هەواڵ و ڕاپۆرت
  ئاماری کوژراوانی چەند ڕۆژی کۆتایی ئێران
باران ئاریایی



ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە کە بەگوێرەی بەدواداچونەکانی ئەوان لە ئەنجامی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران تا ئێستا نزیکەی ١٠٦ کەس لە ٢١ شاری جیاواز بونەتە قوربانی.




بە پێی بەیاننامەکە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، وە ئەو ڤیدیۆیانەی کە بڵاو کراونەتەوە وە شاهیدانی ڕوداوەکە، هەروەها ئەو زانیاریانەی کە دەست کەوتوون لەلایەن چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی ئێران ئەوە دەردەخەن کە
 هێزە ئەمنیەکانی ئێران بەردەوام وە دوور لەیاسا خەریکی داپڵۆسینی هاوڵاتیانی ناڕازییە لەو وڵاتە.

ئەم ڕێکخراوە لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت کە پێیان وایە ژمارەی قوربانیەکان زۆر زیاترە لەوەی کە ڕاگەینراوە، وە لە هەندێك سەرچاوەدا هاتووە کە ژمارەی کوژراوەکان زیاد لە ٢٠٠ کەسە.

دەزگا ئەمنیەکانی ئێران خۆیان تا ئێستا هیچ ئامارێکیان لەسەر ژمارەی کوژراوانی پێنج ڕۆژی کۆتایی نەداوە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت بەپێێ یاساکانی نێودەوڵەتی دەزگا ئەمنیەکان کاتێک دەتوانن توندوتیژ بن بەرانبەر بە خۆپیشاندەران، ئەگەر هاتوو لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەستدرێژی کرایە سەریان و توندوتیژیان بەکار هێنا و گیانی هێزە ئەمنیەکان بکەوێتە مەترسیەوە.

ئەم ڕێکخراوە داوای ئەوەشی کرد لە هێزە ئەمنیەکان کەوا ڕێز لە ڕاوبۆچونی هاوڵاتیانی بگرێت و رێگایان بکات تا لەڕێگای خۆپیشاندانی ئارامەوە داواکاریەکانیان بخەنە ڕوو، هەروەها داوای ئەوەشێ کرد کە کۆتایی بێنێت بە بڕینی خەتی ئەنتەرنێت لەو وڵاتە تا دەنگی میللەتی ئێران بگات بە دەرەوە.


ئامارەکانی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کوژراوان بەمشێوەیە بەسەر شارەکاندا دابەشبوونە:

پارێزگای کرماشان: ٣٠ کەس

پارێزگای سنە: ١٠ کەس

پارێزگای ورمێ: ٤ کەس

پارێزگای خوزستان: ٣٥ کەس

پارێزگای تاران: ٩ کەس

پارێزگای فارس: ٦ کەس

پارێزگای ئەلبورز: ٤ کەس

پارێزگای کرمان: ١ کەس

پارێزگای ئیسفەهان: ١ کەس


رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایدەگەیێنێت: دڵگرانین لەو راپۆرتانەی کە بەدەستمان گەیشتوون و باس لە کوشتنی دەیان خۆپیشاندەر و برینداربوونی سەدان و دەستگیرکردنی هەزاران خۆپیشاندەری دیکە دەکەن لە ئێران لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکان .

ئەو رێکخراوە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "ئێمە ئاگادارکراوینەتەوە کە حکومەتی ئێران خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی بڕیوە تاوەکو کارە سەرکوتکەرانەکەی هێزە ئەمنییەکانیان داپۆشن". رێکخراوەکە دەشڵێت، لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوە دەکات. .


به‌روار: 19/11/2019
بینین: 1140