وتار
  بەو شێوەیە ھاوسەرگیریی مەکەن!
شەریف عەلی باپیر


بەداخەوە بەزۆری خەڵکی ئێستا پێش ھاوسەرگیریی بە بیناوی یەکترناسین ھەرچی خۆشەویستیی و لاواندنەوەیان ھەیە زایەی دەکەن، دوای ھاوسەرگیریی ژیانیان وەك سەربازیی و قوڕپێکێشانی لێدێ، بە قالبێکی قورسەوە ژیان دەگوزەرێنن.

براکەم،
ئێستا بەرپرسیارییەتی خۆت و خێزانت لەسەر تۆیە، دەبێ زۆر خووی تەمەنی گەنجیت لەگەڵ خێزان و ژیانی ئێستات بگونجێنی نەك بەپێچەوانەوە. خۆت لە بەرپرسیاریەتی مەدزەوە، ڕاکردن لە بەرپرسیارییەتی تەنھا ئەرکت قورستر دەکات و ڕێی گەڕانەوەت دوورتر دەکات. خۆمەگنخێنە لە ئیشی ناوماڵ، وەك چۆن پێش ھاوسەرگیریی چەندان بەڵێنت بە خێزانت داوە تا ڕازی ببێ، ئێستاش دەبێ کردەوەکانت لە جیاتی خۆت قسە بکەن و لێمەگەڕێ کێشە کاتییەکان زنجیرت کەن. با نزیکترین ھاوڕێت خێزانەکەت بێ و گرینگی پێبدە، بێدەنگیی بەرزترین دەنگەو ئافرەت بە پشتگوێخران قەڵس دەبێ، ناحەقیان نیە کاتێك تۆ ھەموو ژیانی ئەوی. گاڵتەی لەگەڵ بکە و گاڵتەی پێمەکە، نازی بکێشە، خۆشەویستیی پێشان بدە ئەگەرنا چۆن بزانێ ھێشتا تۆ خۆشتدەوێ؟ بەڵام زۆر گرینگە بەردەوام ڕێز و متمانە لە بەینتاندا زیندوو بێ. حەقی خێزانەکەت بدە، وانەبێ بەس بیرت لای حەز و ئارەزووی خۆت بێ، پێت وانەبێ حەزی نیە بەس لەبەر ئەوەی شەرم دەکاو بێدەنگە.
-
خوشکەکەم،
وریابن لە ھەڵبژاردنی پیاوان، ژیانی ڕاستەقینە جیاوازە لە ڕۆمانی فەڕەنسی و فیلمی توورکی. دەستبارگربن بۆ پیاوەکانتان و تا بکرێ بە نەرمی شتیان پێ بڵێن چونکە پیاو لەگەڵ خێزانەکەی بە ھەستی بەزەیی و نەرموونیانیی ئاسانتر دەجووڵێ نەوەك بە چەندبارەکردنەوەو تووڕەبوون. دڵنیابن بەشێك لە پیاوان لە ئاست پێشبینی ئێوەدا نابن لە ڕووی خۆشەویستیی و مامەڵەکردنەوە بۆیە خۆتان سەغڵەت مەکەن و پشوودرێژبن، ھیچ کەسێك فریشتە نیەو ھەموو مرۆڤێك توانای گۆڕانی ھەیە ئەگەر ھاوکاری ھەبێ، پێتان وانەبێ ژیانی ھاوسەرگیریی بەبێ خۆماندووکردن وەك داستانی (ڕۆمیۆ و جولیەت) دەبێ - کاتێك چاوەڕوانی زۆرمان لە کەسێك ھەیە، مێشمان لێ دەبێ بە گامێش. ھەرچەند ئەگەر حەقیش لای تۆبێ، ڕێگایەکی گونجاو بدۆزەوە بۆ گەیاندنی گلەییەکانت، زۆر لەبن گوێی پیاوان مەخوێنن، دووربینانە مامەڵە بکەن و دڵنیابن بابەتی زۆر گچکە کێشەی زۆر گەورە دروست دەکات. بزانن کێشەو لێكتێنەگەیشتنتان دەبێ، ھاوڕێی یەکتربن؛ دانیشن و قسەبکەن، خێرا خەڵك تێمەگەیەنن چونکە ڕێز و متمانە لە نێوانتاندا کەم دەکات، ئەگەر نەگەیشتنە ئەنجام یەکدووکەسی لێزان و دڵسۆز ئاگادار بکەنەوەو لە باسکردنی کێشەکانتان بە ویژدان بن، ھەوڵی چاککردن بدەن نەك تۆڵە کردنەوەو ڕق پێکڕشتن.
-
لەکۆتاییدا دەڵێم ھاوسەرگیریی و خۆشەویستیی پێویستی بە بارقووڵیی و سنگفراوانیی و لێزانین و کات بۆ تەرخانکردنە، ھیچ شتێك لە شوێنی خۆی ناوەستێ، کاتێك شتێك زیاد ناکات، دیارە کەم دەکات. تا دەتوانن پەیوەندیتان لەگەڵ خوا چاك بکەن چونکە دوورکەوتنەوە لە خوا سەرەتای ھەمو کێشەیەکە، وەك خوای پەروەردگار دەفەرمووێ: (ئەوەی پشت لە یادی ئێمە بکات، ژیانێکی تەنگ و تاریك و ناڕەحەتی دەبێ و لە قیامەتێش بە کوێری لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێ) بەھیوای ژیانێکی پڕ خۆشیی و نوور و جوانیی بۆ خوشك و براکانم.

به‌روار: 12/02/2021
بینین: 1690