چیرۆک
  مەملەکەتی نور زنجیرەی ٢٩
نوسینی ماکوان کەریم


ڕاکردنی بوسینەو لەدایك بوونی نور

دوای ئەوەی بێ هیوا بووم لەوەی کە بگەڕێمەوە بۆ سەردەمی جاهیلیەتی عەرەب لەگەڵ ئەوەشدا بۆ لای بوسەینە و ناچار تەلەفونم کرد بۆ نومەیر لە میسر و ئەویش سەرەتا نائومێدی کردم، بەڵام دوای چەند لەساتەوەختی پێشوتر کە ئاخافتنمان کرد بەیەکەوە و جاریکی دیکە تەلەفونی بۆ کردمەوە وە پێی ڕاگەیاندم کە دەتوانم بەگەڕێمەوە، بەڵام گرنگە ئەو پرنسیپە بپارێزم کە هۆکاری گەڕانەوەمە بۆ ئەو سەردەمە..

نومەیر: بە پشتی بەرگی پەرتوکەکەی فەرغەلی-یەوە شتێك نوسراوە ، ئەوە بخوێنەرەوە و پاشان بڕۆ سەر ئەو جێگایەی کە تۆم تیدا بەجێ هێشتوە هەوڵ بدە بەیانی پێنج شەممەیە بەڕۆژوو بەو لە دوای بەربانگ دەست بکە بەخوێندنەوەی.

ماکوان: زۆر دەست خۆشیم لە نومەیرکرد و ماڵئاوایمان لەیەك کرد بە هیوای بینینەوە لە خاکی مەککەی پیرۆز لە جێگاو شوێنی خۆماندا .
بۆ رۆژی دوای بەڕۆژوو بووم خوای گەورە قوبوڵی بکات و دوای بەربانگ و نوێژی عیشا دەستمکرد بە خوێندنەوەی کتێبەکەی فەرغەلی و چوومە سەر ئەو باسەی کە عەبدوڵڵای باوکی پێغەمبەری خوا ﷺ وەفات دەکات..
لەکاتی خوێندنەوەی بابەتەکەدا بووم لە پڕ رۆشناییەکی زۆر چاوەکانی پێداخستم و چاوم نوقاند بەیەکداو کە بەرزم کردەوە لە بەر خۆرو گەرمایەکی زۆردا بووم کە گەرماکەی ئەوندە زۆر بوو بەپەلە خۆم گەیاندە بەر سێبەرێکی تاوێرە بەردیك لە بناری شاخێکی ووشك و برینگ دا .

هەندیك بەدەوری خۆمدا هەڵخولام تا شوێنیك و جێگایەکی ئاوەدانی بەدی بکەم و رووە ئەو جێگایە مل بنیم، بەڵام گەرماکەی سوتێنەر بوو هەرچیم دەکرد جورئەتی ڕێکردنم نەبوو، چونکە نە ئاوم پێبوو نەهیچ توێشویەك ..

لە دوورەوە قافڵەیەکم بەدی کرد کە ڕووەو لای تاوێرە بەردەکە دەهات منیش مامەوە تا ئەو کاروانە گەیشتە لام .
کاتێک کە نزیك بوونەوە منیش هەڵسامە سەرپێ و ڕووە و لای کاروانەکە بەڕێکەوتوم دوو ئەسپ سواریان هاتنە لام و شمشێریان بەدەستەوە بوو، بەڵام زانیان من هیچم پێنیە بێجگە کتێبێك و جلەکانیشم سەیرو سەمەرە بوو لای ئەوان، چونکە هەر لێم وورد دەبونەوە بردمیانە لای کەسێك ناوی سولەیمان بوو.

سولەیمان: چی دەکەیت و بۆ لێرە بە تەنهایت وخەڵکی کوێیت؟

ماکوان: ڕێگام لێ هەڵە بووەو خەڵکی دەشتی شام و بنەڕەتم لە کوردە و بازرگانم هاتوو چۆی شاری مەککە و شام دەکەم، شەریکم هەیە ناوی نەومەیەرە و دەوارمان لە نزیك شاری مەککەیە .
کەوام ووت بە سولەیمان زۆر ڕێزی لێگرتم و جوعەیەك ئاوی دامێ و منیش سوپاسم کرد.

سولەیمان: ئێمە دەچین بۆ شام چەند شەو و رۆژێکمان ماوە پێت خۆشە لەگەڵمان بیت و دوای ئەتگەڕێنینەوە بۆ مەککە بۆ لای کاروانەکەتان و نومەیر، چونکە نومەیر هاوڕێ و دۆستی منە.

ماکوان : سوپاستان دەکەم لوتف دەنوێنن هاوکاریم بکەن.

سولێمان بردمی بۆ لای گەورەی کاروانەکە کە تەماشام کرد عەبدوڵموتتەلیبە، باپیری پێغەمبەری خوا ﷺ، خۆم ناسیمەوە بەڵام ئەو یەکسەر ووتی ئەمە گەورەی قوڕەیشەو سەروەرو گەورەی ئێمەیە.

منیش لە خۆشەویستی ئەوەی کە باپیری پێغەمبەرو ناویم لە سیرەدا بیستوە پێشتریش لەگەڵ نومەیردا بینیبووم زۆر بەگەرمی ویستم تەوقەی لەگەڵ بکەم و دەستم خستە ناودەستی بە توندی گوشیم و زۆر ئیحترامم بۆ دەربڕی دیاربوو ئەویش خۆشحاڵ بوو بە ڕێزەکەی من . 
لەکاتی قسەکردندا بووم لەگەڵ جەنابی عەبدول موتتەلیب لە پڕ چەند پیاویکی تر لە نزیك سێبەرەکەی ئێمە هاتن و لەگەڵ سولێمان و عەبدولموتتەلیب وەستان، جەنابی عەبدولموتتەلیب دەستی کرد بە قسە.

ماوەی چەند رۆژێكمان ماوە بۆ غەزە ئێستا لە بوصرا دوورکەوتوینەتەوە و نزیکی دەریای مردوین و لەونێوەندە دا چوار بازرگان وە بەخۆیەوە سەرپەرشتی ئەو کاروانەیان دەکرد.

لەوانە عەبدولموتتەلیب و سولەیمانی کوڕی موجاشە و حوەیحەی کوڕی حەلاج و حەمڕائی کوڕی ڕەبیعە.
لەگەڵ هەر چواریان تەعاروفم کردو بەرەو شاری غەزە کەوتینە ڕێ و لەڕێگادا باسی سوپای حەبەشەی دەکرد عەبدولموتتەلیب ، بە ناڕەحەتیەکیشەوە باسی ئەوەی دەکرد کە عەبدوڵڵای کوڕی وەفاتی کردوە لە شاری یەسریب.

لەماوەی دیاری کراودا کە دانرابوو گەشتینە غەزەو جلوبەر گیان بۆ من کڕی و داوام لێکرا کە ئیدارەو سەرمەشقی ١٥ بۆ ٢٠ ووشتر بکەم و ئەسپێکیان دامێ و منیش بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە قوبوڵم کردو لە ناوشاری غەزەدا لەگەڵ ئەو چوار پیاوە ناو قوڕەیش دەگەڕام و زۆر ڕێزیان لەمن گرت و دیار بوو دەیانزانی نومەیر کێیە. 
لەناو بازاڕی شاری غەزەدا دەسوڕاینەوە کەسێکی ڕیش درێژی یەهودی هاتە لای عەبدولموتتەلیب و سولێمان پێی ووتن؟
ئێوە خەڵکی ووڵاتی نەجدن؟

ئەوانیش هەموو ووتیان بەڵێ!

کەسەکە یەکێك بوو لە گەورە پیاوانی یەهودو حبرێك بوو لە حیبرەکانی یەهود 
ڕویکردە عەبدولموتتەلیب و سولێمانی کوڕی موجاشە کەبەم نزیکانە پێغەمبەرێك لە وڵاتی ئێوە دەردەچێت ناوی محمد دەبێت.

بۆیەکەم جار گوێیان لە ناوی وا دەبێت لە ناو عەرەبدا کەسێك نەبووە بەناوی محمد.
زۆر قسەکە بەهەند وەرناگرن، بەڵام ئاگام لێیان بوو هەریەك لەوان ووتیان ئەگەر منداڵمان بوو ناوی دەنێین محمد، دوای ئەوە بۆم دەرکەوت کە سلێمانی کوڕی موجاشە باپیری شاعیرێکی گەورەی عەرەبە لە موعەلەقات بەناوی (فەرزدەق).

گەڕاینەوە بەرەو مەککە تاگەیشتینەوە شاری مەککە لە نزیك شاری مەککە ووشترەکانم تەسلیم بە کاروانەکە کردەوە لەگەڵ ئەسپەکەدا و سوپاسم کردن، بەڵام ئەسپەکەی دایەوە خۆم و منیش بەپەلە بۆ بن دەواری خۆمان ڕێگام گرت تا بگەمە لای بوسینە ، کە نزیك بوومەوە هەموو چاوەڕێیان دەکردم و نومەیر بەرو ڕووم هات و باوەشم پێداکرد و خۆشحاڵی خۆمم دەربڕی و لەگەڵ هەموو دۆستان و بەتایبەت لەگەڵ عەبدوڵڵا و سەعد دا زۆر بەگەرمی و قسەی خۆشمان کردو هەواڵی بوسەینەم پرسی بۆ دیار نییە؟

نومەیر: چۆتەوە بۆ سەردانی ماڵی باوکی و لەوێیەو بەیانی دەچین دەیهێنینەوە.

ماکوان: زۆر باشە؛ بە ئاسای وەرمگرت وە ئەو شەوە باسی سەفەرەکەم کرد لەگەڵ عەبدول موتتەلیب و بەخۆشحاڵییەوە بەردمانە سەرو بۆ بەیانیەکەی ئەسپەکەی خۆم و ئەو ئەسپەشی بە دیاری وەرمگرتبوو لە کاروانەکە دا بردم بۆ ئەوەی بوسینە بهێنمەوە، عەبدوڵڵا و سەعد هەردووکیان لەگەڵمدا هاتن و بەرەو ماڵی فەزڵی ڕۆشتین تا گەیشتمە نزیکیان و هاوارم کرد بوسینە کەس دەنگی نەبوو.

چومە ناو دەوارەکە کەسی تێدا نەبوو وا هەستم کرد لە لەوەڕاندنی ڕانەکەنیان بن.
ماوەیەك ماینەوە تا فەزڵی و خێزانەکەی هاتنەوە، بەڵام بوسەینەم بەدی نەدەکرد لەگەڵیان دا کە گەیشتەنە لامان خێرا ووتم کوا بوسەینە؟

هیچیان وەڵامیان نەدامەوە بەرەو رووی فەزڵی چووم و ئێخەیم گرت و ووتم کوا بوسەینە؟

دایکی دەستی کرد بە گریان و ووتی: هەردوو کچەکەم فڕێنراون لەلایەن چەتەکانەوە و دەستی ڕاکێشا بۆلای تەپۆڵکەیەك ووتی بوسینە بە خەنجەری یەکێکیان خۆی کوشتوە و ئەوە گۆڕەکەیەتی .

بڕوام نەکرد ووتم درۆ دەکەن ڕووم کردە سەعد و عەبدوڵڵا و ووتم ئاوا حورمەتی من دەپارێزن؟ چۆن ئاگاتان لێی نەبووە و بەو دەردە ڕۆشتوە؟

کەس وەڵامی نەدامەوە منیش بە ئاسپای و بەدەم دڵ پڕیەوە بەرەو سەرگڵکۆکەی ڕۆیشتم و لەسەر گۆڕەکەی دانیشتم و زۆر بەزەیم پێدا هاتەوە نەمدەزانی داوای چی بۆ بکەم، بەڵام لەدڵی خۆمدا دام نابوو کە بەهەشتیە بەو پێیەی کە ئەهلی (فەترەیە)و تا ئێستا ئیسلام نەهاتووە.

لە بەیانیەوە تا نیوەڕۆیەکی گەرم لەسەر گۆڕەکەی دانیشتم و تا دایکی بوسەینە هاتە لام و بەدەم گریانەوە ئاوی بۆ هێنام و داوای لێکردم کە لەبەر گەرماکەدا لاچم و بچمە دەوارەکەیان، بەڵام عەبدوڵڵا و سەعد بە پەلە هاتن بۆ لام ووتیان: نومەیر بانگت دەکات و دەڵێت بەپەلە بگەڕێتەوە بۆ مەککە سوپایەك روی کردۆتە ئەو شارە و دەیەوێت داگیری بکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات شت و مەکو کەرەستەکانمان کۆبکەینەوە و بیانکەینە کاروانێك و بیدەین بەو شاخ و هەردە دا.

ماکوان: سوپای چی ؟

سەعد: ئەبرەهە

ماکوان: جا ئەوە ترسی ناوێت، هەموومان و نومەیریش دەزانێت کە خوای گەورە لە ناویان دەبات بە سەربازانێکی خۆی کە باڵندەی ئەبابیلیان پێدەوترێت!

سەعد: ڕاستە، بەڵام نومەیر دەیەوێت بیبینی بە چاوی خۆت.

چاوەڕوان بزانین باڵندەی ئەبابیل چیمان فێر دەکات.

تێبینی" ئەم وێنەیە لەلایەن وێنەکێشی لاو خاتوو تەنکە دروست کراوە لەسەر وەسفی ماکوان بۆ بوسەینە
به‌روار: 23/08/2019
بینین: 1568