چیرۆک
  مەملەکەتی نور - بەشی ١٤ - مانەوەی کۆیلەو بەسەرهاتی گەلو هۆزی ئوخدود :
ماکوان کەریم

داوام کرد لە فەرغەلی کە عابیدو رازی ئازاد بکات و ئەوەش بە زەردەخەنەوە ووتی چیت پێ باشە بیکە بەڵام ئەوان حەزیان بە کۆیلایەتیە..

وامزانی بۆ خۆشی وادەڵێت . کە عابید و رازیم بانگ کردو مژدەی ئازادبوونیانم دا هەردووکیان پیان ناخۆش بوو ڕازی گریاو هەستم پێکرد زۆر نارەحەت بووە ، کەچی فەرغەلی پێدەکەنی ؟

ماکوان: بەڕاستی من هیچ تێناگەم لەو رەوشە .. مانای چییە خەڵك بۆ ئازاد بوونی خۆی پێناخۆش بێت ؟

فەرغەلی : ئەم زەمەنە هەموو کەس بە دوای ئازادیدا ناگەڕێت ، خەڵکی بە دوای نان و ژیانی خۆیدا دەگەرێت ، ئێستا ئەوان ئازاد بکەیت نازانن چی بکەن وا تێدەگەن کە دەستیان لێ هەڵدەگریت ، یان ئەوەیە تەبەنیان بەکەیت وەك کوڕی خۆمان یان ئەوەیە وەك کۆیلە ببێننەوە ، چونکە چۆن ئەوان مافی ئەوەیان هەیە کە کۆیلەمان بن ، مافی ئەوەش بەسەر ئێمەوەیە کە ژیانیان دابین بکەین کەواتە ئەوان بە زمانی سەردەمی خۆمان ، ئەتوانیت ناوی بنیت وەک کرێکار، فەرمانبەر.. سەرباز هەر ناوێکی تر ..!

ماکوان : ئاخر خۆ ئەوانە کۆیلە نین ، ئەوانە بە پەیماننامەیەك و کۆنتراکتێك کار دەکەن بۆ خاوەن کارێك یان کۆمپانیایەك یاخود ووڵاتێك، ئازادن لە چوون و سەربەستی خۆیاندا ؟

فەرغەلی : بە پێکەنینەوە ،بەشێك لە قسەکانت راستە ، بەڵام لە کۆتایدا بەشێکن لە کۆیلە ، کە خەڵکێك ئامادە بوو هەموو یاسەیەکی تۆ کە بەسەریدا دەسەپێنیت پیادەبکات ئەویش جۆرێکە لە کۆیلایەتی..

ماکوان : ئەمە قسەیەت تارادەیەك راستە ، لە ووڵاتی ئێمەدا خەڵکی بۆ حیزبایەتی دەبنە کۆیلە بۆ لەتەنانیك و دەبنە ماستاو چی؟

فەرغەلی: ماستاو چی ؟ جا ئەوە مانای چییە؟

ماکوان ، بە پێکەنینەوە ، جۆرێکە لە کۆیلایەتی ، ماستاو چێتی واتا بەرانبەرەکەی چی ووت بە قسەی دەکات ڕەچاوی بیروباوەڕو مەبدەئی ناکات بۆ لەتە نانێك هەموو ژیانی خۆی دەفرۆشێت ..!

فەرغەلی : راستە

ماکوان: کەواتە کۆیلایەتی پێداویستی ئەم زەمەنە بووە ..؟

فەرغەلی : زۆر جار دایك و باوك بۆ مانەوەی منداڵەکانیان دەیانکردنە کۆیلەو دەیانفرۆشتن 
خۆیان پارەیه‌کیان دەست دەکەوت و منداڵەکەشیان لە مردن رزگار دەکرد ..

ماکوان : ئەی کوشتنی کچەکانیان، وەك دەڵین زیندە بەچاڵکردن هۆکاری چی بووە؟

فەرغەلی : هۆکارەکەی ئەوە بوو بۆیان بە خێوو نەدەکرا و پاشان وەك کوڕ نەبوو تا - خاوەن هێزو بازوو بێت ، بۆیە هەر بە زیندوویی دەیان خنکاندنو ، بەناوی ئەوەی کە گوایە فریشتەکان کچن ، باشترە بەگەڕێنەوە بۆ لای خوا!

ماکوان : جا ئەمە پەیوەندی بە ئاین و دینیانەوە هەبوو؟

فەرغەلی : نا- خۆیان دایانتاشی بوو دوای کردبوویانە دین ، تەنها کاهین و جادووبازەکان ڕێگەیان بۆدانابوون و حەلاڵی کردبوو بۆیان ..

ماکوان : ئەری من با پرسیارێکی ترت لێبکەم شێخ فەرغەلی ، ئەم پارانە لە کوێ دەهێنیت؟

فەرغەلی : زۆر دەمێك بوو چاوەڕوانی ئەو پرسیارەم لێدەکردی.. جێگایەکمان هەیە پڕیەتی لە ئاڵتوون و زیو کەرەستەی کۆنی سەردەمی پێش ئێستایە جێگاکەی رازیو عابید دەیزانن و ئەمەش نەخشەی ئەو جێگاییە با پێت بێت هەرکات پارەت نەما یاخود پێویستت بە پارەو سامان بوو بڕۆ لەوی دەریبهێنە و بیفرۆشە ، بەڵام ووریابە هەرگیز ئاڵتون و زیو بە تەنها مەفرۆشە با عابیدو رازیت لەگەڵ بێت ، ئەو نەخشەیە نزیك ناوچەیەکە بەناوی (نەجران)..

ماکوان : نەجرانی ناوچەی مەسیحیەکان ؟

فەرغەلی : بەڵێ خۆیەتی .

ماکوان : باشە ئەم عەرەبانە چۆن بوون بە مەسیحی ، ئەوە زانیمان جولەکە راوەدوونران و هاتنە ناوچە عەرەبەکان و ئاینی یەهودیان بڵاو کردوە ، بەڵام مەسیحیەکان چۆن توانيان عەرەب بکەنە مەسیحی؟

فەرغەلی : لەڕێگای پیاو چاکێکی نەصرانیەکانەوە بەناوی (فیمیۆن) خەڵکی ووڵاتی شامە و بۆ بانگەوازی ئاینی نەصرانی هاتە ناوچەکەو ، لێی دەگێڕنەوە کە خاوەنی کەرامات بووە ...

ماکوان : کەرامات ، بۆ ئەوەندە دیندار بووە ئەم کەسە ؟

فەرغەلی : کەسێکی یەکتاپەرست بوو ، فیمیۆن هاتە ناوچەی ئەفریقا بۆ بانگەوازی ئاینەکەی ، دوای ئەوەی هەندێك چەتە و رێگر ئەیگرن و دەیفرۆشن بە کۆمەڵێك لە خەڵکی نەجران و کە دەچێتە ئەوێ ، عەرەبەکانی نەجران دارێکیان دەپەرست و ئەو دارە بووبوە خوای خەڵکی نەجران .. فیمیۆنیش دوای کرد لە خەڵکی ئەو شارە ئەگەر خواکەی من خواکەی ئێوەی کوشت خواکەی من دەپەرستن ؟

هەموو خەڵکی نەجران ووتیان بەڵێ ئەگەر خواکەی تۆ بتوانێت خوای ئێمە بکوژێت ئەوە دینەکەی تۆ هەڵدەبژێرین ..

دوای ئەوەی دوعا دەکات و لە خوای پەروەردگار دەپاڕێتەوە و خوای گەورەش داواکەی جێبەجێ دەکات و هەورە بروسکەیەك دەنێرێت و دارەکەی نەجران دەسوتێت..!
ئیتر لەو سەردەمەوە خەڵکی نەجران بوونە مەسیحی و ئاینی مەسیحیەت لە ناو عەرەبدا لەو کاتەوە بڵاو بۆتەوە ..

ماکوان : ئەی چۆن چوو ناوشاری یەمەن و خەڵکی یەمەن زۆر بوونە مەسیحی؟

فەرغەلی : لەرێگای (عەبدووڵای کوڕی سامر)

ماکوان : ئەم کێییە ؟

فەرغەلی : چیرۆکی گەل و هۆزی ئوخدود نەبیستوە؟

ماکوان : با بیستومە ، لە قورئاندا لە سورەتی بروج دایە ، جا ئەوە پەیوەندی چیە بەسەر ئەو بابەتەوە ..؟

فەرغەلی : خوای گەورە باسی ئەو چیرۆکە و ئەو باسە مێژوویە بۆ پێغەمبەری خوا دەگێڕێتەوە ، بزانە کە قورئان کە هەموو شتەکانی موعجیزەیە ، چونکە ئەو باسە کورتە کە کراوە لە ژیانی گەل و هۆزی ئوخدود ، حیکمەتێکی گەوره‌ی لە پشتەوەیە ، ئەویش ، باس و بڵاوکردنەوەی دینی خوایە بە ناوچەکاندا ..؟!

ماکوان : چۆن ؟!

فەرغەلی : کاتێك کە عەبدووڵای کوڕی سامر چووە ئەو جێگایە ووردە ووردە بانگەوازی نەصرانی دەکرد ، ماڵێکی دروست کرد لەناو شاخەکانی یەمەندا ، ئەو دەمە دەسەڵاتداری یەمەن ناوی (زولنەواس) خۆی لەبنەڕەدا دا ناوی ئەسعەدی حومیریە و کوڕی یەکێككە لە پاشاکانی یەمەن ، ئەوانیش پێیان دەوترا (توبەع)

ماکوان : توبەع چییە؟

فەرغەلی : توبەع پاشاکانی یەمەنن ، چۆن رۆمەکان هرقلیان هەیە و فارسیش کیسراو میسر فیرعەون و حەبەشەکان نەجاشی ، یەمەنیش بە پاشاکانیان ووتراوە توبەع..

ماکوان : بەڵێ .. بەڵێ ... فەرموو بەردەوام بە ..

فەرغەلی : جا - ئەم پادشای یەمەنە کوڕیکی لاو هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی فێری جادووی بکات و کاری جادوبازی پێبکات ، ئەو سەردەمە لە جیاتی دەزگای جاسوسی و موخابەراتی ساحیرو جادوبازەکانیان بە کار دەهێنا زیاتر ، ئەو پادشایەش ئەم کوڕە گەنجە هەڵدەبژێریت و دەینێرێت ، بۆناو ساحیرەکانی یەمەن کە لەشاخەکاندا ژیانیان دەکرد ، کە دەچووە لای ساحیرەکان لەسەر رێگاکەیدا عەبدوڵڵای کوڕی سامری دەبینی کە یەکیك بوو لە ڕاهیبەکانی نەصرانی؟

ماکوان : ئەی دینی یەمەن چیی بوون ؟

فەرغەلی : پێشتر ئاماژەمان پێدا ، کە زۆربەیان یەهودی بوون یەمەنیەکان ئاینی جولەکەیان هەڵبژارد بوو ..

ماکوان : خەریکی سیحرو جادوییش بوون یەهودیەکان!؟

فەرغەلی : بەڵێ بەدڵنیاییەوە جولەکە هەر خەریکی سیحرو جادوو بازین ، بەهەر حاڵ ئەم کوڕە بەردەوام بوو لە فێربوونی جادو لای ساحیرەکان و لە ڕێگاشدا دەچوو فێری دینداری و خواپەرستی دەبوو لەلای راهیبە نەصرانیەکە کە ناسراوە بە عەبدوڵای کوڕی سامری، تا ماوەیەك ناچێتە لای ساحیرەکان و تەوبە دەکات لای راهیبەکە دەمێنیتەوە زولنەواس بەدوایا دەگرێت و بانگی دەکات و پێ دەڵێت بۆ ناچیت بۆلای جادووبازەکان ، ئەویش باسی راستی و دروستی ئاینی مەسیحیەتی بۆ دەکات و پێی دەڵێت کە بووە بە نەصرانی و لە رێگای عەبدووڵڵاکوری سامرەوە ..

زولنەواس داوا دەکات کە عەبدوڵڵا کوڕی سامری بکوژرێت و داوا دەکات لە گەنجەکەش واز لە ئاینەکەی بهێنیت و بەگەرێتەوە سەر ئاینی یەهودی و دەست بکاتەوە بە جادوو ، دیارە بە قسەی ناکات و هەڕەشەی کوشتنی لێدەکات و لە کاتی کوشتنی کوڕە لاوەکدا موعجیزە رووئەدات، چەند جار هەوڵی کوشتنی ئەدەن لە بەرچاوی خەڵکی یەمەندا ناتوانن بیکوژن ، کە لە فەرمودەی پێغەمبەری خوادا ﷺ هاتووە گەنجەکە دەڵێت: بە زولنەواس ناتوانیت بمکوژیت هەتا نەڵێت بەناوی خوای ئەم گەنجە ئیتر ئەوکاتە دەتوانیت بمکوژیت ، پادشا لەبەر چاوی خەڵکەکەدا داواکەی جێبەجێ دەکات و دەڵێت بەناوی خوای ئەم گەنجەو ئیتر... تیرەکەی بەر دەکەویت و دەکوژرێت ، لەوکاتەوە زۆربەی خەڵکی یەمەن دەبنە مەسیحی و ئەومنداڵه‌ش کە قسە دەکات لەگەڵ دایکی و هۆزی ئوخدود هەر لەو چیرۆکەدایە کە خوای گەورە بۆمان باس دەکات لە قورئاندا .

ماکوان : ئەی بۆ ناونراون بە گەل و هۆزی ئوخدوود ، خۆ ئەوانە خەڵکی یەمەنن؟

فەرغەلی : ئوخدود واتا چاڵی پر لە ئاگر ، ئەو هەموو خەڵکە خراونەتە ناو ئەو چاڵەوە سوتێنران بۆیە ناونراون بە گەل و هۆزی چاڵی ئاگرەکە .. !

ماکوان : بەڵێ ئێستا تێگەیشتم ، ئەی دوای چی روویدا ؟

فەرغەلی: هەتا بڵێت ئازاری خەڵکی یەمەنیان ئەدات لەسەر ئەوەی کە بوونە ئاینی نەصرانی یەکتاپەرستی و خەڵکی یەمەن زۆر بەی بوونە خواناس و یەکتاپەرست، زیاد لە ٢٠ هەزار خواناسی نەصرانی کوژران و ناونران بە گەل و هۆزی ئوخدود ..!
خوای گەورە ئاماژەیان پێ دەکات لە قورئانداو دەفەرمووێت :
قُتِلَ أَصْحَابُ الْأُخْدُودِ ﴿4﴾
به‌ کوشت چن، نه‌فرینیان لێبێت، ئه‌وانه‌ی که‌ چاڵیان هه‌ڵکه‌ند (بۆ ئیمانداران)…
النَّارِ ذَاتِ الْوَقُودِ ﴿5﴾
ئاگری داگیرساوو به‌تینیان تیا کرده‌وه‌…
إِذْ هُمْ عَلَيْهَا قُعُودٌ ﴿6﴾
کاتێك که‌ به‌ ده‌وریدا دانیشتبوون…
وَهُمْ عَلَى مَا يَفْعَلُونَ بِالْمُؤْمِنِينَ شُهُودٌ ﴿7﴾
له‌ نزیکه‌وه‌ چاودێری ئه‌و کاره‌ساته‌یان ده‌کرد که‌ به‌سه‌ر باوه‌ڕداراندا ده‌هێنرێت و خۆیان له‌ نزیکه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتییان ده‌کرد.

جا لەو کارەستە بە سوێیە بەرانبەر بە ئیمانداران کرا ، کەسێك لە پیاو مەعقولانی یەمەن رایکرد بۆ شام .. بەناوی (دەوس زو سەعلەبان ) کە چووە لای دەسەڵاتدارانی رۆمی شەرقی ئەو سەردەمە ببونە مەسیحی و کە هاوکاری خەڵکی یەمەن بکات و لە دەست جولەکە یەمەنیەکان بيان پارێزێت ..

دەسەڵاتی رۆمی شەرقی بیرکردەوە کە سوپا بنێرێت بۆ یەمەن بۆ هاوکاری مەسیحیەکان ، بەڵام دوورەو لە توانایدا نیە بە ئاسانی سوپاکە بگاتە ئەو ناوچەیە بۆیە دەوسی زولسەعەلبانی نارد بۆ لای نەجاشی حەبەشە کە فریای مەسیحیەکان بکەویت لە یەمەن پایتەختی حەبەشە ناو (اکسیوم) بوو.. لەساڵی ٥٢٠ بۆ ٥٢٣ زانینی پادشای حەبەشە ٧٠ هەزار کەسی رێکخست لە سوپایەکداو بۆ یەکەم جار ناردیە خاکی یەمەنەوە بە به‌ سەرکردایەتی دووکەس کەناویان (ئەریاط و ئەبرەهە ) بوو، پادشای حەبشە ناسراو بەنه‌جاشی ناوی (کالب) بوو

سوپاکەی نەجاشی توانی تەواوەی یەمەن بخاتە ژێر دەستی و ئەریاط بووە حاکمی یەمەن و ئەویش کەسێکی خوێنڕێژو زاڵم بوو، ئەبرەهە کارەکانی ئەوی بۆ قوبوڵ نەدەکرا ، تا لە ڕێگای شۆرشێکەوە توانی بیکوژێت خۆی ببیتە حاکمی یەمەن ، ئەم کارەش نەجاشی توڕەکرد .

لەم قسانە دابووین و فەرغەلی بوورایەوە بەسەر ئەسپەکەوە کەوتە خوارەوە گیانی ئەدا بۆ مردن ..؟!

چاوەڕوان بن ڕووداوی گرنگتر دێتە پێش .

به‌روار: 19/07/2019
بینین: 1007