مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌ خوێناوییه‌كانی میصر به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌:
27/07/2013 نوسەر: bzavpress

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌ خوێناوییه‌كانی میصر به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌:


ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌:
بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەسەر ڕوداوەكانی شەوی ڕابردووی میصر

دوای ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە وەزیری بەرگری و سەركردەی هێزە سەربازییەكانی میصر كودەتای سەربازی بەسەر دیموكراسی و سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەو ووڵاتە ئەنجامدا ، و دەستوری وەستاند و هەموو دامەزراوە هەڵبژێردراوەكانی هەڵوەشاندەوە , بەداخەوە ڕۆژ بەڕۆژ ڕەوشی دیموكراسیەت و ئازادییە گشتییەكان و مافی مرۆڤ لە میصر لە پاشەكشەدایە و بارودۆخەكە بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر دەچێت و باڵادەستی و دەسەڵاتی سەرباز زیاتر دەردەكەوێت .


بۆ یەكەمجار لە مێژوودا سەركردەیەكی سەربازی داوای لە جەماوەر كرد كە بڕیار بدەن بۆئەوەی لەژێر پاساوی توندوتیژیدا زۆرینەی جەماوەری ئازادیخوازی وڵاتەكەی تیرۆر بكات و لە ڕێگەی ترساندن و تۆقاندنەوە داوایەكی ڕەواو یاسایی خاوەن مافەكان خامۆش بكات .

كودەتاچیەكان دەیانەوێت لە ڕێگەی ئاگر و ئاسن و كوشتن و بڕینەوە دەنگی ئازادیخوازانەی گەلی میصر دابمركێنن ، هەر لەبەرئەوە تا ئێستا دەیان قەسابخانەیان ئەنجامداوە و سەدان كەسی مەدەنیان شەهید كردووە ، تا كار گەیشتە ئەوەی شەوی ڕابردوو بەشێوەیەكی دڕندانە و دوور لەهەموو بەهایەكی مرۆیی هێرشیان كردە سەر گۆڕەپانی ڕابیعەی عەدەوی و زیاتر لە (200) هاوڵاتیان شەهید كرد و هەزارانی دیكەشیان بریندار كرد .


ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە توندی ئەم كودەتا و هێرش و پەلامارانەی سوپا و بەڵتەجیەكان , مەحكوم و ئیدانە و ڕیسوا دەكەین .
داواكارین لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو كۆمەڵە و دامەزراوە مەدەنیەكانی دیكە كە لە ئاستی ئەم ڕوداوانەدا بن و هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن و لەمە زیاتر لە بەرامبەر لەگۆڕنانی دیموكراسیەت و ئازادییەكان و گاڵتەكردن بە بنەماكانی مافی مرۆڤ لە میصر بێ دەنگ نەبن و هەڵوێستی جوامێرانەی خۆتان نیشان بدەن .

لە كۆتاییدا داواكارین لە خوای گەورە كە شەهیدەكان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و شیفای بریندارەكان بدات .



مەكتەبی سیاسی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
(27/7/2013)