هەمەجۆر
  ستیڤن هاوکینگ دانیدا بەوەدا کە بیردۆزی (دیزاینی زیرەک) ئەگەری زۆرە راست بێت!!
دیلمان لەتیف

زانای مەزنی ئینگلیز (ستیڤن هاوکینگ) بەم دوواییانە هەموو ناوەندە زانستییەکانی سەرسامکرد کاتیک لە میانەی وتارێکی لە زانکۆی کامبێردج رایگەیاند کە ئەو باوەڕی وایە (شێوەیەک لە شێوەکانی زیرەکی) لە پشت دروستبوونی گەردوونەوە بووە.
هەروەها رایگەیاند کە ئەو پاش ئەوەی ساڵێک لێکۆڵێنەوەی لەسەر تۆڕە گەردوونییەکان کردووە گەیشتۆتە ئەوەی فاکتەرێکی سەیری زانستی بدۆزێتەوە کە لە زۆر رووەوە ناکۆکە لەگەڵ یاسا فیزییاییەکانی گەردووندا.
ئەم دیاردە سەیرەشی ناوناوە (فاکتەری خوایی) کە دەڵێت لە سەرەتای پرۆسەی دروستبوونی گەرووندا رۆڵێکی مەزنی بینیوە لە دەستنیشانکردنی ئەم شێوەیەی ئێستای گەردووندا.
هەروەها زانای مەزن (ستیڤن هاوکینگ) کە بە جێنشینی ئەنیشتاین ناوزەند ئەکرێت دەڵێت ئەو جەڵدەیەی لە براکەی داوە گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەسەر گۆشەنیگای ئەودا هێناوە سەبارەت بە هۆشی مرؤڤ و بە گەردوون بە گشتی، چونکە براکەی بۆ ماوەی (٤٣) خولەک لە دۆخی مردنی جێگەییدا بووە و ئەو برایەشی هەمیشە وەک نموونەی باڵای خۆی داناوە لە لۆژیکی دوور لە قسەی پڕوپووچدا و هەر ئەویش بووە بە پاڵنەری لە لێکۆڵینەوەی فیزیادا، بەڵام براکەی پاش ئەو جەڵدەیە بووە بە کەسێکی جیاواز، چونکە پێی وتووە کە لەو (٤٣) خولەکەدا هەستی بە بوونی شتێکی بەسۆز کردووە لە جیهانێکی ترەوە کە ئێمە پێی ئاشنا نین و پێی دەوت (خوا).
لێرەدا ئامادەبووانی کۆنگرەکەی زانکۆی کامبێردج تووشی شۆک هاتن، بەڵام هاوکینگ بەردەوام بوو و وتی کە زانستی نوێ لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە هۆشی مرۆڤ لە مێشکیدایە، بەڵام ئەوەی براکەم هەستی پێکردووە لەو (٤٣) خولەکەدا بەم جۆرە لێکنادرێتەوە، ئاخۆ هۆشی مرۆڤ لە دەرەوەی مێشکیش هەر دەمێنێت؟ ئایا مێشکی مرۆڤ تەنها وەرگرێکە وەک رادیۆیەک کە شەپۆلەکانی هۆش وەردەگرێت؟ ئەمانە کۆمەڵە پرسیارێکن کە هێشتا زانستی سەردەم نەیتوانیوە وەڵامیان بداتەوە و لە ئەگەری وەڵامدانەوەیاندا گۆشەنیگامان بۆ تێگەیشتنى فیزیا و گەردوون بە تەواوەتی دەگۆڕێت.
بەڵام دواتر ستیڤن هاوکینگ کەوتە بەر رەخنەی نەیارەکانی و ئەویش وەڵامێکی بۆ بڵاوکردنەوە بەوەی کە هەرچەندە ئەو بڕوای وایە بیردۆزی (دیزاینی زیرەک) ئەگەری زۆری هەیە راست بێت بەڵام ئەمە بەهیچ شێوەیەک مانای سەلماندنی بوونی خوا نییە، بەڵکو تەنها سەلماندنی ئەوەیە کە پێش ١٣,٨ بلیۆن ساڵ (هێزێکی شێوەخوایی) رۆڵێکی مەزنی بینیوە لە دروستبوونی گەردووندا.
تێبینی:
پێشتر لە پۆستێکدا ئەوەمان روونکردەوە کە کتێبی (دیزاینی مەزن)ی زانای ئینگلیز ستیڤن هاوکینگ بە تەواوەتی لە خزمەت ئیمانی ئیسلامدایە چونکە باوەڕهێنان بە بوونی خوا باوەڕهێنانێکی غەیبییە و لە تاقیگەدا ناسەلمێندرێت بەڵکو مرۆڤ دەتوانێت بەهۆی بەڵگە زانستییەکانەوە هەستی پێ بکات و شتێک ببینێت لەودیوی بەڵگە زانستییەکانەوە.
ئەمەش رێک ئەوەیە کە ستیڤن هاوکینگ پێشتر و ئێستاش باسی کردووە، بەڵام بەهۆی وردەکارییە فیزیایی و فەلسەفییەکەی بابەتەکەوە لەوانەیە زۆرکەس وەک پێویست لێی حاڵی نەبووبێتن، یاخود دەشێت زۆرکەس بەهۆی ناکۆکیی ئەو کتێبە لەگەڵ ئیمانی مەسیحیەتدا وەها حاڵی بووبێتن کە ناکۆکیشە لەگەڵ ئیمانی ئیسلامدا لەکاتێکدا خوا لای مەسیحییەکان لە شێوەی مرۆڤدایە بەڵام خوا لە ئیسلامدا لە هیچ شتێکی مەوجود ناچێت.
هەروەها ستیڤن هاوکینگ بەم قسەیەی زەبرێکی جەرگبڕ لە بیردۆزی دیزاینی پەرەسەندن دەدات کە رکابەری بیردۆزی دیزاینی زیرەکە و ئەو چڵە پووشە لەبن دەردێنێت کە مولحیدەکان بە هەر چوار پەلیان چنگیان پێوە گرتبوو.
لینکی بابەتەکە بە ئینگلیزی:
http://worldnewsdailyreport.com/stephen-hawkins-admits-int…/
لینکی بابەتی پێشوومان:
http://bzavpress.com/Detail.aspx?id=12906&LinkID=24
به‌روار: 23/10/2016
بینین: 3447