ئایا خوا لەسەرمانی نووسیوە بێباوەڕبین ؟
ھامنۆ ھەورامی

کەمنین لەو کەسانەی هەڵەتێگەیشتنی ڕوونیان بۆ دەقە ئیسلامییەکان هەبووە ونەیانتوانیوە تێڕوانینێکی دروست بۆ بابەتەکان بهێننە کایەوە.
زۆرێک لە بێدینەکان و بگرە بەشێک لە موسڵمانانیش چەندین جار پرسیارێک دەهێننەوە بەرباس کەبۆچی خوای گەورە سزایاندەدات لەکاتێکدا ئەوان لەچارەیان نووسراوە چیبن ؟
وەبۆچی خوای گەورە هیدایەتیان نادات گەر هیدایەتدان ڕاستە.
خوای گەورە لەقورئاندا فەرموویەتی :ٚ

وَقُلِ الْحَقُّ مِن رَّبِّكُمْ ۖ فَمَن شَاءَ فَلْيُؤْمِن وَمَن شَاءَ فَلْيَكْفُرْ ۚ إِنَّا أَعْتَدْنَا لِلظَّالِمِينَ نَارًا أَحَاطَ بِهِمْ سُرَادِقُهَا ۚ وَإِن يَسْتَغِيثُوا يُغَاثُوا بِمَاءٍ كَالْمُهْلِ يَشْوِي الْوُجُوهَ ۚ بِئْسَ الشَّرَابُ وَسَاءَتْ مُرْتَفَقًا  (الکهف : ۲۹)
واتە : پێیان بڵێ: حه‌ق هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارته‌وه‌ بۆتان ڕه‌وانه‌کراوه‌، (هه‌مووشتان سه‌ربه‌ستن) ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ با باوه‌ڕ بێنێ، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ با کافرو بێ باوه‌ڕ بێ، بێگومان ئێمه‌ دۆزه‌خێکمان ئاماده‌کردووه‌ بۆ سته‌مکاران که‌ له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ ده‌وره‌یان ده‌دا، وه‌ به‌دیوارو به‌ربه‌ستی سه‌خت ئابڵوقه‌ دراون، ئه‌گه‌ر هاوار بکه‌ن و داوای ئاو بکه‌ن، کانزایه‌کی تواوه‌یان بۆ ده‌هێنرێت ئه‌وه‌نده‌ گه‌رمه‌ ده‌موچاویان هه‌ڵده‌کڕوزێنێ و ده‌یانبرژێنێ، ئای که‌چه‌ند خواردنه‌وه‌یه‌کی ناله‌بارو ناخۆشه‌، چه‌نده‌ جێگه‌و ڕێگه‌یه‌کی ناله‌بارو پڕ له‌ ئازاره‌.

لێرەدا خوای گەورە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەرکی پەیامبەر (صلی الله علیه وسلم) گەیاندنی پەیامبووە و ئەوەشی دەمێنێتەوە لەسەر مرۆڤەکان   لە باوەڕهێنان و باوەڕنەهێنان پەیوەندی بەخۆیەوە هەیە ، بەڵام دواتر قیامەت بەپێی ئەوەی هەڵیبژاردووە هەڵوێستی لەگەڵدا دەکرێت.
 لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە کە خوای گەورە لەم دنیایەدا ئیرادەی پێ بەخشیوین و خۆمان کوفر و ئیمان هەڵدەبژێرین.

هیدایەتدانی خودایش پەیوەستە بەهەوڵدانی مرۆڤەکە خۆیەوە گەر مرۆڤەکە خۆی بەرەو پێش ڕۆی خوای گەورەش ڕێی بۆ ئاسان دەکات و پێچەوانەکەشی ڕاستە.
هەربۆیە دانانی بەهەشت و دۆزەخیش لێرەوە سۆنگە دەگرێت ئەگەر ئێمە هیچمان بەدەست نەبێت پێویستیشی بەوە نەدەبوو بەهەشت و دۆزەخمان بۆ دابنرێت و بچینە نێو تاقیکردنەوەی خوداییەوە.

لێرەدا ڕەخنەگران چەند نموونەیەکی ئایەتی قورئانی دەهێننەوە بۆ برەودان بەبیروبۆچوونەکانیان و وایدادەنێن ئەوان هەمان قسەی قورئان دووپاتدەکەنەوە لەوەی کەلە ئیسلامدا هەموو شتێکمان لەسەر نووسراوە و بۆیە گوناهمان نییە ئەگەر بێباوەڕیش بین، ئەمانەش مشتێکن لەخەرمانی نموونەکانیان :


*   مَن يَهْدِ اللَّهُ فَهُوَ الْمُهْتَدِي ۖ وَمَن يُضْلِلْ فَأُولَٰئِكَ هُمُ الْخَاسِرُونَ (178)  (الاعراف)

واتە : ئه‌وه‌ی خوا ڕێنموویی بکات ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌و ڕێنموویی وه‌رگره‌، ئه‌وه‌ش که‌گومڕای بکات ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وانه‌ زه‌ره‌رمه‌ندن.

لێرەدا دەپرسین کێ هیدایەتدراوە بۆسەر ڕێگەی ڕاست و کێ گومڕاکراوە لەسەر ڕێگەی خوا !
چونکە ئەسڵ لە مرۆڤ لەدایکبوونیەتی لەسەر سروشتێکی پاک و بڕواداری ئەمە هیدایەتدانی خواییە لەلایەکەوە  بەڵام تۆ کەخۆت ڕێگە بەرەو گومڕایی بگریتە بەر و صم بکم عمي بیت لەئاستی هەقدا بێگومان هەر بەوجۆرەش بەرەو گومڕای دەڕۆیت ئائەمەیە پەیامی سەرەکی ئایەتەکە .

* ڕەخنەگران باس لە لوح المحفوظ دەکەن کە بەشێوەیەک ئاماژەی پێدەدرێت لەم نووسراوەدا خوای گەورە هەموو شتێکی تێدا نووسیوەتەوە بۆیە گەر ئێمەش هەر شتێک بکەین لەم نووسراوەدایە و ئێمەش گوناهمان نییە لەکردنی هەڵەدا، خوای گەورەش لەسورەتی البروجدا ناوی ئەم نووسراوە دەبات و دەفەرموێت :

بَلْ هُوَ قُرْآنٌ مَّجِيدٌ (21) فِي لَوْحٍ مَّحْفُوظٍ (22)
واتە : 
(ئه‌وه‌ی ئه‌وان دژایه‌تی ده‌که‌ن) ئه‌و قورئانه‌ زۆر به‌رز و بڵندو پایه‌داره‌ (که‌ هه‌رگیز ناتوانن نووره‌که‌ی خامۆش بکه‌ن).
که‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی و له‌سه‌ر تابلۆی پیرۆز پارێزراوه‌ له‌ (لوح المحفوظ)دا.

لێرەدا خوای گەورە پێمان ڕادەگەیەنێت ناوی ئەم نووسراوە لوح المحفوظە و جگە لەوەش پێمان ڕادەگەیەنێت و قورئانی پیرۆزیش بەشێک بووە لەو نووسراوە.

هەروەها لە چەندین ئایەتیشدا تیشکی دەخاتە سەر و خەسڵەتەکانیمان بۆ ڕۆشن دەکات، وێنەی ئەمەش :

ــ لە سورەتی الحج دا دەفەرموێت :

أَلَمْ تَعْلَمْ أَنَّ اللَّهَ يَعْلَمُ مَا فِي السَّمَاءِ وَالْأَرْضِ ۗ إِنَّ ذَٰلِكَ فِي كِتَابٍ ۚ إِنَّ ذَٰلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ (70) 

واتە : مه‌گه‌ر نه‌تزانیووه‌ که‌ به‌ڕاستی خوا ئاگاو زانایه‌ به‌هه‌رچی له‌ ئاسمان و زه‌ویدا هه‌یه‌ ، له‌ کتێب و دۆسیه‌ی (لوح المحفوظ) دا تۆمارکراوه‌، به‌ڕاستی ئه‌وکاره‌ بۆ خوا زۆر ئاسانه‌.

ــ لە سورەتی یس دا دەفەرموێت :

إِنَّا نَحْنُ نُحْيِي الْمَوْتَىٰ وَنَكْتُبُ مَا قَدَّمُوا وَآثَارَهُمْ ۚ وَكُلَّ شَيْءٍ أَحْصَيْنَاهُ فِي إِمَامٍ مُّبِينٍ (12)

واتە : بێگومان هه‌ر ئێمه‌ مردووه‌کان زیندوو ده‌که‌ینه‌وه‌، هه‌رچی کردوویانه‌ و ده‌یکه‌ن تۆماری ده‌‌که‌ین له‌گه‌ڵ ئاسه‌واره‌کانیشیاندا، هه‌موو شتێکمان له‌ کتێبێکی ئاشكرادا (تۆمارگه‌ی تایبه‌تدا) به‌وردی تۆمار و ئامارکردووه‌.

ــ لە سورەتی الحدید دا دەفەرموێت :

 مَا أَصَابَ مِن مُّصِيبَةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا فِي أَنفُسِكُمْ إِلَّا فِي كِتَابٍ مِّن قَبْلِ أَن نَّبْرَأَهَا ۚ إِنَّ ذَٰلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ (22) 

واتە : هیچ به‌ڵاو رووداوێك له‌ زه‌ویدا، بۆتان پێش نایه‌ت که‌ له‌ (لوح المحفوظ)دا تۆمارنه‌کرابێت، پێش ئه‌وه‌ی رووداوه‌که‌ پێش بێت، ئه‌و کاره‌ش بۆ خوا زۆر ئاسانه‌.

پوختەی باسەکە ئەوەیە ڕەخنەگران پێیان وایە ئێمە بەپێی ئیسلام کارتۆنێکین و بێدەسەڵات خوا یاریمان پێدەکات.
بەڵام کاتێک جوان لەم ئایەتە پیرۆزانە ورد دەبینەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەوەی لە لوح المحفوظدایە بریتی نییە لە ئیرادە و ویست و کرداری ئێمە ، بەڵکو بریتییە لەقەدەری کەونی خوای گەورە !
بەواتایەکی دیکە لوح المحفوظ قەدەری کەونی تێدا تۆمارە نەک خاڵبەخاڵی ئەوەی مرۆڤ چیدەکات و چیناکات
ئەوە عیلمی خودایە نەک بەشێک لە لوح المحفوظ 
ئەوی دی ئیرادەی مرۆڤە کە خودا پێی بەخشیوە، واتە ئەوەی ئێمە پێویستە جودای بکەینەوە دوو شتە :

1. عیلم و زانستی خوا، چونکە گەر خوایەک خوا بێت دەبێت زانستی بەگشت شتێک هەبێت، خوا دەزانێت چی دەبێت و چی نابێت، بەڵام لەسەر تۆی نەنووسیوە بەو جۆرە.
2. لوح المحفوظ، کە ئەمە ئەوەیە لەسەر گەردوون نووسراوەتەوە و ئاماژەی پێدراوە کە خاڵە سەرەکی و گشتییەکانن.


کاتێک خوای گەورە فەرمووی :
( قل لن يصيبنا الا ماکتب اللە لنا ) 
ئەمە باسی موسیبەت و قەدەرە نەک ئیرادەی مرۆڤ !
واتە باس لەو ڕووداوانە دەکات بەسەری دێت نەوەک ئەو تێڕوانین و بیروڕایانەی کە هەیەتی.

وەك پێشەوا غەزالی ڕەحمەتی خوای لێبێت دەفەرموێت دەربارەی :
 زانينی پێشوەختەی خوا جياوازی نييە لەگەڵ زانينی پاشوەختەی ئێمە، چونكە چۆن زانينی ئێمە كاریگەری بەسەر رووداوەکەوە نييە زانينی پيشوەختی خواش بەهەمانشێوەیە.
بۆیە زانستی خوا بە كاروكردەوەكانی ئێمە واتای وانییه ئةو بةرپرسە.
بەڵکو خوا چونكە زانايە بە داهاتوو بۆيە ئەوەی نووسيوە كە ئێمە  ئەنجامی دەدەین، نەك ئێمە ئەوە ئەنجامبدەین كە ئەو نووسيويەتی.

ئەمەش وێنە و نموونەی ئەو مامۆستایەیە کە زۆرجار دەیهێنینەوە کە مامۆستایەکی قوتابخانە بەپێی ئەو تەجروبەیە و ئەو پەیوەندی و هەڵسوکەوتەی هەیەتی دەزانێت چارەنووسی هەریەك لە قوتابییەکانی چۆنە و کامیان دەردەچن و کامیان دەمێننەوە.

یاخود نموونەی کەشناسی :

کەشوهەوای تاهەفتەی داهاتووشمان بۆ دياریدەكات و پێمان ڕادەگەیەنێت باران دەباريت ياخود نا ! 
دەیخۆ زانينی باران بارين واتای ئەوە نادات کەشناسەکە بارانی باراندووە ! 
بەهةمان شێوە خوا كە دەزانيت چیدەکەين ماناي وهانييە ئەو لێی بەرپرس بێت !



ئەگەر خوای گەورە نەیزانیبا چی ڕوودەدات لە داهاتوو ئەوە بەشێوەیەکی ئاسایی خوا نەئەبوو سیفەتی خوایەتی لە دەست دەدات چۆن ئەبێ شتێك دروست بکات نەزانێت چی بەسەر دێت !

وە نەیئەزانی پێشهاتەکان چین ئەودەم  سیفاتی وە کو هی دروستکراوەکانی لێدەهات، خواش دەفەرمووێت :
هیچ شتێك لە خۆی ناچێ و علام غیب و وعلی کل شیء قدیرە.
ئەگەر خوای گەورەش نەیزانیبا چی ڕوودەدا ئەوە بەهیچ جۆرێک عالم غیب نەئەبوو.


خوای گەورە قەت ستەم لەکەس ناکات و ئەوە ئێمەی مرۆڤین ڕێگەی چەوت دەگرینە بەر و بەرەو هەڵدێر و خراپە هەنگاو دەدەین و پاشان دەمانەوێت هەڵەکەمان بدەینە پاڵ پەروەرێنی بێخەوش و پاک و پۆشەری تاوانەکان.
به‌روار: 18/09/2019
بینین: 174
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1
په‌ڕه‌یله‌ 0
ژماره‌ی بابه‌ت