لەسەر ئاشكراکردنی گەندەڵی ١٣٠ساڵ سزا درا
31/07/2013 نوسەر: bzavpress

لەسەر ئاشكراکردنی گەندەڵی ١٣٠ساڵ سزا درا



ئامادەکردنی بەشی ڕاپۆرتی بزاڤ:

ئەو سەربازە گەنجەی کە ١٧٠ هەزار بەڵگەنامەی گەیاندە ویکیلیکس و گەندەڵیەکانی ئەمەریکای ئاشکرا کرد دادگایی کرا..


لە کاتێکدا کەوا  ئەگەری ئەوە هەیە "برادلی مانین" ی تەمەن ٢٥ ساڵ  سزای ١٣٠ ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت، کەس و کارەکەی خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی کەوا لە زۆربەی ئەو تۆمەتانەی کە درابوونە پاڵی گوایە هەوڵی ئەوەی داوە یارمەتی دوژمنەکانی ئەمەریکا بدات، بێ تاوان دەرچوو.
دادگای سەربازی ئەمەریکا گەنجە تەمەن ٢٥ ساڵەکەی مەحکوم کرد بەوەی کەوا لە پشت هەموو ئەو کارە مێژوویانەوەیە کە حکومەتی ئەو وڵاتەی تووشی دڵۆپەو لێچونی کرد.
گەنجەکە تاوانبار کرا بە هەموو تۆمەتەکانی دزی و جاسوسی، بەڵام ئەو تۆمەتانەی کە باسی لە یارمەتی دانی دوژمنانی ئەمەریکا دەکرد بەرائەتی درایە.
رۆژنامەی گاردیانی ئەمەریکی نوسی کەوا ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی لایەنی کەم ١٣٠ ساڵ سزاکەیەتی .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەمەریکی لە لاپەڕەی سەرەکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئیدانەی سزادانی "مێنین" دەکەن و نوسیویانە کەوا پێشتر لە ئەمەریکا هیچ کەس لەسەر ئەم جۆرە کارانە سزا نەدراوە، ئەمە پەیامێکە کە حکومەت دەیەوێت خەڵکی پێ بترسێنێت کەوا کەس بیر لەو جۆرە کارانە نەکاتەوە بۆ ئاشکرا کردنی گەندەڵیەکانیان.
لە ماڵپەڕی ڕیکخراوی ئەمنەستیش نوسویویەتی کەوا بەم کارەی ئەمەریکا دەیەوێت ئەوە بگەیەنێت بە خەڵکی کە لەژێر چاودێریدان و ئاگای لەهەموو کارەکانیان هەیە. هەروەها دەنوسێت کەوا لەدوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەرەوە زۆر جار بینیومانە کەوا حکومەتی ئەمەریکی لەژێر ناوی پاراستی ئەمنیەتی وڵاتەکەی و هاوڵاتیەکانی چەندین و چەند بار کاری نایاسایی کردووە و لە یاسای نێونەتەوەیی و یاساکانی ناو خۆی وڵاتەکەی خۆشی لای داوە.
کاربەدەستانی ئەمەریکاش ئەوەیان رەت کردۆتەوە کەوا ئەشکەنجە یاخود هەر یاساو بڕیارێکی مافی مرۆڤیان شکاندبێت بەرانبەر بە "مێنین"، بەڵکو ئەوان باشترین کاریان ئەنجام داوە تاکو خەڵکی ئەمەریکا بپارێزن لە خیانەتکاران.

ماڵپەڕی ویکیلیکس لەکاردانەوەی ئەو بڕیارەی دادگای سەربازی ئەمەریکا نوسیویەتی ئەمەش پێشێلکاریەکی زۆر جددیە  بەرانبەر بە ڕۆژنامەنوسان و پێوسیتە هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت یارمەتی مێدیاکان بدەن و زانیاریان پێبدەن.