەینەوە لەم خاڵانەدا:

1- ئەگەر شتێک بوونی ھەبێ، ئەوا پێویستە ھۆکارێک بووبێتە ھۆی ھێنانە بوونی.
2- گەردوون و ئەوەی تیایەتی بوونیان ھەیە. 
3- کەواتە پێویستە ھۆکارێک ھەبێ گەردوونی ھێنابێتە بوون.
4- ئەو ھۆکارەی گەردوونی ھێناوەتە بوون ،ناکرێت لەنێو گەردوون و پێکھاتەکەی بێت. 
5- کەواتە پێۆيستە ھۆکارێک بێت لەدەرەوەی گەردوون.

بۆیە بۆ ئەو پرسیارەی کە دەڵێت بۆچی ھەبوون(گەردوون) بوونی ھەیە و ؟بۆچی ئێمە ھەین ؟لەکاتێکدا دەکرا بوونمان نەبێت ،و گەردوونیش بوونی نەبێت، چونکە، بوونی پێویست و واجب نییە، باشترین وەڵام ئەوەیە، کە خودایەک ھەبێ (ناماددی بێت: پێویستی بە ھاتنە بوون نەبێت، نەگۆڕبێت(( پێویستی بە جوڵێنەر نەبێت، )بەتوانابێت(توانای ھێنانە بوونی گەردوونی ھەبێت،) دانا بێت(توانای داھێنانی ڕێک و پێکی ھەبێت) )ئەم بوونەش پێویست و واجبە ،چونکە گەردوون بوونی ھەیە و ، تاوەکو ئەم گەردوونە بەدیبێنێت، واجبە خوداش بونی هەبێت.

ئینجا بۆئەوەی ئەو بەڵگەیە بە ھەڵە بخرێتەوە ،پێویستە خاڵەکانی نێو بەڵگەکە بەھەڵە بخرێنەوە و، بیسەلمێنن کە وانییە، نەک بازبدەن  بۆ بابەتی تر و گفتوگۆی تر بهێننە  کایەوە. بۆیە کاتی گفتوگۆ دەبێ وریابن و، لەسەر خودی بابەتەکە  مناقەشە بکەن، واتە کەسێک گەر ئەم بەڵگەیە ڕەت بکاتەوە ،دەبێ خاڵەکان ڕەت بکاتەوە، بەم شێوەی خوارەوە:- 
دەبێت بیسەلمێنێت، کە مەرج نییە ھەموو شتێک ھۆکارێک ھەبێ لە دواوەیدا.! 
یان دەبێت بیسەلمێنێت گەردوون بوونی نییە!!!
یانیش بیسەلمێنن گەردوون سەرەتای نییە و ئەزەلییە!
یانیش دەبێ بیسەلمێنن، کە ھاتنە بوونی گەردوون، پێویستی بە ھۆکارێکی دەرەکی و نا ماددی نییە!

ئەوکات ئێمەش دەڵێین ھەقی خۆتانە بڕوا بەبوونی خودایەک نەکەن.
به‌روار: 26/06/2019
بینین: 932
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت