چیرۆک
  مەملەکەتی شەیتان ــ کتێبی سێیەم :زنجیرەی ٨١
ماکوان کەریم

مار خۆشی لە سیر نەدەهات لە کونەکەیدا دەردەهات
لە تەواو بوونم و لەقسەکردنێکی خێرا و کورتدا لە نێوانی من و شێخ برقان گەڕامەوە بۆ لای مایکڵ.
مایکڵ ڕوویکردە جۆرج و ووتی پێی بڵێ بەماکوان جاروبار منیش وەکو ئەو بەدەم خۆمەوە قسە دەکەم، ئاساییە!
ماکوان: بەڕێز مایکڵ پێویستە بەدەم خۆمانەوە قسە بکەین، چونکە ئەگەر وانەکەین چۆن خۆمان ئامادەکەین بۆ قسە کردن، خوای گەورە مێشك و زمان و دڵ و چاو زۆریکی تر لە هەستە شاراوەکانمان کە خوای گەورە بە نیعمەتی خۆی پێی بەخشیوین پێویستە بەکاری بهێنین، ئەگەر وانەکەین هەست دەکەم سوپاسگزاری نیعمەتەکانی خوای پەروەردگار نین.
مایکڵ: زۆر ڕاستە!
ماکوان: نەخێر جەنابی مایكڵ تۆ نابێت بڵێ وایە ، چونکە تۆ خوا ناپەرستیت، حەزیشم بە موجاملە نیە لەکاتی قسە کردندا.
مایكڵ: بە سارسامییەوە، نا- وانیە منیش بڕوام بە خوا هەیە.
ماکوان: خوا پێناسەیەکی لاستیکیە هەموو کەس دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی ڕایبکێشێت. دەبێت بپرسم تۆ بڕوات چ جۆرە خوایەك هەیە؟
مایکڵ: ئەو خوایەی کە ئەم بوونەی دروست کردوە، مەگەر تۆش بڕوات وانیە؟
من بڕوام وایە ئەوە ٪٥٠ پرسیارەکەمت وەڵام دایەوە، نیوەکەی تری وەڵامەکەیت هەڵپەساردوە. کام خوا با زیاتر بۆت ڕوون بکەمەوە، خوای سێگانەیی واتا خوا و عیسا و ڕۆحی پاك یان خوای دیکارت، کانت، بودا یان خوای یەهوای جولەکە؟
مایکڵ: ڕاستیت دەوێت زۆر بیرم لە خواکان نەکردۆتەوە، بەس بڕوام بە خوایەك هەیە کە هەست بە بوونی دەکەم و بەرجستەیە لەم بوونەدا لەڕێگای دروستکراوەکانیەوە!
ماکوان: باشە ئەمە قسەی ئەنطۆنیو فلو-ە لە ساڵی ٢٠٠٤ لە مولحیدیەوە گەڕایەوە بۆ باوەڕ ئەو قسەیەی کرد، ئەمە بیروباوەڕێکی زۆر کاڵە. دەمەوێت ئەوەت تێبگەین تۆ ئەو خوایەی کە دەیناسی هیچ پەیوەندیتان هەیە بەیەکەوە؟
مایکڵ: نا- هیچ پەیوەندیەکمان نیە، پێم وانیە پەیوەندیم بۆ دروست بکریت لەگەڵیدا.
ماکوان: تۆ جەنابی مایکڵ زۆر جار شەیتان بە خوا دەزانن، نازانم هۆکار چییە؟ حەز دەکەم واقعی بم ، زۆرێك لە ئێوە بەین و دۆستایەتی و خزمەیاتی و زۆرجاریش بەندایەتی بۆ دەکەن، من هەڵەم یان ڕاستم؟ تکایە ئەم پرسیارەی من جدیە گاڵتە ئامێز نیە.
مایکڵ: بەجدی وەریدەگرم بەدڵنیایەوە وایە، لای ئێمە فەلسەفەیەك هەیە دەڵێت باشەو پیاوەتی بکە لەگەڵ شەیتان تا لەشەڕی دوور بیت؟
ماکوان: پێت وایە ئەوە فەلسەفە بێت، یان قسیەکی زۆر زۆر چەواشەکاری بێت بۆ شاردنەوەی حەق؟ شەیتان کوا لەگەڵ ئێمەی مرۆڤ نێوانی باشە، تا پیاوەتی و نەجابەت بزانێت و تۆش باشەی لەگەڵ بکەیت؟
مایکڵ: زۆر باشە ئەم باسە قسەی نێوانی من و تۆ نیە لاوەکییە، ئەوەی ئەمەوێت بە تۆ بڵێم ئەوەیە تا هاوکاریمان بکەیت لە ڕووەکانی زانیاری و ووردەکاریەکانی ململانێی ناو ئیسلامیەکان و پاشان ڕێکخراوێکمان هەیە بەناوی ڕێکخراوی ئاراستەی چاو.
ماکوان: بەڕێز من تەمەنم ٤١ ساڵە بونیادی کەسایەتی خۆمم کردوە بە دەربەدەری، هیچ کات هەوڵم نەداوە بەسەر پشتی کەسدا سەربکەوم وە ناشمەوێت خەڵکێك بەناوی ڕێکخراو بەناوی پارەو بەناوی جوانیەکانی ژیان جاسوسیم پێبکات، واش بزانیت خۆی زۆر زیرەکەو منیش گەمژەیەکم لەو گۆڕە، جا من ئەگەر کاری ڕێکخراوەیی بکەم لەگەڵ نیشتیمان و خەڵکی وڵاتی خۆمدا دەیکەم ، پێویستم نیەو کاتم بۆ دانەناوە و بیریشم لێ نەکردۆتەوە. پێش ئەوەی تۆ بیر لەوە بکەیتەوە کە من کاری جاسوسی بکەم ساڵانی ١٩٩٢- ١٩٩٣ ئەو کارانەم کردوە بۆ وڵاتەکەی خۆم و تەجوروبەیەکم لێوەرگرتوە، بەتەمای منیش مەبە ، باش؟
ئاگام لێی بوو دەماوچاوی دابەیەکدا...
مایکڵ: باشە حەزمان کرد خزمەت بکەیت لەگەڵماندا ئەزمونێکی باشت وەردەگرت و ژیانیشت لەوانەیە خۆشتر بوایە.
ماکوان: سوپاس بۆ خوا ژیانم زۆر خۆشەو بەدوای خۆشی ژیانیشەوە نیم، بەڵکو بەدوای ناسینی حەقم و ڕووم لە پەروەردگاری خۆمە. ئەمەوێت طەرەفی خوا بم کاتێکی خۆشمان بردە سەر دەستم برد تەوقەم لەگەڵ کرد و ماڵئاوایم لەهەموویان کردو لەگەڵ هاوڕیکانم هاتینە دەرەوە چوین بۆ دۆنەرەکەی حوسێن و لە لای دۆنەرەکەی حوسێن ماڵا ئاوایم کرد لە هاوڕێکانم و دەبوو کاتژمێر ٤ بەیانی بگەمە کیڵ و هەر لەوێوە ژوورم لە ناو کەشتیەکەدا بەکرێ گرو ووردە ووردە کەوتەمە ڕێ بەرەو کیڵ و لەوێشەوە بەرەو وڵاتی نەرویج. لەڕێگادا نەمدەوێرا بەنزین تێبکەم دەترسام سورکێوێك یان ویرسانێك سەکەوێت لەگەڵمدا تووش ببمەوە، سەیارەکەشم بەتەواوەتی لاواز بووبوو لە بەنزین هەر دەبوو لابدەم.
ناچار لامدا لە بەنزینخانەیەك و سەیارەکەم پڕ کرد، پاشان قاوەیەکم خوارد لەگەڵ هەندێك خواردنی تردا و هاتم پارەکەی بدەم
یەکێك بە کوردی ووتی: پارەکەتم هەموی داوە!
منیش ئاوڕمداوە بزانم کێیە، تەماشام کرد کەسێکە لە هاوڕێ کۆنەکانی خۆم بەڵام زۆر خۆشم نەدەویست دەمزانی لە ئەڵمانیا دەژی و لە پاڵتۆك یەکتریمان دۆزیبوەوە، دەشم زانی دڵ ئاوێنەی دڵە و ئەویش زۆر خۆشی لە من نەدەهات هەمیشە تانەو تەشەرمان لەیەك ئەدا بە هۆکاری ئەوەی لە ڕووی بیرو باوەڕەوە نەدەگونجاین.

چووم سوپاسی بکەم پێی بڵێم کاکە خۆ لە کانی وەتمان لامنەداوە پێویست ناکات تۆ پارەی بەنزین بدەیت، خواردنەکە بە هەرحاڵ بەڵام بەنزین بۆ؟
هەر کە وام پێووت ئەویش بەتانەوە ووتی: کابرای خاوەن بەنزینخانە بەتەنها پارەی قاوە خواردنەکەت وەرناگرێت دەبیت هەمووی بدەم، دیار بوو ئەویش پێوە بووبوو. منیش چوومە لای لەسەر کورسیەک بەیەکەوە دانیشتین پرسیم بۆ کوێ دەچیت؟
ووتی دەڕۆم بۆ نۆرمبێرگ بۆ ماڵی براکەم.
کەوای ووت زۆر خۆشحاڵ بووم و ووتم سوپاس بۆ خوا جنۆکە نیە، بەڵام ئەوندە قسەی ڕەق بوو خێرا توڕەی کردم ، زۆر دانم بەخۆمدا گرت تەنها وەڵامم داوە.
سەیوان: مامە چاك ناونابانگت دەرکردوە لەم فەیسبوك و پاڵتۆکەوە چاک ناسراویت، هەموو کەس دەتناسێت چیت دەوێت ئیتر!
ماکوان: بەخوا برا پێم وانیە ناو و ناوبانگ ئەوەندە شتێکی باش و چاك بێت، بەڵام من خۆم خۆم دروست کردوە. بۆ زانیاریت ناوبانگ دەرکردنیش باجی خۆی هەیە، پارەی بەنزینەکەی دابوو نەمدەویست زۆر قسەی ڕەق بکەم و خاتریم گرت حەقی بەنزینەکە و قاوەکە.
سەیوان: کاکە دەرکەوتن و ناوبانگت دەرکردن بەئاسان دەستت کەوتووە، ئەوەی بۆ تۆ هەڵکەوت بۆ کەس هەڵنەکوتوە.
ماکوان: سەیرە هەرچی دەمەوێت دان بەخۆمدا بگرم، بڵێم چی قسەیەکی ئەکادیمیت بۆ دەکەم، بەڵکو لێم تێبگەیت سەیوان گیان.
ئەویش ئەوەیە ئەم دوو دەستەواژەیە ملی زۆرکەسی شکاندوە و زۆریشی بەرز کردۆتەوە. هەر کەس ناوبانگ دەردەکات مەرج نیە بەدەستی خۆی بوبێت، بەڵام هەیە پلانی بۆ دادەڕێژێت و خۆی کەسێکی قیادیە تابتوانێت ناو ناوبانگ دەربکات.
لە هەردوو حاڵەتەکەدا مرۆڤەکە گرنگە کە ناوبانگ دەردەکات، دیسان لێرەوە دێینەوە سەر ئەوەی بڵێین: ئایا ناوبانگەکەی باشە یان خراپە؟ بونمونە ناوبانگی ئەبو جەهل و فیرعەون ئەبولەهەب و جەنگیز خان و ڕیچارد و هیتلەر و مۆسلۆنی و ستالین تا دەگاتە موعەمەر قەزافی و بەشار ئەسەد..هتد. لەم ناوانە زۆرن کە لە ئاسمانی بودەڵی و گەندەڵی و خوێن ڕێژیدا دەدرەوشێنەوە.
پێچەوانەکەشی خەڵکی باش و ناودار هەندێکیان خوای گەورە پلەو پایەی بەرزدەکاتەوە واتا مەبەستم بەوەیە کە بە هەواڵ یان بە وەحی دەگاتە لامان وەك پێغەمبەران- سەلامی خوایان لێبێت- و هاوەڵانیان و پیاوچاکان بە گشتی، هەندێکی تر بە ڕێگای ئەوانەوە ناوبانگ دەردەکەن شوێن پێی ئەوان هەڵدەگرنەوە.
پاشان دەشێت هەندێك بە ئازایەتی و جوامێری و چاونەترسی ناوبانگ بۆ خۆی بپچڕێت، هەندێکی دیکە بە زیرەکی و لێهاتووی و حیکمەتی. هەندێکی تر لە توانای ئیدارەو کاری سیاسی و توانای ئەوەی هەیە کە کاریگەری لەسەر خەڵکی دابنێ، ئەشێت زۆر ڕێگای تریش هەبێت من ئاماژەم پێنەدا بێت.
هەندێك جار خەڵکی گەمژە سیاسیەکان یان دەوڵەمەندەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان گەورەی دەکەن و کارەکانیانی پێ ئەنجام ئەدەن، چونکە دروستکراون زوو لەسەر شانۆکە نامێنن و لە ناو دەچن یاخود وون دەبن، بە پێچەوانەشەوە کەسی خاوەن کەسایەتی بەهێزو قیادی ئەم ووتەیە لەگەڵیدا ناڕوات بە پارسەنگی خۆی دەتوانێت ئیحتیوای هەموولاکان بکات.
پەیامی من بۆ تۆ کاکە سەیوان ئەوەیە، ئەگەر ئەو کەسە خۆی قابیلی ئەو ناوبانگە نەبێت بە دڵنیایەوە پێی ناگات، هەندێك نمونە:

شێخ محمودی حەفید:
ئەوەندەی شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحمود هەوڵی داوە بۆ گەڕانەوەی خیلافەتی عوسمانی هیچ کەسێکی کورد ئەوەندە هەوڵی نەبووە دژی ئیتحادیەکان بوو، مەبەستم (ئیتحادی تورەقیە)، ئەوەندە دژایەتی کردن، تاکو- نەفیان کرد بۆ موسڵ. لەشاری موسڵ ئیتحادیەکان، بۆ برایەکی شێخ مەحمود بەناوی شێخ ئەحمەد تۆمەتێك دروست دەکەن و کە گوایە پەلاماری ئافرەتی داوە و لە ناو شاری موسڵدا! باوکی و واتا شێخ سەعید شێخ ئەحمەد دەکوژن کە ئەو ڕوداوە هەمووی درۆ و دەلەسەی کەمالیستیە تورەقیەکان بووە، کاتێك شێخ محمود دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوك لەبن دەستی ئیتحادیەکان ڕزگاری دەبێت و ئەو کارەساتە هاتووە بەسەر خانەوادەکەیاندا ، بنەماڵەی تاڵەبانیەکان بە تەکیەو شێخ و ماڵەکانیانەوە لە پشتی شێخ مەحمود دەوەستن و هاوکاری دەبنو ڕەمزێتی خۆشەویستی و شۆڕشگێری بۆ شێخ محمود لێرەوە دروست دەبێت، ئینجا دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و پێشوازی مەلیکی لێدەکەن. هیچ کەس لە بنەماڵەی تاڵیبانیەکان نەیانوت ئێمە شێخ محمودمان پێگەیاندوە و دروستمان کردوە، چونکە خۆی تواناو هێزی کەسایەتی خۆی بوو.

مەلا مستەفای بارزانیت بۆ باس دەکەم
کاتێك باسی مەلا مستەفای بارزانی دەکەین چۆن ناو و ناوبانگی لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە دیارە و بوونی هەیە، خۆ ئەم پیاوە لە هیچ جێگایەکەوە دیار نەبوو، تەنها برا گەورەکەی و مامەی نەبێت کە دووکەسی سۆفی و خاوەن تەریقەتی نەقشبەندی بوون لە تەکیەی بارزان و بە درێژایی مێژووی ئەو بنەماڵەیە خەڵکێکی سۆفی و لەسەر تەریقەتی قادری بوون سەرەتا دوای گەڕانەوەی مەولانا خالید نەقشبەندی ئەوانیش تەریقەتی نەقشی وەردەگرن و لەسەردەمی ئینگلیز شێخ عەبدول سەلامی بارزانی داوای ئیدارەی سەربەخۆ دەکات بۆ ناوچەی بارزان، مەلیكی ئەو دەمەی عێراق هەموو مافێکی پێدەبەخشێت بۆ ناوچەی بارزان، ئیتر بارزانی لێرەوە ناو و ناوبانگ پەیدا دەکات و ڕازیی نیە بە ئیمارەتی بارزان، بەڵکو بیرکردنەوە و ڕوشدی لەوان بەهێزترە داوای کوردستان دەکات دەست بە خەبات دەکات بۆ ئەو ئامانجە، دێتە سلێمانی و لە ژێرئاڵاکەی شێخ مەحمودی حەفیدا جەنگاوە دوای ئەوەیش کە کۆماری مهاباد دادەمەزرێت خۆشی دەگەیەنێتە بن ڕکێفی قازی، ئیتر ڕەمزێتی مەلا مستەفا خۆی دروستی کردوە نەك شێخ محمود و و قازی محمد، بەڵکو هەوڵە نەتەوەیەکە وای لێکردوە ببێتە مەلا مستەفای بارزان.

مەسعود بارزانی کوڕی
ڕەمزێتیەکەی لە باوکاییەوە بۆ ماوەتەوە، بەڵام خۆشی قابیلەیەتی هەبووە . ئەم جۆرەیان لە ناوناوبانگ پەیدا کردنە زۆر گرنگ نیە، چونکە پشتاو پشت بۆی دەمێنێتەوە خۆی کاریگەری نەبووە لە دروستکردنی، بەڵام گرنگی لەوەدایە کە کەسەکە ئەو ڕەمزێتە لە ناونەبات و زیاتر پەرەی پێ بدات، جا مەسعود بارزانی لەم جۆرەی تریانە خۆی خاوەنی ڕەمزەکە نەبووە لە باوکیەوە بۆی ماوەتەوە، بەڵام خۆشی بەتوانا بووە توانیویەتی بیپارێزێت. بەهەر حاڵ من ناوم ناوە لەو دوو جۆرە کە خۆیان دروست دەکەن ئەوانەم ناوناوە بە کوڕی دایکیان واتا خۆیان خۆیان دروستکردوە نەك دەستی کەسی تری تێدا بێت، وەك باوك یان بنەماڵە، لەوانەی تریش هەیە کوڕی باوکێتی ئەم ناوەش بۆ ئەوەم داناوە کە لەبنەماڵە یاخود لە باوکییەوە ناو و ناوبانگی بۆ دروست دەبێت.

جەلال تاڵەبانی:
لەسەرەتایی دورست بوونی شۆڕشی کوردی کە ئەو لە قاهیرە ئەودەمە قوتابی یاسا دەبێت، دەتوانێت وەك ڕەوەندی کوردی لەگەڵ هەندێك لە هاوکارەکانی وەك محمد شەیدا و کۆمەڵێکی دیکە لە کوردان لەوێ دەکەونە چالاکی و تاڵەبانی ئیسپاتی توانای خۆی دەکات، پاشان هەر لە منداڵیەوە دروستکەری یەکێتی قوتابیان دەبێت کە بارزانیش سەرۆکی ئەو حیزبەیە هیچ ئاراستەیەك ناداتە تاڵەبانی، بەڵکو هەڵکەوتەی خۆی و توانای خۆیەتی، تا دەگاتە پلەی مەکتەبی سیاسی و لە هەمانکاتدا ڕەخنەی هەیە لە ئادایی کاری بارزانی و دەتوانێت زۆرینەی قیاداتی شۆڕشی کوردی لە خۆی کۆ بکاتەوە مەلا مستەفا بەتەنها بهێڵێتەوە پیاوانێکی وەك د. خالدو ئیبراهیم ئەحمەد و عومەر دەبابەو .. هتد، لەگەڵی بکەونە کار کردن و ئەودەمە پێیان دەوترا باڵی مەکتەبی سیاسی و لەناو خەڵکیدا بە جەلالی ناسراو بوون، دواتریش دامەزرێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.

باسی ناوبانگی نەوشیروان موستەفا:
کەسێکی دوورە پەرێز لە ڕووداوەکان بە ڕووکەش و لەهەمانکاتدا بوونی جودی ژێر بە ژێری لە بینا کردن و ئاراستەی شۆڕشی کوردی و لەسەردەمی جەلالیەکانەوە خاوەنی گۆڤاری ڕزگاری بووە لە سلێمانی کە زمانحاڵی جەلالیەکان بووە، پاشان هەمیشە توانیویەتی سەربەخۆی خۆی بپارێزێت و لە هیچ کەس لە سیاسیەکانی کورد نەچووە و جیاواز بووە، کاتێکیش کراوە بە سکرتێری کۆمەڵە ڕازی نەبووە بە ناوەکەی لە کۆمەڵەی لینین-ی و مارکس-یەوە کردیە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، ئەزمونی لە سیاسەت و کاری ستراتیژی و مێژوودا هێزی زۆری داوەتە کەسایەتیەکەی و تا لە کۆتایدا توانی ئەویش دامەزرێنەری گەورەترین بزوتنەوە بێت لە دوای یەکێتی و پارتی بەتەنها.

محمدی حاجی محمود:
کەسێکی ئازاو بە ئەزموون لە ژیاندا توانای ڕاگرتنی پارسەنگی خۆی و نەیارەکانی و بە ئازایەتی و دەست و مەچەک و شۆڕشگێڕی، پاشان دڵسۆز بۆ نیشتیمان و خەڵکەکەی رەمزێتی دروست کردوە و حەزی بە ئازاردانی کەس نەبووە، مەگەر ئازاریان دابێت. توانیویەتی ببێتە کەسایەتیەکی عێراقی و پاشان تاڕادەیەکیش جیهانی لە دێیەکی بچوکەوە کە گوڵەخانەیە کاریگەری خۆی لەسەر ڕووداوەکان تەنانەت حیزبەکان و دەوڵەتە زلهێزەکانیشی داناوە، بێ ئەوەی هیچ کەس بەشدار بووبێت لە پێگەیاندنی خۆی توانای پێگەیاندنی خۆی هەبووە.

سەدان سەرکردەی تری شۆڕشگێڕی عەلمانی هەیە کە من باسم نەکردون وەك ئۆچ ئالان، قاسملو، شەرەفکەندی، شێخ عیزەدین، عەبدول حەکیم دەروێش.. هتد. ئەوانەی تەنها نمونەی بەرچاون کە هێناومەتەوە.
ئەم قسانەی هیچی بەدڵ نەبوو، چونکە خۆشی لە هیچیان نەدەهات.
ئیسلامیەکان..
لەناو ئیسلامیەکاندا سەرکردەی زیرەك و خاوەن هەڵوێست و ئازاو جوامێری تێدا هەڵکەوتوە، بەڵام بە هۆکاری دووبەرەکی و شەڕە پاڵنانی حیزبایەتی و پۆست و مەقام نەیان توانیوە ڕەمزێت بۆ خۆیان دروست بکەن، هەڵبەت لەچاو عەلمانیەکاندا باس دەکەم دەنا نمونەی باشیان هەیە، هەندێك لە ئیسلامیەکان:

شێخ عوسمان عەبدول عەزیز:
پیاوێکی دیندار و سەرکردەیەکی ئیمانی و ڕۆحی و پاك، دوور لە هەموو حەزو ئارەزوویەکی دونیایی، بەڵام دەوروبەرەکەی بە گوێرەی پێویست نەبوون لەگەڵیدا و نەیانتوانی بیکەنە ڕەمزی کوردایەتی و ئیسلامەتیش کە دەکرا وەك مەلا مستەفای بارزان هەنگاو بنێت، ئەم پیاوە ڕێزێکی زۆری هەبوو لەناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا، ئەمیش بەهۆکاری توانای براو خانەوادەکەی پێگەیشت، بەڵام ڕەمزێتەکە لەمەوە سەرچاوەی گرتبوو. خەڵکی زیاتر مامۆستا مەلا عوسمانی دەناسی و ڕوو دەکرایە ئەم پیاوە نورانیە بە ویقارە.
شێخ عەلی عەبدول عزیز و شێخ سدیق و کوڕانی ئەو بنەماڵەیە:
مامۆستا مەلاعەلی خۆی پیاوێکی ئازاو چاونەترس و جوامێر بوو، بەڵام رەمزێتەکەی هەر لە جەنابی شێخ عوسمان عەبدول عەزیزەوە بۆیان ماوەتەوە ئینجا ناو و ناوبانگی بنەماڵەکەی پێناسراو کوڕانی ئەو بنەماڵەیەش هەموو ئازاو چاونەترس بوون لە هەمووکاتێکدا لە پێشی پێشەوە بوون کە دۆست و دوژمنیان ئەو شاهیدیەی بۆ داون، بەڵام وەك لەباسی مەسعود بارزانی دا ووتم ئەمانە هەموو کوڕی باوکیان و خۆیان کاریگەریەکی ئەوتۆیان نەبووە لە دروستکردنیڕرەمزێت لە بنەماڵەکەیانەوە بۆیان ماوەتەوە.
مامۆستا ئەحمەد کاکە محمود:
لەناوچەی هەورامان ئازایەتی و خواناسی و پاشان نوسەرێکی بەتوانا لەناو مەلاکانی کوردستاندا توانیویەتی زۆرترین بەرهەمی نوسین خزمەت بە گەلەکەی بکات ئەمیش توانیویەتی خۆی ڕەمزبێت بۆ خۆی دروست بکات، پیاوێکی ماندوو و ئازا بووە، هەرگیز سڵی نەبووە لە دوژمانی ئیسلام و بە درێژایی تەمەنی دژایەتی بەعسی ئەفلەقی کردووە.

شێخ محمد بەرزنجی:
ئازایەتی خۆیی و زیرەکی لە مەزهەبی ئیمامی شافعی و حەقبێژی توانیویەتی ڕەمزێتی بۆ دروست بکات و بیکاتە خاوەنی بیرو مەنهەج و دامەزرێنەری ڕابیتەی چەکداری بووە لە شاخ و مەلا هاوڕێکانی هاوشانی خۆی بوون وەك مامۆستا سدیق سەرگەتی، مامۆستا شێخ لەتیف پێنجوێنی و زۆرێکی دیکە لە پیاو چاکان کە هاوشانی ئەم پیاوە بەڕێزانە بوون خۆیان توانیویانە ببنە قیادی لە زەمینەکەدا.

زۆرێکی دیکە لەو مەلا و شێخە بەڕێزانە کە دامەزرێنەری ڕابوونەکە بوون، ئەمانە نمونەی بەرچاو بوون. ئێستا دێمە سەر داینەمۆی ڕابوونی ئیسلامی ئەوانەی خۆیان- خۆیان دروست کردوە:
مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین و کۆمەڵێك لە هاوڕێکانی:
مامۆستا سەڵاحەدین پیاوێکی بێدەنگ و ئارام چەبوك لە کاری تەنزیم و ئیداری و مونەزیرێکی ئیخوان لە ناو گەلی کورد لەهاوشانی ئەم پیاوە. مامۆستا هادی عەلی و کۆمەڵێکی دیکە لە هاوڕێیانیان لە شاری هەولێر و سلێمانی. نمونەی مامۆستا حەسەن پێنجوێنی و سەید ئەحمەد و مامۆستا محێدین گەڵاڵی، بورهان ئەمین و زۆری دیکە کە خۆیان- خۆیان دروست کردووە.
مامۆستا کرێکار:
یەکێك لە پیاوە ئازاکان و بیرمەندیی و زیرەكی و ڕەوان بێژی توانیویەتی ڕەمزێتی بۆ دروست بکات، سەرکردەیەکی فیکریە و دەتوانێت تەنزیر بکات، ئاگاداری ووردی ڕووداوەکانی جیهانە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە خاوەنی ڕێکخستنێکی بەهێز بێت، بەخت یاوەری نەبووە لە جێگایەکدا بمێنێتەوە، زیاتر دەربەدەری و زیندان جێگای بووە. بە چەبوکی و توانای خۆی گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کەهەیەتی و خاوەنی جەماوەری تایبەتە، بە جورئەت بووە لە هەڵوێستیدا. ئەمانە وای کردوە کە کرێکار ببێتە ڕەمزێکی سەربەخۆ.

مامۆستا عەلی باپیر:
پیاوێکی حەقبێژە سڵی نەکردۆتەوە لەووتەی حەقی خۆی ئازا بووە، نوسەرێکی باشی ئیسلامیی بووە هەمیشە لەشاخدا لەگەڵ هاوڕێکانی ماوەتەوە، لەمنداڵیەوە لە ناو ڕابوونی ئیسلامیدایە هەوڵی داوە لە ڕابوونەکەدا وجودی هەبێت، لە دوای ئەوەی کە سەرکردایەتی بزوتنەوە بووە خۆی توانیویەتی حیزبێك بۆ خۆی جیابکاتەوە، ببێتە ئەمیری هیچ کەس کاریگەری نەبووە لە پێگەیاندنی، توانیویەتی بگاتە ئەو ئاستەی کە هەیە. ئێستا یەکێکە لە ڕەمزەکانی ئیسلامی لە کوردستان باشور.

زۆرێکی تر لەو بەڕێزانەی کە ئێستا وجودیان هەیە لە ناو گۆڕەپانەکەدا ئەمانەش نمونەی بەرچاو بوون لە داینەمۆکانی ڕابوون، نمونەی تر زۆرە وەك
دوکتۆر بازیانی، کاک دڵشاد گەرمیانی، کاک ئارام قادر، کاک دارا، مامۆستا حەسەن شەمێرانی و کاک کامیل محمود، دوکتۆر موسەنا و مامۆستا عەبدولەتیف...هتد.

پەیامی من ئەوەیە مادام ئەمانە لە ناو ئەو زەمینەیەدا توانیویانە خۆیان دروست بکەن بە دڵنیاییەوە هەزارانی تر دەتوانێت و دەشێت وەك ئەمان بن و یاخود بەهێزتریش بن، کەواتە گۆڕانکاری بەردەوامە چۆن زەمەن و شوێن لە بەرژەوەندی ئەو سەرکردانە دروست بووە، بەهەمان شێوە بۆ خەڵکی تریش دەڕەخسێت.
وام لێکرد کە ئیتر قسە نەکات، خوا حافیزمان کرد لە یەك و پێش من ڕۆشت و سوپاسی خوام کرد بەوە ڕزگارم بوو لەدەستی، کە چوومە ناو سەیارەکە شێخ برقان لەپێشەوە و حەزقیل و سەسیل لەدواوە دانیشتوون!

چاوەڕوان بن قسە و گفتوگۆم لەگەڵ ئەمانەدا دەست پێدەکات تا نەرویج...
به‌روار: 15/12/2019
بینین: 2042