توێژینه‌وه‌
  بەڵگە فەلسەفیەکانی- بونی خودا
محمد عبدلعزیز


دووەم: بەڵگەی گەردوونی کەلامی.

خودی بەڵگەی گەردوونی کۆکراوەی کۆمەڵێک تێڕوانین و لێکدانەوەی ترە، یاخود دەتوانین بڵێین بە شێوازی تر خراونەتە ڕوو، وەک:

1- بەڵگەی جووڵە(Motion): ھەموو جوڵەیەک سەرەتای ھەیە.
2- بەڵگەی ھۆکاری(casuality): ھەموو ڕووداوێک ھۆکارێکی ھەیە.
3- بەڵگەی ھاتنە بوون(contengincy): بۆ گەردوون ھەیە و بۆ ھیچ نییە؟
4- بەڵگەی پلە بەندی(degree): ھەموو ھێزێک، ھەیە لەخۆی گەورەتر، ھێزێکیش ھەیە لە ھەمووان گەورەتر. 
ھەریەکە لەم بەڵگانە بەجۆرێک دوپاتی دەکەنەوە کە پێویستە (جووڵێنەری یەکەمی، یان ھۆکاری یەکەمی، یان بەدیھاتن، یان خاڵ و پلەی یەکەمی) بوونی ھەبێت و ناکرێت ڕووداوەکان بێ کۆتا بن و سەرەتایەکیان نەبێ، چونکە ئەوکات مانای وا دەدات ڕووداوەکان دەبنە ھۆی ڕووانی یەکتر بەبێ ئەوەی ھۆکارێک ھەبووبێ، و جووڵێنەرێک ھەبووبێ و ببێتە ھۆی ڕوودانی ڕووداو ئیتر کە ھۆکاری یەکەم بوونی نەبوو لەسەرەتاوە چۆن ڕووداو پەیدا بوو؟ 
ئەم بەڵگانە دەتوانین بەگشتی کۆبکەینەوە لە یەک بەشدا کە ناسراوە بە بەڵگەی گەردوونی (Cosmological argument). 

یەکەم کەس بەوردی ئەم بەڵگەی خستبێتە ڕوو فەیلەسوفی ئیسلامی (ئیمامی غزالی)، بووە لەسەدەی( 12)، کاتێک کە فەیلەسوفە موسڵمانەکان کاریگەرببوون بە فەلسەفەی یۆنانی و باوەڕیان وابوو گەردوون ئەزەلییە و سەرەتای نییە، ئیمامی غەزالی کتێبێکی لەو بارەوە دانا بەناوی (تهافت الفلاسفة)، تیایدا ڕوونی کردەوە گەردوون پێویستە سەرەتای ھەبێت (چونکە ئەگەر گەردوون سەرەتای نەبێت ئەوا مانای وایە بێ کۆتا ڕووداو بوونی ھەیە و ھەریەکەش دەبنە ھۆی ڕوودانی ئەوەی پاش خۆیان، کە ئەمەش مانای وایە ھۆکاری ڕوودان و دروستبوونی ڕووداو بوونی نییە و ھەر لەخۆیەوە و لە دێرینەوە ڕوودەدات! کە ئەمەش ھەڵەیە، چونکە ئەگەر ڕووداو ھەبوو یەکەم: سەرەتای ھەیە، دووەم: ھۆکاری ھەیە، بەڵام ئەگەر لە ئەزەلەوە بێت ئەوا سەرەتا و ھۆکار بوونی نابێ، ئیتر چۆن ڕووداو بوونی دەبێ؟ 
بۆیە پێویستە گەردوون سەرەتای ھەبێت و ڕووداوەکانی دەسپێکیان ھەبێت، ئەم بەڵگەیە تا ئێستاش پشتی پێدەبەسترێت بۆ بوونی بەدیھێنەر، بەپەرەسەندنی زانستی گەردوونناسی زیاتر پشتڕاستبوویەوە، ھەروەھا ئەم بەڵگەیە پەرەیپێدراوە لەلایان فەیلەسوفی لاھوتی (ویلیام لان کریگ)  کتێبێکی لەمبارەوە داناوە بەناوی بەڵگەی گەردوونی کەلامی(kalam cosmological argument)، بەکورتی بەڵگەکە بەم شێوەیە دێتەوە:

1- ھەموو ڕووداوێک سەرەتا و ھۆکارێکی ھەیە.
2- گەردووون ڕووداوە و سەرەتایەکی ھەیە.
3- کەواتە گەردوونیش ھۆکارێکی ھەیە.

گەردوون سەرەتای ھەیە که( 13.8 )ملیار ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە، پێویستە بەدیھێنەرێک یاخود ھێزێکی یەکەمی ھەبێ کە گەردوونی ھێنابێتە بوون و دەسپێکی خاڵی یەکەمی گەردوونبێت.

کاتێک دەبینین لە دوای ھەموو جووڵەیەک ھێزێک ھەیە و لە دوای ھەموو ڕووداوێک بکەرێک ھەیە، بەم شێوە ئەگەر بەردەوام بین ئەوا پێویستە بڵێین کە ھێزی یەکەم بوونی ھەبێت کە سەرەتا و دەسپێکی جووڵە بێت، بەو پێیەی گەردوونیش سەرەتای ھەیە و لەنەبوونەوە ھاتووە کەوایە پێویستە دروستکەرێک و ھۆکارێکی ھەبێت کە ئەم ھۆکارە ھێزێک بێ توانای ھێنانەدی (ماددە، وزە، کات، شوێن)ی ھەبێت وە پێویستە ئەم ھۆکارە یەکەم: نەگۆڕ بێت و پێویستی بە جوڵێنەر نەبێ، دووەم: ناماددی بێت چونکە ماددە سەرەتای ھەیە و بوونی ئەگەرییە و پێویستی بە بزوێنەر و ھۆکار ھەیە، سێیەم: پێویستە زانا و بەتوانا بێت کە گەردوون بێنێتە بوون و بەوردی ڕێکی بخات، ئەو ھۆکارە یەکەمییەش ئێمە ناوی دەنێین خودا (کە بوونێکی ناماددیە بۆیە نەگۆڕە و پێویستی بە جوڵێنەرێک یان دروستکەرێک نییە لەپێش خۆیدا و زانا و بەتواناشە).
ھەروەھا ئێمە کاتێک دەڵێین ھەموو ڕووداوێک یان ھەموو جووڵەیەک یان ھەموو بوونێک ھۆکارێکی ھەیە مانای وا نییە خوداش دەبێت ھۆکارێکی ھەبێ، چونکە ئەو ڕووداو نییە و پێویستە ھەبێ، وەک ڕوونمان کردەوە خودا نەگۆڕە و ناماددیە، واتە ھۆکار و ڕووداو نییە ئیتر سەرەتاشی پێویست نییە، بەڵکو (واجب الوجود)ە، دەبێت بوونی ھەبێ تا ببێتە ھۆکاری ھاتنە بوونی گەردوون و دەسپێکی ڕووداوەکان.

بۆ سادەتر تێگەیشتن لەم بابەتە نموونەيه ك دەخەمە ڕوو: وای دانێ سەربازێک لە ھەوڵی جێبەجێکردنی ھێرشدایە و پەیوەندی بە کەسی سەروی خۆی دەکات بۆ وەرگرتنی فەرمانی ھێرش، ئەوەی سەرووی خۆیشی پەیوەندی بە سەروی خۆی دەکات و سەروتریش بە سەروتر و سەروتری ئەویش بە سەروتر! 
ئێستا ئەگەر دانەیەک نەبێت لە ھەمووان گەورەتر و فەرمانەکانی لێوە دەربچێت ئەوا پرسەکە تا ھەتا بەردەوام لە خوار بۆ سەر دەڕوات و سەربازەکە ناگات بە ئەنجامێک و ھەر دەبێت چاوەڕوان بێت، بۆیە پێویستە دانەیەک ھەبێت لە ھەمووان گەورەتر و دەسەڵاتدارتر كه فەرمانی لێوە دەربچێت، ھەر بۆیەش ھۆکار لە دوای ھۆکار کە ببنە ھۆی ڕووداوی دوای خۆیان ھەڵەیە و لۆژیکی نيیە ،چونکە بەم شێوەیە ھەر ڕووداوێک و ئەوەی دوای خۆی دروست دەکرد و بەمەش کۆتاییان نەدەھات و ھیچ ھۆکارێک نەدەبوو کەوا گەردوون دروستبکات و لەئەنجامدا ئێمە بێینە بوون، بەڵکو ڕووداو دووای ڕووداو دەڕۆیشت و تەواو نەدەبوو بێ کۆتا دەڕۆیشت و ھیچ ئەنجامێکیشی نەدەبوو، واتە پێویستە دروستکەری یەکەمی بوونی ھەبێت و ئەو بزوێنەری سەرەتا بێت و فەرمانی دروستبوونی گەردوون و ئێمە دەربکات، ئینجا ئێمە بوونمان دەبێت،  نەک لە ئەزەلەوە ڕووداوەکان ڕووبدەن، چونکە ئەگەر خاڵی سەرەتا و فەرمان بوونی نەبێ خاڵی کۆتایش بوونی نابێت.


ھەر کەسێک ئەم بەڵگەیە ڕەت بکاتەوە پێویستە بۆمان بسەلمێندرێت کە:
شتانێک ھەن دێنە بوون بەبێ ھۆکار و پێویست ناکات ھەموو شتێک ھۆکارێکی ھەبێ.
یانیش دەبێ بیسەلمێنن کە گەردوون سەرەتای نییە و ھەر ھەبووە.
ئەوکات دەتوانن ئەم بەڵگەیە ڕەت بکەنەوە و بڵێن بوونی خودا واجب نییە و گوماناوییە (واتە بە ڕەتکردنەوەی ئەم بەڵگەیە بوونی خودا لە یەقینەوە دەگۆڕێت بۆ گوماناوی نەک مانای وابێت خودا بوونی نیە).
به‌روار: 26/06/2019
بینین: 774
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت