مێژووی ئیسلام
  عومەری کوڕی خەطاب
سعید عبدالرحیم
دوای ئەوەی کە پێشەوای باوەڕداران (عومەری کوڕی خەطاب) بریندار کرا، پزیشکیان هێنایە سەری و دوای پشکنین پێی وت: پێشەوای باوەڕداران وەسیەت بفەرموون جەنابت ناژیت. ئەویش ناردی بە شوێن حوزەیفەی کوڕی یەماندا کە پاریزەری نهێنیەکانی پێغەمبەری خوا بوو، ناوی مونافیقەکانی لای ئەو درکاندبوو، فەرمووی حوزەیفە تکات لێ ئەکەم لەبەر خاتری خوا پێم بڵێ ئەگەر پێغەمبەر ناوی منیشی لەگەڵ مونافیقەکاندا هێناوە، خۆێن بە کەلەکەیدا دەهاتە خوارێ و چاوەڕوانی وەڵامی حوزەیفە بوو، ئەویش کەمێ بێدەنگ بوو، چاوەکانی پڕبوون لە فرمێسك و وتی: ببورن ناتوانم لەو بارەیەوە هیچ بڵێم، فەرمووی: تکات لێ دەکەم کارم بە دنیا نەماوەو لەسەر وەڵامی تۆ وەستاوم، وتی: باشە تەنها بە تۆی دەڵێم، نەخێر ناوی تۆی لانەهێناوم، ئینجا عەبدوڵڵای کوڕی بانگکردو فەرمووی: وەرە کوڕی خۆم تەنها کارێکم لە دنیا ماوە، خێرا بڕۆ بۆ لای خاتوو عائیشەی دایکی باوەڕداران، بە ناوی منەوە پێی بڵێ، نەڵێی پێشەوای باوەڕداران، بڵێ عومەر پێشنیاز دەکات ئەگەر جەنابت ڕازی بیت لەبەرپێی پێغەمبەری خوادا بنێژرێم، کە چووە خزمەتی: فەرمووی بەڵێ ئەو شوێنەم بۆ خۆم دانابوو، بەڵام ئەمڕۆ دەیبەخشم بە عومەر، عەبدوڵڵای بە دڵی خۆشەوە گەڕایەوەو وتی بابە گیان ڕازی بوو، سەری باوکی هەڵگرت و خستیە سەر ڕانی، فەرمووی نا کوڕی خۆم لێگەڕێ با ڕومەتم بە خۆڵەوە بگلێ قوڕ بەسەر عومەر ئەگەر سبەی خوا لێی خۆش نەبێ، پاشان فەرمووی کوڕی خۆم، دوای ئەوەی منتان برد بۆ مزگەوتی پێغەمبەری خواو له شۆردن کفن کردنم بوونەوە، چاوبگێڕە بۆ حوزەیفە ئەگەر نوێژی لەسەر کردم ئەوجا بمبەن بۆ ماڵی پێغەمبەری خوا، چونکە لەوانەیە لەو کاتەدا هەستی ڕاگرتبم، لەوێش جارێکی تر مۆڵەت لە دایکی باوەڕداران وەرگرە، چونکە لەوانەیە ئەویش ئەو کاتە شەرمی لێ کردم ئەگەر ئیزنی فەرموو باشە ئەگینا لە گۆڕستانی موسڵمانان بمنێژن، کە حوزەیفەی بینی نوێژی لەسەر کرد بەدڵێکی ئارامەوە هەڵیانگرت و چووە خزمەت خاتوو عائیشە و وتی: عورمەری کوڕت لە دەرگایە مۆڵەت ئەفەرمووی بێتە ژورەوە، فەرمووی: بەڵێ با بفەرمووێ، بەو شێوەیە لە خزمەت دوو هاوەڵە ئازیزەکەیدا بەخاك سپیردرا.
بەڵێ ئازیزان پێم جوان بوو لە دەسپێکی ساڵێ نوێی کۆچیداو وەك وەفایەك بۆ ئەو پیاوە مەزنە کە داهێنەری ڕۆژژمێری ساڵی کۆچی یە، یادیان بەرزو پیرۆز ڕاگرین و بۆ خۆیشمان وانەیەکی پەروەردەیی لە دوا ساتەکانی ژیانی وەرگرین، کە ئەگەر ئەوە حاڵی عومەر بێت کە سەر زەوی پڕکرد لە دادگەری و بەو جۆرە لە خوا ترسابێت، لەگەڵ هەبوونی مژدەی پێغەمبەری خوا بۆیان وەك یەکێك لە مژدە پێدراوانی بەهەشت، دەبێ حاڵی ئێمە چۆن بێت کە دڵنیانین خوامان لێ ڕازییە یان نا، خوا عاقیبەتی هەموولایەکمان بەخێر بگێڕێت و لە دیداری ئەو ئازیزانە بێبەشمان نەکات.
به‌روار: 30/08/2019
بینین: 1309