(23) کێوی نور و نوری پێغەمبەرایەتی !
01/08/2013 نوسەر: bzavpress

(23) کێوی نور و نوری پێغەمبەرایەتی !


 وانەی بیست و سێ

پێغەمبەری هەڵبژێراوی خوای گەورە لە کاتی پێغەمبەرایەتیدا لە سەرەتای هاتنی سروش ڕۆژانە لە ئەشکەوتی حراء بەندایەتی بۆ پەروەردگاری دەکرد، ئەو ئەشکەوتە شوێنی خەڵوەت و هاتنی سروش بوو بۆ پێغەمبەر ( صلی اللە علیە وسلم) لەڕێی جبریل (علیە سلام) ، هەر لەو ئەشکەوتە دا مژدەی پێغەمبەرایەتی پێدرا، بوە هەڵبژێراوێکی پڕشنگی نوری ئیسلام بۆ جیهانیان.

 کێوی نور ئەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی باکوری مزگەوتی کەعبەی پیرۆز وە ئەڕوانێت بەسەر ڕێگای ڕاستەڕێ ، وە بۆیە ئەم  ناوەی لێنراوە  ( النور ) لەبەر دەرکەوتنی نورەکانی پێغەمبەرایەتی تێیدا، چونکە پێغەمبەر ( صلی اللە علیە وسلم)  لە پێش پێغەمبەرایەتی لە ئەشکەوتی ( حراء) خەڵوەتی تێدا دەگرت و بەندایەتی تێدا دەکرد.


بەرزایی ئەم کێوە ٦٤٢ م ، لێژایییەکی تیژی هەیە کە ٣٨٠م – ٥٠٠م ، پاشان بەشێوەی گۆشەیەکی ڕاوەستاو لێژدەبێتەوە هەتا دەگاتە لوتکەی کێوەکەو پانتاییەکەی ٥ کم  وە  ٢٥٠م چوارگۆشە. هەر لەشێوەی لوتکەی کوخی یان کۆپارەی حوشتر وەهایە.
ئەم پێغەمبەرە نازدارە لە نەزانینەوە بوە زاناترین و سەنگینترین مرۆڤ لە ڕووی زەمین بەهیدایەتی پەروەردگار.
یەکەم ووشە لە سەر زمانی جبریل علیە سلام کە داواکاری خوای پەروەردگار بووە بەسیغەی ئەمر واتە فەرمان بۆ سەر پێغەمبەری ئیسلام ( صلی اللە علیە وسلم) بریتی بوو لە خوێندن، پێی فەرموو (بخوێنە)، ئەویش سورەتی ( علق ) بوو .



یەکەم شەوی قەدر لە ئەشکەوی حراء لەشاخی نور لە مەککە سەرەتای هاتنە خوارەوەی قورئانی پیرۆز سورەتی أقراء بوو .
لێرەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە فێربوون و وەرگرتنی خوێندن و زانست فەرمانی خوای گەورەیە، لە چەندین سورەت باسی خوێندنی کردوە هەروەکو سورەتی ( علق، قلم ).

بزانن سەرەتای هاتنی پەیامی خوای گەورە لەناو کێوی نووری بەرزو پیرۆز هاتووە بۆ مرۆڤایەتی ، ئەم پێشەوا نازدارەمان ڕۆژانە بەسەر ئەم کێوەدا سەرکەوتوەو چ زەحمەتێکی کێشاوە لە پێناوی خوای گەورە لەناو ئەشکەوتی حراء ماوەتەوە تا گوێبیستی فەرمانەکانی خوای گەورە بێت... اللە أکبر... ئەم نازدارە ئاوەها ئەم ئیسلامەی بۆ هێناین و هەموو کارێکی بۆ جێ بەجێ کردووین کەچی ئێمەیش بە بچوکترین ئیشی دنیایی خۆمان سەرقاڵ کردوەو قیامەت و ئیسلامەکەمان جێ هێشتووە.

خۆم و دایک و باوکم بەقوربانت بین یا رسول اللە


----------------------
*** (کێوی نور و نوری پێغەمبەرایەتی !) یەکێکە لەووتە ڕۆژانەی ڕەمەزانی ساڵی ٢٠١٣