مەعنەوییەت و بونیاد..!
04/08/2013 نوسەر: bzavpress

مەعنەوییەت و بونیاد..!

ئارام بامۆکى بیست و شەشەمین پەیامى مەعنەویی ئێمە بۆ ئێوە:
مرۆڤ هەمیشە کێشەى بونیادى هەبووە، کێشەیەکى ڕیشەدار و مێژوویی و هەڵئاوساو بە چەندین کێشەى دیکەوە، خودبەخود و گشت بە گشت!، هەر ماوەتەوە؛ چۆن لە کێشەکانى خۆى دەرباز بکات، هەر لە کێشەى ڕۆحییەوە بگرە تا کێشە ئابورییەکانى، هەر لە کێشەى جەستە و وجوودییەوە بگرە تا کێشەى فیکر و بیروڕا و تێڕوانییەکانى، لە هەموو کێشەکانى مرۆڤدا هیچ ئەوەندەى ئەوە ترسناک و مەترسیدار نییە مەعنەوییەت بکەوێتە بەر زەبرى دەرئەنجامى خراپى کێشەکانییەوە.
کێشە مێژووییەکانى مرۆڤ زۆرجار دووبارەن و بێ مانان و خۆلانە لە تێگەیشتن و قەبووڵکردنى ڕاى پەسەند، چون ڕاى پەسەند و قەبووڵکراو لە ئەزموونەوە وەدى دێت و دەردەکەوێت و خۆى دەردەخات بە بێ ئەوەى میکیاژ بکرێت و بەرگریى لێبکرێت، ئەگەر ئێمە ڕووداوەکانى مێژوو، تاقیکارییەکانى خودا کە بەسەر هەموو ئەو نەتەوە و قەوم و قیلە و هۆز و شارانەدا هێناونى بۆ پەند و ئامۆژگاریى و گەڕانەوە بۆ ڕاى پەسەند و ڕاست و تۆکمەى ڕاستینە، کە هەر یەکەیان بەسن بۆ مرۆڤى تێفکراو و بیرمەند و عاقڵ و خاوەن ویژدان، کە لە کێشەى بونیاد و خۆدرووستکردن و سەرکەوتن و ڕێڕوونیی ژیان و قۆناغەکانى ژیانکردن، دەبێت لە ئەزموون و ڕووداوەکان و تاقیکارییەکان بە هەند وەربگرین و وەک خۆیان بیانبینین، ئەگەر وەک مێژوو بڕوانییە کێشەکانى بەشەرى دەبێت زۆر باش و سەرکەوتووبین لە بەرێکردنى کێشەکانى بونیاد و زڵبوون بەسەر هۆکارەکانیدا، ئەگەر بە پێوه‌ریى قورئانى لە کێشەکانى بونیادى مرۆڤەکان بڕوانین دەبێت باشتر و ئاسانتر چارەسەریی و ڕێ و ڕێی گونجاومان هەبێت بۆ چاکسازیی نەوعى عەقیدەتیی و فیکریی و دەرگیرییە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و ژیارییەکان. بەڵام ئەمڕۆ بە پێوانەى مۆدێرنە و سەرمایەدارییەکەى کێشەکانى بونیاد و مرۆڤساریى توشى کێشەى نەفسیی و ڕۆحیی و نەخۆشییە نوێیەکان زیاتر بووەتەوە و بگرە ئەم سەرلێشێواوییەى ئەمڕۆ واى کردووە هیچ ئومێد نەماوەتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ پێوەرە قورئانییەکان و سووننەتى حەسەنە و ئەزموونە مێژووییەکانى دنیاى ئیسلامیی. چونكه‌ كێشه‌ی بونیادی مرۆڤی ئه‌مڕۆ ته‌نیا كیشه‌یه‌كییه‌كی تاك ڕه‌هه‌ند و تاك جه‌مسه‌ریی نییه‌؛ بۆیه‌ ده‌بێت له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ تێڕوانین و شرۆڤه‌ی بۆ بكه‌ین؛ به‌ڵام به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی به‌ پێوه‌ری قورئانی و ئیسلامی ئه‌و تیڕوانین و شرۆڤه‌یه‌ی بۆ بكه‌ین.